ناونیشان: پڕۆژەیاسای کار و کەمترین کرێی کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #21-12-2022#
پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان کە لە 20 بەش و 154 ماددە پێکهاتووە و لە دووتوێی 120 لاپەڕەدا ئاڕاستەی سەرۆکایەتیی پەڕڵەمان کراوە تاوەکوو خوێندنەوەی دووەمی بۆ بکرێت.
هۆکارەکانی پێشنیازکردنی پڕۆژەیاساکە، وەک گۆڕانکارییەکان و ڕێکخستنەوەی پەیوەندیی نێوان خاوەنکار و کرێکار باس کراون، لەوانەشدا بەڕوونی ئاماژە بەوەکراوە کە یاسای کار کرێیەکی بۆ کرێکار دەستەبەرکردووە کە بەشی پڕکردنەوەی پێداویستییە بنەڕەتییەکانی بکات لە بەخێوکردنی خێزانەکەی و نزمترین ئاستی گشتیی کرێی کرێکاری ناکارامەی دەستبەرکردووە کە نابێت ڕێککەوتن لەسەر کرێیەکی کەمتر لەوە بکرێت و، پاراستنێکی یاسایی بۆ دابینکردووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە بەپێی بەشی حەوتەم لە ماددەکانی 41 بۆ 49دا، ئاماژە بە ژمارەیەک، وەک کەمترین کرێی کاژێرێک یاخود ڕۆژانەی کرێکار نەکراوە. هەروەها لە بڕگەی یەکەم لە ماددەی 50دا ئاماژە بەوە کراوە لە گشت بارێکدا، نابێت کرێی کرێکار لە نزمترین ئاستی کرێی بڕیارلێدراو بەپێی یاسا بێتو لە ماددەی 51یشدا ئاماژەی بە بڕیاری وەزیر کردووە کە لیژنەیەک بۆ پێشنیازکردنی ناو بە ناوی نزمترین ئاستی کرێی کرێکاری ناکارامە پێکدەهێنرێت و دواتریش ئەنجوومەنی وەزیران یەکلای دەکاتەوە.
لەکاتێکدا بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی (ILO) ، لە کۆی 187 وڵاتی ئەندامی ڕێکخراوەکە، تەنیا بەڕێژەی 8%ی وڵاتان کەمترین کرێی کرێکارێک دیارینەکراوە، واتە بە ڕێژەی 92%ی وڵاتان کەمترین کرێی کرێکاریان دەستنیشانکردووە. هەروەها لەنێو وڵاتانی ئەوروپاشدا لە 27 دەوڵەت تەنیا شەش دەوڵەتیان کەمترین کرێی کرێکاریان دەستنیشان نەکردووە. لێرەدا بە کوورتی تیشک دەخەینەسەر بەشی حەوتەمی پڕۆژەیاساکە و بە تایبەتیش ماددەکانی پەیوەست بە دەسنیشانکردنی کرێ و پرسی کەمترین کرێی کرێکار.
=KTML_Bold=کەمترین کرێی کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان=KTML_End=
لە بەشی حەوتەم و بە تایبەتیش لقی دووەم دیاریکردنی کرێ و ماددەی 50 دا کە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە، پرسی کرێی کرێکار خراوەتەڕوو، بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لە هیچ کام لە بڕگەکاندا ئاماژە بە بنەمای دەستنیشانکردنەکە نەکراوە. لەکاتێکدا دەبێت بنەمایەک دیاری بکرێت وەک ئاستی هەرێمی کوردستان یاخود گرووپی تەمەن بۆ کەمترین کرێی کریکارێک، بۆ نموونە بەریتانیا بەپێی تەمەن و ئەمریکا لەسەر ئاستی گشتیی ئەمریکا دیاریکراوە.
لە بڕگەی سێیەمدا هاتووە لە کاتی دیارکردنی نزمترین ئاستی کرێ ڕەچاوی ئەمانەی خوارە دەکرێت، پێداویستیی کرێکار و خێزانەکەی، ئاستی گشتیی کرێ لە دەوڵەت، بژێویی ژیان و ئاستی گشتیی نرخ و ئەو گوڕانکارییانەی بەسەریاندا دێت و هۆکارە ئابوورییەکان، لەنێویاندا پێداویستییەکانی گەشەسەندنی ئابووری و ئاستی بەرهەمهێنان و خواست لە هێنانەدی ڕێژەیەکی بەرزی هێزی کار و پارێزگاری لێکردنی (پڕۆژەیاسای کار لە هەرێمی کوردستان، لاپەڕە 44) .
