ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: 500 کەس لە هەرێمی کوردستان بێسەروشوێنن، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدانیش دەڵێت: پێدانی مووچەی بە کەسوکاری بێسەروشوێنان، بە مەرج دەبێت.
سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی کوردستان (05-09-2019) ڕاگەیاند: لە هەرێمی کوردستان 500 کەس بێسەروشوێنن و پەرلەمان لە خولەکانی ڕابوردوو زۆر هەوڵیداوە چارەنووسی ئه و کەسانە دیاریبکرێت، بەڵام تائێستا چارەنووسیان نادیارە.
وتیشی: دەبێت کەسوکاری بێسەروشوێنان مووچەی شایستەیان پێبدرێت و مافەکانیان دابینبکرێت.
لەوبارەیەشەوە فوئاد عوسمان، وتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی هەرێم ڕاگەیاند: مامەڵەی شەهیدان بۆ بەشێکی زۆر لە کەسوکاری بێسەروشوێنان کراوه و مانگانە مووچە لە حکومەتی هەرێم وەردەگرن، بەڵام بەشێکیان خۆیان مامەڵەیان نەکردووە، بۆیە مووچەیان پێنەدراوە.
وتیشی: تائێستا مووچەی کەسوکاری بێسەروشوێنان دەدرێت و هیچ بڕیارێک بۆ بڕینی موچەکانیان نەدراوە.
جگە له و 500 کەسە، لە شەڕی ڕووبەڕبوونەوەی چەکدارانی داعش 13 پێشمەرگە بێسەروشوێن بوون و تائێستا هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ ئاشکراکردنی چارەنووسیان سەرکەوتوو نەبووە.[1]