ئەم کاتەتان باش..
ئەم نامەیە لەرێگای بەڕێزتان بۆ باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغداد و دواتر وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەتان..
دوای جەنگی دووەمی کەنداو، تێکشکاندنی صەددام حسێن لە کوێت، یەکێتی سۆڤیەت هەڵوەشایەوەو ئەمریکا تیۆری (سیاسەتی تازەی جیهانی) ڕاگەیاند، لەم کاتەوە بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی گەورە لەسەر شانی ئەمریکا بووە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. دواتر گەلی کوردستان بەئومێدێکی زۆرەوە ڕوانیویەتی لە ڕۆڵی نێودەوڵەتی ئێوە، بۆ ئەم مەبەستەش بەردەوام هاوسەنگەری ئێوە بوە، دواهەمین سەنگەریش شەڕی #داعش# بوو، هەم #پێشمەرگە#، هەم گەریلا، هەم #شەڕڤان#ان، هاوسەنگەری سەربازانی ئەمریکان، #پەکەکە# لە شەنگال لە #کەرکووک#، لە سوریا شەڕی مەیدانی کردووە، ئێوەش بە فڕۆکەکانتان پشتیوان بوون. بۆیە چاوەڕوانی ئێمە لە ئەمریکا ئەوەبووە:
1- ناوی کوردو پەکەکەو گەریلا لە لیستی تیرۆر دەربهێنێت، هاوکار بێت بۆ چارەسەری سیاسی کێشەی کورد.
2- ئەمریکا بەرپرسیاریەتی نێودەوڵەتی خۆی بەکاربهێنێت بۆ فشار خستنە سەر تورکیا بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ کورد درێژە پێ بدات.
3- بەرپرسیاریەتی ئەمریکا لەناو ئەم هەموو جەنگ و توندوتیژی و کێشانەی ئێستای ناوچەکە، ئەوە دەخوازێت ئێوە عامیلی باش بن بۆ ئارامی و چارەسەری کێشەکان، نەوەکو عامیلی قوڵکردنەوەی کێشەکان.
ئەم بریارەی ئەمریکا سەبارەت بە پارە تەرخان کردن بۆ دەستگیرکردن و دۆزینەوەی شوێنی سەرکردەکانی پەکەکە پێشهاتێکی مەترسیدارە، کارێکی نائەخلاقی، بێویژدانی، نابەرپرسیاری و نا ڕەوشتیە، ئەم کڕین و فرۆشتنە بۆ کورد زۆر جێگای شەرمە.. داواکارم وەکو کوردێک کە ئەم بڕیارە بەهەموو شێوەیەک بەتاڵ بکرێتەوەو لە هیچ پارچەیەکی کوردستان ڕەفتاری بەم جۆرە بەرامبەر کوردی دۆستتان! مایەی دوبارە کردنەوە نەبێ. گەلێکی چەوساوەی بێ دەوڵەتی ئازادیخواز، شایستەی ئەوەیە هاوکاری بکرێت بۆ چارەسەری کێشەکانی نەوەکو کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت.
داواکارم لە برایانی تورکیا دڵتان بەم سیاسەتە و ڕەفتارەی ئەمریکا خۆش نەبێت، چونکە باشترین وانە دەستگیرکردنی ئۆجەلان بوو، کە هیچتان دەست نەکەوت، کێشەی کورد گەورەتر بوو. پێویستە تورکیا خۆی بە پرۆسەی ئاشتی کێشەی کورد چارەسەر بکات، نەوەکو بە هەماهەنگی عامیلی دەرەوە، چونکە بۆ پاشەرۆژی تورکیا هەمان چارەنوسی سوریای ئێستای دەبێت.
هەندرێن شێخ ڕاغب
ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی #حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان#
#08-11-2018#