هیدایەت جان
ئەمڕۆ لە شاری #ئامەد# ی باکووری کوردستان و لە کاتی ڕووماڵکردنی سەردانی عەلی باباجان، سەرۆکی پارتی دێڤادا هێرشکرایە سەر تیمی تۆڕی میدیایی ڕووداو. بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەڵێت: ئەو هاووڵاتییەی هێرشی کرد وتی، ئێرە کۆماری تورکیایە و نابێت لێرە بە کوردی قسە بکەن.
ڕۆژی هەینی، 12-01-2024، ماشەڵڵا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی ڕووداو لەبارەی هێرشەکەوە وتی، سەرۆکی پارتی دێڤا سەردانی ئامەدی کرد و نوێژی هەینی لە مزگەوتی گەورەی شارەکە کرد. ئێمە بۆ ڕووماڵ لەوێ بووین و دوای تەواوبوونی نوێژ، کاتێک خەڵک لە مزگەوت دەهاتنە دەرەوە، کەسێک بەرەو ڕوومان هات و هەڕەشەی دەکرد و دەیوت، ڕووداو، ئێرە خاکی کۆماریی تورکیایە و ناتوانن بە ویستی خۆتان بجووڵێنەوە.
بە وتەی ماشەڵڵا دەکاک، ئەو هاووڵاتییە سووکایەتیی زۆری کرد بە تورکی هەڕەشەی دەکرد و منیش بە کوردی وەڵامم دەدایەوە. دەیوت ئێرە ئامەدە و تۆ ناتوانی لێرە بە کوردی قسە بکەیت و پەلاماری دام؛ دواتر خەڵک کەوتنە نێوانمان و نەیانهێشت زیاتر لێم نزیک بێتەوە.
بەڕێوەبەری نووسینگەی ئامەدی تۆڕی میدیایی ڕووداو دەڵێت: ئەو کەسە دواتر گەڕایەوە و بە دەنگی بەرز دەیوت ئێرە کۆماری تورکیایە و ناتوانن لێرە بە کوردی قسە بکەن. خەڵک کە گوێیان لەو قسەیە بوو، ویستیان هێرشی بکەنەسەر. پۆلیسمان ئاگادار کردەوە و پۆلیسیش هات و دەستبەسەری کرد.
لایەنە سیاسییەکانی تورکیا کاردانەوەیان هەبوو بەرانبەر بەو هێرشە بۆ سەر تیمی ڕووداو و لای خۆیانەوە هێرشەکەیان شەرمەزار کرد.
ماشەڵڵا دەکاک وتی، هەریەک لە عەلی باباجان، سەرۆکی گشتی پارتی دێڤا، محەمەد ئەمین ئێکمن، یاریدەدەری سەرۆکی گشتی پارتی دێڤا، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، عەلی ئادیامان، گوتەبێژی هوداپار، عەلادین پارلاک، ئەندامی پێشووی ناوەندیی گشتیی ئاکپارتی، هێنێ محەمەد کەیهان، بەربژێری ناوچەیی ئاکپارتی پەیوەندییان پێوە کردووە و هێرشەکەیان شەرمەزار کردووە، پشتیووانی خۆیان دەربڕیوە کە دەتوانن لە هەر کاتێکدا بە زمانی کوردی قسە بکەن.
ماشەڵڵا دەکاک دەڵێت: ئێمە لە کار و ڕووماڵکردنی خۆمان بە زمانی کوردی بەردەوام دەبین، هەروەک چۆن تاوەکوو ئێستا بەو جۆرە و پیشەییانە کاری خۆمان کردووە.[1]
تۆڕی میدیایی ڕووداو لە باکووری کوردستان و تورکیا، نووسینگەیەکی لە شاری ئامەد، نووسینگەیەک لە ئیستەنبووڵ و نووسینگەیەکی لە ئەنقەرە هەیە.