=KTML_Bold=هەمیشە بەهار=KTML_End= (مەدهۆش) حەمە عەلی خەیات 1919-1994
لە بیرم ماوە ڕووی هەرزەکاریم
ژیانی بەرزی ناو کوردەواریم
سەرم پڕ شۆڕی نەوبەهارێ بوو
دڵیشم کەیلی گوڵ ڕوخسارێ بوو
هەمیشە مەستی گەنجی و جوانی
دڵداریم دەکرد بە شادمانی
لە شایی و بەزم و سەیر و هەڵپەڕین
لە گوڵ چنینێ یا خود دڵ کڕین
شەوانم لەگەڵ یارانی هاودەرد
بەخۆشی ڕابوارد وەک ڕۆژی بێ گەرد
لەگەڵ کۆمەڵێ تازەموودا بووم
لەناو بتانی لالەڕوودا بووم
دەورم شەوچرای زستان و ئاگر
دەنگی سەتوور و سازی سەماور
دەمی گۆرانی و ئاواز و بەستە
یاخود چیرۆکی خۆش و سەردەستە
کە ئەم باسەیان هێنایە پێشێ
بەشیرینی دڵ لێی بوو بە مێشێ
کە دیم دڵگیر و جوان و لەبارە
پەسەندی بیری لاوی دیارە
وا هۆنیمەوە کردم بە ڕستە
لە جێی یادگار ئەم سەرگوزەشتە
کورد لاوی وەهای تیا هەڵکەوتووە
پەیمانداری وای لێدەرکەوتووە:
وەکوو بیستوومە ئاغایەک لە شار
بازرگانێک بوو ناسراو و دیار
کوڕێکی هەبوو ژیر و توانا
فەرەیدون ناو بوو بە هێز و دانا
جوان و پێگەی و، دڵتەڕ و ڕووخۆش
ورد و لەسەرخۆ، زیرەک و بەهۆش
بەڵام ئەم کوڕە شەوخانەبێزار
هەردەم لە باوکی ون دەبوو شەوگار
لەسەر شەولەماڵدەرچوونی چەند جار
لێی تووڕە دەبوو باوکی بە ناچار
شەوێکیان پێی وت: ڕۆڵەی بە کامم
گوێ لە من بگرە چۆنە مەرامم
ئەوا من پیر بووم بە تەنیا تۆم هەی
بۆچی ئەمەندەم خەفەت پێ ئەدەی
بە شەو لەمەولا بیکە بە پیشە
لە دیوەخانا لەلام دانیشە
با تۆ بناسن خزم و یارانم
نەتەوەی منی و تۆوی دامانم
کە مردم هەرچیم لێ جێ بمێنێ
بە تۆی بسپێرن کەس لێت نەسێنێ
گەر لەم کردەیەی خۆت واز نەهێنی
بڕۆ، تۆم ناوێ لای من نەمێنی
باوکی ئەمانەی فەرموو فەرەیدون
سەری خۆی داخست سەرسام و دڵ خوون
چونکە بە دەردی دڵی دووچار بوو
ئەم پەندەی باوکی لا زەهری مار بوو
=KTML_Bold=گیران=KTML_End=
ئەم وتارانەی گشتی لە بیرچوو
لەلانەی باوکی شێرانە دەرچوو
بەرگی شەوپۆشی ڕەشی کردەبەر
بەگورجیی ڕێگەی هیوای گرتەبەر
تیروکەوانی توند کرد لە شانی
چوو بۆ هەواری جاری جارانی
نەیزانی ئەمش و نەگبەتی دیارە
تووشی پاشا بوو لەگەڵ دە سوارە
تێی خوڕی زەلام مەڕۆ چ کارەی
بەم شەوە وێڵی ئەم قەراغ شارەی
وتی: وازبێنە، مەپرسە من کێم
بە تۆ ناگیرێم، دەست مەیەنە ڕێم
شا فەرمووی بڕۆن دەستبگیری کەن
دیارە سەرچڵە، زوو زنجیری کەن
فەرەیدوون چەکی لە شانی داگرت
