ناونیشان: گازی سرووشتیی ئێراق: بڵاوبوونەوەی ژەهر و سووتانی پارە
نووسەر: #مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #23-07-2020#
ڕۆژانە بەشی دابینکردنی کارەبای سێ ملیۆن ماڵ گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێراق دەسووتێت، وەک ژەهرێک دەچێتە ناو خاک و هەواوە، کەچی ئێراق بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی، گازی سرووشتی هاوردە دەکات. زۆربەی دانیشتووانی شار و گوندەکانی نزیک کێڵگە نەوتییەکانی باشووری ئێراق بەدەست بێ کارەبایی، پیسبوونی ژینگە و بەرزبوونەوەی تووشبووانی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی شێرپەنجەوە دەناڵێنن.
بەپێی داتاکانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، لە ساڵی 2000ەوە تاوەکوو 2018 بە قەبارەی 44.9 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکانی ئێراق سووتێنراوە و بەفیڕۆچووە.
لە دەستپێکی دەرهێنانی نەوتەوە، سووتاندن (بەفیڕۆدان) ی گازی سرووشتی هەبووە. یەکێک لە هۆکارەکانی سووتاندنی گازی سرووشتی بەرزکردنەوەی توانای بەرهەمهێنانی نەوتە لە بیرەکاندا. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، سووتاندن و بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2017 گەیشتووەتە 140 ملیار مەتر سێجا.
ئێستا ناوەندە جیهانییەکانی بواری وزە و حکومەتەکان هەنگاوەکانیان بەو ئاڕاستەیەن کە تاوەکوو ساڵی 2030 بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتی لە جیهاندا نزیکبکەنەوە لە سفر.
بەپێی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، 62% بەرهەمی گازی سرووشتیی ئێراق، کە هاوتایە بە 196 ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەسووتێنرێت و بەفیڕۆدەچێت. ئەگەر هەر بەرمیلێکی نەوت بە 40 دۆلار بێت، ئەوا ڕۆژانە 7 ملیۆن و 840 هەزار دۆلار لە سامانی ئێراق دەسووتێنرێت، سەرەڕای ئەوەش ژەهر بە هەوای ناوچەکانی نزیک لە کێڵگە نەوتییەکان بڵاودەکرێتەوە.
=KTML_Bold=چەندی بەفیڕۆچووە و لە داهاتوودا دەتوانرێت کەڵک لە چەندی وەربگرێت؟=KTML_End=
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە (IEA) لەبارەی ئاسۆی وزەی ئێراق، سووتانی گازی سرووشتیی ئێراق لەنێوان 2005 تاوەکوو 2018 گەیشتووەتە 54.9 ملیار مەتر سێجا.
ساڵی 2005 بڕی 7 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی سووتێنراوە و بەفیڕۆچووە، بەڵام ساڵی 2018 بڕی گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان بە ڕێژەی 59% بەرزبووەوە و گەیشتە 16.8 ملیار مەتر سێجا. لە هەمان ساڵدا بڕی ئەو گازەی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوت سوودی لێوەرگێڕاوە گەیشتووەتە 11.5 ملیار مەتر سێجا.
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە پێشبینی دەکات بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتیی ئێراق تاوەکوو ساڵی 2030 دابەزێت بۆ 8.1 ملیار مەتر سێجا و کەڵک لە 39.6 ملیار مەتر سێجای ئەو گازە ببینرێت کە لەکاتی دەرهێنانی نەوتدا لە کێڵگەکە دەردەچێت.
