بۆ #محەمەد موکری#
هەنووکەش هەر دەخۆمەوە- موکری-
بەڵێ هەر لە هەمان شوێن
لەناو حەشاماتێک نوسەرو هونەرمەند
کە سامانەکەیان، تەنیا
چارەکێکی عەرەق و
جاجگێک خەیارو
شیشێک گۆشتە.
یەک جل؛
تیشێرتێکی کاڵ بوەوەو و
پانتۆڵێکی ڕزیو و
کەچە پێڵاوێکی پیر.
من تەنیا دانیشووم
نا.. تەنیا نیم تۆم لەگەڵایە..
بەڵێ؛
تا ئێستاش هەر عەرەق دەخۆمەوە
کە سپیە وەک؛
قژی من و دڵی تۆ
دڵی من و قژی تۆ.
هێدێ جار تۆ پێکم بۆ دەکەی
هێندێ جار من
نۆش....
ئەوەندە باسی کەرکوکت بۆ کردووم
تا تەواو شارەزای کوچەو کۆڵانی هەژارەکان بووم.
ڕوخساری ئەو کچانەم لە ئێسقانم هەڵکەندووە کە تۆ خۆشت دەویستن.
ئەوەندە بەیەکەوە بووین،
ڕەنگی یەکترمان گرتبوو
بەڵام تۆ باڵات ئەوەندە بڵند بوو،
قژت هەمیشە پەڵە هەورێکی پێوە بوو
بە هاسانی دەستت بە گەردنی ئەستێرەکان،، دادەهێنا
بۆی باڕەکان، بەر لەوەی داوای هیچ بکەم دەیانگوت
تۆش کەرکوکیت وا نییە؟.
ئەو بوێریەت پێبەخشیم
کە تاکە دادوەر بم،
هاموشۆی یانەی هەژارەکان بکەم،
کە میوانەکانی لە شوێنی دوورەوە بە پێ بۆی دەهاتن
هەر هەموویان لات و کرێچی بوون.
لەگەڵ گیرفان بەتاڵەکانا مەست بوون تامێکی تری هەیە
لەگەڵ ئەو مروڤانەی،
مێشکیان پڕ بوو لە جەنگەڵی وشەو بیر.
دوای مردنیش تۆم هەر لەگەڵدایە-موکری
ئەوە نیە کە هەڵدەستم و دەچم حسابەکەم بدەم
باڕمەنەکە پێم دەڵێ:
کاک قوباد، مامۆستا موکری داویەتی!
ناوی نووسەر: #قوبادی جەلیزادە# [1]