ژێی تیری لە گوێی کەوانا ڕاگرت
چووە کەمینی نیشان لە وێدا
گەیینە سەری، گیرا لە جێدا
شا فەرمووی بیبەن بۆ بەندیخانە
سبەی بیکوژن کوشندەی دوانە
=KTML_Bold=سپڵە=KTML_End=
فەرەیدون گریا وتی ئەی سالار
لێبووردنت بێ بۆ منی هەژار
بزانە زەدەی دەستی نیگارم
بەم شەوە وێڵی کۆڵان و شارم
ئەمشەو تا سبەی لە یارم مەکە
بێ ماڵئاوایی دڵدارم مەکە
من خۆم شەست و شەش برادەرم هەن
ئەمەندە یاری گیان پەروەرم هەن
کامیانت ئەوێ بارمتە بن لات
هەتا بەیانی دێمەوە بۆ لات
زۆر پاڕایەوە لە شا و سوارنی
گەیشتە گەردوون ناڵە و گریانی
شا زۆر بەزەیی پێدا هاتەوە
وتی ناتکوژم بەم ئاواتەوە
کام برادەرت بەباش دەزانی
تۆی بدەمە دەست هەتا بەیانی
فەرەیدوون چوو بۆ لای هەر هاوڕێیە
دەری کرد وەکوو نەزانێ کێیە
لە دەرگای شەست و شەش ئاوەڵیدا
کەسیان بە کەڵکی نەهات لە وێدا
هەناسەیەکی هەڵکێشا ناچار
وتی بە پاشا لەگەڵ شین و زار
ئەم برایانەی منت کە بینی
هەموو یارم بوون لە دەوری سینی
نەمزانی هەموو دۆستی سەر نانن
ڕۆژی تەنگانە دوژمنی گیانن
بەڵێنم وابێ لەگەڵ دڵی خۆم
گەر مام لەمەولا تەفرەی کەس نەخۆم
هەموو دۆستێکم باش هەڵسەنگێنم
ئەوسایە سەری بۆ دانەوێنم
توخوا پاشا گیان دۆستێکم ماوە
با بچینە لای ئەویش ناسیاوە
جارجارێ لەڕێ یەکترمان دیوە
بە چۆنی و چاکی یەکمان ناسیوە
کوڕێکی باشە و ناوی نەژادە
بۆ دەستگرۆیی ئەوم لە یادە
فەرەیدوون لەگەڵ پاشا نیوەشەو
نەژادیان لە جێ ڕاپەڕاند لە خەو
فەرەیدون گریا وتی برادەر
هاتومە دەرگات مەمکە دەربەدەر
هەتا بەیانی من بگرە لای خۆت
چۆنم چار دەکەی خۆت و خودای خۆت
کەوای وت نەژاد زۆر بە نەرمەوە
بە شای وت لەژێر پەردەی شەرمەوە
گەر لەسەر پارە ئەم کوڕە بەندە
من زیاتر ئەدەم خوێنبایی چەندە
ئەگەر لەسەر ژن گیراوە لاتان
من خێزانی خۆم ئەنێمە پاتان
ئەم دوو شتەیە کە لە دەست من بێت
وەیا سەریشم دائەنێم لە ڕێت
پاشا سەرسام بوو لەم گوفتارانە
بژی ئەو کەسەی کرداری جوانە
وتی: چونکە تۆ ئەوەندە مەردی
هەمووم پێگەیی و ئازادم کردی
بەڵام تا سبەی با ئەمەت لا بێ
لای تۆ بمێنێ نەک بەرەڵڵا بێ
سبەی کە ناردم بۆمی بنێرە
هەرکەسێکم نارد بەوی بسپێرە
شا فەرەیدوونی سپارد بەو و ڕۆی
لەگەڵ سوارانی بۆ پەیکاری خۆی
نەژاد دەست بە جێ جێگەی بۆ ڕاخست
لای خۆی نواندی و دەرگای لێ داخست
خۆشی چووە ناو جێگاوە لێی خەوت
فەرەیدوون وەستا تا خەوی لێ کەوت
