چییە ئەم هۆنراوە؟ عەقڵ و بەخت
رەهنومای لاوەکانە بۆ سەر تەخت
دوێشەوێ بێخەوی سەری لێدام
زۆر وەڕەز بووم لە عاجزی هەستام
چوومە لای پیرە عەقڵی نازارم
دیم لە گەڵ بەخت و تەبعی سەرشارم
سێ بە سێ وەک برا بە دەستی جەم
کۆزیان کردبوو لە دەوری شەم
گوفتوگۆیان هەبوو چییە و چ خەبەر
خۆم پەنادا کە تێگەیشتم سەر
پاکی یا باسی عەیش و نووشی دڵ
یا ڕەها کردنی گرێی موشکڵ
عەقڵم ئەیپرسی بەختم ئەیدا جواب
تەبعم ئەی هۆندەوە بە ئاب و تاب
پرسیاری عەقڵ لە بەخت
ئەی بەخت قەرنەهایە تۆ نوستووی
سەد کڵاو بردی با لە خەودا بووی
خەو وەها ئاوڕیش ت بوو دەستە و یەقە
هەڵنەدەستای بە زەبری مست و لەقە
لە کەژی بەند و بەستی سەرکەوتن
تۆ پەکت خست بە تەنبەڵی و خەوتن
نەم دەزانی کە بەختی کوردی هەژار
وەخەبەر دێ چلۆ نی وا بێدار
بە چ دەنگێ بوو ئاشنا گۆشت
کێ هەڵی ساندی لە خەوی خۆشت
وەرامی بەخت بۆ عەقڵ
من لە غوڕڕابی خەو وەک ئەیزانی
هاتە خەونم پیاوێ نورانی
لە شەهیدانی ڕێگەیی میللەت
ڕۆشنی تاریکە شەوی زیللەت
ئەو نەمامە لە مێژ بوو نێژرابوو
گەیبوو سێبەر و بەری دابوو
کوتی ئەی نووری دیدە هەستە لە خەو
موژدە بێ کەوکەبت دەدا پەڕتەو
ئەوی ئەندامی کۆمەڵی بە تەمان
هەر بینا بەم زووە سەری لێدان
بو گزەرێنن جیهان بە کەیف و سروور
دێ بە سواری فرۆکی ئەرتێشی سوور
بێت و قەدری نەگیرێ وەک جاران
پێو دەناسن کونەرەشی تاران
تووشی بەدبەختیان دەبن دیسان
دەچنەوە بەر جنێوی دەم پیسان
راپەڕینی بەخت لە خەو
ڕاپەڕیم لەو خەوەم دەدا تەعبیر
لە نەکاو دیم وتاری مامی پیر
(هەر چلۆنی ئیشارەتی فەرموو
وەک کەرامەت هەمووی وەها دەرچوو...)
هات بە گرمە فرۆک لە لای مەسکەو
بۆ عەجەم وەک شەهێن دەچێ بۆ کەو
هەڵمەتێکی گەیاندە تەختی جەم
تێکیدا شەوکەت و جەلالی جەم
بە بڵاو بوونی دوو پەڕ ئاگاهی
بوو بڵاو ئەرتێشی شەهەنشاهی
شاکە شێر بوو لە ڕاوی مسکین دا
دیم کە مشکە لە ژێر ستالین دا
ئەوەی خواردی گەرووی جەفا و جەوری
دی فرۆکە و ڕشایەوە فەوری
چ فرۆکێک؟ موجەسسەمەی شادی
کێی تێدابوو؟ فریشتەی ئازادی
دەعوەتی کردوە پیرەدایکی وەتەن
خزمەتی کەن کوڕان بە ماڵ و بەتەن
نەگرین قەدری وەک هەوەڵ بۆمە
نی یە تەنکاوی گۆمە ئەو چۆمە
ئەو فریشتە چلۆنە تۆ خوا بەخت؟
یەکێ گەردن فیرازە بازوو سەخت
دەبەری دا لیباسی سوڵتانی
لە سەری ئەفسەری کەریمخانی
قەدی ڕازاوە کردووە خەنجەر
مەنزەری جوانە جوانترین مەنزەر
ئەردەشیر، شیری داوەتێ بە خەڵات
تا لە بێگانە هەڵوەژێرێ وەڵات
زەڕڕەیەک هیممەتی وی ئەلبورزە
کوڕی مەیدانی خەنجەر و گورزە
نەتەوی شێخی گورگی زاهیر می
زیددی دەروێشی پرچ و سوفی ڕیش
ئەو کوڕی پێدەوێ لە مەیدانێ
ڕوو بە مردن بچێ و سەری دانێ
بێ بەشی هەر ڕەزایلە زاتی
حیفزی نامووسە کار و سەنعاتی
عەقڵ:
