ڕەجائی فاید (*)
ئەو ڕووداوە تراژیدییانەی کە بە درێژایی مێژوو بە سەر گەلی کورددا هاتوون، لای من زۆر گرنگ و کاریگەرن، ڕەسەنایەتیی خەبات و کۆڵنەدانی ئەم گەلە ستەمدیدەیە دەمگەڕێنێتەوە بۆ سەربردەی ئەفسانەیی باڵندەیەک کە سیمرخی پێ دەگوترێت، ئەفسانەکە باس لەوە دەکات کە ئەم باڵندەیە بەرز دەفڕێت و دوای ئەوەی دەسووتێت و دەبێتە قەقنەس لەنێو خۆڵەمێشی خۆیشیدا سەرلەنوێ بێچووەکانی دیکەی دەبێت و بەم شێوەیە لە زیادبووندان، نە خۆر لە سووتانیدا دەوەستێت و نە باڵندەکەش کۆتایی دێت، بۆیە خۆڵەمێشەکەی دەکاتە بەرەنگاریی هەتاهەتایی دژ بەو کەسانەی کە هەوڵی کوشتنی دەدەن، ئەو باڵندەیە لە ناخیدا ئیرادەی مان و سووربوون لەسەر بەرکاریی ژیانی نەخشاندووە، کوردیش بە هەمان شێوەیە و هەر چەندە دوژمنەکانی بە جیاوازیی بۆچوون و جوگرافیاکانیان لە هەوڵی بەرکاردا بوون تا لەناویان بەرن و، ئەو دوژمنانە هیوای ئەوەیان دەخواست کە مێژوویەک تۆماربکەن، بە کۆتایی ئەو گەلە، بەڵام نازانن کە گەلی کورد لەسەر خاکێک دەژین کە خاوەنی کولتوور و دابوونەریت و داستانی نەبەرد و زمانی تایبەتیی خۆیانن، ئەوان جیاوازن لەگەڵ خەڵکی دیکە، وێڕای ئەمەش بەشداریی ئەرێنی و کارایان کردووە لە درووستکردنی شارستانیەتەکان لەسەر ئەو ڕووبەرە خاکە (عەرەبی و فارسی و تورکی) یە. هەروەها لەنێو کورددا سەرکردە و بیرمەند و فەیلەسوف و زانا لە هەموو زانستە مرۆییەکاندا هەڵکەوتووە، ئەم بەشداریکردنەشیان کردۆتە دیاری بۆ دراوسێکانیان و چاویشیان لە سوپاس و دەستی کەس نەبووە، تەنانەت هەندێکیان زۆر بە هێز و تواناوە بەشدارییان لە درووستکردنی شارستانێتیی مرۆڤایەتیدا کردووە، بەڵام ئەو گەلە هیچ شوێنەوارێکیان لە واقیعدا نەماوە، بەڵکوو هاتوونەتە نێو ئەو شارستانیەتانە کە هەبوون و دواتر لەناوچوون (ئەمە خەونە نەزۆکەکانی دوژمنانی کورد بوون) . ڕەنگە دواتر لە وتارێکی کەسێکی خاوەن ویژداندا باسی کورد بکرێت، کە ئاماژە بە چاکەی کورد دەکات بە سەر عەرەب و موسڵمانانەوە، کە بەداخەوە بە سپڵەیی و پەراوێزخستن وەڵامی چاکەیان دراوەتەوە.
