$دەروازەیەک بە ڕووی پڕۆسەی تەئویلدا (بەشی دووەم)$
نووسینی: #خەسرەو مەحمود میراودەلی#
$(هێرمنیۆتیکا) لە ڕیشە لاتینیەکەیدا hermeneutike واتە هونەری تەئویل، لە داتاشراوە بنەڕەتیەکانیشیەوە لە واژەی hermenia و لە هرمس hermes ەوە هاتوە، خواوەندی نێوەند لەنێوان خواوەندەکان و خەڵکدا، تەفسیریان بۆ دەکات و بابەتە بەڕەمزکراوەکان ڕاڤە دەکات و تەلیسمەکان دەکاتەوە، لەگەڵ باوکانی کڵێسادا مانای تەفسیرکردنی وشەی خودای دەگەیاند.$
هێرمنیۆتیکا وەک چەمک و زاراوە لەلایەن (دانهاور) Johenn konrad dann hawer ی تیۆلۆژیستی ستراسبۆرگیەوە (1603-1666) بەکارهێنرا، لەوانەکانیدا دەربارەی (هێرمنیۆتیکای گشتی) خەریکە فەرهەنگە تایبەتمەندو ئەنسکلۆپیدیا خۆراواییەکان لەسەر ڕیشە و گریکیەکەی زاراوەی هێرمنیۆتیکا hermeneutique. کۆکبن، کە لای بێرنارد دوبی bernard dupuy لەریشەی هیرمینیا hermenia ی گریکیەوە داتاشراوە کە دەلالەت دەکاتە سەر تەئویل، بەڵام لای دو خاوەنەکەی فەرهەنگی ڕەخنەی ئەدەبی، تامین و هوبێر tamine et hubert، هونەری تەئویلکردنی نیشانەکانە، کە تێڕامانێکی فەلسەفیە کەکار لەسەر هەڵوەشاندنەوەی هەمو جیهانە ڕەمزیەکان دەکات، بەتایبەتیش ئەفسانەکان و، سیمبۆلە ئایینیەکان و شێوە هونەریەکان.
چەمکی هێرمنیۆتیکا، هەمان ماناو مەبەستی چەمکی تەئویل دەگەیەنێت، بەڵام لەو سۆنگەیەوە، کە ئەم چەمکە، واتە هێرمنیۆتیکا، بەردەوام کاری لەسەر دەکرێت و، گرنگیەکی زۆری پێدەدرێت و فەیلەسوفانێک پێوەی سەرقاڵن، کە زۆر ناودارن و لەرێگەی هێرمنیۆتیکاوە لەبابەتە سەرەکیە چارەنووسسازە فەلسەفیەکان دەدوێن، لەنموونەی هایدگەرو گادامێرو پۆڵ ڕیکۆرو زۆرێکی دیکە، ئەم چەمکە بەردەوام پڕۆسەی تەئویل بەرەو قوڵتر دەبات و بۆ هەمیشە پێیدا دەچێتەوە. واتە دەکرێت بڵێین هێرمنیۆتیکا دەبێتە تەئویلی تەئویل.
ئەم دۆخە وایکردووە (تەئویل ببێە زەرورەتێکی وجودیانە کە مرۆڤ / کائین بیسەپێنێت، نەک بەو پێیەی کە ئامادەبونێکە کە گەیشتۆتە پلەی کەماڵی وجودیانەی خۆی، بەڵکوو بەو پێیەی کە بەهۆی تەئویلەوە، وەک کاراییەک، بەدوای کردنەوەی ئاسۆگەلێکی نوێ و سەردانی بەردەوامی جیهانگەلی وەلانراودا دەگەڕێت، بۆ گێڕانەوەی ژیان تێیانداو، زیندوکردنەوەی گەڕان بەدوای حەقیقەت / مانادا لەنوێوە).
$هەڵوێستەیەک لەسەر هەندێک لەو ئایەتانەی چەمکی تەئویلیان تێدا هاتوە:$
چەمکی تەئویل لەقورئاندا 15 جار هاتوە، لەکاتێکدا کە چەمکی تەفسیر تەنیا یەکجار هاتوە. وەستان لەسەر بەکارهێنانەکانی چەمکی تەئویل بەچەند نهێنییەکی گەورەمان دەگەیەنێت و ئاسۆی نوێمان بەرودا دەکەنەوە:
1$-(هو الذی أنزل علیک الکتاب منه آیات محکمات، هن أم الکتاب، وأخر متشابهات..) (آل عمران: 7)$ واتە: (ئەو (خودا) ئەو زاتەیە کە پەڕتووکی بۆ سەر تۆ دابەزاندوە کە ئایەتی (محکم)ی هەیە، کە سەرچاوەی پەڕتووکەکەن و هی تریش کە (متشابە)ن) ئەم ئایەتە مشتومڕو جیاوازیەکی زۆری لێکەوتۆتەوە، بەڵام تاکە ئایەتێکە کە جیاوازیی نێوان تەفسیرو تەئویلی هێناوەتە ئاراوە و، بەناچاری تەئویلی کرد بە بابەتێکی ناو تەفسیرو، بەیەکێک لەو بابەتانەی کە ناکرێت لەسەری نەوەستین و بەفەرامۆشیی بسپێرین.
