ناونیشان: سووریا دەبێتە گەورەترین هاوردەکاری نەوتی ئێران
نووسەر:#مەحموود بابان#
ڕۆژی دەرچوون: #13-04-2020#
دوای ئەوەی خواستی نەوتی خاوی چین ڕووی لە کەمبوون کرد، سووریا بووەتە یەکەم کڕیار و هاوردەکاری نەوتی خاوی ئێران. نەوتی خاو بە کلیلی سەرەکی مانەوەی بەشارئەسەد دادەنرێت، بەڵام بەرزبوونەوەی قەبارەی هاوردەکردنی نەوتی خاو لەلایەن سووریاوە لە ئێران داهاتی زیاتری بۆ تاران پێوە نییە.
سزاکانی ئەمریکا لەسەر کەرتی نەوتی ئێران و دابەزینی بەرچاوی هەناردەی نەوتی ئێران، دەرفەتێکی بۆ سووریا ڕەخساندووە نەوتی خاو لە ئێرانەوە هاوردە بکات، بە جۆرێک بەپێی ماڵپەڕی (تانکەرتراکەر) ، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا سووریا ڕیکۆردێکی نوێ لە هاوردەکردنی نەوتی خاوی ئێران تۆمار دەکات .هەروەها زیاتر لە شەش تانکەری نەوتی خاو کە توانای گواستنەوەی 6.8 ملیۆن بەرمیل نەوتیان هەیە لە ئێرانەوە بەرەو بەندەری بانیاس لە سووریا ڕۆیشتوون، کە دەکاتە 230 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەوەش لە کاتێکدایە کە بەپێی دوایین ئامار، هاوردەکردنی نەوتی ئێران لەلایەن سووریاوە لە مانگی ئایاری 2019دا بووە، کە تەنیا 84 هەزار بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێکدا.
پێش دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریا، حکومەتی دیمەشق نەوتی لە ئێرانەوە هاوردە نەکردووە، بەڵام لە ماوەی شەڕی 9 ساڵەی سووریادا هاوردەکردنی ڕۆژانەی نەوتی خاوی ئێران لەلایەن سووریاوە لەنێوان 30 بۆ 60 هەزار بەرمیل بووە، کە دەکاتە یەک بۆ دوو تانکەر لە مانگێکدا. لە چارەکی یەکەمی ئەمساڵدا، سووریا گەورەترین هاوردەکاری نەوتی خاوی ئێرانە و ئەوە یەکەمجارە لە مێژوودا سووریا ببێتە یەکەم گەورەترین کڕیاری نەوتی ئێران.
بەپێی ئامارەکانی کانوونی دووەم و شوباتی 2020، هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران بۆ چین دابەزیوە بۆ 81 هەزار بەرمیل. بەو پێیەی کۆگاکانی نەوت پڕبوون و نەوتێکی زۆریش لە بازاڕەکاندا هەیە، چاوەڕێدەکرێت بە ئاساییبوونەوە و گەڕانەوەی خواستی نەوتی چینیش، ئێران بە ئاسانی نەتوانێت هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی بۆ چین ئاسایی بکاتەوە.
هەناردەی نەوتی خاوی ئێران لە سێ مانگی یەکەمی 2020 دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەڵام بەپێی ئامارەکانی چارەکی چوارەمی 2019، قەبارەی هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی ئێران 223 هەزار بەرمیل نەوت بووە لەگەڵ سێ تانکەر، کە یەکێکیان بە قەبارەی 117 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بووە و ڕەوانەی چین کراوە، دووەمیان بە قەبارەی 74 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ سووریا چووە و ئەوەی دواییان بەقەبارەی 31 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ هۆڵەندا نێردراوە. ئەگەر هۆڵەندا بچێتە ڕیزی ئەو وڵاتانەی هاوردەکردنی نەوتی ئێرانیان ڕاگرتووە، ئەوا هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران لە چارەکی یەکەمی 2020 تەنیا 170هەزار بەرمیل نەوت دەبێت لە ڕۆژێکدا.
=KTML_Bold=هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بە هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا=KTML_End=
پەیوەندیی بازرگانی نەوتی نێوان ئێران و سووریا هەرگیز پەیوەندییەکی ئابووری نەبووە، بەلکۆ بۆ پاراستنی مانەوەی بەشار ئەسەد بووە لە دەسەڵاتدا، بۆ بەشار ئەسەدیش هاوردەکردنی نەوتی خاو ئێران بۆ مانەوەی بووە لە بەرەی تاران، کە لە 9 ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتی دیمەشقی پاراستووە.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پێش دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریا لە 2011، ئەوە دەبینین سووریا ڕۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 390 هەزار بەرمیل نەوتی لە کێڵگە نەوتییەکانی باشووری-رۆژهەڵات و باکووری-رۆژهەڵات هەبووە. لە قۆناخی پێش شەڕ، سووریا تەنیا 40 هەزار بەرمیل بەرهەمی نەوتی لەدەرەوەوە هاوردە دەکرد، ئەوکات سووریا وڵاتێکی هەناردەکاری نەوت بووە، کە ڕۆژانە لە ڕێگەی دەریای نێوەڕاستەوە، 150 بەرمیل نەوتی هەناردەی ئەوروپا دەکرد.