بەم دواییە تۆمارێکی ئیمام محەمەد غەزالی بڵاوکراوەتەوە، کە باسی پاڵەوانی کورد سەڵاحەدین ئەیوبی دەکات، چۆن قودسی ڕزگار کرد و کردیە دیاری بۆ موسڵمانان و عەرەب، بەڵام باڵیۆزی ئێراق کە ئامادەی ئاهەنگەکە بوو، قسەکەی پێ بڕی و جەختی کردەوە کە سەڵاحەدین عەرەبە و کورد نییە. ئەوەش لە ڕوانگەی بەدنمەکییانە بە داماڵینی کورد لە هەر چاکەیەک کە پێشکەشیانی کردبێت و دەیخەنە پاڵ خۆیان، بەڵام دواتر عەرەبێکی ڕەسەن دێت و شایەدیی واقیعییانە دەدات کە ماوەیەک لەگەڵ کورددا ژیاوە، ئەویش جەمال ئەتاسییە، کاتێک هەوڵی داوە بەشداری بکات لە جووڵانەوەکەی ڕەشید عالی گەیلانی لە ساڵی 1941، ئەو دەڵێت: «رێگامان ون کرد لە نزیک کەرکووک، هەر ئەوەندە خۆمان لە ناوچەیەکدا بینییەوە کە خەڵکەکەی بە زمانێکی جیاواز قسەیان دەکرد و پۆشاکێکی جیاوازیان لەبەردا بوو، وامان زانی چووینەتە نێو سنووری دەوڵەتێکی دیکە، تا دواجار زانیمان کە هەر لەنێو خاکی ئێراقداین و لە ناوچەیەکین کە کورد لێی نیشتەجێن». ئەتاسی کە عەرەبێکی ڕەسەن بوو، جەخت لە مافە ڕەواکانی ئەو کوردە دەکاتەوە و بە پێویستی دەزانێت لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام ئەو دەنگە ڕەسەن و دادپەروەرانە لەدەرەوەی بازنەکە بوون، چونکە ئەوانەی قین لە دڵن، وا دەزانن کە نکۆڵیکردن لە ڕاستی بە واتای سڕینەوەیانە، بەڵام واقیع ئەوە دووپات دەکاتەوە کە نکۆڵیکردنی واقیع نەخۆشییەکی عەقڵییە و وادەکات کە مرۆڤ کوێر بێت لە ئاست بینینی ڕاستیی واقیعەکە، چونکە هەڵبەت واقیع خۆی دەسەپێنێت، هەرچەند هەوڵەکانیش بەو ئاڕاستەیە بن کە کورد بکەنە ئامانجی سڕینەوەی هەر چاکەیەک کە کورد لە ناوچەکە ئەنجامی دابێت، دیارە بەو مەرامەی کە کورد لە مێژوو و جوگرافیای خۆی داببڕن، ئەمەش خەونی لەمێژینەی دوژمنانی کورد بووە، بەڵام هەمیشە مێژوو توانای ئەوەی هەبووە ڕاستییەکان دەربخات. با نەگەڕێینەوە بۆ مێژوویەکی دوور بۆ سەلماندنی قسەکەمان، ئەوەندە بەسە کە باس لەوانە بکەین کە بەشداربوون لە بزووتنەوەی ڕۆشنگەریی کولتوور لە میسر، بۆ نموونە: بنەماڵەی (عائیشەو ئەحمەد و مەحموود) و ئەوەی کە پێشکەشی ئەدەبی عەرەبییان کردووە، لەوانە شاعیر مەحموود سامی بارودی، و پێشەنگی هونەری شێوەکاری سەیف و ئەدهەم وانلی، هەروەها ڕزگارکەری ئافرەت قاسم ئەمین، هاوکات پێشەنگی سینەمای میسر ئەحمەد بەدرخان، بە سەدان و هەزارانی دیکە کە دەرفەت نییە، باسیان بکەین و مێژوو تۆماری کردوون، دوژمنانیشیان وێڕای هەوڵی بەرکاریان نەیانتوانیوە بیانسڕنەوە، چ ئەوانەی بە زمانی تورکی، یان فارسی و لەپاڵ ئەوانیش بە عەرەبی قسەیان کردووە، هەمیشە پیلانەکانی دوژمنان بەرانبەر بە کورد، بە سووربوون و پابەندبوون بە بنەماکانی ژیان وەڵام دراونەتەوە، دوور نییە هەوڵەکانی بەعسیش نموونەیەک بن کە بێهوودەبوون لە پڕۆسەکانی کۆمەڵکوژیی کورد، بە نموونە ئەنفال و هەڵەبجە و گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە ئێراق، هەروەها لە سێدارەدان کە تائێستاش بەرکارە لە ئێران، مێژووش تەژییە لە ئابڕووبردنەکانی تورک، جا لەبەر ئەوەی کە من شایەد بووم لەوەی کە لەسەردەمی بەعس بەسەر کورددا هات، هەروەها ئەوەی لەسەردەمی عەلی حەسەن مەجید کە سەرپەرشتی ناوچەی کوردیی دەکرد، بۆیە وا چاکە شایەدییەکەم لەمەدا بخەمەڕوو:
