ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی شوێنەوارێکی #ئاکرێ# واژۆ کرا، کە 500 هەزار دۆلاری بۆ تەرخان کراوە.
د.بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک بۆ (باسنیوز) گوتی: ئەمڕۆ یەکشەممە 14ی 8ی 2022، بە ئامادەبوونی هەریەک لە ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، کەیفی مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری ئاکرێ، شەهرەزاد سیئود، کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەولێر بەوەکالەت، ئێلا بێکێسی، نوێنەری ڕێکخراوی ARCH یی ئەمریکی، واژۆ لەسەر گرێبەستی نۆژەنکردنەوەی قەرستگەی حزقیال کرا، بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕێکخراوی GAME ARTی چیکی و بە سەرپەرشتیاریی بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک و ئاکرێ نۆژەن دەکرێتەوە.
بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک، ڕاشی گەیاند: کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر تێچووی ئەو پرۆژەیەی گرتووەتە ئەستۆ و بڕی 500 هەزار دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارە تەرخان کردووە.
گوتیشی: شوێنی شوش یەکێکە لە شوێنە مێژووییە گرنگەکان، کە چەندین شوێنەواری گرنگی لێ هەیە، بەتایبەتی پەرستگاکانی ئایینەکانی کۆنی وەک، میترائی و #زەردەشتی# و جوو و مەسیحی و ئیسلام. شوێنی کنیشتا شوش لە هەموو ئەو پەرستگایانە نزیکە، ئەمەش گرنگیی پێکەوەژیانی ئایینی لە ناوچەکە پشتڕاست دەکاتەوە، ئەم پرۆژەیە لە قۆناغی یەکەمدایە، کە لە ساڵی 2020 پلانمان دانابوو، پارکێکی ڕۆحانیی ئایینەکانی کۆن لە شوش دروست بکەین و ببێتە شوێنێکی گەشتیاری، لە هەمان کاتدا ئەو پەرستگایایانە بپارێزرێن و شارستانیەتی ناوچەکە پیشان بدرێ.
ئاشکراشی کرد: جووەکان لە سەدەی هەشتەمی بەر لە زایین، شلمنسر پاشای ئاشوورییان هێناوەتە ئەو ناوچەیە و تا ساڵانی پەنجاکان لێرەدا ماون، یەکەم جاریش باسی شوش لە کتێبی گەڕیدە (حاخام بنیامین 1130-1170)دا هاتووە، ساڵی 1880 مردخای ئایدلمان، کە یەکێکە لە گەڕیدەکان، باسی شوش دەکات، کە زۆر پابەند بوونە بە ئایینی خۆیانەوە و دەڵێت تا ساڵی 1884 نزیکەی 50 جوو لە شوش ژیاون، پاشان زۆربەیان بەرەو شارە گەورەکان ڕۆیشتوون، تا ساڵی 1915یش چەند ماڵێکی کەم لە شوشدا مابوون، دواتر لە ساڵانی پەنجاکان بە یەگجاریی گەڕاونەتەوە بۆ ئیسرائیل”.
گوتیشی: نۆژەنکردنەوەی ئەو شوێنەوارانە، مێژووی ئەو ناوچانە دەپارێزێ[1]