کۆنفرانس بەرلینیی #پارتی دیموکراتی کوردستان#- (کۆنفرانسی بەرلین – #11-08-1976#) ، بە سەرپەرشتی #سامی عەبدولڕەحمان# و ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگری دەرەوەی وڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای ڕۆژاوا بەسترا. مەبەست لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە پێداچوونەوە بوو بە سیاسەتی ڕابردووی پارتی، دووبارە ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب و فراوانترکردنی شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان.
کۆنفرانسی بەرلینیی پارتی دیموکراتی کوردستان- (کۆنفرانسی بەرلین – 11ی ئابی 1976) ، بە سەرپەرشتی سامی عەبدولڕەحمان و ژمارەیەکی زۆری ئەندام و لایەنگری دەرەوەی وڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان ، لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیای ڕۆژاوا بەسترا. مەبەست لە ئەنجامدانی کۆنفرانسەکە پێداچوونەوە بوو بە سیاسەتی ڕابردووی پارتی، دووبارە ڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی حزب و فراوانترکردنی شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان.
$بارودۆخ و هۆکارەکان$
لە ئەنجامی ڕێککەوتننامەی جەزائیری 6ی ئاداری 1975، لەنێوان هەردوو وڵاتی ئێران و ئێراق، شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان (شۆڕشی ئەیلوول ) پاش کۆبوونەوەی فراوانی حاجی ئۆمەران لە ڕێکەوتی 18ی ئاداری 1975 بە فەرمانی سەرۆک مستەفا بارزانی وەستا. بە وەستانی شۆڕش، بەشی هەرە زۆری سەرکردایەتی پارتی و ژمارەیەکی زۆری پێشمەرگە و خەڵکی سڤیلی باشووری کوردستان پاش ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی شاهەنشاهی ئێران وەک پەنابەر ڕوویان له و وڵاتەکرد. بەمەش نزیکەی تەواوی ئۆرگان و دامەزراوەکانی پارتی بە سەرکردایەتی حزبیشەوە لە باشووری کوردستان بەشێوەیەکی کردەیی هەڵوەشانەوە.
پاش تێپەڕبوونی چەند مانگێک لە ئاوارەبوونیان بۆ وڵاتی ئێران سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان بە مەبەستی سەرلەنوێ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی بە سەرپەرەشتی #مەسعود بارزانی# ، لە ڕێکەوتی 15ی نیسانی 1975 لەسەر کانیاوێکی دەرەوەی شاری #نەغەدە# بەناوی (حەوت چەشمە) بەشێوەیەکی نهێنی لەگەڵ هەریەک لە #جەوهەر نامیق#، #کەریم شنگاری#، #عارف تەیفوور# و محەمەد ڕەزا کۆبوونەوە، له و کۆبوونەوەیەدا بڕیار لەسەر دووبارە ڕێکخستنەوەی پارتی درا، دواتر لە کۆبوونەوەی نهێنی کەرەج لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی 1975 بڕیاردرا سەرکردایەتییەکی نوێ لە ئەندامانی کۆنی کۆمیتەی ناوەندیی و کادیرە لاوەکانی حزب درووستبکرێت، بۆ ئەوەی شوێنی سەرکردایەتی کۆنی حزب بگرێتەوە. هەر به و بۆنەیەشەوە بەیاننامەیەک ئامادەکرا و لە ڕێکەوتی 10ی کانوونی یەکەمی 1975 بەناوی سەرکردایەتی کاتی (قیادة الموقتة) بڵاوکرایەوە. ژمارەی ئەندامە هەڵبژێردراوەکان بۆ ئەم سەرکردایەتییە کاتییە پێکهاتبوو لە یازدە ئەندام کە بریتی بوون له:مەسعود بارزانی، #ئیدریس بارزانی#، سامی عەبدولڕەحمان، جەوهەر نامیق، کەریم شنگاری، عارف تەیفوور، محەمەد ڕەزا، ئازاد ڕێکەوتی، #نووری شاوێس#، #عەلی عەبدوڵڵا# و #کەمال کەرکووک#ی.
جێگیرکردنی ناوی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی پارتی پێویستی بە بەستنی کۆنگرە دەکرد، چونکە بەپێی پەیڕە و پڕۆگڕامی پەسەندکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەی هەشتەمی 1970ی ناوپردان دەبوایە ئەندامانی کۆمیتەی ناوندی حزب لە کۆنگرە هەڵبژێردرێن، ئەگەر بارودۆخیش بۆ بەستنی کۆنگرە لەبار نەبوو ئەوا حزب بۆی هەیە لە هەرشوێنێک بێت کۆنفرانس ئەنجامبدات بە مەرجێک لەلایەن ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پێشوو سەرپەرەشتی بکرێت. بەوپێیەی بارودۆخی ئەوکاتی پارتی و ناوچەکە بواری بەستنی کۆنگرەی نەدەدا لەلایەن سەرکردایەتی حزبەوە بڕیاردرا کۆنفرانسێکی فراوان لە ئەوڕووپا ئەنجامبدرێت.
