بابەت: ژینگە
ناونیشان: سەوزکردنی شار
بەپێی پێوەرەکانی نیشتەجێکردن، پێویستە لە دیزاینی شاردا چەند مەرجێکی ژینگەیی لەبەرچاو بگیرێن، لەوانە:
- دەبێت هەر کەسێک 2 م دووجای لە گۆڕەپانی یاریی بەربکەوێت لە سنووری گەرەکەکەی خۆیدا.
- دەبێت هەر کەسێک لە نێوان (1.5 – 2.5) م لە باخچە و دووجای ڕووبەری سەوزایی بەربکەوێت لە گەرەکەکەی خۆیدا.
- بە پێی پێوەری جیهانیی مافەکانی مرۆڤ، دەبێت هەرکەسێک لە شارەکەی خۆیدا لە نێوان (15 - 20) م دووجای لە باخچە و ڕووبەری سەوزایی بەربکەوێت.
ئەم مەرجە ژینگەییانە کاریگەریی زۆریان هەیە لەسەر چاکترکردنی ژینگە و ژیانی مرۆڤەکان لە شاردا، لەوانە :
1- ڕووبەری سەوزایی ڕۆڵی بەرچاوی هەیە لە هەڵمژینی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بەرهەمهێنانی ئۆکسجین.
2- ڕۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی تینی تیشکی ڕۆژ بە ڕێژەی 86 ٪.
3- ڕۆڵی هەیە لە بەرگرتن لە ڕەشەبا و گەردەلوول.
4- ڕۆڵی هەیە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکان لە ڕێگەی کۆبوونەوە و دانیشتنی ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە پارکێکدا یان لە سەیرانگایەکدا.
5- ڕۆڵی هەیە لە ئارامکردنەوە وچاکترکردنی باری دەروونی مرۆڤ، کە ڕەنگی سەوز کاریگەریی ئەرێنی هەیە لەسەر کەمکردنەوەی هۆرمۆنی بەرپرس لە گرژبوونی باری دەروونی، هەر لە بەر ئەمەشە کە دەوڵەتانی جیهان هەوڵ دەدەن زیاتر لەو پێوەرە نێودەوڵەتیانەش، ڕوبەری سەوزایی لە شارەکاندا زیاد بکەن، بۆ نموونە لە شاری (پەکین)ی پایتەختی (چین)، هەر تاکێک ڕووبەری 45 م دووجای لە سەوزایی بەردەکەوێت، لە (تاران)ی پایتەختی (ئێران)یش هەر تاکێک زیاتر لە 20 م دووجای بەردەکەوێت!
کەچی لای ئێمە لە شارێکی وەک سلێمانی کە پێش حەفتا ساڵ واتە لە ساڵی 1937ەوە یەکەم باخچەی گشتی تێدا کراوەتەوە و ئێستا بە بەراورد لە نێوان ڕوبەری خانوبەرە و ڕوبەری باخچە و سەوزایی، تەنها 1 ٪ی ڕوبەری شار سەوزاییە. کە ئەم ڕێژەیەش لە شارەکانی تری کوردستاندا هەر ئەوەندەیە.
بۆیە گرنگە کە شارەوانیی چەند هەنگاوێک بگرێتە بەر لەوانە:
1- لەکاتی پێدانی مۆڵەتی بیناکردندا بە مەرجی بگرێت کە ڕووبەرێکی دیاریکراوی خانووەکان بکرێنە باخچە ئەگەر کەمیش بێت، چونکە دەرکەوتووە کە تەنها (یەک) درەخت لە ڕۆژێکدا بەشی 3 کەس ئۆکسجین بەرهەم دەهێنێت.
2- زیادکردنی باخچە و پارکی گشتی لە نێو شارەکاندا و ڕێگەگرتن لە بەخانووکردن و کارگەکردنی ئەو زەوییانەی کە لە دیزانیی بنەڕەتی شاردا بۆ باخچە دانراون.
3- لەبەر کەم ئاویی، ئەو درەخت و دارانە بچنێرێت کە ئاوی کەمیان دەوێت، ئاودانی بەدڵۆپەش پەیڕەو بکرێت و درەختەکانیش لە جۆری هەمیشە سەوز بن لە هەر چوار وەرزەکاندا.
4- بەردەوام ئاگای لە پێوەری جیهانی بێت بۆ ڕوبەری سەوزایی چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دانیشتوانی شارەکان لە زیادبووندان و ڕووبەری سەوزاییش لە کەم بووندایە، کە ئەمەش تەواو پێچەوانەی مەرجە ژینگەییەکانە لە دیزاین کردنی.
[1]