لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی چەند وڵاتێکی دیکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ڕۆژی 14ی 2، ئامادەکاری بۆ ڤالانتاین دەکرێت، کە بە ڕۆژی خۆشەویستی ناسراوە.
لە ڕۆژانی پێش 14ی شوبات، لە بازاڕ و مۆڵەکاندا گوڵی ڕۆز و دیارییەکانی دیکەی تایبەت بە ڤالانتاین زیاتر دەبینرێن، چونکە بەشێک لە خەڵک لەو ڕۆژەدا گوڵی سوور بە دیاری بە خۆشەویستەکانیان دەبەخشن.
بەشێک لە گوڵی ڕۆز لە وڵاتانی ئیسپانیا، هۆڵەندا، ئێکوادۆر، ئێران و سریلانکاوە هاوردەکراون. تەنیا یەک بازرگان لە #هەولێر# 450 هەزار گوڵی ڕۆز و چەند جۆرێکی دیکەی گوڵی بۆ ڕۆژی ڤالانتاین هێناوە، کە وەک خۆی دەڵێت بەشێکیان هەناردەی ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەکەن. ئەو 450 هەزار گوڵە بایی 550 هەزار دۆلارە.
لە هەرێمی کوردستان سێ کۆمپانیای گەورە و زیاتر لە 10 سەرمایەدار گوڵ هاوردە دەکەن. ئەگەر ئەو سێ کۆمپانیایە بۆ ڕۆژی ڤالانتاین یەک ملیۆن و 350 هەزار گوڵ هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، واتە یەک ملیۆن و 650 هەزار دۆلار لە هەرێمی کوردستان دەچێتە دەرەوە.
خاوەنی کێڵگەیەک لە هەولێر، کە ساڵانی پێشوو لە دەرەوەی وڵات گوڵی ڕۆزی هاودەکردووە، ئێستا دەیەوێ لە کوردستان گوڵەکە بەرهەمبهێنێت و دەڵێت، دوای ساڵێک لە دروستکردنی ئەو کێڵگەیە لە 40%ی ئەو پارەیەیان بۆ دەگەڕێتەوە کە ساڵی پێشوو بۆ گوڵ چووەتە دەرەوە.
خاوەنی کێڵگەکە لە ساڵی 2017 بە بڕی زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلار 192 تۆن گوڵی هاودەکردووە. بەڵام ئەمساڵ بە بەرهەمهێنانی گوڵی ناوخۆیی هەم ڕێگەی لە چوونەدەرەوەی پارەی ناوخۆ گرتووە، هەمیش هەلیکاری بۆ 300 کەس دابینکردووە.[1]
#10-02-2019#