دیاری هەرکی
سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە #پەرلەمانی کوردستان# ڕایدەگەیەنێت، حکومەت پلانی هەیە لە 1-1-2018ەوە بڕێک لە مووچەی فەرمانبەران چاک بکات و سیستەمی #پاشەکەوتی مووچە# ناهێڵێت.
د.عیزەت سابیر، سەرۆکی لیژنەی دارایی و ئابووری لە پەرلەمانی کوردستان بە وێستگەی ڕاگەیاند، بە هەموو پێوەرەکان دەبێت دۆخی ئابووری و بژێویی خەڵک باشتر بکرێت، چونکە ئەو ڕۆژەی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەیان پیادە کرد نرخی نەوت هەرزان بوو، بەڵام ئیستا نەوت دوو ئەوەندەی ئەو کاتەیە، هەروەها داهاتی خاڵە سنوورییەکان و باج زۆر بووە.
وتیشی، حکومەت مانگانە نزیکەی 800 ملیۆن دۆلار داهاتی هەیە و ئەوەی خەرجی دەکات نزیکەی 450 بۆ 500 ملیۆن دۆلارە، بۆیە مانگانە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار داهات لە خەرجی زیاترە، بەداخەوە زۆربەی بە قەرزی ساڵانی پێشوو دەداتەوە و بیری لە باشکردنی بژێوی ژیانی خەڵک نەکردۆتەوە).
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەندەی دەزانم حکومەت پلانی هەیە لە 1-1-2018ەوە بڕێک لە مووچەی فەرمانبەران چاک بکات و سیستەمی پاشەکەوتی مووچە ناهێڵێت، ئەوەش نەک لە بەر خاتری فەرمانبەران، بەڵکو لەبەرئەوەی دەکەوێتە ژێر قەرزێکی ئەوەندە گەورەوە کە هەرگیز پێی نادرێتەوە، ئێستا بڕی ئەو پاشەکەوتی مووچەیەی کە قەرزە لەسەر حکومەت لە نزیکەی 7 ملیار دۆلار نزیک بۆتەوە.
د.عیزەت وردەکاری پلانەکەی ئاشکراکرد و وتی، پلانەکەش ئەوەیە لە 1-1-2018ەوە مووچەی بنەڕەتی، دەرماڵەی خێزان و منداڵ، بۆ پیشەییەکان دەرماڵەی پیشەیی بۆ نموونە ئەندازیاری دەرماڵەی ئەندازیاریی، پزیشکی بەهەمان شێوە، بۆ هێزەکانی ئاسایش دەرماڵەی مەترسی، بۆ مامۆستای زانکۆ دەرماڵەی بڕوانامە، بەو شێوەیە سیستەمێک دادەڕێژن و شتێک بە ناوی پاشەکەوتی مووچەوە نامێنێت.
سەبارەت بەوەی سیستەمی مووچە بۆ پێش پاشەکەوتکردنی مووچە دەگەڕێتەوە؟، ناوبراو وتی، هەرگیز بە تەمەنی گەلی کورد لە باشووری کوردستان نابینێتەوە ئەوەی لە 2013دا وەریدەگرت جارێکی دیکە وەریبگرێتەوە، چونکە ئەگەر 100%ی ئەوەی پێشتریش پێبدات، بەڵام لەولاوە هەموو شتێکی کردووە بە پارە و بە خۆڕایی نەماوە، کەواتە وەکو ئەو کاتە ناژیت، بۆ نموونە منداڵەکەت دەنێریتە دایەنگە دەبێت بە پارە، دەڕۆیتە نەخۆشخانە بە پارەیە، منداڵەکەت دەنێریتە زانکۆ بە پارەیە، ئەو کاتە بەخۆڕایی بوون.
لە لایەکی ترەوە، بە پێی بەڵگەیەکی کۆمپانیای سۆمۆی عیراقی، لە ماوەی ئەمساڵدا هەرێمی کوردستان 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە کە داهاتەکەی دەکاتە پێنج ملیار دۆلار.
عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی گۆڕان لە فەیسبوک بەڵگەنامەیەکی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)ی بڵاوکردەوە کە تایبەتە بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە #01-01-2017# ەوە بۆ 22-8-2017.
بەپێی بەڵگەنامەکانی سۆمۆ، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو 22ی ئاب، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 125 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە. نرخی نەوت بە تێکڕا 51 دۆلارە، هەرێمی کوردستان 40 دۆلاری بۆ ماوەتەوە، بەمەش کۆی داهاتی نەوت 5 ملیار و 24 ملیۆن دۆلارە.
عەلی حەمە ساڵح دەڵێت، لەو ماوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا شەش موچەی بە سیستمی پاشکەوت دابەشکردووە کە سێ ملیار دۆلار دەکات. بەمەش تەنیا لە نەوتی بۆری دوو ملیار و 24 ملیۆن دۆلار دیار نییە، جگە لە داهاتی بەرهەمە نەوتییەکان و 170 ملیۆن دۆلاری مانگانەی داهاتی ناوخۆ، ئێستا ئەوانەی دەڵێن داهات بەشی موچە ناکات قسەیان چییە؟
هاوکات، #وەزارەتی سامانە سروشتییەکان#ی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو کۆمپانیای دی ئێن ئۆی نەرویجی و گەنەل ئێنێرجی تورکی لە بواری بەرهەمهێنانی نەوتدا، ڕێککەوتنێکی نوێ ئیمزا دەکەن و بەو هەنگاوەش دوو کۆمپانیاکە لە قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم خۆش دەبن. ڕۆژی 24-8-2017 وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لەڕێی ڕاگەیەندراوێکەوە ئاماژەی بە ڕێککەوتنەکە کردوە و دەڵێت، پشکی کۆمپانیای نەوتی دی ئێن ئۆی نەرویجی لە کێڵگەی نەوتی تاوکێ بۆ 75% زیاتر دەکرێت).
بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، 20%ی پشکی قازانجی حکومەتی هەرێم لەو کێڵگەیە بۆ کۆمپانیا نەرویجییەکە دەبێت، لە بەرانبەردا لە قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم خۆش دەبێت.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوە ڕونکراوەتەوە، کە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیای گەنەل ئێنێرجی تورکی-یش ڕێککەوتوە بۆئەوەی پشکێکی زیاتر لە داهاتی پێبدرێت کە بریتییە لە 4.5%ی ئەو نەوتەی لە کێڵگەی تاوکێ پێی دەفرۆشرێت. لە بەرانبەریشدا کۆمپانیا تورکییەکە لە قەرزەکانی سەر حکومەتی هەرێم خۆش دەبێت.
پاش ئاشکرابوونی ئەو ڕێککەوتنەی حکومەتیش لەگەڵ هەردوو کۆمپانیاکە، بەهای پشکەکانی دی ئێن ئۆ و گەنەل ئێنێرجی بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە، کە یەکەمیان بەرزبونەوەکەی دەگاتە 6.5% و دووەمیشیان دەگاتە 6.9%.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان جەختیکردۆتەوە زۆر خۆشحاڵە بەو ڕێککەوتنە، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵی داهاتوە و لە ڕۆژی 1-8-2017ەوە چۆتە بواری جێبەجێ کردنەوە.[1]
28-08-2017