=KTML_Bold=چۆن پێی نەگا=KTML_End=
کاتێک نەژاد نووست فەرەیدوون هەستا
تا دەرگای ماڵی نەژاد نەوەستا
بە سووکی بێ دەنگ دەرگای کردەوە
لە لانە دەرچوو بەدەم دەردەوە
لەگەڵ لەوسەری کۆڵانا دەرکەوت
هەم دیسانەوە شا چاوی پێ کەوت
وتی سەیری کەن ئەم نەوجەوانە
بە چی سەودایەک وا هەراسانە
ئێوە بوەستن تەنها و نهێنی
من دوابەدوای ئەو ئەکەومە شوێنی
تاکوو بزانم ئەمشە و کوێ ئەچێ
ڕازی ئەم کوڕە با لەکیس نەچێ
فەرەیدوون ئەڕۆی پاشا لە دواوە
دی لە بەردەمی ماڵێ وەستاوە
کەمەندی هاویشت لە خانوو سەرکەوت
پاشاش کەمەندی هاویشت و دووی کەوت
فەرەیدوون یەکسەر ڕووی کردە ژوورێک
چوو بۆ ژوور سەری باڵا بلوورێک
نازدارێ دەرکەوت لە تۆی پۆپەشمین
پەری ڕوخسارێ، سەرپەنجە ڕەنگین
لەبەرگی جوانی ئاوریشما بوو
ڕووی بە وێنەی مانگ لەناو تەما بوو
سەرکوڵمی ئەتگوت پارچە ئەڵماسە
نوخشەی سەر لێوی دانە گێلاسە
نەرم و ناسک و شۆخێکی تەواو
فریشتەیەکی لە بەهەشت هێنراو
پاشا ئەمەی دی چونکە هۆشیار بوو
ئەم کچەی ناسی کچی (سەردار) بوو
ئەو (شیرین) ناوەی بەجوانی شاز بوو
هەزاران دڵی ئاواتە خواز بوو
فەرەیدوونی دی لە جێی خۆی هەستا
بەرانبەر بە یار وەک چنار وەستا
وتی ئەی جوان هێز و هەناوم
بۆچ درەنگ هاتی ڕووناکی چاوم
هەناسەی گەرمم دڵی برژانم
شەو ڕابوورد بۆ مانگ هەر چاوەڕوانم
دانیشە لەلام سەرچاوم هاتی
مەینەتت پێ دام وا درەنگ هاتی
فەرەیدوون گریا، وتی ئەی نازدار
بەسم پێ بدە خەفەت و ئازار
ئەگەر ئەم دەردەی بە خەو ئەبینی
زوو لەناو ئەچوو فەرەیدوون ژینی
بەتەنیا ئەمشەو لەلای تۆ ماوم
سبەی ئەبینی لەدار دراوم
کامی دڵداریم بردە گڵەوە
ناسۆری دووریم وا بە دڵەوە
هەستە ئاهەنگێ بێنە پێشەوە
با وا بزانین جیهان ئەم شەوە
لە ماچی لێوت بێ نیازم کە
لە کامی دڵدار سەرفرازم کە
لەیەک بئاڵێین وەک توڵی لاولاو
چونکە لەیەکتر ئەبین لەناکاو
ئەم تینوێتییەی دڵم بشکێنە
بەر لەپاشا خۆت گیانم دەربێنە
کە وای وت شیرین ئاهێکی کێشا
دووکەڵی لەبن جگەر دەرکێشا
=KTML_Bold=پەند و سەرزەنشت=KTML_End=
وتی ئەی یارم تۆ ژیری لای خۆت
چۆن ئەم گوناهە ئەگریتە ئەستۆت
چەند ساڵە ئێمە بە داوێن پاکی
بە پارێزراوی ماوین بە چاکی
دڵێکی ڕوونی وەکوو ئاوێنە
پاکی لە ناویا بووە بە وێنە
گەر ئێستە کامی یەکتر وەرگرین
کە مردین لای خوا چۆن سەر هەڵبڕین؟
ئەم ئاوێنەیە بۆچ پەڵەدار بێ
ڕووی ڕەشی ئێمەی تێدا دیار بێ