بەخت: بچمە کوێ زیارەتی بکەم حاسڵ
ڕاستە بازاڕی ڕوح ئوتێلی دڵ
کێهە دڵ قەڵبی نیشتمان پەروەر
هاتووە چەندێکە چۆنە نایەتەدەر
کوردەکان زۆرە چاوەنۆڕی ئەون
دوور لەوی خاکەسار بە ڕۆژ و شەون
زوڵمی بێگانەکانی ڕوو ناخۆش
بەحری ڕوحمی ڕەحیمی هێنا جۆش
ئاهی زیندانیانی کوردی فەقیر
پەڵەهەوری لە ئاسمان بوو گیر
ئەم پەڵەهەورە بوو بە بارانە
هاتە سەر خاکی ئەم موکریانە
ڕێژنە بارانەکەی بەدەست و برد
ئاوپڕشکێنی ڕێی فریشتەی کرد
ژن و منداڵی باب و مێرد کوژراو
ناڵەیان خستەرێ بە ناو و داو
ناڵەی بێوەژن هەتیوی، زەلیل
لە ڕێگەی ئەم فریشتە بوونە دەلیل
بەو هەموو دەردە پاش هەموو دەردان
پەری ئازادی بێتە نێو کوردان
کەس هەیە حورمەتی بە دڵ نەگرێ؟
یان دەبەر تۆزی کەوشەکەی نەمرێ؟
وەرامی بەخت
میللەتێک هەن لە نێو مەعاشیرەت
خۆبەخۆ شێر لە غەیرە بێ غیرەت
خوێنی یەک نۆش دەکەن لە مەیدانان
وەک پیاڵەی شەرابی مەیخانان
بێنە شەر خۆبەخۆ هەزار و ڕۆستەم
بەرگەیان بگرێ زەحمەتە و حەستەم
هەرکە تورکێ کوتی چەکین داڵی
کونە مشکێ لەوان نیە خاڵی
پیشەیان مونحەسیر دزی کردن
ڕێگری و ماڵی یەکتری بردن
ئەوی دەستیان کەوێ حەرام و حەڵاڵ
وشتری ساڵح و کەری جرجاڵ
دەیرفێنن نیە چ ڕا هیچ پرس
نە لە خۆیان حەیا نە لە خوا ترس
ئەوی بڕنووی لە شانە دەیبینی
پاکی بۆ ڕێگری برای دینی
بیری سەربەستیان لە لابایە
هەر تەماحە ئەوی لە کارایە
پیاوی زلیان کە هەڵبڕێ نەفەسی
بە قرانێ قران دەخاتە کەسی
باسی بێ بیریان بە سەد نووسەر
عوشری میعشاری نایەتە دەفتەر
خۆت دەزانی عەجەم لەوان چی کرد
ماڵ و نامووسی چ های ستاندو چی برد
کۆنە بیڵێم حیکایەتی دمدم
سەرگوزشتە و نەزیلەی سارم
باسی ئەم دەورە خۆ لە بیر ماوە
گەورە دێڕێک بوو گەردە نووسراوە
چەند ئاغا بە نێوی حەبسی نەزەر
گاو و گەردوون کران و بڕیان سەر
نێفەکی چەند کەسان بڕا بە ئەتک
ملی چەندان هەلاوەسا بە پەتک
چون سمایل بوو هەوەلین قوربان
بۆیە قوربان کرا سمایل خان
کوا قەدەم خێر بە دەستی کێ ون بوو
عیلی گەڵباغی بۆ سەرەوبن بوو
تیلەکۆیی بە کێ کراون کز
باقیە نەقڵی دارەکەی سەقز
دێتەوە بیری حەزرەتی ئاغا
کە بە عیبرەت دەهات بە سابلاغا
شارەبانی لە دوو دەسەو نێزە
جەرگی مەخلووقی بۆ دەبوو ڕێزە
کامە ئاغا بوو کێهە مەزنی زل
نیری عەڕڕابەیان دەنا سەر مل
لاوێ لەم عەردەجێی نەبوو نازی
کێ بە شەق لێی ئەدا لە سەربازی
بەند و لێدان و حەبس و تێهەڵدان
مێوە ڕۆنێ بوو بۆ لەشی کوردان
چەند هەزار کوێر و شەل چەنێ ڕەش ورووت
هات و چاوی بە ماڵی کورد پشکووت
دز دەهات دز بگیر نیشا نی و ناو
بەردە زوورەی دەکردە ئاو بۆدراو
مەسلەخێ ڕۆنرابوو ئەمنییە
مەتبەخی نێو نرابوو سوڵحییە
هەچی چوو سەربڕا لە هەووەڵ باب
لە دووەم جێگەدا کرا بە کەباب
ئیقتساد موقتەسید بوو بۆ ئینساف
