حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە دەستبکاتەوە بە کارکردن لە ژمارەیەک پرۆژەی گرنگ و ستراتیژیی سنووری پارێزگای #دهۆک#.
ناسر عەلی، بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕووداو لە دهۆک ڕایگەیاند: لە سنووری پارێزگای دهۆک زۆربەی پرۆژەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارکردن تێیاندا وەستابوو، ئێستا حکومەت لە هەوڵی ئەوەدایە بەشێک لەو پرۆژە گرنگ و ستراتیژیانەی بۆ خەڵک پێویستن، تەواو بکات.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ڕووداو ئەو پرۆژانەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە تەواو بکرێن، ژمارەیان 10 پرۆژەیە، یەکێک لەو پرۆژانەش تەواوکردنی پرۆژەی ڕێگای چەمەیە، کە یەکێکە لە ڕێگا گرنگەکان بۆ خەڵکی پارێزگای دهۆک و، پارێزگای دهۆک بە پارێزگای #هەولێر# دەبەستێتەوە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە یەک سایدی ئەو ڕێگایە کەتووەتە کار، بە تەواوکردنی ئەو پرۆژەیە ماوەی نێوان دهۆک - هەولێر 20 خولەک کەمتر دەبێتەوە.
هەروەها لە سنووری شارۆچکەی بەردەڕەش، بڕیاردراوە کۆتایی بە سێ پرۆژەی گرنگ بهێندرێت، یەکێک لەوانەش پرۆژەی ڕێگای سەرەکی نێوان ڕوڤیا-بەردەڕەشە. لە سنووری قەزای #زاخۆ#ش بڕیاردراوە ئەو سێ ڕێگا سەرەکییانەی دەکەونە نێوان قەزای زاخۆ و قەزای سێمێل، تەواو بکرێن، هاوکات بۆ سەنتەری شاری دهۆکیش بڕیاردراوە یەکێک لە پرۆژە گرنگەکان، کە پرۆژەی هشکەرۆیە تەواو بکرێت.
هەر بەپێی زانیارییەکانی ڕووداو، بە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاردراوە دەستبکرێتەوە بە کارکردن لە پارکی گەورەی دهۆک، کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای سەنتەری شاری دهۆک لە دەڤەری ئالووکا و، لە ماستەر پلاندا هەیە، بەڵام لە ساڵی 2014ەوە تاوەکو ئێستا لەبەر نەبوونی بودجە جێبەجێنەکراوە.[1]
#30-08-2018#