خەیاڵ لە ئەدەبی منداڵاندا
ڕەزا شوان
بێگومان پێشکەوتن و داهێنان، لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، بەری خەیاڵ و بیرکردنەوە و تێکۆشانی مرۆڤە. گەلی جیاوازی و تایبەتمەندی لە مرۆڤدا هەن، وایان کردووە توانای داهێنان و ڕێکخستنی ژیانی خۆی ﮪەبێت و لە ژینگە تێبگات. بتوانێت کلتوورێکی ڕەوشتی و مادی و زانیاریی گشتی و زانستی زانیاری بنیات بنێت، لەگەڵ دۆزینەوەی پراکتیزەکردن لەسەرجەم ئەم کارانەدا. لەنێو ئەم تایبەتمەندییانەدا تایبەتمەندی خەیاڵە، کە بریتییە لە بنیاتنانی هزری نوێ لە بابەتە هەبووەکان. ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە خەیاڵ (فانتازیا) لە ژیانی مرۆڤدا هەیەتی، هەر لە سەرەتای مێژووەوە جێگەی گرنگی پێدانی مرۆڤ بووە. گرنگی بە ڕۆشنبیریی گشتی و فەلسەفە و ئەدەب و ﮪونەر و زانستە مرۆییەکان داوە، لەوانەش زانستی پەروەردە.
هێشتا هەر خەیاڵ جێگەی گرنگی پێدانە بە هەموو ئەو لقە زانستییانە. هەر لقێکیشی چوارچێوەی ئاماژەیی خۆی هەیە، لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دیاردانەدا.
$خەیاڵی داهێنەرانە پاڵپشتێکی بەﮪێزه$
خەیاڵ ئەو ڕووداو و بابەت و بیرۆکانەیە، کە لەنێو ئەقڵی مرۆڤدا سەرهەڵدەدەن. ئەم خەیاڵانە دەیباتە جیهانێکی دیکەوە، لە و ڕێگەیەوە دەتوانێت کۆنترۆڵی ژیانی بکات و ڕووبەڕووی ئەو ڕووداو و کارانە بێتەوە کە دێنە ڕێی. بەبێ ئەوەی بەربەستێک هەبێت ڕێی پێبگریت و ڕایبگرێت. خەیاڵ بەوەش پێناسە دەکرێت کە کردارێکی ئەقڵی زانستییە. خەیاڵی داهێنەرانە پاڵپشتێکی بەﮪێزە بۆ داهێنان و گونجاندن لەگەڵ ژینگەدا. بە شێوەیەکی گشتی خەیاڵ بەوە پێناسە دەکرێت کە بریتییە لە توانای ئەقڵی بۆ تاقیکردنەوە و دۆزینەوەی تازە و بنیاتنان و پێکەوەنان. بیرمەندان و ڕەخنەگران و نووسەران، لە پێناسەکردن و ڕاڤەکردن و دیاریکردنی چەمکی وشەی خەیاڵ دا، ناکۆکن و هاوڕانین، هۆی مشتومڕیشیان، ئەوەیە خەیاڵ زاراوەی درکردنە، بەپێی ناوەرۆکەکان و تیۆرە زانستییەکان، چەندین واتا دیاری دەکات. بەڵام هەموویان لەبارەی گرنگی خەیاڵ لەئەدەبدا هاوڕان.
(ئەفلاتوون) یەکەم کەسبوو، کە لە ئەدەبدا گرنگی بە خەیاڵدا. وای دەبینی کە شاعیر خەیاڵ بەکاردەهێنێت، داهێنەرە و سروشی خوایی هەیە.
(ئەرستۆ) ش دەڵێت:خەیاڵ بریتییە لە و پڕۆسەیەی کە لە میانەیەوە وێنەیەکی زینی دەنوێنیت.
$خەیاڵ لە هەموو کات و سەردەمێکدا، توخمێکی هاوبەشی گرنگە لە هەموو بەرهەمەکان و بوارەکانی ژیاندا.$
(ئەلبێرت ئەنیشتاین) دەڵێت:خەیاڵ گرنگترە لە زانین. زۆرجار زانین سنووردارە بە و شتانەی کە هەیە. بەڵام خەیاڵ چەمکێکە، سنوور و لۆژیکی تێدا نییە. لۆژیک لە ئەلفەوە بۆ یایە، خەیاڵیش دەتباتە هەر شوێنێک کە دەتەوێت. نە بازگەی لێ هەیە و نە پاسپۆرتیشی دەوێت. هەر بەخەیاڵیش ئاییندەیەکی دڵخواز بنیات دەنێیت.
(کارل مارکس) دەڵێت:ئەوەی خەیاڵی نەبێت، باڵیشی نییە بۆیە لە و کەسە هەژارتر نییە کە لە خەیاڵدا هەژارە. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، وەکوو ئەنیشتاین دەڵێت: ڕاستی هەمیشە لە خەیاڵ سەیرترە.
