کۆمپانیای #ڕۆسنەفت#ی ڕووسی پابەندبوونی خۆی بە پرۆژەکانی لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە، سەرەرای ڕەوشی سیاسی هەرێمی کوردستان و ناکۆکییەکانی لەگەڵ بەغدا.
کۆمپانیای ڕۆسنەفت، کە گەورەترین کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، پلانی پێنج ساڵەی پەرەپێدانی ڕاگەیاندووە و پابەندبوونی خۆیشی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان و ڤەنزوێلا دووپاتدەکاتەوە.
پاول فیۆدۆرۆڤ، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیایی ڕۆسنەفت ڕایگەیاند، پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان بەرەو پێش دەبەن و دەڵێت، هەرێمی کوردستان هەلی گەورەی کارکردنی بۆ ڕۆسنەفت تێدایە.
پاول فیۆدۆرۆڤ، جێگری یەکەمی سەرۆکی کۆمپانیای ڕۆسنەفت ڕایگەیاند سەبارەت بە کوردستانی عێراق بەئاشکرا پڕۆژەکانمان بەرەو پێش دەبەین و لەڕاستیدا هەلی کارکردن لە هەرێمی کوردستان، بە لامانەوە سەرنجڕاکێشە.
بەرپرسە باڵاکەی ڕۆسنەفت دەڵێت، هەلەکانی کارکردنی کۆمپانیای ڕۆسنەفت لە هەرێمی کوردستان چەند هێندەن، کە پەیوەستن بە ژێرخانی بەرهەمهێنان و هەڵکۆڵینی نەوت.
کۆمپانیای ڕۆسنەفت پلانی پێنج ساڵی پەرەپێدانی کۆمپانیاکەی ڕاگەیاندووە، بڕیارە تاوەکو ساڵی 2022 بڕی 30 ملیۆن تۆن نەوت کە یەکسانە بە لە 10%ی کۆی بەرهەمهێنانی کۆمپانیاکە بۆ ئاستی بەرهەمهێنانی ساڵانەی خۆی زیاد بکات.
فیدۆرۆف جەختیکردەوە، هەموو وەبەرهێنانی کۆمپانیاکە کە بریتین لە تەرخانکردنی 400 ملیۆن دۆلار لە پێنج بلۆکی نەوتی و دامەزرانی بۆڕی نوێی گازی سرووشتی و بەرزکردنەوەی توانای بۆڕی گواستنەوەی نەوت، وەک چۆن پێشتر ڕاگەیێندراوە، بەردەوام دەبێت.
ئەو بەرپرسە باڵایەی کۆمپانیای ڕۆسنەفت ڕاشیگەیاندووە کوردستان لە چاوی ئێمەدا شوێنێکی لەبارە بۆ وەبەرهێنان. یەدەکی جیۆلۆجی کوالێتی بەرزی هەیە و تێچووی دەرهێنانیش لەوێ نزمە.
هەرچەندە کۆمپانیای ڕۆسنەفت گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی جیهانە، بەڵام بەپێی گەورەییەکەی، بازاڕی نەوتی لەدەستدا نییە. لەبەرئەوەش ئیگۆر سچین، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە بەنیازە لەڕێگەی پرۆژە نێودەوڵەتییەکانی پشکی کۆمپانیاکەی، لە بازاڕی نەوتی جیهاندا بەرزبکاتەوە.
رۆسنەفت لە ئەڵمانیا و هیندستان پاڵاوگەی نەوتی کڕیوە. لە هیندستان گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئەو وڵاتەی بە 12.9 ملیار دۆلار کڕیوە.
رۆژی پێنجشەممە 14-12-2017 لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەڤانیی ساڵانەی لە مۆسکۆ، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی ڕووسیا لە وەڵامی پرسیارێکی تۆڕی میدیایی ڕووداو ڕایگەیاند کۆمپانیاکانی ئێمە بەتایبەتی ڕۆسنەفت لە کوردستانی عێراق کاردەکات، ئێمە پێمانوایە ئەمە هەم لە بەرژەوەندی عێراق و کوردستانی عێراق و بەتایبەتی ئابووری ڕووسیایە. بەگشتی پەیوەندییەکانی ئێمە لەگەڵ کوردستان و لەگەڵ کورد پەیوەندیی مێژوویی و دوورودرێژ و باشن و متمانەیەکی باش لە پەیوەندییەکانماندا هەیە. ئێمە هەست بەو ئاستەنگانە دەکەین کە لە کوردستان هەن لە زۆر بواردا، هیچ بەربەستێک لەبەردەمماندا نییە بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ گەلی کورد، ئێمەش بەردەوام دەبین بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کورد.[1]
#20-12-2017#