لە 2013 بەرهەمهێنانی نەوتی سووریا بۆ 28 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دابەزی، لە 2014 بەدواوە بەرهەمی نەوتی سووریا جارێکی دیکە و بۆ ماوەی چوار ساڵ کەمیکرد و گەیشتە 9 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. ئەوەش دوای ئەوەی لە 2013 کێڵگەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا کەوتنە دەست یەکینەکانی پاراستنی گەل (#یەپەگە#) و #داعش#یش دەستی بەسەر کێڵگە نەوتییەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتدا گرت.
بەڵام حکومەتی دیمەشق پەیوەندییەکی شاراوەی بازرگانیی نەوتی لەگەڵ هێزە کوردییەکان درووستکرد و جارێکی زۆربەی کێڵگەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی سووریای لە دەستی داعش دەرهێنا و توانی پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوت بدات. بەڵام لەبەرئەوەی ژێرخانی کێڵگە نەوتییەکان تێکچووبوون و حکومەتی سووریاش توانا و سەرچاوەیەکی سنوورداری دارایی و مرۆیی لەبەردەستبوو، بۆیە تەنیا لە توانایدا بوو ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 20 تاوەکوو 30 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرزبکاتەوە.
حکومەتی سووریا بەو ئاستە لە بەرهەمهێنانە توانای پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی نێوخۆی نەبوو، ئەوە ئاڵینگاریی گەورەی بۆ حکومەتی دیمەشق درووستکرد، وەک عەلی غانم وەزیری نەوتی سووریا ڕایگەیاند: پێداویستییەکانی نیوخۆی سووریا بێ لەبەرچاوگرتنی نەوتی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سووریا دان بەم شێوەیە: 8 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ گازوایل، 35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بۆ بەنزین، 45 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ نەوتی ڕەش و 1 هەزار و 200 تۆن/لەرۆژێکدا گازی شلی سرووشتی. بەڵام لەگەڵ بەرزبوونەوەی خواستی نیوخۆی ئێستا، حکومەتی سووریا بۆ پڕکردنەوەی خواستی نێوخۆیی، پێویستی بە پاڵاوتنی 100 بۆ 120 هەزار بەرمیل نەوتە لە ڕۆژێکدا.
ئێران ئەم بۆشاییە بۆ سووریا پڕدەکاتەوە، بەوەی کە ڕۆژانە نەوت هەناردەی هەردوو پاڵاوگەی بانیاس و حمس دەکات، کە یەکەمیان پێش دەستپێکی شەڕ، توانای پاڵاوتنی 125 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا و ئەوەی توانای پاڵاوتنی 120 هەزار بەرمیل نەوتی هەیە لە ڕۆژێکدا. بەو پێیەش ئەگەر ئێران هەناردەی نەوتی خاو بۆ سووریا ڕابگرێت، ئەوە حکومەتی سووریا تووشی قەیرانێکی بەڕێوەبردنی دارایی دەبێت کە ناتوانێ چارەسەری بکات، وەک ئەوەی لە زستانی 2018 و 2019 بەهۆی کەمیی بەرهەمی نەوتییەوە تووشی خۆپیشاندانی بەرفراوان بووەوە، کە هۆکارەکەی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سووریا بوو بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە. زیادەڕۆیی نییە ئەگەر بگوترێت حکومەتی سووریا بەبێ نەوتی خۆڕایی ئێران نەیدەتوانی بەدرێژایی یەک دەیە شەڕ، خۆی ڕابگرێت.
هەرچەند لەڕووی قەبارەوە پەیوەندیی بازرگانی نەوتیی نێوان سووریا و ئێران شتێکی ئەوتۆ نییە، بەڵام لەڕووی جیوپۆڵتیکی و ئامانجی شاراوەی دیکەوە بۆ هەردوولا گرنگە. هەناردەکردنی نەوتی ئێران بۆ سووریا وەک بەشێک لە پاراستنی پەیوەندییەکی هاوبەش و مانەوەی بەشار ئەسەد لە دەسەڵات بووە، هەر لەو چوارچێوەیەشدا هەناردەی نەوت لە ئێرانەوە بۆ سووریا لە 2012ەوە چەندین جار نوێ و فراوانکراوە. هەرچەندە چەندین ڕاپۆرتی میدیایی جیاواز لە بارەی بەهای پەیوەندییە بازرگانییەکەی نێوان دیمەشق و تاران ئاماژە 4 هەتا 8 ملیار دۆلار دەکەن، بەڵام خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان ئێران و سووریا بە نهێنی ماونەتەوە.
