شاری #موسڵ# یەکێکە لە کاولگە گەورەکانی دوای داگیرکارییەکانی #داعش# بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە و ڕاگەیاندنی خەلافەتەکەیان لە عێراق و سووریا، پسپۆران ئاماژە بە پێویستی 100 ملیار دۆلار دەکەن بۆ نۆژەنکردنەوەی شارەکە لە دوای ئاوابوونی داعش.
ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، سەرباری وەحشیگەرییەکانی لەو کوشتارگانەی لە ناوچەکەدا لە دوای 2014وە نایەوە، کاولکارییەکی گەورەشی لەسەر هەر خاکێکدا بەجێ هێشتووە، کە ڕۆژێ لە ڕۆژان پێیدا تێپەڕیوە و لە ماوەکانی ڕابردوودا کەوتوونەتە ژێر ڕکێفی.
کەناڵی (ئەلحورە)ی عێراقی، لە ڕاپۆرتێکدا لەبارەی شاری مووسڵی دوای داعش لە ڕووی بنیات و شارستانیەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات کە مووسڵ زیاتر لە شارێکی ئەورووپای دوای کاولکارییەکانی شەڕی دووەمی جیهانی دەچێت، کە هیچی بەسەر یەکەوە نەماوە.
لەبارەی نۆژەنکردنەوەی شارەکەوە، باسم ئەنتوان پسپۆری ئابووری عەرەبی لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکە دەڵێ بە لایەنی کەمەوە 10 ساڵی تر پێویستە بۆ نەهێشتنی شوێنەواری کاولکارییەکانی داعش، بەو مەرجەی لەم ماوەیەدا بتواندرێ بڕی 100 ملیار دۆلار بۆ نۆژەنکردنەوەی شارەکە و بنیاتنانەوەی سەر لەنوێ دابین بکرێت.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە بنیاتنانەوە و نۆژەنکردنەوەی مووسڵ لە سایەی ئەم حکوومەتی ئێستە لە بەغدا هەیە، کارێکی ئەستەمە، جارێک لەبەر ئەوەی نیازێکی وا گەورە و بەم ئاستە لە گۆڕێدا نیە بۆ ڕاستکردنەوەی شارە ڕوخاوەکە، لەلایەکی ترەوە جیاوازی تایەفەگەری و دابەشبوونی عێراق بەسەر دوو بەشی سونە و شیعەدا ڕێگرییەکی دیکەیە.
لای خۆیانەوە پسپۆرانی سیاسیی عێراقی ڕەشبینن بتواندرێ مووسڵ جارێکی تر ئاوەدان بکرێتەوە، بوونی گەندەڵیش بە ڕێژەیەکی بەربڵاو لەنێو دەزگاکانی حکوومەتی عێراقدا، بە گەورەترین بەربەست لەبەردەم نۆژەنکردنەوەی شارەکە دەزانن.
لەلایەکی ترەوە لایەنە شیعیەکانی عێراق، بەتایبەتی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، داوا لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبی دەکەن پشکدار بن لە نۆژەنکردنەوەی شارەکە، ئەمەش لەلایەکەوە بۆ هاوکاریکردنی چاکردنەوەی ئەو کاولکارییە گەورەیەی داعش بەسەر مووسڵیدا هێناوە، لەلایەکی تریشەوە بۆ ڕەواندنەوەی ئەو هەوری گومانەی لەسەر وڵاتانی کەنداودا هەیە بەوەی بەردەوام پەنجەی تۆمەتبارکردن ڕوو لە وڵاتانی کەنداوە لەبارەی هاوکاریکردنی داعش لە هێرشیدا بۆ سەر عێراق و سووریا.
02-07-2017