خوشکەزاکەم کە ئەو کاتە مامۆستا بوو لە کۆلێژی زانکۆی سەڵاحەدین لە هەولێر، ڕۆژێک هاتە لام و ڕەنگی هەڵبزرکاو بوو و خەمبار دیار بوو، بۆی گێڕامەوە کە ئەو ڕۆژە چی ڕووی دابوو (دوو ئۆتۆمبیل گەیشتنە نەخۆشخانەی کۆماری، پڕیان بوو لە پارچە لاشەی مرۆڤ کە پیاو و ئافرەت و منداڵ بوون، هەموویان لە خەوێکی قووڵدا بوون، چاویان خوێنی لێ دەتکا، پزیشکێکی کورد کە هاوڕێم بوو بە گوێی چرپاندم و فرمێسک لە چاویدا دەباری وتی: ئەوانە قوربانیی کیمیابارانن، کاتێ ویستمان لاشەکان داگرین، هاوڕێیەکی دیکەم کە جلی خاکیی لەبەردا بوو، وتی: چاوەڕوان بکەن تا ڕەزامەندیی هەڤاڵ (ئەبو حەلا) وەردەگرین کە بەرپرسی ئەمنیی نەخۆشخانەکە بوو، چووە ژوورەکەی و بەپەلە گەڕایەوە لامان و وتی: ئەبو حەلا دەڵێت لێرە دایانمەگرن و چارەسەری ئەوانە لێرە نییە، چاوەڕوان بن کەسانێک دێن دەیانبەن، هەر ئەوەندەمان زانی چەندین ئۆتۆمبیلی ئەمن پڕ لە چەکدار گەیشتن، هەموویانیان گواستەوە و بەرەو دایەرەی ئەمن بردنیانن، ئەبو حەلا بە ئاشکرا دەیگوت پێویستە ئەوانە هەر چی زووە بحەسێنەوەو چی دیکە ئازاری دنیا نەکێشن، دواتر خوشکەزاکەم پێی وتم: بەس ساڵی خوێندن تەواو بێت، من لێرە دەڕۆم و چی دیکە بەرگەی ئەمە ناگرم. بۆیە دواجار ڕۆیشت، من زۆر خەمبار بووم لە سایەی ئەو جیهانە بێ سەروبەرەو دوورە لە مرۆڤایەتییە، ئەوەندەی نەبرد، ئەم جارە هەواڵێکی دیکەی کارەساتبارم پێ گەیشت لە کۆمەڵگەی قوشتەپە، ئەوە بوو بە هەزاران پیاوی کۆمەڵگەکەیان دوور لە چاوی میدیا ڕاپێچ کرد، وەک بڵێی دنیا دەیەوێت لەکۆڵ ئەو پیاوانە ببێتەوە، بەڵام ئەوانە شکستیان خوارد، پشکۆی گەشی ژیان هەمیشە لە گەشانەوەدایە، کورد هەر زیندووە و ماوە، باڵندەی سیمرخ هەر زیندووە و بێچووی زیاتری دەبێت، دواجار دەرکەوت کە ئەوانە بێهوودەن لەو هەوڵانەی دەیدەن بۆ لەناوبردنی گەلی کورد، بەڵام کورد هەر سوورە لەسەر بەرخۆدان و قارەمانێتی، بۆیە دەبینین خوێنێکی زۆری ڕشتووە لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا، هاوکات بە سەدان گوندو شارۆچکەی وێران و خاپوور بووە، دەکرا بەر لەو کارەساتانە بگیرایە، ئەگەر چارەسەرێکی گونجاو و دادپەروەر بهاتبایەتە ئاراوە، مێژوو بەرکار ئەوەمان بە گوێدا دەدات کە گەلی کورد ڕەگی لە ناخی خاکدا داکوتاوە، بۆیە پەیوەندییەکی دیالێکتیکی لەنێوان ئەوان و خاکدا هەیە، بە شێوەیەک کە ئەستەمە دەستی بۆ ببرێت، هەروەها ئەنجامی پڕۆسەکانی ڕاگواستن و ئاوارەبوون و گۆڕینی جوگرافیا و پاکتاوی ڕەگەزی هەموویان پێچەوانە کەوتنەوە. بەرەبەیانی ڕۆژی هەرەسهێنانی ڕژێمی بەعس، بینیمان شەپۆلی خەڵکی ئاوارەو ڕاگوێزراوی کەرکووک بە لێشاو ڕوویان کردە دەروازەی شارەکە و هەناسەی خۆشییان هەڵمژی و بە ئاواتێکی چەند ساڵەی پڕ لە خەم و پەژارەو نەهامەتی بە ماڵ و خاڵی خۆیان شاد بوونەوە. لێرەدا ژیری و لۆژیک ڕۆڵی خۆیان گێڕا، خاوەن ماف و مافخوراو تۆزی چەند ساڵەی ستەم و چەوسانەوەیان لە خۆیان داتەکاند، بەڵام بە گیانی پێکەوەژیان و هەستکردن بە لێبووردەیی توانییان کولتووری قبوڵکردنی یەکدی و بەرانبەر بەرز ڕابگرن و ئەو دروشمە دووپات بکەنەوە، یان هەموومان یەکدی قبووڵ بکەین، یان هەموومان دەکەوینە بەر زەبری شمشێری ڕق و کینە و چارەنووسێکی مەترسیدار ڕوومان تێدەکات.
(*) سەرۆکی سەنتەری میسر بۆ دیراساتی کوردی.[1]