لە زمانی خۆیەوە:
من مانگی پووشپەڕی ساڵی (1334) ی هەتاوی، ساڵی (1955) ی زایینی، لە شاری (#سنە#) ی کوردستانی بندەستی ئێران، لە دایک بووم، جگە لە خۆم چوار برا و چوار خوشکی دیکەم هەیە، سەردەمی منداڵییم، پڕ بوو لە کێشەی زۆر، بەهۆی پێکهاتەی گەڕەکەکەمانەوە، (پیشە) ی باوکم بەرگدروو بوو، دوای خوێندن لە قوتابخانەش دەگەڕامەوە بۆ دووکان بۆ لای باوکم بۆ ئەوەی یارمەتیی بدەم. دووکانی باوکم لەناو مەیان میوەفرۆشیدا بوو، ڕۆژان لەبەر خەڵک و پەرژینی هەبێ، ئاژەڵ و بار و چەرخ و داشقەی حەمباڵ و هیدیکە، ئەوەندە قەرەباڵخ و جەنجاڵ بوو، ڕێ نەبوو هەنگاو هەڵگری، لەو سەردەمەدا ڕادیۆ تەنیا لە گەورەماڵان و چایخانەکاندا هەبوو، من کە حەزم لە هونەری گۆرانیی بوو، ڕۆژان ڕووم دەکردە قاوەخانەکان بۆ ئەوەی بەهۆی گرامافۆن و ڕادیۆی پیلیی ئەو سەردەمەوە گوێ لە گۆرانیی گۆرانیبێژە کوردەکان بگرم.
لە تەمەنی شەش ساڵاندا لە خوێندنگەی (هەدایەت) ، لە شاری سنە لە بەر خوێندنیان دانام، خوێندنیش دیارە فارسی بوو، لە پۆلی دوودا بووم، لە پەنای خوێندنگەکەماندا مەلایەکی پیری خوێنشیرین، دووکانێکی دانابوو کە قەڵەم و کاغەز و دەوات و شیرینیجاتی وەکوو (ئاودوونان و کەشکەتونە و کونجێگەزۆ و گۆچانقەن و ڕەحەت و کولیچە و هیدیکە) ی دەفرۆشت و وانەی قورئانیشی دەگوتەوە.=KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/143/0025.JPG=KTML_Photo_Alt=ناسری ڕەزازی=KTML_Style=width:25%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/143/0025.JPG=KTML_Photo_End=
بەڵێ باوکم دەستی گرتم و بردمی بۆ لای ئەو مەلایە و بەڵێنی لەگەڵ بەست، کە پاش تەواوبوونی خوێندن، قورئانم پێبڵێ، منیش هەرچەندە دڵکاو (ڕازی) نەبووم، دەستم پێ کرد، جا وەرە دوو قوڕبەسەریی گەورە، بۆ منی ژێردەستی داماو، دەبوو دوو زمانی بێگانەی بە زۆر بەسەرماندا سەپێنراو بخوێنین و زمانەکەی خۆشمانیان لێ کردبووین بە قوڕقوشم و ژەقنەمووت، بۆیە ئێستاش کوردی وامان هەیە خۆی ناناسێ و نازانێت کێیە!. ئەگەر خوێندن تەواو دەبوو و خوێندنگە دادەخرا، منداڵان بەردەبوونە کووچە و کۆڵان بۆ کایە و، منیش دەبوو بچمە خزمەت مەلا، بۆ وانەی قورئان، مەلا ئەوە خەریکی وتنەوەی (ئەلف سەر ئا، لام زەنە ئەل) بوو، منیش بیر و هۆشم لە لای منداڵان بوو، کە جاروبار بە شووڵەکەی دەستی، حەسیری سەر عەرزەکەی دادەگرت و ئێمەش بە شەقە و شریخەی شووڵەکە ڕادەچڵەکاین، تەنیا چاکەیەک کە هەیبوو، هەرگیز لە کەسی نەدەدا، تەنیا حەسیری سەر زەویەکە نەبێ، حەسیریش وای لێهاتبوو، ئەگەر گیان و هەستی هەبا، شکاتی دەبردە بەر خودا و پێغەمبەر، چونکە ئەوەندەی پێدا کێشابوو، شڕی کردبوو.