بە هەوڵەکانی لقی شەشی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە هاوینی ساڵی 1976 سنووری ئەوڕووپا بەڕووی ئاوارە کوردەکاندا کرایەوە، پاش ئەوەی هەردوو وڵاتی نەمسا و هۆڵەندا ئامادەیی خۆیان نیشاندا ژمارەیەک کورد وەک پەنابەر وەربگرن، لەلایەن مەکتەبی پەیوەندییەکانی پارتی لە تاران ژمارەیەک پەنابەر کە لەنێویاندا ژمارەیەک ئەندامی سەرکردایەتی نوێی پارتیشی تێدابوو نێردرانە ئەوڕووپا. پاش گەیشتنیان لەلایەن لقی شەشی ئەوڕووپاوە پەنابەرەکان ڕێکخرانەوە و بەشێکی زۆریان بەسەر ڕێکخستنەکانی حزبدا دابەشکران. بەم شێوەیە بارودۆخی حزب لە ئەوڕووپا بوژایەوە و لە ڕێکەوتی 26ی ئایاری 1976 سامی عەبدولڕەحمان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە لەندەن دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداری لە باشووری کوردستان (شۆڕشی گوڵان) ی ڕاگەیاند. هەر له و ماوەیەشدا لەلایەن سەرکردایەتی پارتییەوە بڕیار لەسەر ئەنجامدانی کۆنفراسی حزب لە ئەوڕووپا درا.
$ئامادەکاری کۆنفرانس$
لەلایەن لقی شەشی ئەوڕووپای پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەست بە ئامادەکارییەکانی کۆنفرانس کرا، بەوپێیەی بارەگای لق لە بەرلینی ڕۆژاوا بوو شارەکە وەک شوێنی بەڕێوەچوونی کۆنفرانس دەستنیشانکرا، پاش ئەنجامدانی ئامادەکارییەکان داوا لێژنە ناوچەکانی ئەوڕووپا کرا نوێنەری خۆیان بنێرنە بەرلین، هەر لێژنە ناوچەیەک بەلایەنی کەم دوو نوێنەری بۆ دەستنیشانکرا، لێژنە ناوچەکانیش لەنێو خۆیاندا بە دەنگدان ئەندامێکیان هەڵدەبژارد و لەگەڵ بەرپرسی لێژنە ناوچە کە ڕاستەوخۆ بۆ کۆنفرانس سەردەکەوت و بە ڕاپۆرتێکەوە هاتنە شاری بەرلین. هۆڵی زانکۆی بەرلین بەکرێ گیرا تا کۆبوونەوەکانی کۆنفرانسی تێدا ئەنجام بدرێت، لێژنەی ئامادەکاری کۆنفرانسیش پێکهاێنرا کە بریتی بوون له: سامی عەبدولڕەحمان، نووری شاوەیس، حەمە ڕەزا و عارف تەیفوور.
لە ڕێکەوتی 11ی ئابی 1976 بە سەرپەرەشتی سامی عەبدولڕەحمان و لێژنەی ئامادەکار، کۆنفرانس دەستی بە کۆبوونەوەکانی کرد، ژمارەی ئەندامانی لێژنە ناوچەکانی ئەوڕووپای سەر بە لقی شەش چل ئەندام دەبوون، بە تێکڕا لەگەڵ ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی، ئەو کادیرانەی تازە گەیشتبوونە ئەوڕووپا و مێوانەکانیش کە یەکێک لەوان #عیسمەت شەریف وانلی# بوو ژمارەی ئامادەبووانی کۆنفرانس دەگەیشتە چل و هەشت بۆ پەنجا کەس، لەوانە تارق ئاکرەیی (بەرپرسی لقی شەش) ، عەزیز شێخ ڕەزا، سیامەند بەننا، #ڕەمزی شەعبان#، د. پیرۆت، حەمید ئاکرەیی، پۆڵا مەغدید قەساب کۆیی، محەمەد ساڵح جومعا، فەوزی ئەسعەد، محەمەد میسۆ، جەمال عەلەمدار، د. عومەر ئۆرەماری، فەرهاد سۆفی (فەرهاد جوبڕائیل) ، تۆفیق فەیلی، ماجد فەیلی، عیزەددین ڕێکەوتی، عەبدولقادر ڕێکەوتی، عەبدولسەلام ڕێکەوتی، فایق نێروەیی، محەمەد ئەمین دەلەوی، ئازا مەحمود خەفاف، وریا ساعاتی، عەبدولڕەحمان پێداوی، غازی زێباری، محەمەد حەسەن عەونەت، د. سەباح مەریوانی و ...هتد.