شاعیری ئینگلیزی (کریستۆڤەر) دەڵێت:یەکەم توانا کە پێویستە گرنگی پێبدەین، پێش ئەوەی ژەنگ بگرێت، خەیاڵە. ئەوە خەیاڵە وامان لێدەکات، کە هەموو ڕۆژێک بە تازەیی لە جیهان بڕوانین.
پێویستە ئەوەش بزانین جیاوازییەکی زۆر لە پلەی خەیاڵ لەنێوان خەڵکیدا ﮪەیە. ﮪەیە خەیاڵ تیژە، هەیە خەیاڵ ناوەندییە، هەشە خەیاڵ کزە.
خەیاڵ گرنگییەکی زۆری هەیە لە یارمەتیدانی منداڵان، بۆ تێگەیشتن لە جیهانی دەوروبەریان و بۆ گوزارشتکردن لە خۆیان. خەیاڵ بەشێکە لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی منداڵان. گەر شتێک هەبێت منداڵان تێیدا سەرکەوتووبن، ئەوا توانای خەیاڵ و درووستکردنی جیهانی تایبەتی خۆیانە. لە هەمووی گرنگتر منداڵان، خەیاڵەکانیان بۆ گەڕان بەدوای زانیاری و بیرۆکەی نوێدا بەکاردەهێنن. بۆ نموونە کە سەردانی ڕووبارێک دەکەن، دەکرێت ببێتە ﮪۆی خەیاڵ لە ژیان لەناو ئاودا.
خەیاڵ لە منداڵاندا، یەکێکە لە و شتە بەسوودانەی کە یارمەتیی گەشەکردنی منداڵان دەدات بەشێوەیەکی سرووشتی.
$زۆرێک لە بیرۆکە و یارییەکانیان لەسەر بنەمای خەیاڵ پێکهاتوون$
هەر لە ساڵانی یەکەمی ژیانی منداڵاندا، خەیاڵ جێگەیەکی گەورە لە چالاکییەکانی ئەقڵی منداڵان پڕدەکاتەوە. زۆرێک لە بیرۆکە و یاری و هیواکانیان، لەسەر بنەمای خەیاڵ پێکهاتوون. خەیاڵیش لە دوو فاکتەر پێکدێت یەکێکیان (دەرەکییە) دەوروبەری منداڵان. ئەوی دیکەیان (ناوەکییە) تێڕوانینیان دەرەبارەی جیهان. خەیاڵ بوارێکی گرنگە و ورووژێنەرە لە گەشەکردنی منداڵاندا. هەموو منداڵێک دەرفەتی ئەوەی هەیە، کە پەرە بەداهێنان و خەیاڵی بدات.
منداڵان لە ڕێگەی خەیاڵەوە، دەتوانن بەسەر بەربەستەکانی کات و شوێن و ئەستەمدا بازبدەن و سنووری ﮪێزەکانی خۆیان تێپەڕێنن و دەستیان بۆ ئەوشتانە درێژ بکەن و پەرەیان پێبدەن، کە لە ڕاستییدا ناتوانن بە دەستیان بهێنن. بۆ نموونە منداڵان، بەخەیاڵ، لە ڕێی ڕۆکێتێکی کارتۆنییەوە، یا بەسواری پێنووسێک، دەچنە سەر مانگ و هەسارەکان. بەڵام لە ڕاستیدا ئەمەیان پێناکرێت. هەروەها لە ڕێگەی خەیاڵەوە، منداڵان دەتوانن بەسەر سەختییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا زاڵبن و ئاواتەکانیان بەدەستبﮪێنن. بەردەوامیش بە دوای هەموو شتێکدا دەگەڕێن کە تازە و بەسوودبن. بەم شێوەیە گەشەیەکی گشتگیر و تەواو و هاوسەنگ بەدەستدەهێنن.
خەیاڵی وەهمی، لە قۆناغە سەرەتاییەکانی ژیانی منداڵاندا، یارمەتیان دەدات، کە گرنگی بە ئاژەڵ و باڵندە و شتە بێ گیانەکان بدەن. خەیاڵ دەیانباتە جیهانێکی ئەفسانەیی ئەفسووناوی و سەرنجڕاکێش. لەم قۆناغەدا، منداڵان خۆشباوەڕن و باوەڕیان بەوە هەیە، کە ئاژەڵ و باڵندە و داروبەرد و هەر هەموو شتەکان، زمان دەزانن و دەتوانن بە کوردی بدوین، دەتوان گوێبگرن، دڵخۆشبن، پێکەنن، هەڵپەڕن، بڕۆن، چاکە و خراپە بکەن، یارمەتیی بدەن...هتد.
منداڵان لەنێوان سێ و پێنج ساڵیدا، خەیاڵ تیژن. بەڵام ئەم خەیاڵەیان لەناو ئەو ژینگە تەسکەی تێیدا دەژیین سنووردارە. لەم قۆناغەدا خەیاڵی منداڵان، ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەشەکردنیاندا. چونکە خەیاڵ ڕێگەیەکە بۆ ڕێکخستنی بەشێکی زۆری چالاکییەکانیانیان. بنەمایەکیشە بۆ ڕاهێنانی توانا جووڵەییەکانیان و چالاکردنی چالاکییەکانی دیکەیان.