کەواتە دو جۆر لە ئایەت هەیە، (متشابە) کە ماناو مەبەستەکانیان ڕون نیەو، هەڵگری یەک ماناو لێکدانەوەی تایبەت و جێگیر نین، بەڵکوو بۆچونی جیاواز دەخەنە وە و، بەرەو تەئویل سەردەکێشن، وەک مێژوی تەفسیرەو خوێندنەوەی ئایەتەکە بەئاشکرا دەریدەخات.
جیاوازیی نێوان ئەم ئایەتە لەگەڵ ئایەتەکانی دیکەدا کە چەمکی (تەئویل) یان تێدا هاتوە، ئەوەیە کە ئەم ئایەتە سەلمێنەری بونی تەئویل و خوێندنەوەی تەئویلیانەیە لە قورئان و لێکدانەوەکانیدا، بەڵام ئەو ئایەتانەی تر کە ئەم چەمکە (واتە چەمکی تەئویل) یان تێدا هاتوە، بەماناو مەدلولەکانی دیکەی چەمکەکە ئاشنامان دەکەن و، بەرەو قوڵایی مەبەست و مەغزاکانی ڕێنمایمان دەکەن.
2$-(هل ینظرون إلا تأویله، یوم یأتی تأویله یقول الذین نسوه من قبل لقد جاءت ڕسل ڕبنا بالحق)، الاعراف، 53$
ئەم ئایەتە لە سیاقی باسی قیامەتدا هاتوە، دواتر لەوە دەدوێت کە ئەم قورئانە هەمو شتێکی سەبارەت بە ئایین و دوا ڕۆژ باس کردووە، ئینجا دێتە سەر ئەم ئایەتە، کە ماناکەی بەم شێوەیەیە، واتا ئایا (کەسانی بێباوەڕ) چاوەڕێی تەئویلی (ئەم پەڕتووکە) دەکەن (واتە سەرئەنجام و حەقیقەتی ئەوەی باسیدەکات، لەنموونەی باسی دوا ڕۆژ)، کاتێک کە تەئویلەکەی دێتەدی، ئەوانەی پێشتر لە یادیان کردووە دەڵێن: بەراستی پێغەمبەرانی پەروەردگارمان ڕاستییان هێناوە) لە تەفسیرەکاندا (تەئویل) بەمانای (سەرەنجام) هاتوە، واتە ئەو ئەنجام و ڕاستییەی کە لەکۆتاییدا پێی دەگەین، کەواتە گەیشتن بەتەئویل کارێک نییە لەسەرەتاداو بەزویی و ئاسانی ڕوبدات.
3$-(وأوفوا الکیل اذا کلتم، وزنوا بالقسطاس المستقیم، ذلک خیر وأحسن تأویلا)، الاسراء 35.$ واتە: وەفا بەپێوانە بکەن (بەباشی ئەنجامی بدەن)، کێشانەشتان بەتەرازوی درووست و ڕێکبێت، ئەوە باشترەو (ئەنجام)ەکەی چاکترە، (تەئویل) لێرەدا هەمان مەبەستی ئایەتی پێشوی هەیە.
4$-(بل کذبوا بما لم یحیطوا بعلمه، ولما یأتهم تأویله، کذلک کذّب الذین من قبلهم، فانظر کیف کان عاقبة الظالمین) یونس 39.$ واتە: بەڵکوو بەدرۆیان خستەوە ئەوەی کە پەییان بە زانستەکەی یان زانینەکەی نەبردووەو، هێشتا (تەئویلەکەیان: سەرەنجامەکەیان) بۆ نەهاتوە و پێیان نەگەیشتوە، ئەوانەی پێش ئەمانیش بەهەمان شێوە (ئایین) یان بەدرۆ دانا، دەبڕوانە سەرەنجامی ستەمکاران چۆن بوە. وەک دیارە لێرەدا (تەئویل) بەمانای (عاقبە) هاتوە، کە هەردوکیان (واتە تأویل و عاقبە) لەهەمان ئایەتدا وەک هاوواتا (مرادف) بەکارهاتون.
5$-لە چیرۆکی موساو پیاوچاکەکەدا، دوای ئەوەی پیاو چاکەکە چەند کردەوەیەک ئەنجام دەدا، کە بەڕواڵەت نەشیاو و نادرووستن، یاخود نائایینی و نامرۆین، پیاوچاکەکە دەڵێت (سأنبئک بتأویل مالم تستطع علیه صبرا) الکهف/ 78$، واتە هەواڵت دەدەمێ سەبارەت بەتەئویلی ئەوەی کە نەتتوانی خۆتی لەسەر ڕابگریت، دوای ئەوەش کە هەواڵەکەی پێدەدات، دەڵێت $(ذلک تأویل مالم تسطع علیه صبرا) الکهف 82$ ئەوە تەئویلی ئەو ڕوداوانەیە کە نەتتوانی خۆڕاگر بیت لەسەریان.
