ناونیشان: چارەنووسی نەوتی کوردستان لەنێوان بەغدا و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #06-07-2023#
=KTML_Bold=بەرایی=KTML_End=
هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لەوانەیە بکەوێتە کۆتاییەکانی مانگی ئەیلوول و سەرەتای تشرینی یەکەمی 2023وە، ئەگەر ڕێککەوتنی نوێ و گۆڕانکاری خێرا ڕوونەدەدات، چونکە ئێستا بەغدا بەدوای تێچووی خەرجی بیرەکان، چاککردنەوە و پێداچوونەوەی گرێبەستەکانەوەیە نەوەک هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە.
ڕۆژانی سەرەتای دوای بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانیی پاریس (ICC) ، چاوەڕواندەکرا ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا قوورس بێت و هەناردەکردنەوەی نەوت بۆ بازاڕەکان زۆر ئاسان بێت، بەڵام ڕێک بەپێچەوانەوە دەرچوو، چونکە ئەوەی خوێندنەوەی بۆ دەکرا، ئەوە بوو کە هەولێر و بەغدا دوور بن لەیەک بۆ ڕێککەوتن، بەڵام بە کەمتر لە 10 ڕۆژ گەیشتنە ڕێککەوتن. بەڵام ئەوەی چاوەڕواندەکرا کە تورکیا بە ئاسانی لە دوای داواکردنی بەغداوە قوفڵی بۆری هەناردەکردن بکاتەوە وادەرنەچوو، چونکە تورکیا قەرزێکی 1.4 ملیار دۆلار و ئێراقیش جیددیەتی هەناردەکردنەوەی نەبووە، هەر بۆیەش وەک لە دوایین کۆبوونەوە بەبێ ڕێککەوتن کۆتاییهات.
نزیکەی سێ مانگ و 10 ڕۆژ زیاترە بەتەنیا هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕاوەستاوە و بەرهەمهێنانی نەوت لە زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانییەوە ڕاگیراوە، ئەوەش لەبەر ئەوەی نەوتەکەی کەرکووک بەرهەمهێنانی ڕانەگیراوە و بگرە دەگوازرێتەوە بۆ باشووری ئێراق و ڕۆژانە سەروو 11 هەزار بەرمیلی هەناردەی دەرەوەش دەکرێت.
ڕۆژبەڕۆژ قەبارەی زیانەکانی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئێستا بەتەواوی کۆمپانیاکان دەستیان کردووە بە دەرکردنی کارمەندانی نیوخۆیی نەوەکو تەنیا لەئاستی کێڵگە نەوتییەکان بگرە لەسەر ئاستی ئۆفیسی سەرەکی کۆمپانیاکە، کە زۆربەی دەرکراوەکان کارمەندی نێوخۆییەکان Local، بۆ نموونە ئەگەر یەکێک لە کۆمپانیاکان 300 کارمەندی هەبووبێت و نزیکەی 200 کەسی ناردبێتە ماڵەوە، ئەوا لەو ژمارەیە ڕێژەی 90%ی کارمەندی نێوخۆیی بووە، ئەمەش سەرەڕای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی سەرجەم کۆمپانیا خزمەتگوزارییەکانی دیکە کە لەگەڵ ئەم کۆمپانیا نەوتییانە کاریاندەکرد و خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاساییش، پێداویستییەکان، گواستنەوە و خۆراک و هتد دابیندەکرد.
لێرەدا بەکوورتی هەڵوەستە لەسەر دوو پێشهاتی نوێ دەکەین؛ یەکەمیان هەنگاوی داهاتووی بەغدا. پرسیار ئەوەیە کە بەغدا دەیەوێت ئەم پیشەسازییە لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان چی بەسەر بێت؟ دووەمیان ئەوەیە کە هەنگاوی داهاتووی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت چی دەبێت؟
=KTML_Bold=بەغدا و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان=KTML_End=
لەوانەیە تاکە زیانی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بۆ بەغدا، ئەو ژمارەیە بێت کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی 2023دا هاتووە، چونکە نزیکەی 3 ملیار دۆلار زیانی دەستپێنەکردنەوەی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام بەغدا بنکۆڵی لە شتێکی دیکەدا دەکات.
