بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان، ئاماری نۆ مانگی بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە 37 ئافرەت کوژراون، 87 ئافرەتیش دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەر.
ئەو ئامارە تایبەت بە تۆڕی میدیای ڕووداو دراوە، سەرجەم ئەو تووندوتیژییانە دەردەخات کە لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا لەدژی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدراون.
خۆکوشتن لە #هەولێر# و #دهۆک# وەکویەک بووە
ئامارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان دەریدەخات: 54 ئافرەت لەماوەی ئەو نۆ مانگەدا خۆیان کوشتووە، زۆرترینیان لە هەولێر و دهۆک بوون، کە لە هەریەکێکیان 15 ئافرەت بووە، دوای ئەوانیش لە شاری #سلێمانی# 13 حاڵەتی خۆکوشتن هەبووە.
ئامارەکانی سووتان 113 حاڵەت بوون، خۆسووتاندنیش 90 حاڵەت بووە کە دووبارە زۆرترینیان لە هەولێر و دهۆک بوون کە 30 بە 22 حاڵەت بووە، لە سلێمانیش 18حاڵەت بووە.
لەبارەی تۆمارکردنی سکاڵاش، لە ئامارەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو: 7هەزار و 192 سکاڵا تۆمارکراون، زۆرترینی لە هەولێر بووە کە دوو هەزار و 620 سکاڵابووە، لە دهۆک هەزار و 861 سکاڵا، لە سلێمانیش هەزار و 362 سکاڵا تۆمارکراوە.
لە دهۆک 33 دەستدرێژی سێکسی و لە سلێمانی هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە
لە کۆتایی خشتەی ئامارەکەدا ئاماژە بە دەستدرێژی سێکسی کراوە کە کۆی گشتی 87 حاڵەت بووە، زۆرترینی لە دهۆک بووە کە 33 حاڵەت بووە، لە هەولێر 27 حاڵەت تۆمارکراوە و، لە سلێمانی هیچ حاڵەتێک تۆمارنەکراوە.
ئاری ڕەفیق، یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتیی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ئافرەتان بە تۆڕی میدیایی ڕووداوی ڕاگەیاند ئاماری کوژرانی ئافرەتان لە تەواوی ساڵی ڕابردوودا 50 حاڵەت بووە، بەڵام ئەمساڵ لە نۆ مانگدا 37 حاڵەت تۆمارکراوە، ئەوەش مانای زیادبوونی ئامارەکەیە.[1]
#07-11-2018#