لە دوایین ڕۆژەکانی ئەم وەرزەی هەڵکۆلین لەسەر #گردی شمشارە# لە ڕۆخی دەریاچەی دووکان لە دەڤەری #بتوێن#، ژوورێکی گەورەی عەمبار کردنی دانەوێلە و 7 جەررەی گەورە دۆزراوەتەوە کە تایبەتن بە کۆکردن و عەمبار کردنی دانەوێلە.
کاری کنە و پشکنینی شوێنەواری لەسەر ئەم گردە لە لایەن تیمێکی شوێنەوارناسی زانکۆی پیسایی ئیتالی بە هاوبەشی و هاوکاری بەڕێوەبەرایەتی شوێنەوار و کەلەپووری ڕانیە لە ژێر چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گشتی شوێنەوار و کەلەپووری کوردستان بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا زانیاری و دەستکەوتی گرنگی شوێنەواری و مێژووییان دەست کەوتووە، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەکان، ئەو تیمەی کاری پشکنینیان بۆ ئەم گردە کردووە تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی زانستییان لە سەر ئەنجامی کارەکەیان بلاونەکردووەتەوە، بۆیە زانیارییەکان زۆر کەم و کورتن.
$گردی شمشارە$
ئەم گردە کە بەهۆی دۆزینەوەی 286 تابلێتی قوڕ کە نووسینی بزماریان لەسەر و مێژوویان بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەڕێتەوە بە یەکێک لە گردە مێژوویی- شوێنەوارییە گرنگەکانی کوردستان دادەنرێت کە بە دووریی حەوت کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری ڕانیەوە. ئەم تابلێتە مێژووییانە دەکرێ سەرچاوەیەکی باش بن بۆ ناسینەوە و نووسینەوەی مێژووی کۆنی کوردستان، چونکە لە کۆمەڵێک لەو تابلێتانە باسی لە حوکمداریی ئەوسای ئەو دەڤەرە و چۆنیەتیی ژیانی خەڵک و دەسەڵاتی ئەو ناوچەیە دەکرێت.
ڕووبەری گردی شمشارە نزیکەی 336م، هەروەها بەرزییەکەی 19م لە ئاستی ڕووی دەریاوە و بەشی باشووری گردی شمشارە 13 مەترە و پێشتر لە زۆربەی گردەکانی ئەم کۆمەڵە گردە بەرزتر بووە، بەڵام بەهۆی بەرزی و نزمیی ئاستی ئاووە تووشی ڕاماڵین بووە.
دەڤەری ڕاپەڕین و ڕانیە بە یەکێک لە دەڤەرە گرنگەکانی بواری زانستی شوێنەوارناسی دادەنرێت کە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی یەکجار زۆری شوێنی شوێنەواری، ساڵانە کاری هەلکۆڵین و کنە و پشکنینیان بۆ دەکرێت، بەڵام هەر ئەم ناوچەیە و گردە مێژووییەکانی بەهۆی نزیکی لە بەنداوی دوکان، مەترسی لەناوچوونیان لەسەرە.
ئامادەکردنی: #سارا سەردار#
[1]