دۆخی کوردستان، گەیشتۆتە هەڵدێرێکی مەترسیدار. دەمەوێ بەم پەیامە، گەلە دڵسۆزەکەمان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری شەهیدان و تەواوی لایەنە سیاسیەکان ئاگادار بکەم کەوا:
بەش بەحاڵی خۆم، چاوەڕێ دەکەم پەرلەمانی کوردستان، یان هەر کۆمیتەیەکی شارەزای بێلایەن، هەڵسەنگاندێکی قوڵی هەمەلایەنە، بەبەڵگەوە، لەسەر کۆی ڕوداوەکان بکات، بە ڕوداوی کارەساتباری کەرکووکیشەوە، لەسەر هەرکەس و گروپ و لایەنێک، هەر تاوانێک سەلمێندرا، ئەوکاتە دەبێ دادگا توندترین سزایان بدات. لەناو یەکێتیشدا، بەهەمان شێوە، هەڵسەنگاندن لەسەر هۆکارە ڕاستەقینەکانی کێشە و ڕوداوەکانی ناو یەکێتی، بکرێ. هەتا سەرئەنجامی هەڵسەنگاندن، بەبەڵگەی تەواوەوە، ڕوداوە کارەساتبارەکان، ساغنەکاتەوە، پێشوەخت، تومەت دابەشکردن لەراگەیاندن و لەچاوپێکەوتنەکاندا، کارێکی ناشایستەیە. کە بێگومان، ئەم ڕوداوانە، لەخۆڕا ڕویاننەداوە. هەرلایەک بەپێی سەنگی خۆی و هەموو کاربەدەستێکیش، بەپێی پێگەکەی، پشکی کارەسات و ڕوداوەکانی بەردەکەوێ.
بەش بەحاڵی خۆم، نەک لەم دوو هەفتەیەدا، بەڵکو لەدوای نەخۆشکەوتنی جەنابی مام جەلالەوە، ڕەنجی فەرهادم داوە، هەم لەناو یەکێتیدا و هەم لەنێوان یەکێتی و پارتی و لایەنەکانی تریشدا، هاوکات نێوان هەرێم و بەغداد و دەوڵەتانی ناوچەکە، سیاسەتێکی ئەقڵانی هاوسەنگ بگیرێتەبەر. بەڵام مەخابن، لەبەشێکی بەرچاوی ئەو سیاسەتەدا، بەهۆی هەلپەرست و هەرزەکارانەوە، شکستمان خوارد!
سەبارەت بە ڕیفراندۆمیش، پاساوم بۆ ڕەخنەفرۆشان نەهێشتۆتەوە تانە بخەنە سەر هەڵوێستەکانم. بۆ یەکەمین جارە دەیڵێم: من، بەردەوام لەکۆبونەوەی دووقۆڵی یەکێتی و پارتی و سێقۆڵی لەگەڵ پارتی و یەکگرتوشدا، هەروەها لەکۆبونەوەی لیژنەی باڵای ڕیفراندۆمیشدا، سور بووم لەسەرئەوەی بەدیلی ڕیفراندۆم قبوڵ بکەین و لەگەڵ ئەمریکا، بەریتانیا، دەوڵەتانی ئیقلیمی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و حکومەتی عێراق، گفتوگۆیەکی بەرپرسانە بکەین. بەڵام لەناو ڕای گشتی گەلەکەشماندا، دڵی یەک هاوڵاتی کوردستانیشم، لە داکۆکی بۆ مافە دیموکراسیەکان، ساردنەکردۆتەوە. چەند هەڵەو چەندیش لەو سیاسەتە ڕاست بوبین، وەکو یەکێتی، با ئەمەشیان جێبهێڵم بۆ هەڵسەنگاندن و توێژینەوە.
جەماوەری سەربەرزی کوردستان!
بەم پەیامە ئاواڵەیە، هەموو لایەک ئاگادار دەکەمەوە کەوا:
یەکەم: مەترسییەکی گەورە لەسەر باشورو هەرێمی کوردستان هەیە، کە ببێتە دوو ئیدارەیی و دوو ئیدارەییش، لێکەوتەی شەڕی ناوخۆ و دەستێوەردانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی نەخوازراوی لێ چاوەڕوان دەکرێ.
دووەم: یەکێتی، سەرەنجامی کێشە چارەسەرنەکراوەکانی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال (پێشتریش) گیروگرفتەکانی نزیک کەوتونەتەوە لە بنبەست و مەترسی جیابونەوەیەکی گەورە، هەڕەشە لەیەکێتی دەکات. هەلپەرست و هەرزە ئەقڵەکانی ناو یەکێتی و فەیسبوکبازەکانیش کە هەر خەریکی شێواندنی زهنیەتی خەڵکن، وەکو پێشینان وتویانە: دز بازاڕی شێواوی هەیە. ئەمانەش، لەناو هەموو ڕەوت و جەمسەرەکاندا، زۆر نابەرپرسیارانە، لەرابوردودا بەگشتی و لە دوو مانگی ڕابوردودا بەتایبەتی، دەستیان هەیە، لەم دۆخەی یەکێتی تێیکەوتووە. کە بەداخەوە بەشێک لەئامانجە گڵاوەکانیان هێناوەتەدی!
گەلی لێقەوماومان!
دوو ئیدارەیی و جیابونەوەی ناو یەکێتی، یان جیابونەوەی ناو یەکێتی و دوو ئیدارەیی، لەم هەلومەرجەی دوای کارەساتی کەرکووک، پەیوەندییەکی توندوتۆڵیان بەیەکەوە هەیە.
