بۆ پشتگیری هاوپەیمانیمان کرد و بۆچیش وازمان لێی هێنا؟
هەرێمی کوردستان، لە ماوەی بیست و حەوت ساڵی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی دا، بە دۆخێکی پڕ لە گرفت و شکستی سیاسی، ئابوری، سەربازی، کۆمەڵایەتی و خراپی ژیان و بێ خزمەتگوزاری تێپەڕی. لە سایەی حوکمڕانی ئەو دوو حزبەدا، چەمکی دیموکراسی، یەکسانی و دروستکردنی پایەکانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و خۆشگوزەران بەتەواوی لەباربردرا و هەرچی هونەر، جوانی، خۆشەویستی و کەسایەتی تاکی کۆمەڵگەی کوردستان بوو، تێکشکێندرا.
ئەو مۆدیلە حوکمڕانییەی کوردستان، خەڵکی توشی بێئومێدییەکی قول کرد، کە هەم حزبە بالادەستەکانیان بە هۆکار دەزانی و هەم لە سیاسەت و هەنگاوەکانی حزبە بەناو ئۆپۆزیسیۆنەکانیش نائومێد ببون، بەجۆرێک کە هیوایەکی ئەوتۆیان نەمێنێ و لە چاوەڕوانی ئەلتەرنەتیڤێکی تردابن. هێزێک بە بەرنامەیەکی نوێوە بێتە کایەوە کە تەنها بەرژەوەندی خەلک و خاک چەقی کار و بەرنامەکانی بێت، لەوسەرەبەندەدا دکتۆر بەرهەم خۆی وەکو ئەو ئەلتەرنەتیڤە نمایشکرد و لە یەکێتی هاتەدەرەوە، بەمەبەستی ئاڵوگۆڕ لە سیستەمی حوکمڕانی و دروستکردنی حوکمڕانییەکی ڕەشید، ڕایگەیاند کە ماڵئاوایی لە یەکێتی کردوە، لە تەواوی دیدار و کۆڕ و کۆبونەوەکانیدا دەیوت: هۆی هاتنەدەرەوەم، لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی حزب و جیاوازی تێڕوانینمە لەسەر سیستەمی حوکمڕانی کوردستان، لەناو یەکێتی پۆستم هەبووە و پۆستی باڵاتریشیان پێدەدام، بەڵام ڕەتمکردۆتەوە، دەمانەوێت باری لاری حوکمڕانی کوردستان ڕاست بکەینەوە، من چاوم لە پلەوپایە نەبووە، چونکە پلەو پۆست لە سیستەمێکی گەندەڵدا نرخێکی نیە، ئیتر بەسە چیتر ئەو ووڵاتە بە پشکپشکێنە و خزمخزمێنە و قۆرخکاری بەڕێوەناچێت، بەردەوام دەبین تا دەگەینە ئامانج.
خەڵکێکی زۆر دڵسۆز، پاک، شارەزا، بەتوانا و خاوەن باکگراوندێکی مەعریفی، لەدەوری پڕۆژەکەی کۆبونەوە، بەوهیوایەی گۆڕانکاری لەدۆخی ئێستای کوردستان دروستببێ، لەئەنجامدا بیرۆکەی (هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری) لێهاتە بەرهەم، بەدەیان کەسی ئەکادیمیست، ڕۆژنامەنوس، میدیاکار، سیاسی، کەسایەتی کۆمەڵایەتی و ئاینی، و گەنجانی خوێن گەرم و دڵپاک باوەشیان بۆ هاوپەیمانی واڵاکرد و بەپەرۆشی و دڵسۆزی و ئومێدەوە شانیان خستەبەر پڕۆژەکە و ڕووبەڕووی گرفت و هەڕەشەکانیش بوونەوە.
لێرەدا پێویستە ئەو ڕاستیەش بدرکێنین کە هاوپەیمانی حزبێک نەبوو لە پڕێکدا قووت بووبێتەوە، بەلکو بەرهەمی کاری نزیکەی سێ بۆ چوار ساڵی پێشتری کەسانێکی لەخۆبوردوو بوو بەناوی (دەستەی ڕاوێژ بۆ پرسەکانی سەردەم)، کە ئومێدمان بەوەبوو لەو ڕێگەیەوە بتوانین ئەرکی مێژوویی سەرشانمان بەجێ بگەیەنین کە لەئاستی قۆناغەکەدابێت، بەبێ ئەوەی هیچ کام لەو دەستە کادرە چاویان لەهیچ پلەو پۆستێک بوبێت یا کاندیدی لیستەکانی هاوپەیمانی بوبن لەهیچ کام لەهەڵبژاردنەکاندا.