چارم نەبوو، حوکمی حاکم بوو و مەرگی موفاجات، منداڵیش بووم، لە فێڵ و تەڵەکەی وا ڕانەهاتبووم کە خۆم بدزمەوە و نەچم، ساڵی دوایی دەستم کرد بە گغنیدان و درۆ و دەلەسە، تا پێمدەکرا نەدەچووم، هەندێک جار مەلا بۆ ئەوەی پووڵەکەی نەفەوتێ لە پەنا دیواری دووکانەکەی کە پاڵی وە دەروازەی خوێندنگەکەوە دابوو، خۆی حەشار دەدا و دەیگرتم و دەیوت: بێرەو قورئانەکەو بخوێنە زوڕیەت، ئەنا ئەیژم بە باوکۆ داتپڵۆسێ، هاااا! منیش ئیتر چارەم نەمابوو، چونکە دیواری مەدرەسەی هەدایەتیش وا نەبوو کە بە سەریدا باز دەم و خۆم دەرباز بکەم، ناچار دەچووم بەڵام چوونی چی؟ چی پێدەوتم لەم گوێچکەمەوە دەچوو، لەوی دیکەمەوە دەهاتەوە دەرێ، پاش ماوەیەک (مەلا) ، کە لە سنەی ئێمەدا پێیان دەڵێین (مامۆسا، یان مەڵا) و بڕێ جاریش هەر دوو وشەکە پێکەوە بەکار دێنن، وەکوو مامۆسا مەڵا ئەحمەو. شکاتی خستە بەر باوکم کە گوێنادا و، خۆی دەدزێتەوە و هیدیکە، باوکیشم دوای لێدانێکی قوورس و قۆڵ، ئەمجارەیان بردمی بۆ لای (مامۆسا مەڵا ئەحمەد) ی خەڵکی تاڵش، بۆ درێژەپێدان و خوێندنی قورئان، ئەو مەلایە ئەگەر بە هەڵە نەچووبێتم، ئیمامی مزگەوتی کەریم ڕەئووف بوو، لە پشت دووکان (حاجی ماشەڵای ڕەنگڕێس) ەوە، چەند برا بوون، هەر هەموویان مەلا بوون، نازانم چۆن و لە بەر چی، ئەو مەلاگەلە تەرای وڵاتی ئێمە بووبوون؟. من پێم وایە لە بەر ئەوە بوو، کە تاڵشییەکان سوننین و لە وڵاتی ئێمە واتە کوردستان، تەگەرەیان نەدەهاتە سەر ڕێ و دەحەسانەوە، بەڵێ لەوێش لە بەر هەیکەلی ناقۆڵا و ناحەزی مامۆستا و چێوفەڵەک و لێدان لە قوتابییەک، ئەو هەڵاتنە هەڵاتم نەگەڕامەوە، تا ئەم جارەیان لە گەڕەکی خۆمان لە (کانی کەمێزی) لە لای مەلا عەبدوڵڵای ئیمامی مزگەوتی (حەمە حسێن بەفری) دایاننام، مەلای نێوبراویش لە خانەقای شێخ سەلام، یان تەکیەی حاجی سەی وەفا، لەوێ وانەی پێدەوتینەوە، لەوێ ئیتر چونکە گەڕەکی خۆمان بوو و هاوسەر و هاوماڵی خۆمی تێدا بوو، داکاسرام و حەوت جزمی قورئانم لە ماوەیەکی کوورتدا تەواوکرد و مامۆسا لە خۆشی ئەم زیرەکییەی من و گەیشتن بە سوورەی: تەوابەن، مامرە کوڵە سەوابەن، بۆ مامۆسا کەبابەن، میوانییەکی بە باوکم سازدا و منیان هاندا کە لەبەر ئەوەی دەنگم خۆشە لە مزگەوتیشا بانگبدەم، باوکیشم کەیفی پێدەکرد.
لە پۆلی شەشی سەرەتاییدا بووم، دیارە لە پەنای قورئانخوێندندا، باوکم بە زۆرەملیی، هەمیشە لە گەل خۆی دەیبردم بۆ نوێژ و، ڕەمەزانانیش نەیدەهێشت ڕۆژووم بفەوتێ، بۆ ماوەیەک بووم بە بانگبێژی مزگەوتی گەڕەکی خۆمان، خادەمی ئەو مزگەوتە نێوی (شامحەمەو) بوو، هەرچی بانگی دەدا، لە بەر پێکەنین کەس خۆی پێرانەدەگیرا، دەنگی ناخۆش بوو، بانوتنەکەی بە جۆرێک بوو، دەتوت بێگاری پێدەکەن، خوای لێخۆش بێ، پیاوێکی بەڕێز و خواناس بوو. لە پۆلی شەش دەرنەچووم و داکەوتم و مامەوە بۆ ساڵێکی دیکە، لە بەر باوکم نەمدەزانی چیبکەم، لە ترسان کونەمشکم لێ بووبوو بە کۆشک و سەرا، چوومەوە بە دایکمم گوت: ڕفووزەم. دایکی داماویشم، لە تاو مێردی زاڵم، لە خەفەتا واقی دابوو، چونکە دەیزانی باوکم وام لێدەکا، کە بە لۆکە ئاو بتکێننە دەمم.
