لەکاتێکدا سەرۆکی پێشکەوتووترین وڵاتانی جیهان وڵاتانی زلهێز کەوتوونەتە قووڵترین و سەختترین قەیرانی تەندروستی و دارایی و ئابووری و هەندێجار دەستەوەستان دەبینرێن لە بەرامبەر ئەو گێژاوە قووڵ و گشتگیرەی بەهۆی پەتای کۆرۆناوە سەریهەڵداوە، بە جۆرێک کە ئەم سەرکردە بە ئەزموونانە ناتوانن بە ئاسانی بڕیار بدەن و تەنانەت هەندێجاریش نازانن چ بکەن و چ بڵێن.
لەبەرئەوەش ڕووبەڕووی ڕەخنە و گلەیی تووندی جەماوەر بوونەتەوە بەهۆی سەرنەکەو تنی پلانەکانیان و نەتوانینی زوو کۆنتڕۆڵکردن و کۆتاییهێنان بەو پەتا کوشندەیە و سەرهەڵدانی بێکاری و برسێتی و هەژاری لە کۆمەڵگەکانیاندا و هەرەسهێنانی بازاڕی کار و ئابووری بەگشتی، لەوکاتەدا دەبینین کە گرووپێکی بچووک لە ژنانی سەرکردە زۆر بە متمانەتر و لێهاتووانەتر لەبەردەم ئەم جەنگەی دژ بە کۆرۆنا دەردەکەون، ئەویش دوای ئەوەی کە بە زیانێکی زۆر کەمتر و پلانی تۆکمەتر و دووربینتر خەریکە ئەم قەیرانە تێدەپەڕێنن و بەرەبەرە ژیانی خەڵکی ئاسایی دەکەنەوە.
پاڵپشت بۆ ئەم قسانەم، ئێستا پشتگیری جەماوەریی سەرۆک ترەمپ زۆر دابەزیوە و تەنانەت لەلایەن لایەنگرانی پارتەکەشییەوە ڕووبەڕووی ڕەخنەی تووند بووەتەوە بەهۆی ناکارامەیی و نەتوانینی ئیدارەدانی ئەم قەیرانە بەشێوەیکی باشتر و کاریگەرتر. تەنانەت لە دوایین ڕاپۆرتدا دەرکەوتووە کە ئەو پزیشکە بە ئەزموونەی سەرۆکایەتی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا دەکات لە ئەمریکا ئاستی جەماوەریی زۆر لە ترەمپ زیاترە و خەڵک زیاتر گوێ لەو دەگرن و حەزدەکەن شتەکان لە زاری ئەوەوە ببیستن.
هەمان بۆچوون بۆ بەریتانیاش ڕاستە. خەڵکی بەریتانیا، بەتایبەتی ئینگلستان، زۆر لە سەرۆکوەزیران (بۆریس جۆنسن) و کابینەکەی تووڕەن، چونکە دەستوبردی نەکرد و زوو بەخۆنەکەوت و پلانی دوورمەودا و تۆکمەی دانەڕشت، یان نەیبوو، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پەتایە. سەرەتا پلانێکی مەترسیداری ڕاگەیاند Herd Immunity، کە هەر زوو شەرمەزار کرا و پێیان گۆڕی. ئینجا بە درەنگەوە کاتێک قەدەخەی هاتووچۆی ڕاگەیاند و ڕێکارە تووندەکانی سەپاند، کۆرۆنا گەیشتبووە سەر سەری و تەنانەت خۆیشی تووشبوو.
ئینجا کە خۆی تووشی پەتاکە بوو و بە زەحمەت لێی دەرچوو بە گوتەی خۆی لە لێواری مردن گەڕاوە، کاتێک سوپاسی تایبەتی ئەو دوو پەرستارەی کرد کە چەندین ڕۆژ جێیان نەهێشت و لەگەڵی مانەوە و شەونخوونییان چەشت، هەردووکیان گوتیان ئێمە هیچی زیادمان بۆ سەرۆکوەزران نەکردووە و ئەرکی خۆمانە بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو نەخۆشێک بکەین. ئەمە وەڵامێکی دڵخۆشکەر نەبوو بۆ سەرۆکوەزیران، لەلایەن دوو کارمەندی تەندروستی وڵاتێکی وا پێشکەوتووەوە.