لێرەدا چەمکی تەئویل، سەرەنجامی کردەوەیەکی پڕ لە نهێنی، یاخود نادیار و نائاسایی دەگەیەنێت، بەڵکوو دەکرێت وشەی تەئویل لێرەدا بەخودی نهێنی خۆی لێکبدەینەوەو مانا بکەین، واتە ئەمەیە نهێنی ئەوەی کە خۆڕاگر نەبویت لەسەر بینینی سەرەنجامەکەی.
6$-چەمکی تەئویل، هەشت جار لەسورەتی (یوسف)دا بەمانای لێکدانەوەی خەون هاتوە.$ مەسەلەی خەون و نهێنیەکانی یەکێکە لەگرنگترینی ئەو بابەتانەی کە فرۆید بۆ لێکدانەوەی نەست و زمانی ڕەمزیی کاری لەسەر کردووەو، پەڕتووکەکەشی $(لێکدانەوەی خەونەکان)$ بە گرنگترین کاری ئەو دادەنرێت. کەواتە پڕۆسەی تەئویل لێرەدا ڕۆچونە بە مانادا، کارکردنە لەسەر زمانی ڕەمز، یان ئەوەی کە پێی دەڵێن مانای مانا، یان تێگەیشتنی تێگەیشتن، هەروەها کارکردن لەسەر زمان کارکردنە لەسەر قوڵترین نهێنیەکانی مرۆڤ کە لە نەستیدا حەشارە. وەک دەبینین لە چیرۆکی یوسفدا کردنەوەی دەروازەی نهێنیبەکانی مرۆڤ بەزمان و تەئویلەوە گرێدراوە. هەروەها دەگەین بەو ئەنجامەی کە نهێنی خەون و نهێنی زمان یەکێکە.
$گۆڕانی جیهان بۆ دەق بە قۆناغێکی کۆتایی دانانرێت لە ئاستەکانی نزیکبونەوە لە حەقیقەت، بەڵکوو حەقیقەت چڕترو ڕەمزیتر دەبێت لەناو دەقدا$
دەق نێوەندی نێوان خودو جیهان پێکدەهێنێت لەرێگەی ڕەمزیبونی زمانەکەیەوە، لەبەر ئەوە ڕیکۆر پێی وایە کە (بابەتی ڕەمزی نێوەندی گشتگیری فیکرە لەنێوان ئێمەو واقیعداو، ئەو بەر لە هەمو شتێک گوزارشت لەناڕاستەوخۆبونی تێگەیشتنمان بۆ واقیع دەکات، لەبەر ئەوە گۆڕانی جیهان بۆ دەق بە قۆناغێکی کۆتایی دانانرێت لە ئاستەکانی نزیکبونەوە لە حەقیقەت، بەڵکوو حەقیقەت چڕترو ڕەمزیتر دەبێت لەناو دەقدا لەبەر ئەوەی بۆ ڕەمزگەلێک وەردەچەرخێت کە بۆ کرانەوەو تەئویل دەخرێنەڕو، لەدەقیشدا گوزارشت لەفرەیی و زۆریی ڕوداوەکانی حەقیقەت دەکات، لەبەر ئەوە ڕەمز هاورێی هەمو گوزارشتێکە لەحەقیقەت).
لۆژیک سەبارەت بە زمانی ڕەمزی، جیاوازە لەو لۆژیکە ناسراوەی قسەکردنی ڕۆژانە ملکەچییەتی. زمانی ڕەمز ملکەچی لۆژیکێکی تایبەتە کە کات و شوێن ناکاتە دو گوتەزای بنەڕەتی خۆی.
سەبارەت بەوەش کە (بۆچی قورئان مەجازو درکەو ڕەمزی لەزۆرێک لەئایەتەکانیدا بەکارهێناوە؟ بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: زۆر هۆکار بۆ ئەوە لەئارادان، بۆ نموونە ئاماژە بۆکردن (تلمیح) ڕەوانترە لەدەربڕینی ڕاشکاوانە (التصریح)، هەروەها ئارەزوی فراوانسازیی لەقسەکردن و هونەرەکانی گوزارشتکردندا، هەندێک بابەتیش پێویستیان بە جۆرێک لەتەم ومژ و ئاڵۆزیی هەیە بۆدرووستکردنی ترس و بیم لەدەرونی گوێگردا واتە (بەمەبەستی کاریگەری)، گرنگیدان بەجوانیی دەربڕین کە مەجاز دەیبەخشێە دەربڕین نەک حەقیقەت، بۆ هۆکاری دیکەش کە پەڕتووکەکانی ڕونبێژی (بیان) باسیان دەکەن). [1]