$وەهمی چاکسازی$
#ئازاد وەڵەدبەگی#
#24-01-2020#
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، بابەتی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان هەموو کات بابەتێکی گەرمی گۆڕەپانە سیاسی، یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان بووە. بێگومان هەر ئەوەندەی کە لایەنە دەسەڵاتدارەکان لە هەرێمی کوردستان باس لە چاکسازی دەکەن، ئەوە خۆی لەخۆیدا داننانە بە بوونی گەندەڵی لە کەرت و بوارە جۆراوجۆرەکانی ئەم وڵاتەدا. بە سەرنجدان لە دۆخی بەڕێوەبردن و ئابووریی هەرێمی کوردستان، هەژموونی حیزب لەسەر حکومەت، وابەستەیی ئابووریی بە بەغداوە، ناسەرکەوتوویی سیاسەتی ئابووریی سەربەخۆ و هتد، هەست بەوە دەکرێت دۆخی ئابووریی کوردستان پێویستی بە چاکسازیی ڕاستەقینە هەیە و هەر چارەسەرێکی کاتی نەک هەر ناتوانێ قەیرانەکان چارەسەر بکات، بەڵکوو تەنیا ماوەی زەمەنیی تەقینەوەی قەیرانەکان دوور دەخاتەوە، کە دواجار بە خراپتر لەسەر دۆخی سیاسی، ئابووری و ئاساییشی کوردستان دەشکێتەوە.
واتە کەمتەرخەمی لە چارەسەری بنەڕەتی، نەک هەر قەیرانە ئاییندەییەکان دوور ناخاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی پەنگخواردنەوەی قەیرانەکان کە دواجار تەقینەوە و ناڕەزایەتیی بەربڵاو و گشتگیری شەقامی لێدەکەوێتەوە و، لە ئەنجامدا متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات بە تەواوی لەناودەچێت و دەرفەت لە بەردەم پڕۆسەی چاکسازی بەرتەسک دەکاتەوە، وەک ئەو دۆخەی کە ئێستا لە ئێراق و هەندێک لە وڵاتانی دیکەی جیهان بەدیدەکرێت.
لە چەندین ساڵی ڕابردوودا، دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە وەک پێویست سەرکەوتوو بێت لە وەبەرهێنان و بەکارهێنانی بودجەی گشتی و داهاتەکانی کوردستان بۆ درووستکردنی ژێرخانێکی ئابووریی بەهێز و بەدیهێنانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و یەکسانی وەک بەشێک لە ئامانج و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی هەر سیستەمێکی حوکمڕانی. داهاتی ئەم وڵاتە پتر لەوەی کە بۆ ئەو ئامانجانە بەکارهاتبێت، وەک ئامرازی ڕاکێشانی وەلائی دەنگدەران و ڕازیکردنی ئەندامی حیزب و تەخشان و پەخشان بەکارهاتووە، هەر ئەمەش وایکردووە دامەزراندن و خانەنشینکردنی بەدەر لە پێوەر و شایستە یاساییەکان لە هەرێمی کوردستان ببێتە بەشێکی گرنگ لە بەرنامەی هەردوو پارتی سیاسیی دەسەڵاتدار کە هەندێجار لایەنە سیاسییەکانی دیکەشی تێوەگلاوە و ئەمەش توێژێکی مشەخۆری لەسەر حیسابی بودجەی گشتی و مافی خەڵکانی شایستە درووست کردووە. ئەم بابەتەش، لە پاش ساڵی 2014 و بڕینی بودجەی کوردستان لەلایەن بەغداوە، بووەتە بەڵای گیانی حکومەتی هەرێم و هەرچەندە هەوڵدەدەن بۆیان چارەسەر ناکرێت.
بابەتی دامەزراندن و خانەنشینی لە جیهانی ئەمڕۆدا بەشێکە لە سیاسەت و ستراتیژی ئابووری، سیاسی و کارگێڕیی دەوڵەتان، هەربۆیە سندووقەکانی خانەنشینی لە وڵاتانی پێشکەوتوو گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە و، کۆمەڵێک چاکسازیی بنەڕەتی لەم سیستەمە لە جیهانی ئەمڕۆدا هاتووەتەئاراوە لەپێناو خزمەتی زیاتر بەم توێژە. ئەم پڕۆسەیە بابەتێکی ئامانجدار و سیستماتیکی کارگێڕیی- ئابوورییە، کە دەبێتە هۆی باشترکردنی دابەشکردنی داهات لەناو کۆمەڵگە، نەهێشتنی هەژاری، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و هتد. لەڕاستیدا، سیستەمەکانی خانەنشینی بە لەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی تایبەتی هەر وڵاتێک وەک ئاستی گەشەکردن، سیاسەتی باڵای ئابووری، ژێرخانەکان، وزەماتەی دامەزراوەکان و قووڵایی و توانای بازاڕە داراییەکان دادەڕێژرێن. بەڵام لە هەرێمی کوردستان پڕۆسەکە نەک هەر بۆ ئەو ئامانج و مەبەستانە نییە، بەڵکوو گرفتەکانی بەردەم سیستەمی خانەنشینی پەیوەندییان بە گرفتە بنچینەییەکانی سیاسەتی باڵای ئابووری و تێڕوانین و فەلسەفەی دەسەڵاتدارانەوە بۆ حوکمڕانی هەیە، هەر جۆرە چاکسازییەک لەم بوارەدا دەبێ ئامانجدار و بەپێی ستراتیژێکی درێژخایەن بێت، نەک وەک ئەوەی کە پەڕڵەمانتاران خۆیان دەڵێن بۆ موزایەدات بێت.