بەفیڕۆدان (سووتاندن) ی گازی سرووشتیی ئێراق لە ساڵی 2000ەوە و پێشبینییەکان تاوەکوو 2030 بەمشێوەیەن: (=KTML_Bold=بڕوانە فایلی پەیوەندیدار=KTML_End=)
سەرچاوە: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕاپۆرتی ئاسۆی وزەی ئێراق - 2019سەرچاوە: ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە، ڕاپۆرتی ئاسۆی وزەی ئێراق - 2019
پەیمانگەی ئۆکسفۆرد بۆ لێکۆڵینەوە لە وزە، لە ڕاپۆرتێکی ئەم مانگەی لەبارەی پیشەسازیی نەوتی ئێراقەوە ئاماژە بەوە دەکات کە بڵاوبوونەوەی پەتای کۆڤید - 19 و دابەزینی نرخی نەوت بووەتە هۆی ئەوەی زۆربەی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە سێکتەری نەوتدا ڕابگیرێن و کۆتایی بە کارەکانی ئەو کۆمپانیایانە بهێنرێت کە وەبەرهێنانیان لە جیاکردنەوەی گازی سرووشتیی ئێراقدا دەکرد.
کەمبوونەوەی داهاتی حکومەتی ئێراق بووە هۆی ئەوەی لەنێوان ساڵانی 2015 بۆ 2018 بودجەی وەزارەتی نەوتی ئێراق بە ڕێژەی 20٪ لەچاو بودجەی وەزارەتی نەوت لە 2013 دابەزێت، ئەمەش وایکرد وەبەرهێنان لە زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت و سوودوەرگرتن لە گازی سرووشتی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکان کەمبکەن.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەکی دیکەی کۆمپانیای زمینسی ئەڵمانی لە ساڵی 2018 ئەگەر ئێراق بتوانێت بەفیڕۆدانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان کەمبکاتەوە، ئەوە لە چوار ساڵی دواتردا دەتوانێت 5.2 ملیار دۆلار پاشەکەوت بکات.
بەرپرسانی ئێراقی خۆیان دانیان بەوەدا ناوە کە بڕێکی زۆر گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان بەفیڕۆدەچێت. مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی ئێراق لە کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ڕایگەیاند ئێمە گازێکی سرووشتیی زۆر بەفیڕۆدەدەین و دەسووتێنین، بەتایبەت لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور، بەڵام پلانێکمان هەیە بۆ کەمکردنەوە و کۆتاییهێنان بۆ بەفیڕۆچوونی گازی سرووشتی و سووتاندنی لەکاتی بەرهەمهێنانی نەوتدا.
ساڵی ڕابردوو، حکومەتی ئێراق بۆ ئەم مەبەستە دوو گرێبەستی واژۆکرد، بەهۆی ئەو گرێبەستانەوە ئێراق دەیتوانی ڕۆژانە یەک ملیار پێ سێجا لە بڕی گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان کەمبکاتەوە و وەکوو سەرچاوەیەکی وزە بەکاریبهێنێتەوە.
ئێراق گرێبەستی بۆ سێ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا نێوخۆیی و دەرەکییەکان کردووە. پڕۆژەکان بریتین لە پڕۆژەی کیڵگەی گازی ڕەتاوی، کە بڕیارە لەلایەن کۆمپانیای هونیوێڵی ئەمریکییەوە جێبەجێ بکرێت و ڕۆژانە کەڵک لە 300 ملیۆن پێ سێجای گازی بەرهەمهاتوو لە کێڵگەی ڕەتاوی وەردەگرێت.
پڕۆژەی دووەمیان حەلفایە کە گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەندازیاریی نەوت و بیناسازی چینی کراوە و ڕۆژانە 300 ملیۆن پێ سێجا گازی بەرهەمهاتوو بەکاردەهێنێتەوە. دوایین پڕۆژەش هی کێڵگەکانی گازی کۆمپانیای نەوتی بەسرەیە، کە لەلایەن کۆمپانیای شێڵەوە جێبەجێ دەکرێت و بە بڕی بەرهەمهێنانی ڕۆژانەی 400 ملیۆن پێ سێجا گاز دەگەڕێنێتەوە بۆ بەکارهێنان.
