ناونیشانی بابەت: جلوبەرگی ژنانی موکریان؛ بەشی 01
جلوبەرگ و خشڵوخاڵی ژنانی موکریان
نووسینی: لەیلا نوورانی
جلوبەرگ بە پێی جوگرافیا و مەڵبەندی ژیان، باوەڕ و داب و نەریتی ناوچەیی و عەشیرەیی، ئایین و شێوازی ڕوانین لە کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکاندا فۆڕم و مۆدێلی جیاوازە. دیارە لە موکریان کە بە شێوەیەکی گشتی ئیسلام دینی سەرەکی بووە و بە پێی ئەوە کە ژیانی عەشیرەتی باو بووە و ئاژەڵداری و گەرمێن و کوێستان کردن ئیشی سەرەکی بووە، شێوازێک جلوبەرگ بۆ ژنان وەک مۆدێلێکی تایبەتیی دنیا هەیە کە لە دواییدا دوو لقی سەرەکیی لێ بووەتەوە، یەکەمیان شێوازی جلوبەرگی سابڵاغیانە و ئەوی تریان مەنگوڕایەتییە.
بە هۆکاری شێوە ڕوانینی ئیسلامی و دەسەڵاتی زاڵی پیاو، خوازراو و نەخوازراو، کراسی ژنان فشوفۆڵ و فراوان بووە، بە پێی دەسڕۆیوی و سەلیقەی خاتوونەکانیش ڕازاوەتەوە. ئەو شێوازە تایبەتە، بۆ پیر و جحێڵ و منداڵ یەک جۆر بووە، ئەگەر لە وێنە کۆنەکان بڕوانین کە باشترین سەنەد و بەڵگەن بە دەستمانەوە ماون، کچ هەر سەروپێچکە بوون دایک جلوبەرگی وەک خۆی بۆ دەدوورین، تەنانەت بۆ بووکەڵەکانیشیان هەر بەو چەشنەیان جل دەدووری.
شایەنی باسە کە ئەو کات زۆربەی هەرە زۆری ژنان تووک و درومانی خۆیان هەر بۆ خۆیان دەکرد و ئەو کارەش هەر بە دەست دەکرا. ڕەنگی جلوبەرگی ژنان بە پێی سرووشت و جوانیی مەڵبەندی موکریان و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە و تەنانەت شین و شایی ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە. ڕەنگەکان بە شێوەی سرووشتی کوردستان بە (عام) گەش و بەرچاون. ئەگەر تۆزێ ورد بینەوە، دەتوانین پەنجەمۆری باوەڕەکان لە (مەسەل) و ئیدیۆم و پەند و تووک و دوعا و ... زمانی کوردیشدا بدۆزینەوە. بۆ وێنە ئەو فەرشە دەڵێی بووکی سوورە یان لفکە و دەسماڵ شین کردن و ...
جلوبەرگ لە زۆر جێیان پێناسەی مرۆڤە، مەلاژن دەسماڵی سپی بە خۆیاندا دەدەن، سەیزادە و شێخزادە شاڵ دەبەستن و جلوبەرگی ڕەنگ کەسک زیاتر لەبەر دەکەن، بووک بە شێوەیەکی گشتی سوور لەبەر دەکەن و تارای سوور تایبەتیی کچان و ئی سپیش بۆ بێوەژن بەکار هێنراوە. نێوی پارچەکانیش لەو مەڵبەندە بە پێی شێوەزار و ڕوانگەی ژنانەوە ئاڵوگۆری بەسەردا دێ، دەسماڵی چاوی کەوێ، کوێستانان خاڵخاڵ، زوقم، گوڵ هەنار، گوڵە سێو و... نیشان دەدا کە سرووشت توانیویەتی شوێنەواری لەسەر مرۆڤەکان هەبێ. دووەمین هۆکاری ئاڵوگۆڕی سرووشتە کە لە تەنکی و ئەستووریی پارچە دەکار کراوەکاندا لە کاتی پێویستدا خۆ دەنوێنێ.
