ناونیشانی بابەت: بەشداریی نەوەکانی میرنشینی سۆران لە شەڕی قەفقاسیای خۆرھەڵاتی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانیدا
ئامادەکردنی: #محەمەد هەسنانی#
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، لە ناوەڕاستەکانی سەدەی نۆزدەھەمەوە خەلافەتی عوسمانی تا ئاستێکی زۆر لە بەھێزیدا بووە، بادلییەکانیش نەیانویستووە بەربەرەکانێی ئەوان بکەن، ھەندێ جاریش لەسەر خواستی خۆیان و بەھۆی سۆزی ئایینییەوە ھاوکاریی سەربازییان پێشکەش بە تورکەکانی عوسمانی کردووە و بە ناوی غەزا تێکەڵ بە لەشکری تورکەکان بوون. یەکێک لەو پاڵپشتی و ھاوکارییانە بادلییەکان بۆ عوسمانییەکانییان ئەوە بووە کە لە ساڵەکانی (1854 - 1855) زایینیدا لەسەر داواکاریی ڕەسووڵ بەگی کوڕی مستەفا بەگی ئۆغزبەگ کراوە. لەو کاتەشدا ڕەسووڵ بەگ لەسەر بڕیاری نامیق پاشای عوسمانی کراوە بە موتەسەریفی مەرکەز شارێ بەغدا.
لەشکرێکی 300 کەسی کە پێک ھاتبوون لە خەڵکی #بادلیان# و گوندەکانی دەوروبەری، بە سەرکردایەتیی بەکر بەگی بادلی و لەژێر فەرماندەیی ڕەسووڵ بەگدا بەشدارییان کردووە لە شەڕی کەریمیا لە ناوچەی قەفقاسیای خۆرھەڵاتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەو لەشکرە سەرکەوتنی گەورەی بەسەر ڕووسەکاندا تۆمار کردووە، بۆیە دوای شکانی ڕووسەکان، ڕەسووڵ بەگی مستەفا بەگ کراوە بە والیی شاری وان و دواتر گواستراوەتەوە و کراوە بە والیی ئەرزەڕۆم، دوای پیربوون و مردنی میر بەکر بەگ، میر مستەفا بەگی کوڕە تاقانەکەی شوێنی ئەوی گرتووەتەوە کە تەمەنی لە دەوروبەری چواردە ساڵیدا بووە، ھەرچەند مستەفا بەگ لە تەمەنێکی مێرمنداڵیدا بووە، بەڵام زیرەکی و چاپوکیی دایکی بە ناوی فاتمە خان کە دەکاتە کچی ڕەسووڵ بەگی مستەفا بەگی ڕواندزی و چەند کەسێکی تر بووەتە ھۆکارێک کە مستەفا بەگ بتوانێت ببێتە پێشەوای بادلییەکان.
پێگەی کۆمەڵایەتی و دەستەڵاتی مستەفا بەگ ڕووە و بەھێزبوون ھەنگاوی ناوە و سنووری خۆی تاکوو گوندی موساکاوە و چیای حەسەن بەگ و زین و داسنی لە سنووری برادۆست و گەروەبێشە لە سنووری #باڵەکایەتی# فراوان کردووە.
لەم بارەیەوە، سدیق ئەسعەد، لێکۆلەر و یەکێکە لە نەوەکانی میرنشینی سۆران، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: گوندی بادلیان، سەربە شارەدێی دیانایە لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، گوندێکی کۆنە و مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ چەندین سەدە لەمەوبەر، زۆربەی دانیشتوانەکەیشی بە ڕەچەڵەک لە نەوەکانی میرنشینی سۆرانن، کە سەردەمانێک باب و باپیرانمان فەرمانڕواییان لە ڕواندز و دەوربەری و چەند شارێکی باشووری کوردستان کردووە و لەوپەڕی بەھێزیدا بوون، ئێستاش نەوەکانی میرنشینی سۆران لە بادلیان و چەند گوندێکی دیکەی ئیدارەی سۆران و سنووری پارێزگای ھەولێر و چەند شارێکی دیکەی هەرێمی کوردستان و پارچەکانی دیکەی کوردستان نیشتەجێن و پێگەی دیار و ناسراویان ھەیە.''[1]