بەهۆی ئەم پرۆژانەوە دەتوانرێت کەڵک لە بڕێکی زۆر گازی سرووشتیی کێڵگە نەوتییەکان وەربگیرێت، ئەوە جگە لەوەی دەکرێت وەکوو سەرچاوەیەکیش بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا کەڵکی لێوەربگیرێت؛ بەڵام کەمکردنەوەی پارەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکان و پێنەدانی حەقدەستی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان وایکردووە جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانە دوابکەوێت.
کۆمپانیای ئەندازیاریی نەوت و بیناسازیی چینی، بڕیاریدا کارەکانی هەردوو پڕۆژەی کۆمپانیای گازی بەسرە و پڕۆژەی حەلفایا ڕابگرێت. بەهۆی کوورتهێنانی بودجەوە، ئێراق ناچاربووە لە بودجەی پڕۆژەکان بگێڕێتەوە و مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابینبکات.
پابەندبوونی ئێراق بە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەیە کە لە پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە کێڵگە نەوتییەکان ئاستەنگ بۆ ئێراق درووستدەکات. زۆربەی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتیی ئێراق لەگەڵ بەرهەمهێنانی نەوتە، هەر بۆیە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا بووتە هۆی کەمبوونەوەی بەفیڕۆچوونی (سووتان) ی گازی سرووشتی.
ئێراق ساڵانە 32 ملیار مەتر سێجا گازی سرووشتی بەرهەمدەهینێت، بەڵام نیوەی نەک هەر لەگەڵ سووتان بەفیڕۆدەچێت، بەڵکوو وەکوو گازی مەترسیدار دەچێتە هەواوە.
بەپێی پەیمانگەی کۆمپانیای نەوتی بەسرە، لەو بڕە گازەی لە ئێراق بەرهەمدەهێنرێت 11 ملیار مەتر سێجا لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری ئێراق بەرهەمدەهێنرێت.
=KTML_Bold=زیانە تەندرووستییەکانی سووتانی گازی سرووشتی=KTML_End=
سووتاندنی گازی سرووشتی لە کیڵگەکانی ناوەڕاست و باشووری ئێراق، بەتایبەت کێڵگە نەوتییەکانی قورنە-1 و قورنە-2 لە پارێزگای بەسرە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە لەو گوند و شارانەی نزیکی بیری کیڵگە نەوتییەکانن.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (نیویۆرک تایمز) ، لە گوندی نەهران لەنزیک کێڵگە نەوتییەکانی بەسرە، زۆربەی خێزانەکان ئەندامێکیان هەیە کە بەهۆی ئەو گازەی بڵاودەبێتەوە مردووە یان نەخۆشکەوتووە.
خالید قاسم فەلاح، یەکێک لە سەرۆک عەشیرەتەکانی گوندی نەهران دەڵێت بیهێنە پێش چاوی خۆت، ئێستا تۆ لە شوێنێکیت کە هەموو خێزانێک تووشبوویەکی شێرپەنجەی هەیە.
سووتاندنی گازی سرووشتی بەو شێوەیەی لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری ئێراق دەبێتە هۆی پیسبوونی هەوا، خاک، ئاو و ژینگە بەشێوەیەکی گشتی، نەخۆشییەکانی ڕەبوو و زەخت تووندتر دەکات، دەبێتە هۆی تووشبوون بە شێرپەنجە و گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا خێراتر دەکات.
بەشیر عەبدولجەبار، موختاری گوندی نەهران دەڵێت لێرە ناتوانیت هەناسە بدەیت، بۆ ئەوەی هەناسە بدەیت دەبێت لێرە دووربکەویتەوە. ئەم دۆخە بۆ منداڵان سەختە، چونکە سییەکانیان بچووکە و لەسەر بەساڵاچووەکانیش قوورس دەکەوێتەوە، چونکە سییەکانیان لاواز بووە.