دەزانی ئێمە ئەچینە گۆڕێ
بۆچی بۆ شەوێ هەمووی بدۆڕێ؟
منیش لە دوای تۆ ژیانم تەنگە
تەڵی ژیانم بە تۆوە بەنگە
بەیانی ئەگەر تۆیان لەناو برد
خۆم نەجات ئەدەم منیش دەستوبرد
گەر ئەم پەندەی من گومانی تیایە
تاقیم کەرەوە بزانە وایە
چاوێک بگێڕە نزیک سێدارە
سوارێکی ڕەشپۆش لەوێ دیارە
بیناسە ئەوە دڵداری خۆتە
دۆستێکی پەیمانگوزاری خۆتە
منیش ببینم کە چۆن شێرانە
دەچێتە پێشێ نەڵێن ترسانە
ئەمەندە هێز و سەربەستیت تێدا بێ
هەموو کەس بڵێن گەنج دەبێت وابێ
ئەم زەردەخەنەی لێوت ون نەکەی
بەرانبەر دوژمن من شەرمن نەکەی
خۆت باش دەزانی ناحەزمان زۆرە
گەر پێمان خۆش بن زۆر لام ناسۆرە
لەگەڵ باڵای تۆم دی بە دارەوە
جەرگم بە خەنجەر دێنمە خوارەوە
ئەوسا دوو لاشەی پاکی پڕخەبات
یەک ئەگرن دەڵێن ئەمەتا ئاوات
باوەڕیش ناکەم بۆ لەناوچوونت
پشت ئەستوور بی تۆ بە بێچوونت
چەنکە چاکەت کرد لەم جیهانەدا
هەر دێتەوە ڕێت لە تەنگانەدا
نەتبیستوە چاکە بکەی لەگەڵ ئاو
نەجاتت دەدا لە دەم قوڵفی داو
منیش لێڵاو نیم ئەو ئاوە پاکەم
بەتەمای بەشی خزمەت و چاکەم
پاشا ئەم جووتەی وا هاتە بەرچاو
توانای نەما بوەستێ تەواو
لەم پەیمانانە دڵی دەلەرزێ
سەری پەنجەی خۆی بە ددان ئەگەزێ
بێ خشپە پاشا زوو گەڕایەوە
ئەو شەوە نەنووست بەو سەودایەوە
دەمەو بەیانی کە شەو بوو ئازاد
فەرەیدوون هەستا بە دڵی ناشاد
بەگریانەوە ڕووی کردە شیرین:
بەخوات ئەسپێرم یاری نازەنین
تازە ڕووی یەکتر نابینینەوە
مەگەر لەبەهەشت یەک بگرینەوە
ئینجا بەگورجی کەوتەوە ڕێگە
گەییە شوێنی خۆی، چووە ناو جێگە
چەنکە ماندوو بوو زوو خەوی لێ کەوت
هیچ کەس نازانێت چۆن دەبێت ڕێکەوت
کاتێک شەو ڕابوورد تاریکی لاچوو
بەرگی ڕووناکی بەسەر شارا چوو
زەردە هەتاوی بەیانی دەرکەوت
جڵە و کێشی ڕۆژ بزووت و سەرکەوت
دەستی دڵداری لە مل دەرهێنا
پەردەی جیایی بەرەو دوا هێنا
تیپی پەلەوەر کەوتە خرۆشان
گیانلەبەر سەرپاک چوونە تێکۆشان
بەڵام فەرەیدوون لە شیرین خەوا
کەیلە لە سەودای ناکامی شەوا
=KTML_Bold=تاڵ و شیرین=KTML_End=
لە پڕدا یەکێک توند دای لە دەرگا
نەژاد دەست بە جێ هەستا لە جێگا
بە ڕوویەکی خۆش بێ ماتەمینی
بە ژنەکەی خۆی وت زۆر بە شیرینی
پاشا ناردوویە بە دووی فەرەیدوون
من ئەچم لە جێی با نەبێت دڵ خوون
هەتا ئێستا تۆ خێزانی من بووی
جووتی ژیان و هاوشانی من بووی
بە دڵێکی خۆش، بەبێ دەردی سەر
لەمەولاش هەروا ژیان بەرە سەر