منداڵانی نێوان شەش و هەشت و نۆ ساڵان، خەیاڵەکانیان لەبازنەی سنوورداری ژینگە تێپەڕیوە. بەم ڕۆڵەش لە ڕۆڵەکانی گەشەکردنی خەیاڵی منداڵان، دەوترێت ڕۆڵی خەیاڵی ئازاد، کە تێیدا تامەزرۆی ئەو وێنە زەینییە ئاڵۆزانەن کە بۆیان دەکێشن، یا بەخەیاڵی خۆیان درووستیان دەکەن. بۆیە ئارەزووی چیرۆک و شیعر و پەخشان و شانۆ و گەلێک بابەتی تر دەکەن.
منداڵان تا تەمەنی دوانزە ساڵان، دەچنە قۆناغ و ڕۆڵێکی ترەوە. کە لە ڕاستییەوە نزیکە. بایەخێکی زۆر بە ڕاستی دەدەن، بێ ئەوەی کە واز لە خەیاڵ کردن بﮪێنن. خەیاڵ لەم قۆناغەدا، بە زۆری لەسەر بنەمای وێنەی بینراوە. لە دوای ئەوە، منداڵان مەیلیان بەرەو خەیاڵی ئەبستراکیموچەرەد هەیە. لەسەر بنەمای هێما و پێکهێنانی بیرۆکەکان بنیات دەنرێن.
بە و پێیەی ئەدەب وێناکردنێکی خەیاڵییە بۆ ژیان و هزر و هەست و سۆز، لە میانەی پێکهاتەی زمانەوانییەوە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە سنووری خەیاڵ لە ئەدەبدا، بە ئەدەبی منداڵانیشەوە بەرزە. زۆر جاریش ڕێژەی خەیاڵ لە ئەدەبی منداڵاندا بەهۆی پەیوەندیی بەهێزی خەیاڵ بە ژیانی ئەقڵی منداڵانەوە، زیاد دەکات.
دەکرێت خەیاڵی مرۆڤ سەرچاوەی ئەدەب بێت، بە ئەدەبی منداڵانیشەوە. کەواتە هەموو بەرهەمێکی ئەدەبی دەبێت هەڵگری وێناکردنی خەیاڵی بێت، تەنانەت ئەو ژانرە ئەدەبیانەش کە بەراستی (ریالیستی) ناودەبرێن، دوورنین لە خەیاڵ. چونکە وێناگرتنێکی فۆتۆگرافی نین.
ئەدەبی منداڵان، کۆمەڵێک بەرهەمی هونەرییە، پێشکەش بە منداڵان دەکرێت. کە تایبەتمەندی و پێداویستی و ئاستی گەشەکردنیان لەبەرچاو دەگرن. واتە لە مانا گشتییەکەیدا، هەموو ئەو بابەتانە دەگرێتەوە کە پێشکەش بە منداڵان دەکرێن. کە مانا و بیرۆکە و ﮪەستەکان بەرجەستەدەکەن.
گومان لەوەدا نییە، کە خەیاڵ ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە هەموو ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان، وەک چیرۆک و شیعر و پەخشان و شانۆ، ئۆپەرێت، ڕۆمان، کە پڕن لە فانتازیا، هەموو ئەو شتانەش کە پەیوەندییان بە ئەدەبی منداڵانەوە هەیە. کەواتە خەیاڵ پێویستییەکی گرنگی ئەدەبیاتی منداڵانە.
لێرەوە، ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە پێویستی و تایبەتمەندیی یەکەمی نووسەرانی ژانرەکانی ئەدەبی منداڵان، توانای خەیاڵە. لە سایەی خەیاڵ و زماندا، بابەتە نووسراوەکانیان بۆ منداڵان دەڕازێننەوە.
هەموومان بەشێکی زۆری ئەو چیرۆکانەمان لە یادماوە، کە بەمنداڵی بۆیان گێڕاینەوە یا خۆمان خوێندمانەوە، کە لە منداڵیدا هۆگریان بووین. خەیاڵ هۆیەکی سەرەکی ئەم هۆگریی و لە یادمانەوەیە.
یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرە گرنگەکانی چیرۆکی منداڵان خەیاڵە. کە ڕۆڵێکی سەرەکیی لە چیرۆکی منداڵاندا هەیە. ئەوە خەیاڵە منداڵانە بۆ چیرۆکەکان ڕادەکێشێت.
پێویستیشە پەڕتووکەکانی منداڵان، لە خەیاڵی ترسناک و تۆقێنەر و لە کاری لە توانابەدەر پاک بکرێنەوە. تێکەڵاوی چەمکەکان و تێکەڵکردنی ڕاستیش لەگەڵ خەیاڵدا لە چیرۆکی منداڵاندا، نابێت ببنە هۆی جۆرێک لەسەرلێشێواندنی منداڵان.[1]