باوەڕی ئێمە بە هاوپەیمانی لەوەوە سەرچاوەی گرتبوو کە دوور لە موزایەدەی سیاسی تاکە هێز دەبێت بەرگری لە مافەکانی خەلک بکات و هەولی گۆڕینی گوزەرانیان بدات بۆ ژیانێکی شایستە، و گێڕانەوەی قوت و داهاتەکانیان لەدەست پاوانخوازان. کاری جدی بکات بۆ سەروەریی یاسا، فەراهەمکردنی شەفافیەت لە داهاتی ولات، بواری هاوتا دەرەخسێنێ لەبەردەم تاکەکان و دیموکراسیەت دەستەبەر دەکات و پانتایی ئازادییەکان بەرفراوانتر دەکات، کە هەموو ئەمانە لەو بەرنامەیەی هاوپەیمانیدا هاتووە کە ئێمە ماوەیەکی زۆر شەونخونیمان لە ئامادەکردن و نوسینەوەیدا کردووە و پێمان وابوو لەمەیدانی پراکتێکدا بە پشتیوانی خەلکی کوردستان دەتوانین جێبەجێی بکەین. هەر لەو ڕوانگەیەشەوە خەڵکێکی زۆر ئومێدیان لەسەر هەڵچنیبوو.
بەلام بەداخەوە، ئەو ئومێدانە لەگەل سەرەتای دروستبوونی قەوارەکەدا کاڵ بوونەوە و تێبینی زۆرمان لا دروستبوو، هەر لە نەبوونی شەفافیەت و دیموکراسی و دادپەروەرییەوە لەنێو قەوارەکەدا، تا باوەڕ نەبوون بە دامەزراوە و نەبوونی کارکردنی تیم و ئەنجامدانی کاری تاک ڕەوانەو کارکردنی بە میزاج، بردنە پێشەوەی کەسانێک کەتەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان ڕەچاو دەکرد، نەبوونی ڕوئیایەکی ڕوون بۆ داهاتووی کاری قەوارەکە، نەبوونی هەڵوێستی سیاسی لە کۆمەلێک ڕووداوی گرنگی کوردستان و عیراق و ناوچەکەو چەندانی تر.
بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵوێست و هەنگاوەکان، ئێمە ئەو دەستە کادیرە کەبەشێوەیەکی نافەرمی دامەزرێنەری حەقیقی هاوپەیمانی بووین، لە نێو حزبەکانی خۆماندا دەستمان لەهەموو پلەو پۆست و ئیمتیازاتێک هەڵگرتبوو، بە گەرموگوڕی و نییەتپاکی هەوڵەکانمان بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە خستەگەڕ، بەو ئومێدەی هەم سەرۆکی هاوپەیمانی جیاوازترە لە سەرۆکی حزبە تەقلیدیەکان و هەم هاوپەیمانیش مۆدیلێکی تەندروست و پێشکەوتووی حزبایەتی دادەهێنێت، بەڵام بەداخەوە نە سەرۆکی هاوپەیمانی جیاوازتر بوو لە سەرۆکە تەقلیدیەکان و نە هاوپەیمانیش مۆدیلی حزبەکانیتری تێپەڕاند، بەپێچەوانەوە هەوڵی تێکشکاندنی ئیرادەو توانای کەسایەتی هەموو ئەوانە دەدرا کە لەناو هاوپەیمانیدا ڕەخنەی جدیان هەبوو.
بەر لە کۆنگرەی دامەزراندن، سەرنج و ڕەخنە و مەترسییەکانمان خستە ڕوو، لەکاتی کۆنگرەشدا، لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کۆنگرەکە، نیگەرانییەکانمان بە سەرۆکی هاوپەیمانی ڕاگەیاند، بەڵام گوێمان لێنەگیرا، مخابن تادەهات هەیمەنەی خۆی زێتر دەکرد و خۆی لە کاری تیم و دامەزراوەیی و ڕاوێژکردن بەدوور دەگرت و بە پێشنیار و ڕەخنەکان قەڵس دەبوو، تەنها گوێی لەو کەسانە دەگرت کە بە هەموو قسەیەکی دەڵێن بەڵێ ڕاستە.
