ناو: حسێن
نازناو: حسێن بێرۆخی
ناوی باوک: شوکر میرالی
ساڵی لەدایکبوون: 1903
ساڵیکۆچی دوایی: 1968
شوێنی لەدایکبوون: گوندی #بێرۆخ# ی باکووری کوردستان
شوێنی کۆچی دوایی: شارۆچکەی خوڕەم دەرەی پارێزگای زەنجانی وڵاتی ئێران
$ژیاننامە$
حسێن بێروخی ساڵی 1903 لە گوندی بێروخ لە باکووری کوردستان لەدایکبووە، پێش چوونی بۆ یەکێتی سۆڤێت خێزاندار بووە و خێزانەکەی ناوی حەوا محەمەد بووە، کچێکیان هەبووە بەناوی سوهەیلا حسێن کە لە ساڵى 1922 لەدایکبووە، هەر سێ زمانى کوردی، تورکی و ڕووسی زانیوە، ساڵی 1968 لە شارۆچکەی خرم درەى سەر بە پارێزگای زەنجان لە وڵاتی ئێران کۆچی دوایی کردووە و لە گەروەپیش بەخاک سپێردراوە.
خەباتنامە
ساڵی 1943 پەیوەندی بە ڕیزەکانی شۆڕشی دووەمی بارزان کردووە، لە 12ی تشرینی یەکەمدا بەشداریی گرتنی بنکەی پۆلیسی #خێرەزۆک# و لە 20ى تشرینی یەکەم بەشداری گرتنی بنکەی پۆلیسخانەکانی زێت و شێروان مەزنی کردووە. بەم هۆیەوە لە 19ی ئابی 1945 بە فەرمانی دادگای عورفیی سەربازیی ئێڕاق دەست بەسەر گشت موڵک و ماڵە گواستراوە و نەگواستراوەکانیدا گیراوە.
لە 11ی تشرینی یەکەمی 1945 و لە دوای نسکۆی شۆڕشی دووەمی بارزان، لەگەڵ #مستەفا بارزانی# و هەڤاڵانی دەپەڕنەوە ڕۆژهەڵاتی کوردستان. دوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی کوردستان لە مەهاباد، لە 31ی ئاداری 1946 لە چوارچێوەی هێزی بارزاندا بەرگری لە کۆمار کردووە.
دواى ڕووخانى کۆمارى کوردستان لە مەهاباد و گەڕانەوەى بارزانى لە ڕۆژهەڵاتى کوردستانەوە بۆ باشوورى کوردستان، لەو پێشمەرگانە بووە کە لە ڕێکەوتى 19/4/1947 لە ڕێگاى (خواکوڕک و دەشتى بەرازگرەوە) بە خاکى کوردستانى باکووردا گەڕاوەتەوە ناوچەى شێروان و مزورى.
دواى گەڕانەوەیان، جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی لە ڕێکەوتى 15/5/1947 لە گوندى ئەرگۆش کۆبوونەوەیەک بە هەڤاڵانى دەکات و سەرپشکیان دەکات لە مانەوە، یان چوون بەرەو یەکێتى سۆڤیەت، لەوێدا تەواوى هەڤاڵانى بڕیارى بەردەوامیدان و ڕۆیشتن بەرەو یەکێتى سۆڤیەت دەدەن، لە 23ی ئایاری 1947 یاوەریى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانى کردووە بەرەو یەکێتی سۆڤیەت و لە شەڕى گەلی قتور و شەڕى پردی ماکۆ بەشدارییکردووە و دواى سەختى و ماندووبوونێکى زۆر، لە 18ی حوزەیرانی 1947 لە ڕووباری ئاراس کە دەکەوێتە سنووری نێوان ئێران و یەکێتی سۆڤیەت، بەرەو سۆڤیەت پەڕیوەتەوە.