بۆ چارەسەرکردنی بەشێک لەم گرفتانە، حکومەتی هەرێم لە دوو ساڵی ڕابردوودا سەرقاڵی پڕۆژەی چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی بووە. پێشتر پڕۆژە یاسایەکی لەو جۆرە لە ساڵی 2018 لە خولی پێشووی پەڕڵەمان پەسەندکرا، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتییەکان دواجار سەرۆکایەتی ئەوسای پەڕڵەمان (کە ئەوکات بەشێک لە دەسەڵاتە دابەشکراوەکانی سەرۆکی هەرێمی لەلا بوو) گەڕاندییەوە بۆ پەڕڵەمان و بابەتەکە هەتا خولی نوێی پەڕڵەمان و کابینەی نۆیەم درێژەی کێشا، دواجار لە #16-01-2020# پەسەندکرا.
لێرەدا نامانەوێ بچینە ناو وردەکارییەکانی ئەم یاسایە، چونکە تێبینی زۆری لەسەرە و هەویرێکە ئاو زۆر هەڵدەگرێ، بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە ئەگەر حکومەتی هەرێم و پەڕڵەمان بە ڕاستی نیازی جدییان هەیە بۆ چارەسەرکردنی گرفتی خانەنشینانی کوردستان، ئەوا هیچ شتێک باشتر نییە لە ئینفازی یاسای ژمارە (9) ی ساڵی 2014 ، یاسای خانەنشینی یەکگرتوو و هەموارەکانی، بە تایبەت هەر لەم ڕۆژانەدا ئەو هەواڵە بڵاوکرایەوە کە گوایە حکومەتی هەرێم لە شەش مانگی داهاتوودا بە نیازە پڕۆژە یاسایەکی یەکگرتووی خانەنشینی ڕەوانەی پەڕڵەمان بکات.
ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، ئەگەر بەڕاستی حکومەتی هەرێم ئەو مەبەستەی هەیە و بە نیازە خزمەتی توێژی خانەنشینانی کوردستان بکات، ئەی بۆ نایەت هەمان یاسا ئێراقییەکە بە هەندێ هەموار کە مەبەستیەتی ڕەوانەی پەڕڵەمان بکات بۆ ئینفازکردن، چونکە بەپێی بەندی 121/ بڕگەی دووەم لە دەستووری ئێراق، دەسەڵاتی هەرێمەکان بۆیان هەیە هەمواری پیادەکردنی یاسا فیدراڵییەکان بکەن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە، کە ئەم یاسایە زۆر بابەتی وەک مووچە و دەرماڵە و ئیمتیازات و بەخشینی تێکەڵ بە بابەتی خانەنشینی کردووە، لە کاتێکدا زۆر لەو حاڵەتانەی کە پەیوەندییان بە مووچە و هەندێک ئیمتیازات و خانەنشینی نایاساییەوە هەیە و کاتی خۆی بە ڕێکارێکی کارگێڕیی وەک مەرسووم و پەیڕەو و ڕێنمایی و فەرمانی وەزاری و هتد ئەنجامدراون، دەکرا بە هەمان شێواز هەڵبوەشێنرێنەوە و ئیدی پێویستی بە یاسا نەدەکرد. هەست دەکرێت فڕێدانی ئەم تۆپە بۆ گۆڕەپانی پەڕڵەمان بۆ ئەوەیە، کە ڕەنگە نییەتی جدی بۆ چاکسازی نەبێت و لە هەمان کاتدا ئەو چاکسازییانە بێگومان ناڕەزایی کۆمەڵێک خەڵکی لێدەکەوێتەوە، هەربۆیە حکومەت دەیەوێت بەرپرسیارێتی ئەم دۆخە بخاتە ئەستۆی پەڕڵەمان و خۆی لەو بەرپرسیارێتییە و دەرەنجامەکانی بدزێتەوە.
خاڵێکی دیکەی جێی سەرنج ئەوەیە، ئەم یاسایە ئەوە نەبوو کە خەڵک چاوەڕێیان دەکرد و ناتوانێ بەشێکی گرنگ لە خواستی مووچەخۆران و خانەنشینانی ڕاستەقینەی کوردستان بەدیبهێنێ، کە بەڕاستی بوونەتە قوربانی سیاسەتی هەڵەی حکومەت لە بواری مووچە و خانەنشینی. لە کاتێکدا سیستەمی مووچە لە سەرانسەری ئێراقدا یەکسانە، دوورە لە بنەماکانی دادپەروەری کە یاسای خانەنشینییان جیاواز بێت، لە کاتێکدا ئەم یاسایە بەدیهێنانی دادپەروەری بە یەکێک لە ئامانجەکانی خۆی داناوە. لە هەمان کاتدا، مشتومڕەکانی تایبەت بەم یاسایە لە پەڕڵەمان ئەو ڕاستییەی دەرخست کە نوێنەرانی گەل پتر لەوەی بیر لە بەرژەوەندییەکانی گەل بکەنەوە، پێداگر بوون لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆیان، ئەمەش بە تەواوی متمانەی هاووڵاتییان بە دەسەڵاتی یاسادانان لەق دەکات. لە کاتێکدا، ئەوان لە بەندی (7) ی یاساکە کەمترین و زیاترین مووچەی خانەنشینییان بۆ پەڕڵەمانتاران دیاری کرد و ئەو مافەیان بە خۆیان ڕەوا بینی، بەڵام نەیانتوانی یا نەیانویست کەمترین مووچەی خانەنشینی بۆ خانەنشینانی کوردستان دەستەبەر بکەن و ئەو مافەیان پێ ڕەوا نەبینین.
[1]