ڕۆژنیوز جیهاد هەورامی
بەپێی دەرئەنجامی لێکۆڵینەیەک لەسەر ڕۆڵی ژنان لە فەرمانگە جیاوازەکانی پارێزگای #هەڵەبجە# و خستنەڕووی چەند داتا و ئامارێک، لە کۆی 74 بەڕێوەبەری فەرمانگەکان تەنها شەش بەڕێوەبەری ژن هەیە و لە کۆی ئه و فەرمانگانەش لە 19 دانەیان هیچ ژنێکی فەرمانبەری تێدا نییە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی یادگاری هەڵەبجە و بە ئامادەبوونی پارێزگار و قائیمقام و چەند بەرپرسێکی حکومی و ژمارەیەک لە چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی، سەرۆکایەتی شارەوانی هەڵەبجە بە سپۆنسەری کۆمپانیای گارێکس، سیمینارێکی بۆ نووسەر کنێر عەبدوڵا، لەژێر ناونیشانی پێگەی ژن لە فەرمانگە جیاوازەکانی پارێزگای هەڵەبجە و خستنەڕووی ئامارێک ڕێکخست.
کنێر عەبدوڵا، لە سیمینارەکەدا داتا و زانیاریەکانی خستەڕوو کە لەئەنجامی وەرگرتنی داتایەک لەناو 74 فەرمانگەی پارێزگای هەڵەبجە کە لە مانگی 2ی ئەمساڵ ئەنجامی دابوو، وتی: ئه و لێکۆڵینەوەی کە ئەنجاممان داوە لەناو 74 فەرمانگەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە کەتیایدا ڕێژەی فەرمانبەرانی پیاو و ژنانمان وەرگرتووە لەگەڵ ئاستی خوێندنیان، لەکۆی گشتی ئامارەکە له و 74 فەرمانگەیە تەنها 6 ژن پۆستی بەڕێوەبەریان هەیە و لە 19 فەرمانگەشدا هیچ فەرمانبەرێکی ژنی تێدانیە.
وتیشی: بۆ بەرچاوڕونیی زیاتر داتای دوو فەرمانگەی سەرەکی پارێزگاکە دەخەمەڕوو کە بریتین لە دیوانی پارێزگا کە 34 فەرمانبەری هەیە و 21 دانەیا پیاون و 13 فەرمانبەریش ژن و بەڕێوەبەری دیوانیش پیاوە، لە 10 بەرپرسی بەش شەشیان پیاوە و چواریان ژنە، لەلایەکی تریشەوە لە قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەڵەبجە کە ژمارەی فەرمانبەرانی 24 فەرمانبەرە و 13 یان پیاون و 11شیان ژنە و بەڕیوەبەری قایمقامیەتیش ژنە، لە چوار بەپرسی بەش دوانیان پیاوە و دوانیان ژن و هاوسەنگی ڕەگەزیی پارێزراوە.
ئەوەشی ڕوون کردەوە: کۆی تەواوی فەرمانبەرانی ئه و 74 فەرمانگەیە بریتییە لە حەوت هەزار و 486 فەرمانبەر، کە چوار هەزار و 992 فەرمانبەریان پیاون و دوو هەزار و 494 فەرمانبەری ژنن، و لەکۆی 74 بەڕێوەبەری فەرمانگەکانیش 68یان پیاو و تەنها شەش دانەیان ژنە و لە کۆی 400 بەرپرسی بەش 320 بەرپرسیان پیاون و تەنا 80 بەرپرسیان ژنە.
لە کۆتاییشدا چەند پێشنیارێکی خستەڕوو و ڕایگەیاند: پێوستە کار بکرێت بۆ ئەوەی ژمارەی فەرمانبەری ژن و پێدانی دەسەڵات بەتایبەت لە بەرپرسی بەشە جیاوازەکانی فەرمانگەکان زیاتر بکرێن بۆ ئەوەی هاوسەنگی ڕێژەی ژن و پیاو لەناو فەرمانگەکان بپارێزرێت و دەرفەتی گونجاویان بۆ بڕەخسێت و هەلی زیاتر لە کەسانی خاوەن بڕوانامەی بەرزتر بدرێت لەناو فەرمانگەکان کار بکەن و خولی جیاواز لەبوارەکانی کەسێتی سەرکەوتوو و کارامە بۆ فەرمانبەران بکرێتەوە.[1]
#10-12-2017#