فەرەیدوون بۆ تۆ ئەگەر من کوژرام
ئەو لەباتی من دانێ لە جێگام
ئەو دڵەی دابووت بە من، بیدە بەو
خۆشی ئەبینی لە کرداری ئەو
هەرچێش من هەمە هەمووی بۆ ئەو بێ
با گیانی منیش بۆ ئەو پێشڕە و بێ
ئەم ڕێیە و شوێنەی بۆ ژنەی دانا
بەگورجی هەستا چوو بۆ لای پاشا
شا فەرمووی بڕۆن جاڕدەن بە شارا
ئێستا جوانێک دەکرێت بە دارا
هەرکەس ئەیەوێ بێت و بیبینێ
کە پاشا تۆڵەی کوشتن ئەسێنێ
بەڵام خێزانی نەژادی وریا
چووە ژوور سەری فەرەیدوون، گریا
دڵۆپی فرمێسک لە چاوی بەر بوو
کەوتە سەر ڕووی ئەو، پێی بەخەبەر بوو
سەری هەڵبڕی پرسی ئەی خوشکم
لەبەر چی ئەگریت، لە کوێیە کاکم
من بۆ ئێوە بووم بە دەردی سەری
ئەی پەروەردگار لە ناوم بەری
وتی: کە پاشا بە شوێنیا ناردی
خۆی چوو لە باتی و بە منی سپاردی
فەرەیدوون هەستا خۆی گەیاندە شا
بەگریانەوە وتی بە پاشا
کوشندەی پیاوی ئەمشەوت منم
خوێنی ئەم جوانەش مەخە گەردنم
نەژادیش وتی بڕوای پێ مەکە
من دوو سوارم کوشت، تۆ ڕووی تێ مەکە
ئینجا پادشا فەرمووی کە وایە
خوێنی هەردووکیان بۆ من ڕەوایە
فەرمووی هەردووکیان بەن لە سێدارە
بۆ تەمێ خواردن کێ ئاگادارە
لەناکاو سوارێ لە دوور پەیدا بوو
سەرتاپا لە ژێر بەرگی ڕەشا بوو
هاتە پێشەوە، لە نزیک وەستا
پاشا ئەمەی دی لە جێی خۆی وەستا
وتی بەسەردار ئەو ڕەش سوارە
بزانە کێیە لە ڕیز دیارە
سەردار چوو پەچەی لەسەر ڕووی لابرد
ناسییەوانێ کە تەماشای کرد
خەنجەری لەسەر دڵی دانا بوو
بۆ کوشتنی خۆی لەوێ وەستا بوو
وتی: ئەی پاشا چی ون بێ لە تۆ
جگەری منە و کارەکەری تۆ
ئەوجا پاشا وتی بە سەردار
تکای من بگرە ئەی مەردی هۆشیار
وامن ئەمانەم بەم کچەت بەخشی
کە تۆش کچەکەت بەمان ببەخشی
سەرداریش وتی: فەرمانی خۆتە
کچ کارەکەری خێزانی خۆتە
ئینجا شیوەنیان گۆڕی بە شایی
دەهۆڵ و زوڕنا و زەمزەمەی شایی
بوو بە هەڵپەڕکێ و چۆپی کێشانێ
لەیەک ون بوون و بۆ یار گەڕانێ
باوکی فەرەیدون کە بەمەی زانی
کەوتە باربوویی هەرچەندی توانی
خەڵاتێکی زۆر درا بە نەژاد
لە زیوو، لە ئاڵتوون کرا سەر ئازاد
ئەم هەموو بەزمە بە چەپڵەلێدان
ڕووی کردە ماڵی مامەی بازرگان
شیرینی و شەکراو هاتە کایەوە
پەردەی زاوایی ڕازێنرایەوە
کچی سەرداریان دا بە فەرەیدوون
ئەم دوو دڵخوازە بەیەکتر شادبوون
نوخشە بێ لە گشت دڵدار و دڵخواز
تا لە مەینەت و خەم بن سەرفراز
ئەم چیرۆکەشمان وا بڕایەوە
سەریەشانەکەی بۆ من مایەوە
1941