لەکاتێکدا بە سەرنجدان و هەڵوەستەکردنێک لەسەر ئەو چوار پێوەرەی بۆ لیژنەکە دیاریکراوە، ئەنجامگیرییەکی ڕوون لە دەستنیشانکردنی کەمترین کرێی کریکارێک دیار نییە، بۆ نموونەش لە بڕگەی یەکەم پێداویستیی کرێکار و خێزانەکەی چ جۆرە پێداویستیێک و لەسەر چ بنەمایەک؟ ئاستی گشتیی کرێ لە دەوڵەت چەندە؟ لە ئێراق یاخود لە هەرێمی کوردستان؟ بژێوی لە سەنتەری پارێزگایەک، قەزایەک یاخود گوندێک دەبێت؟ هەرچەندە لە بڕگەی پێنجەم ئاماژە بە هەموارکردنەوەی نزمترین ئاستی کرێ لەکاتێک بۆ کاتێکی دیکە دەکات، بەڵام پێویستە بنەمایەک بۆ کەمترین کرێی کرێکارێک لە هەرێمی کوردستان دیاری بکات و کەرتی گشتی و تایبەت پێوەی پابەند بکرێت.
لێرەدا نموونەیەکی تاڕادەیەک گشتگیر لەسەر کەمترین کرێی کرێکار لە هەرێمی کوردستان وەربگرین، ئاماژە بە چەند جۆرە کارێک کە کرێکار ڕۆژانە و مانگانە بە زۆری لە هەرێمی کوردستان کاری تێدا دەکات.
ئێستا ئەگەر کرێ کرێکاری ڕۆژانەی باڵەخانە و بیناسازی 25 هەزار دینار یان زیاتر بێت، لە قەزا و شارە بچووکەکانیش بە 15 هەزار و 10 هەزار بێت، یاخود کرێی مانگانەی کرێکارێک شاگردێک لە ڕیستۆرانت و چێشتخانەکانی نێو سەنتەری پارێزگاکان 500 بۆ 700 هەزار دینار بێت و لە سەنتەری قەزا و شارە بچووکەکانیش 250 بۆ 300 هەزار دینارێک بێت لە یاساکەدا ئاماژە بەوە نەکراوە کە ئەمە چۆن ڕێکدەخرێتەوە.
ئەگەر کرێی کرێکارێکی چێشتخانە و ڕێستۆرانتەکان بۆ کاژێرێک لێکبدەینەوە، بە ڕوونی دەردەکەوێت کە بۆ هەر کاژێرێک لە دەوروبەری یەک دۆلار دەبێت. بۆ نموونەش لە یەکێک لە ڕێستۆرانتەکان کرێکارێک کە بە مانگانەی 400 دۆلار یان 600 هەزار کار دەکات و ڕۆژانە نزیکەی 12 کاژێر کاردەکات، ئەوا بۆ هەر کاژێرێک 1.2 دۆلاری دەست دەکەوێت، لەکاتێکدا ئەمە بۆ چێشتخانە و ڕێستورانتە شەعبییەکانیش کەمتر.
=KTML_Bold=کەمترین کرێ لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ئەوروپا و ئەمریکا=KTML_End=
وڵاتانی عەرەبی و یەکێتیی ئەوروپا و بەریتانیا، تەنانەت ئەمریکا لە دیاریکردنی کەمترین کرێی کرێکارێک پەنایان بردووەتە بەر دانانی نرخێک بەشێوازی جیاواز. بۆ نموونە وڵاتانی عەرەبی بۆ هەر مانگێک دیارییان کردووە، بەریتانیا لەڕووی تەمەنەوە، بۆ هەر کاژێرێک نرخی دیاریکردووە و لە ئەمریکاش کەمترین کرێ بۆ کرێکارێک لەکاژێرێکدا لەسەر ئاستی هەموو ئەمریکا (فیدراڵی) دیاریکراوە کە 7.25 دۆلارە و نابێت لەوە کەمتر بێت. واتە شێوازەکانی دیاریکردنی کەمترین کرێ جیاوازە و دەکرێت لەسەر ئاستێکی گشتیش دیاریبکرێت.
لەنیو وڵاتانی عەرەبی، کەمترین کرێی کرێکارێک یاخود کرێی مانگانەیان بە چەند شێوەیەکە، لە قەتەر 206 دۆلار، لە عوممان 845 دۆلار، لە بەحرەین 798 دۆلار و لە کوەیت 247 دۆلار و ئوردن 310 دۆلار.
لەنێو وڵاتانی ئەوروپا جیاوازییەکی گەورە لە کەمترین کرێی کرێکارێک هەیە، تەنانەت لەکۆی 27 دەوڵەتی یەکێتیی ئەوروپادا، شەشیان کەمترین کرێی کرێکارێکیان دیاری نەکردووە، بۆ نموونە پەڕڵەمانی ئەڵمانیا بڕیاریدا کەمترین کرێی کرێکارێک بۆ کاژێرێک 12 یۆرۆ بێت، لەکاتێکدا بولگاریا تەنیا 2.19 یۆرۆیە بۆ هەر کاژێرێک و لۆکسمبۆرگ بەرزترینی نرخی نێو ئەوروپای بە 13.05 یۆرۆ بۆ هەر کاژێرێک داناوە.
