بابەت: ژینگە
$ڕۆژی جیهانیی ژینگە$
لە 5ی حوزەیرانی (05-06) هەموو ساڵێک جیهان بە گشتی و ژینگە دۆستان بە تایبەتی یادی بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگە (EDW) بەرز ڕادەگرن، ئەو ڕۆژەی کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنگرەی)ستۆکهۆڵم(ی تایبەت بە ژینگەوە لە ساڵی 1972دا بە ڕۆژی ژینگە ناساند، هەر لەو ڕۆژەدا (بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ژینگە) (UNEP) دامەزرا.
ئەم ڕۆژە بۆنەیەکە بۆ هۆشیاریی زیاتر لە بواری ژینگەدا و بۆ سەرنجڕاکێشانی سیاسەتمەدار و بڕیاربەدەستانی جیهان بەلای ژینگەدا، دروستکردنی بایەخ پێدانێکی جیهانی بە ژینگە و پێکهێنەرەکانی.
هەروەها ئاماژەیەکە بۆ برەودان بە ڕۆڵی کۆمەڵگا لە گۆڕینی هەڵوێستەکان بە ئاراستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە و دروستکردنی هەستێکی جیهانیی لای دانیشتووانی گۆی زەوی بەو بەیەکەوە بەستنەوەیەی کە چارەنووسی هەموویانی بەیەکەوە گرێداوە.
لە ڕۆژی جیهانیی ژینگەدا، پێویستە لە بیری ئەوەدا بین کە دابینکردنی پێداویستییەکانی مرۆڤ لە ڕووی ژینگەییەوە لە مافە سەرەکییەکانی خۆیەتی وەک بەشێک لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی.
دەستکەوتنی ئاوی خاوێنی خواردنەوە و بوونی سیستەمێکی گونجاو بۆ ئاوەڕۆکان و بوونی میکانیزمێکی بێ زیان بۆ ڕزگاربوون لە پاشماوە و پاشەڕۆکان و زیادکردنی ڕوبەری سەوزایی و دووبارە داڕشتنەوەی دیزاینی شارەکان بەئاراستەی کەم کردنەوەی قەرەباڵغی و پاراستنی زیندەجۆرەکان و هەڵگرتنەوەی مینی چینراو و... هتد , لە مافە بنچینەییەکانی مرۆڤن.
بۆ هەموو ئەمانەش بوونی ئیڕادەیەکی بەهێزی سیاسیی و ئیدارەیەکی زانستیانەی ژینگەیی زۆرگرنگن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنامە نێودەوڵەتیەکانی تایبەت بە ژینگە و هاوکاریی نێودەوڵەتیی و کەمکردنەوەی هەژاریی و کۆنتڕۆڵ کردنی جەنگەکان و پەیڕەوکردنی پەرەپێدانی هەمیشەیی و بەردەوام (Sustainable Development) هەنگاوی زۆر گرنگن کە کاردەکەنە سەر گۆڕینی دروشمەکان لە وشەوە بۆ کردار، لە قسەوە بۆ پڕۆژە.
ڕۆژی ژینگەی جیهانی دەرفەتێکمان بۆ دەڕە خسێنی بۆ پێداچوونەوەی کارەکانمان سەبارەت بە کەمکردنەوەی هەژاری و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان و پەرەسەندنی ئابووری و پاراستنی ژینگە و بەڕە وا بەکارهێنانی سامانە سروشتییەکان و ڕێگە گرتن لە پیسبوونی کەش و هەوا و پلاندانان بۆ دواڕۆژ و... هتد.
ڕۆژی جیهانیی ژینگە، هۆکارێکیشە کە بە هۆیەوە گەلان ڕۆژی تایبەتیان بۆ ژینگەی لۆکاڵی خۆیان دیاری کردوە و تیایدا لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانی، چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن لە پێناوی پاراستن و چاککردنی ژینگەدا، بۆ نموونە:
- 5ی حوزەیرانی هەموو ساڵێک ڕۆژی جیهانیی ژینگەیە.
- 14ی تشرینی یەکەمی هەموو ساڵێک ڕۆژی ژینگەی وڵاتە عەرەبیەکانە.
- 15ی نیسانی هەموو ساڵێک ڕۆژی ژینگەی عێراقە، کە بە نووسراوی ڕەسمی ئاراستەی ئەنجومەنی حوکمی عێراق کراوە وەک پێشنیار و ئەنجومەنیش بە ڕەسمی پێشنیارەکەی پەسەندکرد و لە ساڵی 2004وە هەموو ساڵێک لەو ڕۆژەدا لە پارێزگاکانی عێراقدا چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.
- ڕۆژی 16ی نیسانی هەموو ساڵێکیش ڕۆژی ژینگەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە پێویستە لەو ڕۆژەدا گرنگی ژینگە زیاتر بۆ هاوڵاتیان ڕوون بکرێتەوە.
[1]