دوای گەیشتنیان بە یەکێتی سۆڤیەت، لە 19ی حوزەیرانی 1947 لەگەڵ گشت هەڤاڵانی لە شاری نەخچەوانی کۆماری ئازەربایجان بۆ ماوەی چل ڕۆژ لە کۆمەڵگایەکی سەرئاوەڵا کە بە تەلی دڕکاوی دەورەدرابوو، دانران و لەلایەن کۆمەڵێک سەربازەوە پاسەوانییان لێدەکرا و لە ڕووی خۆراک و پۆشاک و هاتوچۆوە وەکوو دیلی شەڕ مامەڵەیان لەگەڵدا کراوە. دواتر لەسەر بڕیاری حکوومەتی سۆڤیەت بەسەر ناوچەکانی ئاغدام و لاچین و ئایولاخ و کەلبەجەر لە کۆماری ئازەربایجان دابەشکران. لە 10ی کانوونی یەکەمی 1947 گواستراونەتەوە بۆ سەربازگەیەک لەسەر دەریاى خەزەر لە باکۆى پایتەختى کۆماری ئازەربایجان و لە ڕێکەوتی 23ی هەمان مانگدا جلوبەرگی سەربازییان پێدراوە و بە سەرپەرشتی ئەفسەرانی کۆماری ئازەربایجان ڕۆژانە هەشت کاتژمێر مەشقی سەربازییان پێ کراوە. لەهەمان کاتدا ڕۆژانە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە لایەن هەندێک لە هەڤاڵەکانیانەوە کە خوێندەواریان هەبوو وانەی فێربوونی زمانی کوردییان پێگوتراوەتەوە.
پاش مامەڵەى خراپى جەعفەر باقرۆڤ لەگەڵ هەڤاڵانى، بارزانی بڕیاردەدات کەمپە سەربازییەکەى لە 29ی ئابی 1948 لە کۆماری ئازەربایجانەوە بگوازێتەوە بۆ کۆمەڵگای چرچوک لە نزیک تاشکەندی پایتەختی کۆماری ئۆزبەکستان و لەوێش لە مەشقی سەربازی بەردەوام دەبن.
لە ئاداری 1949 لەگەڵ هەڤاڵانی بە شێوەی دەستە و تاخم بە شەمەندەفەر بەسەر گوندە هەرەوەزییەکانی یەکێتی سۆڤیەتدا دابەشکران و لە کێڵگەی کۆلخۆزەکان(ئەو زەویانەى خەڵک بە کرێ لە حکومەت دەیگرتنەوە و دواتر بەشى حکومەتیان دەدایەوە) کاریان دەکرد.
دواى هەوڵێکى زۆر و ناردنى چەندین نامە لەلایەن جەنەڕاڵ بارزانییەوە بۆ ستالین، دواجار نامەیەک دەگاتە دەست ستالین کە تێیدا بارزانی باسى دەردەسەرییەکانى هەڤاڵانى خۆی تێدادەکات و ئەویش دەستبەجێ بڕیارى پێکهێنانى لێژنەیەک دەدات بۆ لێکۆڵینەوە لە بارودۆخى هەڤاڵانى بارزانى و دواجار بڕیارى لێژنە ئەوە دەبێت کە هەموویان لە شارى ڤریڤسکى کۆبکرێنەوە، بۆیە ناوبراو لە مانگی تشرینی دووەمی 1951 دەچێتە شاری ڤریڤیسکی لە سۆڤیەت.
دواى شۆڕشى 14ى تەموزى 1958 لە ئێڕاق و گەڕانەوەى جەنەڕاڵ مستەفا بارزانی، لە 25ى شوباتى 1959 و بەپێى هەردوو ماددەى سێیەم و حەوتەم و بڕگەى (أ) لە ماددەى دەیەم و کارکردن بە ماددەى (11) بە پشت بەستن بە یاساى هەموارکراوى ژمارە 19 لە ساڵى 1959 دا، خۆى و هەڤاڵانى بەر لێبوردنى گشتى کەوتوون.
لە ساڵى 1958 کۆمارى ئێڕاق بە سەرۆکایەتى عەبدولکەریم قاسم دادەمەزرێت، ناوبراو لە 16ی نیسانی 1959 لەگەڵ هەڤاڵانی بە کەشتیی گرۆزیا لە ڕێی بەندەری بەسڕەوە لە باشووری کۆماری ئێڕاق گەڕاوەتەوە کوردستان. دواى هەڵگیرسانى شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵى 1961، بەشداریی شۆڕشی ئەیلوولی کردووە و سەر لق بووە و لە شەڕەکان بەشدار بووه.[1]