لەڕاستیدا، بەرپرسانی بەغدا و شیعەکان نەیانشاردووەتەوە کەوا خواستی هەبوونی هەژموون بەسەر ئەم کەرتە و بەناوەندیکردنی لەلای ئەوان پرسێکی بڕاوەیە. ئەمە سەرەڕای ئەوەی وایکردووە کە دەنگی ئێراق لەنێو ڕێکخراوی ئۆپێک بە پابەندبوونی بە بڕیارەکانی کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بە هەردوو ڕوویەکەوە ناچاریی و خۆبەخشیشەوە بەدی بێت. هەروەها، لەکاتێکدا کە ساڵانی پێشتر ئێراق وڵاتێک بوو کە بەردەوام بە بیانووی جیاوازە نەیدەتوانی پابەندی بڕیارەکانی ئۆپێک و کەمکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت بێت، ئێستا دەتوانێت ئەو پابەندییەی هەبێت، ئەویش بەهۆی هەناردەنەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە.
بەپێی زانیارییەکان دوایین هەنگاوی بەغدا لەگەڵ هەرێمی کوردستان، داواکارییەکانی تایبەت بەهێلە گشتییەکانی پیشەسازیی نەوت نەبووە وەک جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکەی 4ی نیسان و پێداچوونەوەی هاوبەش بە گرێبەستە نەوتییەکانی کۆمپانیاکان، بەڵکوو داوای وردەکاری ئەم پیشەسازییە و پێداچوونەوەی گرێبەستەکان بەتەنیا و تێچووی خەرجی بیرەکان بووە لە ڕابردوودا.
ئەم هەنگاوەش دوای نەگەیشتنە ئەنجامی گفتوگۆکان لەنێوان ئەنقەرە – بەغدا – هەولێر بوو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە زۆر بەسادەیی پرسی سەرەکیی لێخۆشبوون یاخود بژاردنی 1.4 ملیار دۆلار لەلایەن هەردوولاوە ناکۆکی لەسەرە، ئەمە جگە لەوەی باس لە تێکەڵکردنی کارتە جیاوازەکان بەیەکتری لەنیو گفتوگۆکان لەئارادا بووە، بەڵام هەموو ئەمانە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت کە پێبژاردنەکەی ئەنقەرە لەلایەن بەغداوە، ناگاتە نیوەی ئەو زیانەی ئێستا بەر ئێراق کەوتووە، سەرەڕای زیانی ڕۆژانەی تورکیا لەم دۆخە سەختەی ئێستا کە ڕۆژبەڕۆژ بەهای لیرە دادەبەزێت. کەواتە ئامانجەکە دەبێت شتێکی دیکە بێت کە زیاتر لە زیانە مادییەکان بۆ ئێراق و بۆ تورکیاش گرنگ بێت.
پێداچوونەوە بەتێچووی هەڵکۆڵینی بیر و چاککردنەوەی بیر و پەرەپێدانی بیرەکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە بۆ ئەوەیە کە ئایا کێڵگە نەوتییەکان هەرێمی کوردستان بە چ تێچووەک نەوت بەرهەمدەهێنن، چونکە ئەگەر کۆی تێچووەکەی لە بەغداوە دابینبکرێت، بۆچی وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان لە کێڵگەیەکی نەوتی بکرێت کە خەرجیی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی دوو هێندە و سێ هێندەی نێوەڕاست وباشووری ئێراق بێت؟ لەکاتێکدا ئەوەش ڕاستییە کە پێکهاتەی جیولۆجی زۆر ئاڵۆزی هەیە و توانای یاخود یەدەگی زۆرزۆر کەمترە لە بیرێکی باشووری ئێراق.