سەرەڕای ئەوەی زانیارییەکانی ڕێککەوتنەکە بە نهێنی ماونەتەوە، حکومەتی سووریا بەردەوام لە ماوەی نێوان ساڵانی 2013 تاوەکوو 2019 بەتێکڕا ڕۆژانە 45 هەزار بەرمیل نەوتی لە ئێرانەوە هاوردەکردووە. ئەگەر ئەو بڕە نەوتە بەنرخی نەوتی برێنت هەڵسەنگێنین، ئەوە سووریا بەبەهای 10 ملیار دۆلار نەوتی لە ئێران هاوردەکردووە، ئەگەر هەر بەرمیلێک نەوتی ئێران بە 4 دۆلار هەرزانتر لە لە نرخی برینت فرۆشرابێت، ئەوە بەهای کۆی نەوتەکە 9.5 ملیار دۆلار دەکات.
بەهای مادی پەیوەندیی سووریا و ئێران نیوەی هاوکیشەکەیە، چونکە هەر بەکردەوەش هەناردەکردنی نەوتی خاو بۆ ئێران بەهۆی سزاکانی ئەمریکاوە زۆر سەختبووە. ئێران بە بەردەوامیدان بە هەناردەی نەوت سیستەمی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکی (AIS) دەکوژێنێتەوە. ئەو سیستەمە بۆ دیاریکردنی جوڵەی کەشتییە نەوتییەکان و ناسینەوەیان بەکاردەهێنرێت. ئەم تەکتیکەی ئێران کپلەر و تانکەرتراکەری ناچارکردووە بۆ چاودێریی کەشتییەکانی نەوتی ئێران پەنا بۆ وێنەی مانگی دەستکرد بەرن. سەرچاوەکانی پشتڕاستیدەکەنەوە قەبارەی هەناردەکردنی نەوتی خاوی ئێران بۆ سووریا بە تێکڕا 45 هەزار بەرمیل نەوت بووە لە ڕۆژێکدا. زیادبوونی ئێستای هەناردەی نەوتی ئێران بۆ سووریا دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە نەوتی ئێران کڕیاری نییە.
سووریا هاوپەیمانێکی ستراتیژیی ئێرانە و مانەوەی ئەسەد پێکهێنەرێکی سەرەکیی ستراتیژی ئێران لە ناوچەکە پێکدەهێنێ. بە سەپاندنی هەژموونی خۆی لە سووریا، ئێران دەتوانێ سنووری هاوبەشی لەگەڵ لوبنان و حیزبوڵڵا هەبێت، کە گەورەترین هێزی وەکیلی ئێرانە لە ناوچەکە. جیا لەمە پەیوەندییەکانی ئێران و سووریا بەشێکن لە سیاسەتێکی درێژخایەنتری ئێران، کە بە هیلالی شیعی ناسراوە و تێیدا ئێران، ئێراق، سووریا و لوبنان پێکەوە دەبەسترێنەوە.
چاوەرێدەکرا ئێران قازانجی سەرکەوتنەکانی سووریا هەڵگرێتەوە، بەڵام لەوە دەچێت بەشار ئەسەد پاداشتی ئێران و ڕووسیاش بە گریبەستی نەوتی بداتەوە. بازرگانیکردن لەگەڵ سووریا ئەستەمە، بەڵام هەموو ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن ڕووسیا زۆربەی گریبەستەکانی بردبێتەوە، وەک چۆن سێ گریبەستی گەڕان و دەرهێنانی نەوتی داوە بە دوو کۆمپانیای نەناسراوی ڕووسی، وەک چۆن گریبەستی 49 ساڵەی تەرتووس و گرێبەستی 50 ساڵەی بەرهەمهێنانی فۆسفاتی بە کۆمپانیای سترۆیترانسگازی ڕووسی داوە.
کۆمپانیای سترۆیترانسگاز بووەتە خاوەنی 23٪ی کێڵگەی نەوت و گازی نۆڤاتیک کە سەر بە گرووپی ڤۆڵگایە. گێنادی تیمچێنکۆ، سەرۆکی کۆمپانیاکە، پەیوەندییەکی بەهێزی لەگەڵ ڤلادمیر پووتین هەیە و لەلایەن ئەمریکاوە سزای خراوەتەسەر.
ئێران و ڕووسیا لە 9 ساڵی ڕابردوودا پشتیووانییان لە مانەوەی ئەسەد کردووە، بەڵام حکومەتی سووریا بە بە یەک چاو سەیری ڕووسیا و ئێران ناکات، چونکە ئێران توانای بەشدارییەکی گەورە لە ئاوەدانکردنەوەی و بنیاتنانەوەی سووریایەکی وێرانی نییە، کە بنیاتنانەوەی پێویستی بە 400 ملیار دۆلارە. لە ڕوانگەی داراییەوە، پێدەچێت ئێران زۆر کەمتر لەو 10 ملیارەی بۆ بگەڕێتەوە کە بە نەوت لە سووریادا وەبەرهێنانی کردووە. [1]