ئەزموونی ئەمریکا و بەریتانیا و فەرەنسا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا کە پیاوان سەرکردایەتییان دەکەن بە ئەزموونی خراپ و تەنانەت تاوەکو ڕادەیەک بەئەزموونی شکستخواردوو وێنا دەکرێن لە وەڵامدانەوە و بەرەنگاربوونەوەی پەتای کۆرۆنا. بەتایبەتی ئەمریکا و بەریتانیا.
کەچی لەولاوە دەبینین دوو سەرکردەی ژن، یەکێکیان سیاسییەکی بەئەزموون و بە تەمەن کە پسپۆرییەکەشی هیچ پەیوەندی بە سیاسەت و یاسا و ئیدارەوە نییە. ئەویدیکەش گەنجێکی لێهاتوو، گۆشدراو بە ئەزموونێکی سیاسی و ئیداری باش، بە توانا و لێزان و خاوەن خەسڵەتی سەرکردایەتی بەهێز و کاریگەر. ئەم دوو خانمە ئێستا بوونەتە سیمبوولی ئافرەتی سەرکەوتوو لەجیهان بەگشتی و لە ئەوروپا و نیوز یلەندا بەتایبەتی، چونکە توانییان ئازایانە و پڕ لە هێز و وزە بێنە بەردەم جەماوەر وهەمیشە مژدەی سەرکەوتن و دڵخۆشی و گەشبینی و ئیجابی لە ڕووخساریان ڕەنگدەداتەوە. ئەم دوو نموونە باڵایەش Role Model بریتین لە:
1-خاتوو ئەنگێلا مێرکل، تەمەن 66 ساڵ، دکتۆرای لە زانستی کیمیای کوانتەم هەیە و پێشتریش وەک توێژەری بواری کیمیا و فیزیا کاری کردووە. چەندین جار لەلایەن گۆڤاری (فۆڕبێس) بە یەکێک لە کاریگەرترین و بەهێزترین کەسایەتییەکانی ساڵ دیاریکراوە. خاتوو مێرکل 20 ساڵە سەرۆکی پارتی دیموکراتی کریستیانە CDU، هەروەها 17 ساڵە ڕاوێژکاری ئەڵمانیایە، کە بە دڵ و دینەمۆی پیشەسازی و کار و بازرگانی ئەوروپا دادەنرێت. لەو ماوە دوور و درێژەدا حیزبەکەی و حکومەت و وڵاتەکەی تووشی چەندین قەیرانی سەختی سیاسی و ئیداری و دارایی و مرۆیی بووەتەوە، بەڵام بە سەرکەوتوویی تێیپەڕاندوون و نەک لاوازی نەکردن، بگرە بەهێزتر و پتەوتری کردوون ئەویش بە گۆڕینی هەڕەش و خاڵە لاوازەکان بۆ درەفەت و خاڵی بەهێز SWOT Analysis.
2-جاسیندا ئاردێرن، سەرۆکوەزیرانی نیوزیلاند کە تەمەنی 40 ساڵە، بەکالۆریۆس لە خوێندنی پەیوەندییە سیاسی و نێودەوڵەتییەکان هەیە. لە دوای چەند مانگێک بووە سەرۆکوەزیران کە تازە بە نۆبەرەکەی سکپڕ بوو. ئەو ژنە گەنجە لە پێگەیەکی وا خۆی بینییەوە کە پێشتر تەنیا پیاوانی بە ئەزموون و بە تەمەن دەیانتوانی بگەنە ئەو پێگەیە، ئەوانەی سەری خۆیان لەنێو سیاسەت و ئیدارە و بەرێوەبردنی وڵات سپی کردووە. لەگەڵ ئەوەش کاتێک حکومەتەکەی ئەو ژنە گەنجە ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئەمنی و کارەساتێکی ترسانک بووەوە لە ڕووداوێکی تیرۆری نێوخۆیی تەقەکردن لەنێو نوێژکەرانی مزگەوتێکی ئەو وڵاتە Christchurch Mosque Shootingsدەیان موسوڵمان تێیدا گیانیان لە دەستدا. ڕەنگە هەر کەسێکی دیکە بووایە بەرگەی ئەو دۆخە سەخت و دژوارەی ئەوکاتی نەگرتبایە و بە جۆرێک خۆی لەو بەرپرسیارێتی لادابا. بەڵام ئەم خاتوونە گەنجە شانیدا بەر ئەو ململانێیە و لێهاتووانە لێی دەرچوو. تەنانەت دوای چەند ڕۆژێکی کەم لەو ڕووداوە خوێناوی و شۆکهێنەرە، ئەو خاتوو (ئاردێرن) توانی قەناعەت بە پەرلەمانی نیوزلەندا بکات بۆ هەمووارکردنەوە و سنووردارکردنی یاسای چەک هەڵگرتن.