باوکم زانی لە پوولی شەش دەرنەچوومە، هاتە جەستەم و غەشی بێکاریی و منداڵزۆریی و کۆڵەواریی خۆی پێرژاندم، لێشمنەدەگرت، چونکە لە گەڕەکێکی نالەبار و ڕەپۆشەخەراپدا پەروەدە بووم، گەڕەکێک، بێژگە لە کرێکار و زەحمەتکێش و کاسبکار، پیشەیێکی باڵای تێدا نەبوو، ئەو گەڕەکەی ئێمە لە دێهاتێکی دوورەدەست دەچوو، بەو مێگەل و وڵاخدار و پێکهاتەسەیرەی خۆیەوە کە هەیبوو. منیش ئیتر وام لێهاتبوو کە دەربەستی کوشتن و لێدان نەدەهاتم، وەک کوردەکە دەڵێت: بووبووم بە چەرمی ئاوەسوو! بە جێگای ئەوەی کە چاک بم، ئەوەندەی دیکە لاسار و سەرەڕۆم لێدەرهات، چونکە دەموت لە لێدان بەو لاوە، چیدیکە هەیە؟. ئەوەندە ڕقم لە خوێندن هەڵگرتبوو، کە هەر ڕۆژێ دەچوومەوە بۆ خوێندنگە، حەزم دەکرد بڵێن: مامۆستاکەتان نەخۆشە، یان کەوتووە و بریندارە و ملی شکاوە و هیدیکە، بۆ ئەوەی لە دانیشتن و گوێگرتنی ناو پۆل ڕزگار ببم!
سەرتان نەیێشێنم، پاش وەرگرتنی دیپلۆم لە ڕشتەی وێژە (ئەدەب) دا، بووم بە مامۆستای خوێندنگەی سەرەتایی لە دێهاتێ لەنێوان سنە و #مەریوان# بە نێوی (بزان) ، کە بەداخەوە هەر بزانیشم بەچاو نەدیت، لەبەر بەسەرداهاتنی ڕاپەڕینی گەلانی ئێران و شۆڕشی کوردستان، چونکە ئیتر نەمتوانی مامۆستایەتییەکە درێژە پێبدەم و کەوتمە زیندان، پاش بەربوون لە زیندان لەگەڵ کۆچکردوو مەرزیە و دوو منداڵەکانمان، دڵنیا و #ماردین#، چووینە شاخ و بووین بە پێشمەرگە.
وەکوو گۆرانیبێژێکی کورد، تا ئێستا نزیک بە (40 کاسێت) ی گۆرانیی فۆلکلۆر و ئەویندارانەم لە وڵات تۆمار کردووە و بڵاو کراونەتەوە، لە شۆڕشی کوردستانیشدا چەندساڵ وەکوو پێشمەرگەیەک خەباتم کردووە و، کۆمەڵێک گۆرانیی نیشتمانی و شۆڕشگێڕانە و سروودی سیاسییم لە 4 کاسێتدا بڵاو کردووەتەوە، گۆرانیی و سروودەکانی من، وێردی سەر زمانی خەڵک و پێشمەرگە و ڕادیۆکوردییەکانی شۆڕشی کوردستانە و هاندەریانە بۆ خەبات دژی ستەم و زۆر و بانگەوازە بۆ ئازادی و ڕزگاری کوردستان. دوای وازهێنان لە پێشمەرگایەتی، لەگەڵ مەرزیە و منداڵەکانمان، دڵنیا و ماردین، هاتینە وڵاتی سوید و وەکوو پەنابەر ماینەوە، لێرەش بووین بە خاوەنی کوڕێکی دیکە بە نێوی کاردۆ.