وەبەرهێنان لەم کێڵگانەدا بەقۆناخێکی سەختدا تێپەڕی، بۆیە ڕادەستکردنەوەی بە بەغدا کارێکی درووست نییە کە ئێستا بەهۆی دابەشبوونی نێوخۆییەوە خەریکە خۆبەڕێوەبەریی لەم پیشەسازییە لەناودەبرێت. لەکاتێکدا ئەمە هەموو چیرۆکەکە نییە لەبارەی بەغداەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان و تەنانەت ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەگەر ئەو گریمانەیەش ڕاست بێت کە تێچووی بەرهەمهێنانی زۆر بێت و کێڵگەی زەبەلاح و یەدەگی زۆر بۆ وڵات نەبێت، ئەی خۆ کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک بە کێڵگەی زەبەلاح ناسراون و یەکەم بیری نەوتی لە ئێراق لە کەرکووک لێدراوە و، لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئێراق بووە، کەچی لە 1928وە تاوەکوو ئێستا نەک وەک پێویست بیری نوێ و پەرەپێدانی تێدا ئەنجامنەدراوە، بگرە هەر ئەو بیرەیە کە لەسەرەتاوە لێدراوە و بەدرێژایی چەند دەیەی ڕابردوو نەوتی تێدا بەرهەمدەهێنرێت. بۆ نموونە ڕۆژانی ڕابردوو کۆمپانیای هەڵکەندنی بیری نەوت لە وەزارەتی نەوتی ئێراق ڕایگەیاندووە کە تەنیا بۆ شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، 86 بیری نەوتیان هەڵکەندووە یان چاکسازییان تێدا کردوون، کە 43 دانەیان لە بەسرە بووە.
=KTML_Bold=کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت و هەرێمی کوردستان=KTML_End=
بەر لە هەموو شتێک، کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە 14 کێڵگە و بلۆکی نەوتی هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان کردووە، کۆمپانیای پشکدارین و هەر کۆمپانیایێک بەڕێژەی جیاواز پشکی لە کێڵگەیەکی نەوتی هەیە. بۆ نموونە دی ئین ئۆ (DNO) پشکداری 64% کێڵگەی نەوتی بەعشیقە و 75%ی تاوکی دەکات، ئەمەش بەواتای بەرپرسیاریی کۆمپانیاکان بەرانبەر خاوەن پشکەکان دێت، هەر بۆیەش کاتێک قۆناخێکی سەخت دێتە پێشەوە، کارمەندەکان لەدەرەوەی هەر بەرپرسیاریێکی هاوبەشی کۆمەڵایەتی (CSR) نێردراونەتەوە ماڵەوە.
هەروەها، لەماوەکانی ڕابردوودا زۆربەی کۆمپانیاکان، گرێبەستی هەموو ئەو کۆمپانیا خزمەتگوزارییانەی کە هاوبەشیان دەکردن لە بەڕێوەبردن و بەرهەمهێنانی نەوت هەڵوەشاندۆتەوە و، کۆتاییدان بەکارەکانیان هێناوە. لەم ماوەیەدا هەریەکە لە گەورە کۆمپانیا نەوتییەکانی وەک تاقەی ئیماراتی (TAQA) ، وێسترن زاگرۆس و (Gazprom) و کۆمپانیای کار گرووپیش کارمەندەکانیان ناردە ماڵەوە، هەریەکە لە ئێچ کەی ئین (HKN) و دی ئین ئۆ (DNO) کە دوو گەورە کۆمپانیای نەوتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری بۆ ناردنە ماڵەوەی کارمەندەکانیان، نەوەکو تەنیا کارمەندەکانی کێلگە نەوتییەکان بەڵکوو تەنانەت کار گەیشتەتووەتە ئۆفیسەکانیش!
ئەوەی لەبارەی ناردنە ماڵەوەی کارمەندەکان یاخود دەرکردنیانەوە لە کۆمپانیا نەوتییەکان هەیە شتێکی سەرنجڕاکێشی تێدایە کە کەمترین کەسی بیانی (expat) دەرکراوە، ئەمیش دوو ڕەهەندی هەیە: یەکەمیان جیاکارییە، لەکاتێکدا جیاوازیێکی زۆر لەنێوان کارمەندی بیانی و نێوخۆیی لەڕووی مووچەوە هەیە، خەرجیی بیانییەکان دوو هێندە و سێ هێندەی کارمەندی نیوخۆییە لە هەموو ئاستەکاندا و، دیوی دووەمیشی بۆ ئەوەیە کە بۆچی نەتوانراوە توانای نیوخۆ لەو ئاستەدا پەرەپێبدرێت کە کارمەندی نێوخۆ بۆخۆی بتوانێت کێڵگەیەکی نەوتی بەڕێوەببات.
