بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەناوی گەلەوە
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردستان ئێراق
پشت بە حوکمی بڕگە (1) لە ماددەی (56) لە یاسای ژمارە (1) ی ساڵی (1992) ی، هەموار کراوو، لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئێراق، ئەنجوومەنی نشتمانیی کوردستان – ئێراق لە دانیشتنی ژمارە (11) ی ڕۆژی (18-04-2007) ی خۆیدا، بڕیاری دانانی ئەم یاسایەی خوارەوەی دا:
یاسای ژمارە (7) ی ساڵی 2007
یاسای هەموارکردنی دووەمی یاسای سەندووقی خانەنشینی پارێزەرانی هەرێمی کوردستان ئێراق ژمارە (18) ی ساڵی 1999
ماددەی یەکەم:
بڕگەی (یەکەم) لە (دووەمدا) لە ماددەی شەشەمی یاساکە هەموار دەکرێ ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە.
یەکەم: بڕی بەشداریی کردنی ساڵانە بەپێی ماوەی تۆمارکردنیان، لە پارێزەران بەم شێوەیەی خوارەوە وەردەگیرێت.
أ- (30000) سی هەزار دینار ئەگەر (سێ) سالأ بەسەر تۆمارکردنی تێنەپەری بێت.
ب- (40000) چل هەزار دینار ئەگەر (سێ) سالأ بەسەر تۆمارکردنی دا تێپەری بێت.
ج- (50000) پەنجا هەزار دینار ئەگەر (پێنج) ساڵ بەسەر تۆمار کردنی دا تێپەری بێت.
د- (60000) شەست هەزار دینار ئەگەر (دە) سالأ بەسەر تۆمارکردنی تێپەری بێت.
ه- (70000) حەفتا هەزار دینار ئەگەر (پازدە) سالأ بەسەر تۆمارکردنی دا تێپەری بێت.
و- (75000) حەفتا وپێنج هەزار دینار ئەگەر (بیست) سالأ یا زیاتر بەسەر تۆمارکردنی دا تێپەری بێت.
ماددەی دووەم:
ماددەی (15) لە یاساکە هەمواردەکرێ وبەم جۆرە دەخوێنرێتەوە:
مووچەی خانەنشینی تەرخان دەکرێت لەسەر بنەمای (2000) دوو هەزار دینار بۆ هەر مانگێک بۆ ماوەی خانەنشینی بەپێی حوکمەکانی ئەم یاسایە وبۆ ئەم مەبەستەش بەشی مانگی دوایی بەمانگی تەواو دادەنرێت.
ماددەی سێیەم: ماددە (16) لە یاساکە هەڵدەوەشێتەوە ئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
دەکرێت مافی خانەنشینی پارێزەرایەتی و فەرمانبەریەتی یا کارکردن یا هەر مافێکی خانەنشینی لە سندووقێکی تر بخرێتە سەر یەک بە مەرجێک هەمووی لە (750000) حەوت سەد وپەنجا هەزار دینار تێنەبەرێت.
ماددەی چوارەم: بڕگەی دووەم لە ماددە (20) هەڵدەوەشێتەوە وئەمەی خوارەوە جێی دەگرێتەوە:
دووەم: لە کاتی ئیعتیرازکردنی پارێزەر یا خانەنشین لەلای ئەنجوومەنی وردەکاریی (15000) پازدە هەزار دینار وەک یارمتە لێوەردەگیرێت وکاتێک کە دەرکەوت لە ئیعتیرازەکەی خاوەن هەقە ئەوا پارەکەی بۆ دەگەڕێتەوە.
ماددەی پێنجەم: ماددەی (21) ی یاساکە هەڵدەوەشێتەوە بەم شێوەی خوارەوە دەخوێنرێتەوە:
بەدەر لە حوکمەکانی ماددەکانی پێشوو دەستە ئەمانە دەبەخشێ:
1- خێزانی ئەو پارێزەرانەی کە لە ئەنجامی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان ئێراق شەهید بوون مووچەیەکی خانەنشینیان پێ دەدرێ کە مانگانە (400000) چوارسەد هەزار دینار کەمتر نەبێ.
2- خێزانەکانی ئەو پارێزەرانەی کۆچی دواییان کردووە لە دوای کشانەوەی دەستەڵاتی مەرکەزی لە کارگێڕیی کوردستان لە 23-10-1991وە تاکوو دەرچوونی یاسای سندووقی خانەنشینی پارێزەرایەتی ژمارە (18) ی ساڵی 1999 مووچەیەکی خانەنشینیان پێدەدرێ مانگانە لە (300000) سێ سەد هەزار دینار کەمتر نەبێ.
ماددەی شەشەم:
حوکمەکانی ئەم یاسایە ئەو پارێزەرانەش دەگرێتەوە کە پێشتر بەر لە جێبەجێ کردنی ئەم یاسایە خانەنشین کراون ومووچەکانیان بەو پێیە هەموار دەکرێ.
ماددەی حەوتەم:
کار بەهیچ دەقێکی یاسایی یا بڕیاریک ناکرێت گەر لەگەڵ أ حوکمەکانی ئەم یاسایە ناکۆک بێت.
ماددەی هەشتەم:
پێویستە لەسەر وەزیرە تایبەتمەند ولایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ بکەن.
ماددەی نۆیەم:
ئەم یاسایە لە ڕۆژی بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی (وەقائیعی کوردستان) جێبەجێ دەکرێت.
عەدنان موفتی
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی
کوردستان ئێراق