دوای چەندین ساڵ پشتگوێخستنی ئەم پرسە، حکومەتی ئێراق لە ساڵی 2018 بڕیاری درووستکردنی پاڵاوگەیەکی گەورەی بە گوژمەی 1.5 ملیار دۆلار ڕاگەیاند کە ئامانج لێی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتییە لە بەسرە. بە گوتەی شارەزایەک لە وەزارەتی نەوتی ئێراق بنیاتنانی ئەم پاڵاوگەیە هەنگاوی یەکەمە و وادەکات گازی بەفیڕۆچووی سێ کیڵگەی گەورەی بەرهەمهێنانی نەوتی بەسرە بە ڕێژەی 50% کەمببێتەوە.
بە گوتەی شوکری حەسەن، پڕۆفیسۆر لە بەشی ژینگەی زانکۆی بەسرە بۆ ڕۆژنامە ئەمریکییەکە، سووتاندنی گازی سرووشتی تاکە هۆکاری پیسبوونی کەشوهەوای ڕۆژهەڵاتی باشووری دەوڵەمەند بە نەوتی ئێراق نییە، بەڵکوو کۆنیی سیستەمی ئاوەڕۆ، پاشماوەکانی یۆرانیۆم و ماددە کیمیایییەکان پێکهێنەری ئەو کەشوهەوایەن، کە دەتوانرێت وەکوو کۆکتێلی پیسبوون ناوببرێت.
کێشەی ژینگە و هەوای بەسرە تەنیا گازی بەفیڕۆچووی کێڵگەکان نییە، بەڵکوو سیستەمی کۆنی ئاوەڕۆی شارەکە و پاشماوەی یۆرانیۆم و ماددە کیمیایییەکان هۆکاری دیکەی تێکچوونی دۆخی ژینگەی ناوچەکەن. شوکری حەسەن، مامۆستای بەشی ژینگە لە زانکۆی بەسرە دەڵێت ئەگەر ڕاستیت دەوێت، بەسرە شوێنی ژیان نییە، کەشوهەوا زۆر خراپە، کوالێتیی ئاو زۆرزۆر لە خوارەوەیە و خاکەکەشی بەهۆی ئەو گازە زیانبەخشانەوە کێشەی گەورەی بۆ درووستبووە.
ساڵانە لە ئێراق بەهۆی سووتاندنی گازی سرووشتییەوە نزیکەی 30 ملیۆن تۆن دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەچێتە هەواوە، ئەمەش بە نزیکەیی دەکاتە ڕێژەی 10%ی کۆی دەردانی گازی زیانبەخشی وەکوو گرینهاوس لە جیهاندا.
بە گوتەی بەرپرسانی زۆربەی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و کۆمپانیای نەوتی بەسرە (کە یەکێکە لە کۆمپانیا گەورەکانی حکومەت لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور) سووتاندنی گازی سرووشتی بەفیڕۆچوونی وزە و پیسبوونی کەشوهەوایە.
وەزارەتی ژینگەی ئێراق، کە پێنج ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ وەزارەتی تەندرووستی یەکخرایەوە، چەندین جار کۆمپانیاکانی نەوتیان لەسەر پێشێلکارییەکان سزاداوە، کەچی کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن ئامادەن سزاکان بدەن، نەک ئەوەی پاڵاوگەیەک بۆ سوودوەرگرتن لە گازی دەرچووی کێڵگە نەوتییەکان درووستبکەن، کە تێچووەکەی 1 ملیار دۆلار و بگرە زیاتریشە.
ئێراق مانگانە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار کوورتهێنانی بودجەی هەیە، ناوەڕاست و باکووری ئەو وڵاتە بەهۆی چوار ساڵ شەڕی داعشەوە وێران بووە و بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی جیهانی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانە پێویستی بە زیاتر لە 104ترلیۆن دینارە، ئەوە جگە لەوەی هەر بەسرە خۆی پێویستی بە زۆر پڕۆژەی خزمەتگوزاریی سەرەتاییتری وەکوو ئاوی خواردنەوە و کارەبایە. لە دۆخێکی ئاوادا ئەستەمە دانیشتووانی نەهران لە داهاتوویەکی نزیکدا پاڵاوگە بەخۆیانەوە ببینن. [1]