رۆژانە هەر خێزانێک لە #کەلار# نزیکەی دوو کیلۆگرام خۆڵ و #خاشاک# فڕێدەدات، کە زۆربەی پاشماوەی خۆراکییە، هەموو بەیانییەکیش تیمەکانی شارەوانی لە 33 گەڕەکی شارەکە ئەو خۆڵ و خاشاکانە کۆدەکەنەوە، خەرجی ئەو پرۆسەیەش مانگانە دەگاتە نزیکەی 70 ملیۆن دینار.
بەکر عەلی، کرێکاری شارەوانییە، لەبارەی جۆری خاشاکەکە دەڵێ خەڵک هەمووشتێک فڕێدەدەن وەکو خواردن، نان و برنج.
تەنها لە ڕۆژێکدا 250 تۆن خۆڵ و خاشاک لە گەڕەکەکان و نێو بازاڕدا کۆدەکرێنەوە کە 20 سوپەرمارکێت و زیاتر لە 500 مینی مارکێت لەخۆدەگرێت. هەموو مانگێک 59 ملیۆن و 500 هەزار دینار بۆ کرێکارەکانی شارەوانی و 10 ملیۆن دینار بۆ خەرجی ئۆتۆمبێلەکان لەپێناو پاکڕاگرتنی کەلار خەرج دەکرێت.
ئەکەرم ساڵح، سەرۆکی شارەوانی کەلار دەڵێ ''ئەگەر خەڵک بەپێی پێویست بەکاربێنن، ئەوا دوو ڕۆژ جارێک خاشاک کۆدەکەینەوه، چونکە حکومەت ئێستا دەیەوێ پارەی کۆکردنەوەش لە خەڵک وەربگرێت.
ژمارەی دانیشتووانی گەرمیان لە 700 هەزار کەس نزیکدەبێتەوە، ئەگەر خەرجی تاکەکەسێک ڕۆژانە سێ هەزار دینار بێت، ئەوا تەنها لە گەرمیاندا لە یەک ڕۆژ دوو ملیار و 100 ملیۆن دینار بۆ سێ ژەم خۆراک خەرجدەکرێت و نیوەی ئه و پارەیەش بەفیڕۆدەڕوات.
نەبوونی پلان بۆ چۆنێیتی خەرجکردن ڕۆژانە زیانی ملیۆنان دینار لە باشووری کوردستان دەدات. موشیر عەلی، مامۆستای ئابووری دەڵێ ئەگەر کەسێک سێ هەزار دینار خەرج بکات، ئەوا نیوەی بەفیڕۆ دەڕوات. کوردستان پێنج ملیۆنە کەڕەتی سێی بکە دەکاتە 15 ملیار دینار، ئەوکاتە حەوت ملیار و 500 ملیۆن دینار بەهەدەر دەڕوات.
ئەم بەهەدەردانە لەکاتێکدایە پارێزەرانی ژینگە ژێرخاککردن، یان سووتاندی ئه و هەموو زبڵە وەکو بۆمبێکی تەوقیتکراو وەسف دەکەن، کە لە کاتی سووتاندنیدا دووکەڵەکەی تێکەڵی هەوا دەبێت و، کاتێک ژێرخاک دەکرێت ماددە زیانبەخشەکانی تێکەڵی ئاوی ژێر زەوی دەبێت.[1]
#10-12-2017#