تادەهات وردەوردە گومانەکانمان زیادیدەکرد، تا گەیشتینە ئەو باوەڕەی سەرۆکی هاوپەیمانی، حزبەکەی تەنها بۆ بەرزکردنەوەی ڕەسیدی پێگەی سیاسی و ئابوری خۆی دروستکردوە بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تردا مامەلەی پێوە بکات و لەو ڕێگایەشەوە دەستی بە پۆستێکی باڵا بگات.
لەئەنجامی ئەم هەڵە کوشندانەی کران، هەم لە هەلبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی ڕابردوو (سەرباری بوونی ساختەکاریی زۆر لەلایەن هەردوو حزبی بالادەستەوە) کە هاوپەیمانی شکستی هێنا، سەرۆکی هاوپەیمانی هەر بەوەندە نەوەستا بەلکو لەپێناو گەیشتن بە ویستەکانی، بەرنامەی هاوپەیمانی و ئومێدی خەڵکی کوشت و (بە بیانووی ساختەکارییەوە) لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا کشایەوە، کە لە ڕاستیدا بەلای ئەوەوە ئەمە تەنها بیانوو بوو، چونکە زۆر هەولی شاراوەو ڕێکەوتنی ژێربەژێر لەپشتیا خۆیان مەلاسدابوو، لەوەدەست هێنانی تموحێکی شەخسیدا چڕبوو بووەوە، هەموو ئەمانە هەم ئێمەو هەم خەلکیشی نائومێدکرد.
ئەگەر وا نیە بۆچی دەبێ هاوپەیمانی کە لەسەر بناغەی ڕووبەڕوو بوونەوەی سیاسەتی پاوانخوازی (سەرۆکی هاوپەیمانی وتەنی) جوت حزب و بنەماڵە دامەزرابوو، دەیان جار لە دەرگای بارەگای هەردوو حزب و لەدەرگای ماڵی هەردوو بنەماڵەیدا و لەوپێناوەدا لەگەڵیان کۆبووەوەو هانای بۆ بردن!
بەهۆی ئەم هۆکارانەی سەرەوە، هەندێکمان بەر لە گۆنگرە و هەندێکیشمان لەکاتی کۆنگرە و ڕاستەوخۆ دوای کۆنگرە وازمان هێنا، لەگەڵ ئەوەشدا بەتێکڕا بێدەنگیمان هەڵبژاردو لە ڕاگەیاندنەکاندا هیچ قسەیەکمان نەکردووەو نەمانویستووە بەشێک بین لەشکستی ڕێکخراوێک کە خۆمان بەشێک بووین لە بنیاتنانی و شکستەکەی نەخرێتە ئەستۆی ئێمەوە، ئێستاش پێمانوایە هاوپەیمانی و سەرۆکەکەی بوونەتە هۆی زیاتر بێئومێدکردنی خەڵک لە ئۆپۆزسیۆن و هاتنە مەیدانی کەسایەتی سیاسی تر و دروستکردنی گۆڕانکاری، دڵنیاشبووینەوە لەوەی هاوپەیمانی بۆ بەڵێنی دورینی پۆستێکی باڵا بۆ سەرۆکەکەی بەکار هێنراو غەدرێکی مێژوویی لە خەڵکی کوردستان کرا، هەر بۆیە بە پێویستمان زانی لەم یاداشتەدا هەڵوێستی خۆمان بە ڕاشکاوی ڕابگەیەنین و ئەو ڕاستیانەی سەرەوە بۆ خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکەین. بۆ هەموو ئەم ڕاستیانەش بەڵگەو دەکۆمێنتمان لەبەردەستایەو لەکاتی خۆیدا ئەگەر پێویست بکات سەرجەمیان بە وردەکارییەوە دەخەینە بەردەم ڕای گشتی.
لەگەل ڕێزدا....
1-رازاو مەحمود- ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
2-گەشە دارا- ئەندامی پەرلەمانی کوردستان.
3-جەواد سەعید- پێشمەرگەی دێرین و ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان، ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
4-رێزان عارف- ئەندامی ئەنجومەنی گشتی هاوپەیمانی.
5-د.سەروەر عبدالرحمن عمر- ئەندامی خولی پێشووی پەرلەمان کوردستان.
#13-09-2018#