$بەستنی کۆنفرانس$
کۆنفرانس لەنێوان ڕۆژانی 11 تا 16ی ئاب بەردەوام بوو، لە دەستپێکی کۆبوونەوەکان لەلایەن سامی عەبدەلڕەحمانەوە ڕەشنووسی نامێلکەی هەشتا لاپەڕەیی خوێنرایەوە بەناوی (طریقة الحرکة التحریریة الکردیة) کە لەلایەن لێژنەی سەرپەرەشتیکاری کۆنفرانس بەتایبەت سامی عەبدولڕەحمان و نووری شاوێس ئامادەکرابوو، کە نامێلکەیەکی ڕەخنەیی بوو لە بارەی شۆڕشی ئەیلوول و سەرکردایەتی شۆڕشەوە و لەژێر کاریگەریی فکری توندی چەپڕەوی مارکسی لینینی نووسرابوو، نامێلکەکە لەلایەن ئەندامانی کۆنفرانسەوە گفتوگۆی لەبارەوە کرا و دواتر دەنگی لەسەر درا. بڕگەی دووەم لە ئەرکەکانی کۆنفرانس بریتی بوو لە جێگیرکردنی ناوی یازدە ئەندامەکەی سەرکردایەتی کاتی کە پێشتر بە ئەندامی سەرکردایەتی هەڵبژێردرابوون، وە زیادکردنی چوار ئەندامی تر بۆی، مەرج بوو ئەو چوار کەسەی بە ئەندامی نوێی سەرکردایەتی کاتی هەڵدەبژێردرێن پاش ئاشکراکردنی ناوەکانیان بۆ باشووری کوردستان بگەڕێنەوە، ئەوەبوو پاش دەنگدان هەر یەک لە وریا سەعات، دڵشاد میران، ئازاد خەفاف و عەبدولڕەحمان پێداوی بە ئەندامانی نوێی سەرکردایەتی هەڵبژێردران و زیادکرانە سەر لیستی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی، بەم شێوەیە ژمارەی ئەندامانی سەرکردایەتی کاتی بوون بە پازدە ئەندام و بە شێوەیەکی یاسایی جێگیرکران.
جگە لە کار و ئەرکەکانی کۆنفرانسی بەرلین، لەم کۆنفرانسەدا چەند بڕیارێکی سیاسیش دەرکردان کە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک مستەفا بارزانی وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و زەمینە سازی بۆ ئەنجامدانی کۆنگرەی نۆیەمی پارتی لە گرینگترین بڕیارەکان بوون.
پاش کۆتا هاتنی کار و ئەرکەکانی سەرکردایەتی کاتی و هەڵبژاردنی ئەندامانی نوێی و جێگیر کردنیان، کۆنفرانس لەلایەن لقی شەشەوە درێژەی پێدرا، پاش دەستنیشانکردنی پاڵێوراوان بڕیاردرا دەنگدان بکرێت بۆ هەڵبژاردنی دوو کارگێڕی لێژنە لق بۆ لقی شەشی ئەوڕووپا، لە ئەنجامی دەنگدانەکەدا تارق ئاکرەی وەک بەرپرسی لق دەستنیشان کرایەوە و سیامەند بەنا و عەبدولسەلام ڕێکەوتیش بە کارگێڕی لق هەڵبژێردران. دواتر هەریەکە لە د. جەرجیس حەسەن و حەمید عەقراویش بۆ دەستەی کارگێڕی لق زیادکران.
کۆنفرانس ماوەی شەش ڕۆژی خایەند و لە ڕێکەوتی 16ی ئابی 1976 کۆتایی بە کارەکانی هێنا، کە دەی کردە هەمان ڕێکەوتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەم بۆنەیەوە ئاهەنگێکی بچووک سازکرا دواتر بۆ ئێوارەی هەمان ڕۆژ بڕیارەکانی کۆنفرانس بۆ ئەندام و بەشداربووانی کۆنفرانس خوێنرایەوە، بەهۆی هەستیاری بارودۆخی سیاسی ئەوکات هیچ بەیاننامەیەک بە بۆنەی کۆتای هاتن بە کۆنفرانس بڵاونەکرایەوە، نامێلکەیەک دەرکرا بەناوی (ڕێبازی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد) ، دواتر نامێلکەکە وەک ڕاپۆڕتی سیاسی سەرکردایەتی کاتی پارتی دیموکراتی کوردستان کە لە (11-15) ی ئابی 1976 دەرکرابوو پەسەند کرا.
[1]