#ژینا مودەڕس گورجی#، ڕۆژنامەنووس، چالاکی مافەکانی ژنان و خەڵکی #سنە#، بۆ دووەمین جار لە چەند مانگی ڕابردوودا لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕفێنرا و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە 21ی خاکەلێوەی 2723 (10ی ئەپریلی 2023) کاتژمێر نزیکەی 2ی دوانیوەڕۆ ژینا مودەڕس گورجی، چالاکی مافەکانی ژنان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە دوای گەڕانەوەی لە شوێنی کارەکەی (پەڕتووک فرۆشی) بۆ ماڵەوە ڕفێنرا.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەسەر هۆکاری دستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی خراونەتە پاڵ ژینا مودەڕس گورجی و شوێنی ڕاگیرانی لەبەردەستدا نییە.
ئەم چالاکەی بواری مافەکانی ژنان لە ڕەشەممەی 2722 تۆمەتی (هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاساییشی گشیی لە ڕێگای پێکهێنان و ئەندامییەتی لەگرووپی نایاسایی) لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنەوە بەسەردا سەپێنرا. هەروەها ناوبراو پێشتر تۆمەتی (پڕوپاگەندە لە دژی نیزام) ی بەسەردا سەپێنرابوو.
پێشتریش ژینا مودەڕس گورجی ڕۆژی پێنجشەمە 30ی خەرمانانی 2722، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە شاری سنە دەستبەسەرکرا. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی 40 ڕۆژ لە بەندی ژنانی بەندیخانەی سنە بە دانانی بارمتەی 100 ملیۆن تمەنی لە ڕێکەوتی 8ی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی کاتی و هەتا تەواوبوونی ماوەی دادگاییکردنەکەی ئازادکرا.
ژینا مودەڕس گورجی، ڕۆژنامەنووس و چالاکی مافەکانی ژنان، لە ڕبردووشدا چەندین جار لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە هەڕەشەی لێکراوە و خراوەتە ژێر گوشار. [1]