هەروەها بارودۆخ و ئەو شوێنەی پارچەی لێ هاتووە کاریگەریی تایبەتیی هەبووە. دەسماڵی مەککە یان دەسماڵی مەککەیی کە زۆرتر حاجی وەک دیاری لەگەڵ خۆیان دەیانهێنا، کراسی سەددامە زێڕە کە لە وڵاتانی عەرەبی دا بە گەرمێندا دەهات، ئەو بابەتە پشتڕاست دەکەنەوە. جاریش هەیە زمانی گاڵتە دێتە ئاراوە وەک کراسی خەسووتەقێنیان کراسی فەرموو دانیشە کە نیشاندەری ئەوپەڕی جوانیی پارچەکانن کە هۆکاری ئێرەیی و بێتاقەتی بوون. کوورتی ببڕینەوە لێکۆڵینەوە لەسەر شێوازی جلوبەرگ و چۆنییەتیی بەکارهێنانی لەلایەن گەلانی دنیا، مێژوویەکی کۆن و ڕەسەنمان بۆ وەدیار دەخا، تا ئەو جێیە کە جلوبەرگ شوناسی نەتەوایەتییە، کە بەداخەوە لەنێو مەمانان وەک زۆر شتی ترمان بایەخی ئەوتۆی پێ نەدراوە و سەرنج و لێکۆڵینەوەی تایبەت و ئاکادمیکی بۆ نەکراوە. هەر چەند کە یەک لە خەزێنە پڕ بایەخەکانی کوردەوارییە. ئەو هەنگاو و حەولەی من مشتێک لە هەشتێکە و ئاواتەخوازم بە بەشی خۆی دەرەقەتی ڕزگارکردنی ئەو لایەنە لە فەوتان هاتبێ.
=KTML_Bold=کراسی ئاودامێن:=KTML_End=
کۆنترین شێوازی جلوبەرگی کوردیی ژنانەیە کە جگە لە موکریان لە تەواوی ناوچە کوردنشینەکاندا باو بووە. کراسی بە هەڵدانەوە یان کراسی ئاودامێن یان کراسی بە کۆش یان کراسی بە لاداکرن یان کراسی بە لاداکردنێ یان کراسی قووڵ، جۆرە کراسێکە کە پێش تیرێژوودار یان (کراسی بە تیرێژووش) باو بووە. لە بەرئەوەی داوێنی لە لاتەنیشت ڕا هەڵدراوەتەوە و دەبەر پشتێند چەقاوە ئەو نێوەی بەسەردا بڕاوە. هەروەها هۆکاری ئەو شێوازە دروومانە و مۆدێلە ئەوە بووە کە ژنان بە پێی کاری ئاژەڵداری و ڕسق و ماڵ و گیاکردن لە کێو و بەندەنان، بۆیان نەلواوە داوێنیان عەرزی بماڵێ، دەبایە توندوتۆڵ بان، پێیەکیان لە گەرمێن بووە و پێیەکیان لە کوێستان، هەمیشەی خوداش منداڵەبەر بوون هەر بۆیە ئەو کراسە و شێوازی دروونی بۆ ئەوان کەڵکی تایبەتیی هەبووە و لە جیاتی بەرهەڵبێنەش بەکار هاتووە.
ئەو کراسە پاش و پێشی دوو یان سێ میتر درێژتر لە باڵا دەگیرا و هەڵدەدراوە، ئی وا هەبوو هەشت گەزی دەکردە کراس و هەشت دروومانی تێدەبوو. شێوازی دروومانی ئاوا بوو کە پارچەکەی دوو تەختە دەکرا و پشت و پێشی دادەندرا و سەرشانی لە کراسی تێرووژدار زیاتر دەهاتە خوار و دەبوو سێ میتر درێژایی داندرێ.
=KTML_Bold=کراسی بڵباسیی=KTML_End=
جۆرە کراسێکی مێژوویی و کۆنە کە ئێستاکە باوی نەماوە،
هەشت تا دە تەختە پارچەیان دەکردە کراس، لە کاتی لەبەر کردندا زۆر فشوفۆڵ ڕادەوەستا. قۆڵەکانی بە سۆرانی ئەنگووچک بوون، بۆ هەر لاسۆرانییەی یەک و نیو هەتا دوو گەزیان پارچە بۆ دادەنا، ئەو مۆدێلە جلوبەرگە لە پشتەوە لە شێوەی باڵی پەپوولە دەکات. وەک لە ناوەکەی دەردەکەوێت تایبەتە بە ناوچەی بڵباسەتیی.[1]