سەرۆکی #حکومەتی هەرێمی کوردستان# دەڵێت: پێویستە دەستوەردانی کەسی و حزبی لە #وەزارەتی پێشمەرگە# دوور بخرێتەوە.
ئەمڕۆ ڕێکەوتی #21-09-2023# سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ جەنەراڵ جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێراق و سووریا کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوی کۆبوونەوەکە کە #مەسرور بارزانی# سەرۆکی حکومەتی هەرێم بڵاویکردووەتەوە، لە کۆبوونەوەکەدا کە مارک سترۆ کونسولی گشتیی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێراق و سووریا تاوتوێ کران.
باس لە ئەوەشکراوە، تەوەرێکی سەرەکی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەبارەی پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕێکخستنەوەی پێکهاتەکانی.
مەسرور بارزانی دەڵێت: جەختمان لە گرنگیی بەردەوامبوون و خێراکردنی پڕۆسەکە و پابەندبوون بە جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری ڕێکخستن و یەکخستنی پێشمەرگە و دوورخستنەوەی وەزارەت لە هەر دەستوەردانێکی حزبی و بەرژەوەندییەکی کەسیی کردەوە.
دەشڵێت، هەروەها ئاماژەمان بەو دەنگۆیانە دا کە گوایە کێشە لە چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگەدا هەیە و دووپاتمان کردەوە کە پێویستە دەستوەردانی شەخسی و حزبی لە وەزارەت دوور بخرێتەوە و ڕێگری لە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران نەکرێت لە دانانی وەزیرێک کە توانای جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەتی هەبێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم دەڵێت: لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بیروڕامان دەربارەی بارودۆخی سووریا و بە تایبەتیی ئاڵۆزییەکانی دەڤەری دێرئەزۆر و ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە ئاڵوگۆڕ کرد. هەردوولا هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاساییش و ئاشتی کۆمەڵایەتی و تەبایی نێوان کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی ناوچەکە. [1]