ئێستاش کە دەبینین ئەم دوو خانمە سەرکردەیە لە ژێر سەختترین تاقیکردنەوەی سیاسی و ئیداری و ئابووری و تەنانەت مرۆیشدا کار ی حکومەتەکانیان ئەنجامدەدەن، تاوەکو ئەم دەقیقەیەش بەوپەڕی ورەوە بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێن و سەرسەختانە بڕیارە گرنگ و چارەنووسسازەکان دەدەن، بەبێ سڵەمینەوە لەهەر ترس و هەڕەشەیەک، چونکە پێشتر و زووتر حیسابیان بۆ هەموو شتێک کردووە، چ کاتێک بە چ ستراتیژێک.
لێرەدا ڕەنگە هەندێکمان بڵێین کە نەخێر، هاوکێشەکە بەوشێوەیە نییە و هەر وڵات و کیشوەرێک ژینگە و دۆخی خۆی جیاوازە و ناکرێ بەراورد بکرێن. بەڵام ئەم بۆچوونە بەوە بەتاڵ دەبێتەوە کاتێک زانایان و پزیشکانی پسپۆڕ و ڤایرۆسناسان Virologist و پەتاناسان Epidemiologists دان بەوە دادەنێن کە بەڵێ ئەگەر لە سەروبەندی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە، واتە لە مانگی کانوونی دووەم و مانگی شوباتی ئەمساڵدا، زووتر و باشتر ئامادەسازی بکرابووایە و پلان و ستراتیژی تۆکمە ئامادەکرابان، ئەوا بە دڵنیاییەوە ڕێژەی تووشبووان و قوربانیان کەمتر دەبوو و دەتوانرا باشتر و کاریگەرتر بەر بەو پەتایە بگیرێت و تەنانەت ڕەنگە زووتریش بەسەریدا زاڵ ببان. ئەوکاتیش شۆکە ئابووری و داراییەکە هێندەی ئێستا ڕووخێنەر و ئازاربەخش و دوورمەودا نەدەبوو.
بۆیە ڕەنگە ئێستا هەندێ لە ئەمریکییەکان درک بەوە بکەن کە ئەگەر ئێستا هیلاری کلینتن سەرۆکی ئەمریکا بووایە، چاوەڕواندەکرا بە پلان و ستراتیژییەتێکی باشتر و تۆکمەتر ڕووبەڕووی ئەم پەتا جیهانییە ببایەوە و ئەو هەموو زیانە گیانی و ئابووری و داراییە لە ئەمریکا نەکەوتبایەوە، کە هەر ئەمڕۆ ژمارەی بێکاریی لە ئەمریکا 20 ملیۆنی تێپەڕاند.
لەبارەی شێوازی سەرکردایەتیکردنی ژن و پیاو، زانایانی دەروونناسی و زانستی دەروونشیکاریی Psychoanalysis پێیانوایە کە جۆر و شێوازی مامەڵەی کۆمەڵگە لەگەڵ ئافرەت وایلێدەکات جیا لە پیاو ڕەفتار بکات و شێوازی تایبەتی خۆی بناسێتەوە و لەکار و ژیانی ڕۆژانەی بەکاریان بێنێت. کەواتە بابەتەکە ئەوەندەی پەیوەندی بە هۆکاری ژینگە و دەورووبەرەوە هەیە، ئەوەندە پەیوەندی بە بۆماوە و بایلۆجییەوە نییە لەڕووی پێکهاتەی هۆشیی و جەستەیی ژن و پیاو.
لێرەدا دەگەینە ئەو ڕاستییەی کە ئەگەر ژنان دەرفەتیان بۆ بڕەخسێت و شانبەشانی پیاو هانبدرێن و پشتگیری بکرێن، ئەوا هەر دوو ڕەگەز دەتوانن تەواوکەری یەکتربن و بەڵکو هەندێجار ژنان پێشەنگیش بن لە کارێک کە ڕەنگە پیاوان بەو ئاستە تێیدا سەرکەتوو نەبن. بێگومان ئەمە جگە لەو کار و پیشانەی کە زیاتر تایبەتن بە ڕەگەزێک، ئەویش بە هۆکاری جیا هەروەک هەموومان دەزانین.
نووسینی: #عەلی عەباس مەحمود#