هزرڤان و نووسەری بیروردی کورد و کەسایەتی ناسراوی کوردستان مامۆستا مەسعود محەمەدی #جەلیزادە# لە ساڵی 1919دا لە شاری #کۆیە# لە بنەماڵەیەکی ئایینی و وێژەیی و زانست پەروەر هاتۆتە جیهانەوە و گەشتی خوێندنی لە ساڵی 1926دا لە کۆیە دەستپێکردووە و قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر لە ساڵی 1940دا تەواوکردووە و لە ساڵی 1945یشدا خوێندنی کۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووە و بووەتە پارێزەرێکی یاساناس.
لە خوێندنی کۆلیژی مافدا هاوپۆل و دۆستی دڵسۆزی #دڵدار#ی شاعیری لێهاتووی کورد بووە و بە یەکەوە زۆربەی ئێواران سەردانی ساڵۆنی وێژەی خاتوو (بەهەیە فەرەجوڵڵا) ی کچەکوردی میسریان لە گەڕەکی ئەعەزمیەی بەغدا کردووه، کە ئەوسا ئەو خاتوونەزانایەی کورد مامۆستای (کۆلیژی کچان) بووە لە بەغدا. لەو ماڵەدا بەردەوام کۆڕی فەلسەفی و هزری دەبەسترا. مامۆستا مەسعود لەو ساوە بیری کەوتەسەر فەلسەفە و شیکردنەوەی دیاردەی کۆمەڵایەتی و ئابووری. =KTML_Photo_Begin=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/87/0017.JPG=KTML_Photo_Alt=مەسعود محەمەد=KTML_Style=width:30%;height:20%;float:right;=KTML_Photo_Target_Link=https://www.kurdipedia.org/files/relatedfiles/2008/87/0017.JPG=KTML_Photo_End=
ئەو مامۆستایە لێهاتووە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕامیاری گەلێک فەرمانی گرتەئەستۆ وەک: نوێنەری خەڵکی ناوچەی کۆیە لە پەڕڵەمانی ئێراق لە هەردوو خوولی ساڵانی 1953 و 1954 و لە دوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958یشدا کرا بەئەندامی لیژنەی چاکسازی کشتوکاڵ لە ئێراق و لەگەڵ چەند یاساناسێکی دیکەدا یاسای چاککردنی کشتوکاڵ و ئاودێریان دانا و ئەو یاسایەلە30ی ئەیلوولی 1958دا بەناوی (یاسای چاککردنی کشتوکاڵ لە کۆماری ئێراق) دا بڵاوکرایەوه.
مامۆستا مەسعود محەمەد لە ساڵی 1964دا بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان کرا بەشالیاری وڵات لەکابینەی (تاهیر یەحیا) دا تاکوو ساڵی 1965 و لەدوا دوای شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کرا بەئەندام لە (ئەنجوومەنی گشتی خدمە) و لەپاش دامەزراندنی #کۆڕی زانیاری کورد#ی لە1970.08.29دا لە شاری بەغدا کرا بەئەندامی کارای ئەو کۆڕەی زانیاری و بەجێگری سەرۆکی دەستەی کۆڕو کاتێکیس لە دوای هەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا کۆڕی زانیاری ئێراق دەستەی کورد مامۆستا مەسعود وەک سەرۆکێکی کارا لەکۆڕەکەدا مایەوه.
لە دوای ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستانی باشوور لەبەهاری ساڵی 1991و کێشانەوەی دەسەڵاتی سەنتەری ئێراق لە کوردستان، گەڕایەوەکوردستان تاکوو لە ڕۆژی 2002-04-01 لە نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر کۆچی دوای کرد و هەواڵی مەرگی ئەو ناودارەبەهەموو لایەکی کوردستاندا بڵاوبووە و بۆ ڕۆژی 2002-04-02دا لە گۆڕستانی دەروێش خدر لەکۆییەلە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوکیدا بەخاکی سپێردرا.
مامۆستا مەسعود محەمەد بیرمەندێکی گەورەی کورد بوو ڕووناکبیرێکی مەزنی کوردستان بوو سەرچاوەکانی فەلسەفەی هێگڵ و مارکسی بەوردی خوێندبوەو لەگەڵ باری ئابووری و کۆمەڵایەتی کوردستان بەراورد دەکرد و لەگەڵ هەندێک لایەنی پۆزەتیڤ و لە دژی هەندێک لایەنی نێگەتیڤی بوو.
مرۆڤ سەربەستەلەوەی باوەڕیی پێ یەتی دەری ببڕێ. نەک باوەڕیی پێی نەبێت و ڕووکەشەو لە ترسی ئەم و ئەو نەوێرێت ڕاستی هزر و بۆچوونی خۆی دەربڕێ.
مەسعود محەمەد بە نووسین دەهاتە گۆڕەپانی دەمەتەقێ و وتووێژوو ڕاستی باوەڕی خۆی بوێرانە دەردەبڕی. با ئەو کەسانەی بۆچوونیان لە بیروبۆچوونەکانی ئەو نەبوو بە نووسین وەڵامیان بدایەوه.
شێوازێکی تایبەتیی هەبوو لەنووسینەکانی، کەلەگەڵ بەرنامەی لێکۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەک ئەوەی ئەوەندەگوێی بەپۆڵین کردنی بابەتی نووسینەکانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەکی و سەردێڕی لاوەکی بەسەر یەکەوەپێشکەش دەکردن و باکی نەبوو گەر پتر لەسەد لاپەڕە لە نووسینەکانی لەژێر یەک ناونیشانی یاخود بێ ناونیشان بخاتەبەردەم خوێنەری بابەتەکانی بخوێنێتەوه.
مەسعود محەمەد لە ژیانی بیرمەندیندا زنجیرەیەک لێکۆڵینەوەی بەپێزی لەدوو توێی پەرتووکی زلدا بەچاپ گەیاندووه، کەئەمانەی خوارەوەبەشێکیانن:
$پەرتووکە کوردییەکان:$
1-#حاجی قادری کۆیی# -بەشی یەکەم -بەغدا -کۆڕی زانیاری کورد 1973
2-حاجی قادری کۆیی -بەشی دووەم -بەغدا -کۆڕی زانیاری کورد 1974
3-حاجی قادری کۆیی -بەشی سێیەم -بەغدا -کۆڕی زانیاری کورد 1976
4-وردبوونەوەیەک لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی -کۆڕی زانیاری کورد 1974
5-#چەپکێک لە گوڵزاری نالی# -کۆڕی زانیاری کورد بەغدا 1976
6-چەند حەشارگەیەکی ڕێزمانی کوردی -بەغدا -کۆڕی زانیاری کورد 1976
7-مرۆڤ و دەوروبەر -بەغدا -کۆڕی زانیاری ئێراق -دەستەی کورد 1984
8-بەرەو شەقامی ئاخاوتنی کوردی -بەغدا -کۆڕی زانیاری کورد 1978
9-#گەشتی ژیانم# -سوید -ستۆکهۆڵ
=KTML_Link_External_Begin=https://www.mamosta.net/=KTML_Link_External_Between=پەڕەی فەرمی مامۆستا مەسعود محەمەد=KTML_Link_External_End=