راگەیەندراوی ڕۆژنامەوانی لەسەر کۆبونەوەی
ئەنجومەنی سەرکردایەتی #یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان#
ئەمڕۆ نیوەڕۆ (13/9/2018) ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەسەرپەرشتی کۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، جێگری سکرتێری گشتی (ی.ن.ک) سەبارەت بە (دۆخی عێراق، هەڵبژاردنی کوردستان و داوای هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ یەکێتی) کۆبونەوەی نائاسایی کرد.
کۆبونەوە، دوا وردەکاری دۆخی عێراق، کۆبونەوەی یەکێتی و پارتی، هەڵبژاردن، پرسی #کەرکووک#، جارێکی تر هەڵسەنگاندەوە. سەرەنجام:
ئاماژەی گۆڕانکاریەکانی لەبۆچونی لایەنەکانی شیعه و سوننە، بۆ دروستکردنی کوتلەی گەوره و چۆنیەتی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق و جێگرەکانی، بەگۆڕانکاری باش زانی و پێی باش بوو، وەفدی هاوبەشی کوردستانی، ئەم گۆڕانکاریانە لەناو بلۆکی فراکسیۆنەکان، بۆ بەشدارییەکی کارا بقۆزێتەوە کە کاندیدێکی شایستە بۆ سەرۆکی کۆماری عێراق و سەرۆک وەزیران و پاشان، پەسەندکردنی پرۆژەی یەکێتی و پارتی، لەسەری ڕێک بکەوین.
سەبارەت بە سەرەنجامی هەڵبژاردن و پرسی کەرکووکیش، کۆبونەوە جەختدەکاتەوە کە:
حکومەتی مەدەنی بگەڕێتەوە کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکانی مادەی (140). پیشمەرگه و ئاسایش و پۆلیسی ئیتحادی، پێکەوە ئاسایشی کەرکووک و ناوچەکان بگرنەدەست. ئەمەش، لەروانگەی یەکێتییەوە، بەستراوە بەوەی کە بەپێی شایستەیی دواهەڵبژاردن، پارێزگاری کەرکووک هەڵبژێرێ. ئەویش تەنها پارێزگاری کاندیدکراوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
بۆ بڕیاری هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەریش، لەگەڵ یەکێتی دەست بە گفتوگۆ بکەن بۆ یەکگرتنەوە، سەرکردایەتی پیشوازی لەم دەستپێشخەرییە کرد و، وەفدێکی باڵای بۆ لێکتێگەیشتن و سەرەنجام یەکگرتنەوە، پێکهێنا.
بۆ هەڵبژاردنی کوردستانیش، دەستخۆشیی لە دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن لەدەروازەی ڕاپەڕین کردو بڕیاریشی دا، بۆ سەرخستنی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەرپرسی سەرجەم ئۆرگانە باڵاکانی یەکێتی کۆببنەوه و بەرنامەی چۆنیەتی دابەشکردنی تەواوی کادرو ئەندامانی یەکێتی دابڕێژن. دەزگاکانی ڕاگەیاندنی یەکێتیش، بەجۆش و خرۆشتر هەڵمەتی هەڵبژاردنەکه و چالاکی سەرۆکی لیستی (105)و کاندیدە دڵسۆزو مەدەنیخوازەکانی یەکێتی، ڕوماڵ بکەن.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
#13-09-2018#