دوای ئەوەی لە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 21-10-2016 لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە هێرش کرایە سەر چەندین گەڕەکی باشووری شاری کەرکووک و قەزای دبس، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە بە پاڵپشتی جەماوەر، توانیان ئازایانە ڕەوشەکە کۆنترۆڵ بکەن و شکست بەو نیازەی داعش بێنن کە بتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر خۆیان لە چەند گەڕەکێکی کەرکووکدا حەشار بدەن و بە دروستکردنی پشێوی گوایە گوشار لە سەر موسڵ کەم دەکەنەوە.
لە پەرچەکرداری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە و خۆبەخشانی شاری کەرکووکدا، توانرا زۆربەی تیرۆریستان لە ناوەوە و دەرەوەی شار لەناو ببردرێن. هەروەها لە میانەی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی هێزەکانی ئاسایشی کەرکووک و ئاسایشی هەولێر، لە ناو شاری کەرکووکدا توانرا چەند تیرۆریستی بەشداربووی ئەم کردارە تیرۆریستیە دەستگیر بکرێن بە ناوەکانی:
1. ئەکرەم تاها عیدان ئەحمەد دلێمی، ناسراو بە ئەبو مستەفا، ئەمیری ئەمنیی کەرتی کەرکووکی داعش، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە.
2. عەبدولرەحمان فازل عەبولرەحمان ئەلعززی، ناسراو بە ئەبو محەمەد بەرپرسی ئیداری و مالیی داعش لە ناو کەرکووک، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە.
3. عەبدولعەزیز مەحمود عیدان دلێمی، ناسراو بە عەزاوی، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و کاری چاودێری پێشوەختەی ئامانجەکان.
4. عەبدولرەحیم ئەحمەد عەبدوللا یاسین، ناسراو بە ئەبو عەلی، هاوکاری ئیداریی تیرۆریستان بەر لە هاتنیان بۆ ناو شار و دواتر بەشداریی کردەوەکە.
5. لەیس فەلاح نعمە ئەحمەد جەبوری، ناسراو بە ئەبو غەسان، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و ئەندام لە کەتیبەی ئینغماسی.
6. عەبدولرەحمان فازل عەباس محەمەد عوبێدی، ناسراو بە ئەبو یەحیا، گواستنەوەی خۆکوژەکان بۆ دبس.
7. عەلی حوسێن حەمەد ئیبراهیم جەبوری، ناسراو بە ئەبو موحەمەد، داڵدەدانی تیرۆریستان و گواستنەوەیان.
8. موهەنەد ئیبراهیم عەلی دلێمی، ناسراو بە ئەبوو لەیس، بەشداربووی کردەوە تیرۆریستیەکە و گواستنەوەی تیرۆریستان بە قەلاب بۆ نزیک کەرکووک.
ئێستا لێکۆلینەوە لەم کەسانە بەردەوامە و بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکان دەرکەوتووە کە، سەرپەرشت و پلاندانەری ئەم کردەوە تیرۆریستیە کەسێکە بە ناوی(مازن نەزهان ئەحمەد عەبدوللا ئەلعوبێدی ئەلریاشی) کە ناسراوە بە (ئەبو ئیسلام ئەنساری) ناوبراویش بە برینداری لە گەرەکی یەکی حوزەیران لە لایەن هاوولاتیانەوە دەستگیر کراوە و دراوەتە دەست لایەنە ئەمنیەکانی کەرکووک.
ئەم تیرۆریستانە توانیویانە لە بۆشاییەکی نێوان داقوق و بەشیر سوود وەرگرن و دەستە دەستە چەکدارەکانیان لە حەوێجەوە بهێننە نزیک شەریکەی تارق لە باشووری کەرکووک و دواتر تیرۆریستان کە ژمارەیان لە سەرووی سەد چەکدار بووە بە چوار بارهەلگری کیا و قەلابێک گواستراونەتەوە بۆ کەرکووک و بە سەر ئەو شوێنانە دابەشکراون کە کرانە ئامانجی هێرشە تیرۆریستیەکەیان. لێکۆلینەوە لەم کەسانە بەردەوامە و لە ماوەیەکی نزیکدا هاوولاتیانی خۆراگری کەرکووک و کوردستان لە ئەنجامەکان ئاگادار دەکەینەوە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
23-10-2016