هەروەها، ئێستا کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی نەوت کە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، بە قۆناخێکی زۆر سەختدا تێدەپەڕن و دوای نزیکەی 3 مانگ و 10 ڕۆژ لە سفر بوونەوەی داهاتی ڕۆژانەیان و، کەڵەکەبوونی قەرزەکانیان لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە هەندێکیان لە مانگی تشرینی یەکەمی 2022وە وەریان نەگرتووە و سەتان ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، لە دووڕیانێکی زۆر مەترسیداردان. ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا لەوانەیە هەندێکیان مایەپوچبوونی خۆیان یاخود جێهیشتنی هەرێمی کوردستان ڕابگەیەنن، چونکە بەهای پشکەکانیان لە ماوەی ساڵێکدا بەڕێژەی نزیکەی 50% دابەزیووە و بەتەنیا لە شەش مانگی ڕابردوودا بەهای پشکەکانی (DNO) بەڕێژەی -20%، بەهای پشکەکانی گەنەل ئینرجی بەڕێژەی -18.88% و گەڵف کیستۆن بەرێژەی -39.29% و شاماران پیتڕۆڵیۆن بەرێژەی -36.19% دابەزیووە.
ئەم هەنگاوانەی ئێستاش کۆمپانیا نەوتییەکان دەیگرنەبەر، جگە لەم کاریگەرییانەی ئێستا بگرە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەگەری دووبارە دەستپێکردنەوە بە بەرهەمهێنانی نەوت هەیە، چونکە هەموو پیشەسازییەکە بەرەو ئەوە دەبەن بە کەمترین کارمەندەوە کارەکان ڕاپەڕێنن و نەوت بۆ نێوخۆ بەرهەمبهێنن بۆ ئەوەی هیچ نەبێت بتوانن بەردەوام بن.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
قۆناخی ئێستا و داهاتوو بۆ هەرێمی کوردستان لەڕووی پیشەسازی نەوتەوە سەختە، بەڵام لەوانەیە ئەوەی ئێستا بەسەر ئەم کەرتەدا دێت، لەرۆژانی داهاتوودا گازیش بگرێتەوە، چونکە هەنگاوەکانی بەغدا و بەتایبەتیش دەسەڵاتدارانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو ناوەندیکردنی سامان و دەسەڵات و پەیوەندییەکان لە ئێراق هەنگاو دەنێن، هەر بۆیەش دەڵێن ئێراق ئازادە لە مامەڵەکردن بە پارەکەیەوە و لە کوێدا پێویستى کرد بۆ بەرژەوەندیى وڵات خەرجی بکات، پێویستە بەشێوەى ناوەندی مامەڵە لەگەڵ بڕیار و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بکرێت، وەکوو لە دوایین بەیاننامەی کۆبوونەوەیاندا ئاماژەیان بۆ کردووە.
هەنگاوی بەغدا بە ئاڕاستەیەی دەستپێنەکردنەوە و هەناردەنەکردنەوەی نەوت لەکاتێکدایە کە پێشتر تەنیا زانینی ژمارەکان یاخود ڕادەستکردنی نەوتەکە بەس بوو بۆ ئەوەی هەناردە بکات، بەڵام ئێستا وردەکارییەکانی هەڵکۆڵین، چاککردنەوە و پەرەپێدانی بیرە نەوتییەکانی لە ڕابردوودا دەوێت، لەکاتێکدا هیچ بڕە پارەیەک بۆ گەڕانی نوێ، هەڵکۆڵینی بیری نوێ و چاککردنی بیری نەوتی و پەرەپێدان لە بودجە سێ ساڵییەکەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان نەکردووە و، ئەو بڕەشی بۆ ت%