ناونیشان: ڕەگی کورد لە ئازەربایجان و سەردانەکەی #نێچیرڤان بارزانی#
نووسەر: #عومەر نورەدینی#
ڕۆژی دەرچوون: #18-07-2023#
لەسەر داوا و بانگهێشتی ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە باکووە، سەرەتا گرنگە ئاگامان لەوە بێت کە ڕەگی بوونی کورد لە ئازەربایجان بە قوڵایی مێژووی ئەو وڵاتەدا چووەتە خوارەوە، ئەوەتا لە سەرەتای سەدەی دەیەمی زاینی کەسایەتیی سیاسی و هەڵکەوتەی کورد (دێسم کوڕی ئیبراهیم شازکۆیە) بە ڕادەیەک ڕۆڵی هەبووە کە لەو وڵاتە ڕابەرایەتیی قەوارەیەکی سیاسی لە شێوەی میرنشیندا کردووە، کەسایەتیی بەنێوبانگی کورد سەڵاحەدینی ئەیوبی بە بنەچە دەگەڕێتەوە سەر کوردەکانی ئەو ناوچەیە و بە دیاریکراوی کوردەکانی شاری (دوین) ی هەڵکەوتە لەسەر سنووری نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا.
لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی جیهانیی یەکەم و درووستبوونی کۆماری دیموکراتی ئازەربایجانی سەربەخۆ (1918 - 1920) کوردەکان لەناو حکومەتدا پێگەیەکی دیاریان هەبووە. کەسایەتیی کورد مام نووربەگ وەزیری فێرکردن بووە، هەروەها کوردێکی دیکە بەناوی خەسرەو بەگ سوڵتانۆڤ وەزیری سوپا و حاکمی گشتیی دەڤەری ناگۆرنۆ قەرەباخ بووە.
کاتێک ئازەربایجان دەکەوێتە ژێر هەژموونی یەکێتیی سۆڤیەت زەمینە دەڕەخسێت بۆ درووستبوونی قەوارەی سیاسیی کۆماری کوردستانی سوور (1923 - 1929) کە پایتەختەکەی شاری لاچین بووە. لە کۆماری کوردستانی سوور، بایەخی تایبەتی بە ڕۆژنامەگەری و ڕادیۆ و زمان و فێرکردنی کوردی دراوە، بەڵام کاتێک ستالین دەبێتە سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەت، هەم کۆماری کوردستانی سوور لەناودەبات و هەم کوردەکانی ئازەربایجان و ئەرمینیا بە زۆر بەرەو کازاخستان ڕادەگوێزێت.
لە دوای جەنگی جیهانیی دووەم و دوای کەوتنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد، مەلا مستەفای بارزانیی نەمر لەکاتی داستان و ڕێڕەوی مێژووی خۆی، لەپێناو ئازادی، دوای پەڕینەوەی لە ڕووباری ئاراس لە حوزەیرانی 1947، ئازەربایجان دەکاتە مەنزڵ. پاش هەڵوەشانی یەکێتیی سۆڤیەت و سەربەخۆبوونی ئازەربایجان، لەنێوان ساڵانی (1990 - 1992) کوردەکان جارێکی دیکە هەوڵی سەربەخۆیی دەدەن و بۆ ئەمە لیژنەیەکی سیاسی درووستدەکەن و کەڵک لە ململانێی نێوان ڕووسیا و ئەرمینیا لەگەڵ ئازەربایجان و تورکیا وەردەگرن، سەرەنجام لە مانگی حوزەیرانی 1992 (کۆماری لاچینی کوردی) ڕادەگەیێنن، بەڵام بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و ناکۆکی لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان لەسەر ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ، زۆربەی ناوچە کوردنشینەکان، بە شاری لاچینیشەوە، دەکەونە ژێر دەسەڵاتی ئەرمینیا و بەداخەوە جارێکی دیکە کۆتایی ئەو ئەزموونە سیاسییەش هەر تراژیدیا بوو.
ئێستا لە باکوی پایتەختی ئازەربایجان، سەنتەری ڕۆشنبیریی کوردی هەیە و بەکارهێنان و فێربوونی زمانی کوردی ڕێگەپێدراوە، لە کایەی سیاسیشدا وەکوو کەسایەتی و کاراکتەر پێگە و بوونیان هەیە، سەرۆکی وڵات ئیلهام عەلیێڤ، لەڕووی ئاساییشی سەرۆکایەتی و ڕۆڵ بینین لەناو دامەزراوەکانی ئاساییشدا، متمانەی زۆری بە هۆزێکی کوردی هەیە بەناوی (ئەیوبۆڤ) . سەرۆکی ئازەربایجان لە ساڵی 2020 یەکێک لە کەسایەتییەکانی ئەو هۆزە بەناوی بیلار ئەیوبۆڤ-ی کردە بەرپرسی دەزگای ئاساییشی سەرۆکایەتی.