لێرە، لەم چەند ساڵەی ژیانی هونەریماندا لە هەندەران، وێڕای بەشداریی لە زۆر ئاهەنگ و جێژنی نەتەوایەتی و سیاسیی کوردیی، لە دەرەوەی وڵات، بە چەرمەسەری توانیومە (7 سیدی) ی دیکەی گۆرانیی تۆمار بکەم و بڵاوی بکەمەوە، هەرچەند کاری سەرەکیم، گۆرانیوتنە، بەڵام وەکوو نووسەرێکی کوردیش، چوار پەرتووکیم بە نووسین و وەرگێڕان بڵاو کردووەتەوە، لەو ماوەیەشدا پەرتووکێکم لەلایەن چاپخانەی موکوریانەوە دێتە بازاڕ، کە بەرهەمی چەندینساڵ پرسوجۆ و یاداشتی سەردەمی پێشمەرگایەتیمە کە نێوی کوردیم تێدا کۆکردووەتەوە. هەروەها چەندین وتاریشم لەسەر مووزیکای کوردیی و گۆرانیبێژەبەنێوبانگەکان و گیروگرفتی هونەرمەند لە دەرەوەی وڵات و کێشەی زمانی کوردیی و پرسگرێکی کوردستان، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکاندا بڵاو کردووەتەوە.
ساڵی 2004 لەگەڵ مەرزیە بڕیارماندا کە لە سوید نەمێنین و بڕۆینەوە بۆ ئەو پارچڕزگارکراوەی نیشتمانەکەمان. ئەوە بوو ڕۆشتینەوە بۆ کوردستانی باشوور و لەوێ لە شاری دووکان ماینەوە، بۆ ئەوەیکە ئەو چەندساڵەی کۆتایی تەمەنمان لەوێ بەرینە سەر، بەداخەوە ساڵی 18-09-2005 مەرزیە، بەهۆی نەشتەرگەرییەکی ناسەرکەوتوو کۆچی دوایی کرد و منیش تووشی سەرلێشیوایی بووم. دوای ئەوەی کە زانیم ناتوانم بەتەنیا بژیم، دیسان هاوسەرگیریم کرد و لەگەڵ (ئێران) ی هاوسەرم گەڕاینەوە بۆ سوید و ئێستا لە ستۆکهۆڵم دەژین.
لەم ماوەی ئەم چەندین ساڵەی کە لە سوید ژیاوم، (چەندین گەشتی هونەریی) م بۆ وڵاتانی: ئوتریش، ئیتاڵیا، ئاڵمان، فەڕەنسا، ئینگلیس، هولەند، بلژیک، دانمارک، فینلاند، نورڤێژ، سویس، ئامریکا، کانادا، ئوسترالیا، سۆڤیەتی جاران، ئازەربایجانی بندەستی سۆڤیەتی کۆن، یۆنان، بولغارستان، قبرس، ڕۆمانیا، ئێراق، تورکیە، کوردستانی بندەستی تورکیە، کوردستانی ئازادکراو و هیی دیکە کردووە، کە بۆ هەر وڵاتێکیان، چەندین جار سەفەرم کردووە و ئاهەنگم گێڕاوە. لەبەر ئەوەش کە پێشمەرگە بووم و ناوچەکوردنشینەکانی کوردستان گەڕاوم و دیالێکتەکوردییەکان فێربوومە و شارەزای زمانی کوردییم، بە چوار زاراوەی کوردیی گۆرانیی دەڵێم: #هەورامی#، #کەلهوڕی#، کرمانجیی، #سۆران#یی، کە مەبەستیشم لەمکارە، تەنیا ئەوە بووە کە خزمەتێک بە کورد و نزیککردنەوەی زاراوەکان بکەم. هەروەها لە چەندین (فستیڤاڵ و گاڵا) دا لە ئەوروپا بەشداریم کردووە، بۆ نموونە: کۆنگرەیەک بۆ کورد لە سویس لە شاری ژنێڤ، ساڵی 1990. فستیڤاڵی وۆمەد Womad FESTIVAL لە هامبوورگ، بەنێوی Weltbeat ساڵی 1991. گاڵایەک بۆ ڕەوەکەی کورستان لە ستۆکهۆڵم ساڵی 1991. فستیڤاڵی World Root Festival لە هولەند ساڵی 1992. فستیڤاڵی Sacred voices دەنگە پیرۆزەکان لە ئینگلیس، لە شاری لەندەن ساڵی 2000. کۆففرانسێک لەسەر مێژووی موۆسیقای کوردی لە لەندەن ساڵی 2000. هەروەها چەندین فستیواڵی دیکەی گەورە لە سپانیا و ئینگلیس و فەڕەنسا و سوید و ئامریکا. درێژەی هەیە....