هەر کوردێکی بەشەرەف و هەر یەکێتیەکی دڵسۆز، ئەگەر بیەوێ، دوای کارەساتی عەسکەری کە لەناوچە کێشەلەسەرەکاندا (بە شارە ئازیزەکەشمەوە خانەقین) بەسەرماندا هاتووە، ڕاماننەکێشێت بۆ کارەساتی سیاسی ترسناکتر، هەقوایە، دڵسۆزان چەند دژی جیابونەوەی هەرێمن، هێندەش پەرۆشی یەکڕیزیی یەکێتی ناو یەکێتی بن.
بەندە، ڕایدەگەیەنم، دژی جیابونەوەم لەناو یەکێتیداو دژی دوو ئیدارەییم. بەتوندی دژی ئەوەشم جگە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ناو یەکێتی، هیچ ڕێگەیەکی تر بگیرێتەبەر. بۆیە پێدادەگرم لەسەرئەوەی ئۆرگانەکانی یەکێتی، تەواوی دەسەڵاتی حزبی و سیاسییان هەبێ. هیچ کەسێک و هیچ بنەماڵەیەک، بۆی نەبێ، لەباتی ئۆرگانە ڕەسمییەکانی یەکێتی، بڕیار بدات. یان کۆبونەوە لەگەڵ هیچ لایەکدا بکات.
هەڤاڵە دێرین و نوێکان دەمناسن، لەهیچ قۆناغێکدا، خۆم لەبەرپرسیارێتیی نەدزیوەتەوە. بەڵام دۆخەکەی کوردستان و بەداخەوە هی ناو یەکێتیش وایلێهاتووە بڵێم:
چیکە، ناتوانم ئاژاوە لە ئاژاوەگێڕان قبوڵ بکەم. هەتا ئێستا لەبەرخاتری کەسوکاری شەهیدان و سەرۆک مام جەلال و پێشمەرگەو مێژووی یەکێتی خۆم بە نیمچەبەرپرسیار لەناو یەکێتی و لەویژدانی خۆمدا زانیووە، ئەوەی لەتواناشمدا بوبێ، هەوڵم داوە بۆ چارەسەر، بەڵام لەمەودوا ئەو نیمچە بەرپرسیارێتیەش کاریگەری نەماوە لەناو هاوکێشەکاندا، بۆیە پێشکەشی ئەوانەی دەکەم، لەناو هەموو جەمسەرەکاندا، هەڵپەیانە مەرام و نەخشەکانیان دوای مردنی سەرۆک مام جەلال بەدیبهێنن. تەنها بەیاننامەکان و چاوپێکەوتنی داهۆڵەکان بژمێردرێ، ئیتر ساغدەبێتەوە چ نەخشەیەکی شاردراوە، لەئارادایە. ڕەخنە تێکەڵ بە ڕق و ڕقیش پیلانی تۆڵەسەندنەوەی بۆ داڕێژراوە.
جەماوەری گەلەکەمان هەرچی ڕەخنەو ناڕەزاییان هەیە بەرامبەرمان، هەقیانە. بەڵام هەلپەرست و بازرگان و ئاژاوەگێڕان، لەباتی ئەوەی دەست بە کڵاوی شکستەکانیان بگرن، نەکا ڕەشەبای توڕەیی خەڵک بیبات، کەچی هێشتا زمانیان پاراوەو پاساویان سازەو تەلەفزیۆنەکانیشیان داگیرکردووە!
لەکۆتاییشدا، جەخت دەکەمەوە، لەهیچ کۆبونەوەیەکدا بەشداری ناکەم، ئەگەر کۆبونەوەکە شەرعیی نەبێ و دوا دەسەڵاتی سیاسی و حزبی، نەگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی. هەرگیز هەژمونگەری هیچ کەسێک و هیچ بنەماڵەیەک و هیچ دەستەگەرییەک، قابیلی قبوڵ نییە بۆم. چونکە کولتوری سیاسی یەکێتی وابووە. نەک ئەمەی دەگوزەرێ.
داوای لێبوردنیش دەکەم لەمکاتەدا، کە گەلەکەمان دوچاری باری نالەبار هاتووە، بەندە، ئەم پەیامە بڵاودەکەمەوە. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر پەیامەکەم زۆر بەپێویست نەزانیبا، وەکو ساڵانی ڕابوردوو، خۆمم دەخواردەوەو ئەرکەکانیشم ڕادەپەڕاند. بەڵام ئێستا، بەش بەحاڵی خۆم، ئیتر قسەنەکردن بە تاوان دەزانم، دیارە قسەی ئێجگار زۆرترم پێیە لەسەر ڕوداوەکان و کێشەکان و دیاردە دزێوەکان، لەسەرانسەری کوردستاندا.. بەڵام نامەوێ بە کارو کاردانەوە هیچ بڵێم، پێشینان گوتەنی: قسە لەکاتی خۆی و لەجێی خۆی. تەنها شانازیشم ئەوەیە کە هەرکاتێک بێمە دەنگی تەواو، نە قەرزارباری حکومەتم و نە هیچ کەسێکی تر. منەتی هیچ لایەکیش نازانم بۆ ئەستۆپاکی. خۆم تەنها بەقەرزارباری کەسوکاری شەهیدان و پێشمەرگە غەدرلێکراوەکان دەزانم و بەس.
#مەلا بەختیار#
18-10-2017