لە ساڵی (1993) وە بیلار پشتیوانێکی سەرسەختی حەیدەر عەلیێڤی سەرۆکی پێشووی ئازەربایجان و باوکی سەرۆکی ئێستا بوو، لەمبارەوە د. ستانسیلاڤ ئیڤانۆڤ، ئەکادیمی و توێژەر لە سەنتەری ئاساییشی نێودەوڵەتیی ڕووسیا، باسی ئەوە دەکات کە خانەوادەی عەلیێڤ کە لە ساڵی (1993) وە تا ئێستا جڵەوی سەرۆکی ئەو وڵاتەیان لەدەستە، بە بنەچە کوردن، بەڵام لە سەردەمی ستالینی سەرۆکی یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو، بەهۆی گرتنەبەری سیاسەتی داپڵۆسین و سەرکوتکردن و بەزۆر ڕاگواستن لە دژی کورد، لە کۆتایی سییەکان تاوەکوو ناوەڕاستی چلەکانی سەدەی بیستەم، ئەو خانەوادە وەکوو زۆر لە کوردەکانی دیکەی باشووری قەوقاز و لەپێناو مانەوەدا ناچار بوون خۆیان بگونجێنن و ناو و ناسناوی ئازەری یان ئەرمەنی یان جۆرجی لەخۆیان بنێن.
ئەمساڵ و بە دیاریکراوی لە 18ی شوباتدا و لەکاتی بەڕێوەچوونی دیداری میونشن لە ئەڵمانیا، کۆبوونەوە لەنێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان سازدرا. لەو دیدارەدا سەرۆکی ئازەربایجان بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ سەردانی باکو. هەر لەو دیدارەدا باسی کردنەوەی کۆنسوڵخانەی ئازەربایجان لە #هەولێر# کرا، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو ڕەهەندە مێژووییەی لە پەیوەندیی نێوان کورد و ئازەر هەیە، هەروەها بەهەند وەرگرتنی ئەوەی کە ئێستا ئازەربایجان دەوڵەتێکی خاوەن سیستمی سیاسیی ئارام و سەقامگیرە و لە دوای ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت لە چاکسازی و پەرەپێدانی سیاسی زیاتر پشتی بە ڕۆڵی سەرکردایەتی بەستووە و لەمەدا ئەزموونی هەرێمی کوردستان و ئازەربایجان خاڵی هاوشێوەیان هەیە؛ لەوەش زیاتر، ئازەربایجان خاوەن هەڵکەوتە و پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی قایم و خاوەن بایەخی ستراتیژییە، بەهۆی ئەوەی لە کاتی ڕێگەی ئاوریشمی بازرگانی لەنێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوا پرد و وێستگەیەکی گرنگی سەر ئەو ڕێگەیە بووە.
جگە لەوەش، لەڕووی وزە و ئابوورییەوە سەنگ و پێگەیەکی دیاری هەیە، لەڕووی گەشتوگوزارەوە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، ئەندامی دەیان ڕێکخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتییە؛ هەڵبەت خواستێکی ڕوون لای باکو و هەولێر هەیە بۆ بوونی پەیوەندی و پەرەپێدان، بۆیە دەکرێت و زەحمەت و دژوار نییە ئاستی پەیوەندییەکان لەگەڵ یەک بەرزتر بکرێنەوە و بگاتە ئاستی کردنەوەی کۆنسوڵخانە و پاشان پێکهێنانی گرووپی دۆستایەتی و بەرژەوەندیی هاوبەش لە بوارە جیاجیاکاندا، لە سەروو هەموویانەوە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و گەشتوگوزار، سەرۆک ئیلهام عەلیێڤ لە ئەنجامی بەدواداچوون و ڕاوێژی ناوەندەکانی توێژینەوە و ڕاوێژکاریی وڵاتەکەیەوە، ئەوەی بۆ ڕوون بووەتەوە کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کەسایەتییەکی سیاسیی بوونیاتنەری ئەوتۆیە کە لە پەیوەندییە دیپلۆماسی و ئابووری و تەناهییەکانی ئێراق و هەرێمی کوردستان و دەوڵەتانی ناوچەکە، کاریگەریی دیار و ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە و هەیە؛ ئەنجامدانی دیدار و گفتوگۆ و ڕاوێژیش لەگەڵیدا بۆ هەمووان باشە.
بێگومان ئەم سەردان و چالاکییە دیپلۆماسییەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەها و بایەخی تایبەتی بۆ ئێراق و هەرێمی کوردستان هەیە و دەرەنجام و لێکەوتەی جۆراوجۆری ئەوتۆی دەبن، کە لە ئاییندەدا دەیانبینین و هەستیان پێدەکەین، کە دەبنە مایەی هێشتنەوە و بەهێزکردنی پێگەی نێودەوڵەتیی هەرێمی کوردستان و مانەوەی وەکوو ئەکتەرێک لەسەر شانۆی دیپلۆماسییەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. [1]