بابەت: وتار
ناونیشان: قەسیدە یان تۆخکردنەوەی هێڵە سڕاوەکان؟
نووسین: #برزو حاجی حەبیب#
چەندین جار هەڵوەستەم لەسەر ئەوە کردووە کە شیعر بابەتێکی زۆر لەوە گەورەتر و قووڵترە کە شاعیربوون ئاسان بێت، لەوەش قورستر (فەلسەفە، مێژوو، خەیاڵ، گەردوونناسی، تەکنەلۆجیا، ئیدۆمە ئاینیەکان، شارستانییەتەکان، ئەفسانەکان) بخرێنە بەر ڕەحمەتی خەیاڵی شاعیر و نووسەرێکی سەرکەش کە خۆشەویستی لەگەڵ مردن دەکات لە کاتیکدا ڕەخنەگری بەناوبانگی عیراق شاکر مەجید سێفۆ دەڵێت: سەڵاح جەلال لەسەر ئەم زەوییە بەنەمری دەمێنێتەوە هەر وەکو هایدگەر دەڵێ بە بەڵگەنامەی هۆڵدەرلین.
بەڵام چون دەبێت بوون بکرێت بە شیعر لە ناوەڕۆکدا ئەمەیش سەڵاح جەلال خۆی لە فاکسی دووەمدا فەلسەفەی مەرگ بۆ هایدگەر دەنووسێت (هایدگەر..هایدگەر)، ئەو بانگەشەی دەکات و دەیدوێنێت وەک ئەوەی هایدگەر لە پاڵیدا دانیشتبێت، ئەمەش لەو ڕوانینەوە دێت، ئەو نووسەرانە کەمن کە بتوانن داهێنان بکەن لە بواری ئەدەبیاتدا، بە گواستنەوەی ژانرێکی فەلسەفی یان گەردوونی و زانستی و جەدەلی ڕوح و کێشەی بوون و نەبوون بۆ ناو ژانری شیعر و ڕۆمان، دیارە ڕەخنەگری سەرەوە هەستی بەو مەترسییە کردووە کە سەڵاح جەلال تا دەست لەملانی مەرگ نەبێت ناگات بەخۆشەویستە ڕاستەقینەکەی ئەمەش لەکۆجیتۆدا بە جیاواز هەستی پێدەکەیت کە شەهیدەکان بەڕێگاوەن، دێنەوە و چیاکان دێنە زمان و مرۆڤەکان لەکارەساتە گەورەکاندا خوڵقێنەری ڕاستەقینەی مەرگن و داهاتووشیان ژیانێکی ڕاستەقینەیە.
هەروەها دکتۆر قەیس کازم جەنابی لە بەرواودکردنی فەیلەسوفی شاعیر و شاعیری فەیلەسوف دا لەسەرووی عەقڵ دا بەم جۆرە بەراوردی سەڵاح جەلال دەکات و دەڵێت شاعیری کوردی (سەڵاح جەلال) لێرە توانی ڕیزەکان ببڕێت و ئاماژە بەو فەلسەفەیەی خۆی بدات بەهۆی ئەو شیعرە نوێیانەی کە بڵاوی کردۆتەوە تێڕوانینی زیندووی بۆ گەردوون و بوون و زمان و مەرگ و زەمان دەربڕی بەهۆی زمانێکی مەعریفی کە بۆی دەبێتە (دەفرێک) بۆئەوەی لەجیهانی (مەعقول)ەوە بچێت بۆجیهانێکی (نامەعقول) لەجووڵانی زمان و مەرگ (پشت زمان و میتا زەمان).