هەروەها ئەگەر مانگانەش لێکدانەوە بۆ کەمترین کرێی کرێکارێک لە وڵاتانی ئەوروپا بکەین، ئەوا بۆ نموونە بەپێی داتاکانی یەکێتیی ئەوروپا بۆ مانگی حوزەیران 2022دا، کەمترین کرێی کرێکارێک لە مانگێکدا لە بەلجیکا 363 یۆرۆ و لە لۆکسمبۆرگ دوو هەزار و 313 یۆرۆ بووە.
ئێستا لە بەریتانیا کەمترین کرێی کاژێرێک کارکردن بەپێی تەمەن نوێکراوەتەوە. ئەوانەی تەمەنیان لە 23ساڵ بەرەو سەرەوەیە بۆ هەر کاژێرێک 10.43 پاوەند، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 21 یان 22 ساڵە بۆ هەر کاژێرێک 10.18 پاوەند، هەروەها بۆ ئەوانەشی تەمەنیان لەخوار 18ساڵەوەیە، 5.28 پاوەند دیاریکراوە و ئەوەش لە مانگی نیسان 2023ەوە دەکەوێتە واری جێبەجێکردن.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هیچ ویلایەتێکی نییە کەوا کەمترینی کرێی کرێکارێکی دەستنیشان نەکردبێت، بەڵام جیاوازیش لە ویلایەتێک بۆ ویلایەتێکی دیکە هەیە. بۆ نموونە کەمترین کرێی کرێکارێکی ڕۆژانەلە سەرتاسەری ئەمریکا 7.25 دۆلارە. هەروەها دوو بەرزترین کرێ بۆ هەر کاژێرێک لە کۆڵمبیا 16.10 دۆلار و لە واشنتن بە 14.49 دۆلارە.
لێرەدا ئەوەی گرنگە ئاماژەی بۆ بکەین ئەوەیە کە دیاریکردنی کەمترین کرێی کرێکارێک، چ ڕۆژانە بێت یاخود مانگانە، پەیوەست نییە بە ئاستی دارایی دەوڵەتەکەوە، تەنانەت شێوەی حکومڕانی و سیستمی وڵاتەکەش کاریگەریی لەسەر ئەوە دانانێت، بەڵکوو دیاریکردنی کەمترین کرێی کارکردنی کرێکارێک، بەوجۆرەیە کە بتوانێت پێداویستییە بنەڕەتییەکان دابینبکات وەکوو لە کەیسی وڵاتانی ئەوروپادا بەڕوونی دەردەکەوێت.
=KTML_Bold=کۆتایی=KTML_End=
دەرکردنی یاساکە و دوورکەوتنەوە لە پشتبەستن بە یاسای کاری ساڵی 1987ی ئێراقی، پێشڤەچوونێکی گەورەی یاساییە بۆ مافەکانی کرێکار و کار لە هەرێمی کوردستان، بەڵام دەبێت سەرنجی گشتی لەسەر خێرا کارکردن بێت بۆ دەستنیشانکردن و پابەندکردنی هێزەکانی پێدانی کار بە کەمترین کرێی کرێکارێک لە کاژێریکدا، یاخود لە ڕۆژێکدا، چونکە ئێستا ئەوەی کرێکارێک 12 کاژێر و زیاتر یاخود هەفتانە حەوت ڕۆژ بەو مووچەیەی وەریدەگرێت جیاوازییەکی گەورە لەنێو کۆمەڵگە و داهاتی تاک و چینەکانی کومەڵگە دەهێنێتە ئاراوە، ڕۆژبەڕۆژ درزی نێوان چینەکان گەورەتر دەبێت و لێکەوتەی خراپی کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووری لێدەکەوێتەوە.
پێویستە کرێی کار بڕێک بێت کە بتوانێت دابینکردنی خانوو و پێداویستی بنەڕەتی وەک خواردن، ئاو و کارەبا و پسوڵەکانی دیکە لەخۆ بگرێت. ئەگەر بە پێچەوانەوە بێت، ئەوا تەنانەت ئەو کەسانەی کاریشیان هەیە، ئەو ڕێگایانەیان لە بەردەستدا نییە کە بتوانن ژیانێکی شایستە بژین.
دەستنیشانکردنی کەمترین کرێی کرێکار بەوشێوەیەی لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە ئاڵۆزییەک درووستدەکات و هیچ ناگۆڕێت لەو کەمترین کرێیەی ئێستا کرێکار لە کرێی ڕۆژانە و مانگانە بۆ هەر جۆرە کارێک وەریدەگرێت، چونکە دەستنیشانی نەکردووە لە ئاستی پارێزگاکان یاخود ژینگەی دانیشتووان یاخود بەپێی تەمەنی کرێکارێک کەمترین کرێ چەند دەبێت. ئەمە جگە لەوەی لە پڕۆژەیاساکەدا داوا لە لیژنەیەک دەکات دەستنیشانی بکات، ئینجا وەزیر پەسەندی بکات و بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی بنیرێت بۆ پەسەندکردن. هەروەها چۆنییەتیی جێبەجێکردن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی لەلایەن خاوەنکارەکانیشەوە پرسێکی دیکەیە. [1]