قاف ئەلەرزی لە دایرەی ئەوقاف
هەنگ و دژبان و ڕاهو فەرماندار
دوپشک بوون و ببوە مارئامار
ئەوەی دەیکرد لەوان فەلاحەت و بانک
وای لە ئاڵمان نەکروە تۆپ و تانک
سەبتی ئەملاک و ئیزدواج و تەڵاق
بەدری کوردی نەجیبی خستە محاق
شارەبانی و گومرک و بەیتاری
لە عەجەم هەر کەسێ هەبا زاری
خوێن مژی مامە کوردە بوو پیشەی
تا دەرێنێ لە بن ڕەگ و ڕیشەی
ئیفتزاحاتی دیش لە هەر قیسمەت
من بە خۆڕایی خۆم دەدەم زەحمەت
پاک بەحر ببنە حیبر و مێشە قەڵەم
نادرێ شەرحی زۆڵم و زۆری عەجەم
کە فەلەک وەر گەڕا بە تەڕدەستی
نۆرە گورزیان نرایەوە مستی
حەقی چەند ساڵە کۆنە و فەوتاو
هاتەوە چنگی کوردەکان بە تەواو
چونکە بێ بیر و مەست و بێ هۆشن
ئەم حەقەی خۆ بە پارە دەفرۆشن
هەر حەقێ یەک بە سەد گەوهەر بێ
کێ بە پارەی دەدا مەگەر کەر بێ
کامەیان دەوڵەمەندە مەرد و ڕەند
تۆنێ نامووس دەدا بە تۆنێ قەند
کێهە یەگجار نەجیب و ژیر و کوڕە
دەچتە سەودا شەڕەف دەدا بە شڕە
میللەتێکی حقووقی چەند ساڵی
تۆلەی نامووس و دینی و ماڵی
بیفرۆشێ بە چیت و قەند و پوڵ
چۆن ئەوان ئەم فریشتەیانە قەبووڵ
یان فریشتە بەوانەیە قانیع
کە ببن هەر ئەون لەرێ مانیع
تا ببن وا ئەوان مەکە ئەندێش
نەگەڕێتەوە دواوە بێ بۆ پێش
کورد وەبێ حاڵی وا بێ ئەحواڵی
نایبینی چاوەنۆڕ بی سەد ساڵی
ئەم جارە بەخت هەڵدەگەڕێتەوە لە عەقڵ دەپرسێ
ئەم سەعاتەی کە هەم بە بێداری
هەر ببم یا بنووم بە یەکجاری؟
بش خەوم ئەم کەڕەت هەتا مەحشەر
بە خەویش نابینن ببم بە خەبەر
لەم دوو فکرانە ئێستە داماوم
یانی لەم گێژی بەحرە خنکاوم
پیرە عاقڵ ئەتۆ لە مێژینەی
بۆ فکر لێم یەقینە گەنجینەی
بە تەنێ تۆ دەوای هەموو دەردی
بە سەهو و ناچی ئەلحەقی مەردی
چییە چارە لە قیس نەچێ ئەمڕۆ
ڕایەڵەی کارمان نەبێ بێپۆ
شوێنێ کار تێ ک مەدە بەوەستایی
بیکە یەک لا هەزار و دوو لایی
عەقڵ دوای بیر کردنەوەیێکی زۆر کە دیتی ئاغا چارەی ناکرێ وای فەرموو:
ڕێگەی حەللی عەقدی ئەم ئیشە
کە ببێ هەر فەقەت تەوا ڕیشە
یانی خوا ڕووسەکان مووەففەق کا
جەرگی هیتلەر بە تیغی وان شەق کا
بێتە جێ ڕوو س تەواوی پێویستی
دەورەدا نێوی شومی فاشیستی
ڕاوەنێن بۆ دەرەک سوپای ڕومێل
نەزمی دنیا بدەن ڕەئیس و ئێل
شوان و گاوان و مال ک و جوتێر
چووک و زل یانی کاسب و بێ خێر
لێکی دەن لێکی کەن لە یەک ئانا
سووک و سەنگین نەبێ لە میزانا
تەختی کەن سەخت و ماهی سەرسەختی
دێتە تەپکە نچیری خۆشبەختی
بێ قڕە و بێ فڕە و پەلەقاژە
خۆش دەڵێ شاعیری دەری واژە
بالشویکی است خضر ڕاه نجات
بر محمد و ئاله صلوات
ناوی پیغەمبەرم کە هێناو ئال
بە هومێدم کە بێنە جێ ئامال
بە خەتاو میسک کە نازا نی
دەبێ لەم تونگی شەکرە بڕوانی
دوڕ دەبارێ هەژار لە ئەشعارت
ئەی دریغا نی یە خەریدارت
#هەژار موکریانی#[1]