ئەگەر بڕوانینە نووسینەکانی سەڵاح جەلال و تێڕوانینەکەی دکتۆر قەیس کازم بەئاشکرا میتا زەمان بە ڕوونی دیارە و زمان شێوەی کۆد و هێڵێکی تۆخ کراوە وەردەگرێت و سەرجەم ڕووداوەکان لەناوەختێکدا ڕوودەدەن و زەمەن کانسڵ دەبێتەوە و خەیاڵ و فەلسەفە هێڵێکی سووری ترسناک دروست دەکەن کە خوێنەر ڕادەگرێت و ناهێڵێت تێپەڕێت و فلاشباک دەکات بۆ سەرجەمی ڕووداوە مێژووی و گەردوونییەکان بەبێ ئەوەی خوێندنەوەی قووڵی پێشوەختەی لەسەری هەبێ. خۆم لادەدەم لەباسکردنی وردەکاری و ناوەڕۆکی قەسیدەی کتێبی (کۆجیتۆی جەلال تاڵەبانی) چونکە تا ئێستا لە دێڕی یەکەمەدا گیرم خورادووە (ئەمە درەخەێکی عەلیقەیە لە ڕۆح (…) بڕواناکەم بتوانم بگەم بە (تاشە بەردی کرد بە کۆمار.)
ئەم کۆجیتۆیە سەدان دەستەواژەی فەلسەفی و زانستی جۆراوجۆری تێدا بەکار هاتووە و وەک ئیدۆم بۆ مێژووی 70ساڵی کوردایەتی و گێڕانەوەی لە ڕوحی هەڤاڵ سەرۆک (مام جلال)ەوە بەکارهاتووە، نەمدیوە فەلسەفە شیعر بێت و شیعریش فەلسەفە بێت، ئێستا بینیم، بە بۆچونی من ئەم کتێبە سەڵاح جەلالی کورد نەینووسیبایە نووسەری هەرنەتەوەیەک بینووسیبایە ئەوەندە بایەخی پێ دەدرا هەتا بەنرخرین خەڵاتەکانی ئەدەبی جیهانی دەبرد، لەم کتێبەدا فۆتۆنەکانی گەردوون هێشتا نەتەقیونەتەوە #مام جەلال# شەڕی نەتەوە دەکات لە ڕووداوە گەورەکانی جیهاندا وەک (تەقینەوە گەورەکە) کشانی کاکێشانەکان و گەردەلوولە گەردوونییەکان و ڕاکشانی خولگەکان و دروست بوونی مرۆڤ و هەتا ڕووداوی سێوەکەی ئادەم و دەرکرانیان لە بەهەشت و هاتنە سەرزەوی و تۆفانی نوح و حەزارەتی بابلی و نێوان دوو ڕووبارەکە و موعجیزەی عیسا و گۆچانەکەی موسا و کێوی تور و شەق کردنی نیل لەسەردەستی موسا و کۆی ڕووداوەکانی مرۆڤایەتی نەتەوەی کورد ئامادەیە و مام جەلال کارەکتەرەکەیەتی و دەجەنگێت، لە ئەزەلەوە بۆ ئەزەل لە لەدایک بوونەوە بۆ مردن لە نەبوونەوە بۆ بوون (مام جەلال) گۆدۆیەکە و بانگەشەی خۆردەکان سەرجەمی هێڵە سڕاوەکانی فەزا و فەلسەفە و جەدەلی بوون و شیعر و تەکنەلۆجیا و مێژوو تۆخ کراونەتەوە و هێشتا سەڵاح جەلال قەڵەمی بۆ تیژ کردووە و چەندین بەرهەمی ناوازەی نموونەیی هەیە کە تاقانەن لەکتێبخانەی کوردیدا وەک (نەفخ و وێنەی با، مۆسیقای مەرگی ناوەختە، کچانی بەفر، کەوتنەخوارەی گەردوون)، ئێستاش بەردەوامە لەنووسینی بابەتی پڕ نرخ و پڕ بایەخ پێویستە زۆری خۆمان بەکەم نەزانین ئەم کتێبە داهێنانێکی نوێیە لە دەقی کوردیدا و توانستی کەس نیە بتوانێت تێی پەڕێنێت چونکە ئەم خەیاڵ و لۆجیکەی ئەم کتێبەی پێ نوسراوە جیاوازە.
[1]