توێژەرانی زانکۆی ستانفۆرد لە ئەمریکا ڕایدەگەیێنن، هەستکردن بەتەنیایی کاژێری بایۆلۆژی جەستە تێکدەدات و تاک تووشی هەوکردنی درێژخایەن دەکات. پسپۆڕێکی زانکۆکەش دەڵێت: تەنیایی توانای مێشک کەمدەکاتەوە، هەستیی بێئومێدی دەبەخشێت و ژیانی تاک تێکدەدات.
وەک توێژەران دەڵێن، پشکنینی دەروونی بۆ نزیکەی 12 هەزار کەس کرا و دەرکەوت ئەوانەی لە دۆخی تەنیاییدا دەژین کاژێری بایۆلۆژییان بەراورد بەوانەی ژیانیان ئاساییە 1.65 ساڵ لەپێشترە؛ ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە نیشانەکانی پیربوونیان خێراتر لەسەر دەردەکەوێت.
هەر لە هەمان توێژینەوە دەرکەوت، کاژێری بایۆلۆژی لە کەسانی جگەرەکێش 1.25 ساڵ لەپێشترە و بەراوردکردنەکە ئاشکرای دەکات، هەستی تەنیایی بەراورد بە جگەرەکێشان کاریگەرترە بۆ دەرکەوتنی نیشانەکانی زوو پیربوون.
مانوێل فاریا، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە و دەروونناس لە زانکۆکە دەڵێت: ''هەستکردن بەتەنیایی مرۆڤ دووچاری چەندین شتی خراپ دەکات و فەرمانی ئەندامەکانی جەستە تێک دەدات.''
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەشڵێت، باشترکردنی لایەنی دەروونی و کەمکردنەوە یان دوورکەوتنەوە لە تەنیایی، دەشێت ببێتە ڕێگەیەکی کاریگەر بۆ دواخستنی نیشانەکانی پیربوون و تەمەن درێژی.
بە گوێرەی توێژینەوەیەکی زانکۆی هارڤارد، سێیەکی هاووڵاتییانی ئەمریکا هەست بەتەنیایی دەکەن و بەو هۆیەوە ساڵانە نزیکەی 8٪ی خەڵک دووچاری خەمۆکی دەبن.
نوێترین توێژینەوەی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ پیربوون NIH پشتڕاستی دەکاتەوە، زیانەکانی یەکجار هەستکردن بەتەنیایی هاوتایە لەگەڵ کێشانی 15 جگەرە لە ڕۆژێکدا. [1]