1959ساڵی لە شاری نەغەدە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بنەماڵەیەکی ئایینی لە دایک بووم. باوکم خەتیبی کوردەکانی ئەو شارە بوو. چون عالم و خوێندەوار بوو و فکرێکی پێشکەوتوانە و ئەوڕۆیی هەبوو، ئایینی بوونەکەی قەت نەبوە ڕێگری ئازادی و ژیانێکی سەربەست و مۆدێرنی سەردەمی ئەوکات بۆ ئێمە. هەر بۆیەش هەموو مناڵەکانی بۆ خوێندن نارد بۆ شارە گەورەکانی ئێران. منیش ساڵی ئاخری خوێندنم لە تەورێز تەواو کرد.1977. لەوێ بوو کە من بە بۆنەی براکانم کە سیاسی بوون وهەر وەها تێکەڵاوی لەگەڵ ڕەفیقەکانیان، زیاتر لەگەڵ مەسائیلی سیاسی و هەروەها فکری چەپ ئاشنا بووم. کار و چالاکی سەرەتاییم هەر لەو ساڵانەوە دەست پێ کرد. زۆر یارمەتی دەری یەکێک لە براکانم بووم کە ئەوکات بە نهێنی لە هەستەی ئەسلی کۆمەڵە دا بوو. بە یارمەتی ئەو پێوەندی زۆرم لەگەڵ کرێکارە فەسڵیە کانی کوردستان کە لە کورەخانەکانی دەوروبەری تەورێز کاریان دەکرد پەیدا کرد و زۆر جار بە چەند ڕۆژ لە لایان دەمامەوە و شان بە شانیان خشتم لەگەڵ دەبڕین. دوواتریش کە دەگەڕانەوە بۆ ماڵ و گۆندی خۆیان لە کوردستان، سەردانی گوندەکانیانم دەکرد و لە کارو ژیانی سادە و پڕ لە مەینەتی ئەوێش دا لەگەڵیان بووم. ئەوە وای کرد کە من بە تەواوەتی بچمە ناو ناخی ژیانی خەڵکی هەژار و چەوساوەوە و بە تایبەتی ئاشنا بووم بە ژیان و بارودۆخی سەخت و بێ مرادانەی ژنانی چینی کرێکار و دێهاتی کورد. هاوکات بۆ هیچ سات و کاتێکیش بە ئەمەنە عەقڵ و دەرک و زانیاریەک کە ئەوکات بووم لە ڕۆشن کردنەوە و ئاگا کردنەوەی ئەوان لە زۆلم و بێ مافی و چەوسانەوەیان درێغم نەدەکرد.زۆری پێ نەچوو خەبات و ڕاپەڕینی گەلانی ئێران دژی دەسەڵاتی پاشایەتی دەستی پێ کرد. وەک هەموو کەسی تر منیش چالاک و بەشدار بووم. لە نەغەدە لەگەڵ چەند کچی تر ڕێکخراویکی ژنانمان پێک هێنا و هاوکات لەگەڵ داخوازیە گشتیەکان خوازیاری مافی یەکسان بۆ ژن و پیاو بووین و پێمان وابوو لە هەر ئاڵوگۆڕێکدا دەبێ مافە تایبەتیەکانی ژنان لەبەرچاو بگیرێ و دروشمەکانی تر ئەم مافە ڕەوایانە دانەپۆشێ. ئێمە کاریگەریمان بوو لەسەر ئەوە کە ژنانی ئەو شارە کە تا ئەو کات ناو بازاریشیان زۆر نەبینیبوو بە سەدان و هەزاران بێنە دەرەوە بۆ ناو خۆپیشاندانەکان و ناو مزگەوتەکان بۆ گوێ دان بە قسەوباسی سیاسی. هەر چەند دایک و باوکم لەگەڵ سیاسی بوونی من بە تایبەتی بە تەنها سەفەر کردنم بۆ شارەکانی تر ناڕازی بوون و کێشەیان لەگەڵ دەکردم بەڵام بە هۆی بارودۆخی سیاسی و گەشەی خەبات و شوور و شەوقی گەنجێتی، من و سەدان ژنی تری کۆمەڵەیی تەسلیم نەدەبوین و گوێمان بە کەس نەدەدا. ڕوخانی حکومەتی شآ و بە دەسەڵات گەیشتنی کۆماری ئیسلامی نە تەنیا ئەو خەبات و جوش و خرۆشەی خەڵکی کەم نەکردەوە بەڵکو زیاتری کرد. خەڵک وشیار ببوەوە و داوای مافی چارەنووس و ئازادی و عەداڵەتی دەکرد. کۆماری ئیسلامیش دژی هەموو ئەوانە بوو.بە هۆی شەڕێکی ناخۆش و کارەساتبار کە لە نێوان کورد و تورکەکانی نەغەدە دا ڕووی دا و باری ئەمنی ئێمە تێکچوو، ناچار شارم بەجێ هێشت و لە مهاباد نیشتەجێ بووم. ماوەیەک لەگەڵ چەندین کوڕ و کچی گەنج کومیتەی ئیمداد و یارمەتی گەیاندن بە ئاوارەکانی کۆردی ئەم شەڕە بووین. دوواتر لە لایەن تەشکیلاتەوە ئەرکی بەڕێوە بردنی کار وباری ژنانی شاری مهابادم پێ سپێردرا. هاوکات لە ناو جەمعییەتی داکۆکی لە............ دا بەشدار بووم. لە ڕاستیش دا وەها فەزا و بارودۆخێک بوو کەس شەوو ڕۆژی بۆ نەبوو. شار دەکوڵا، ڕوحیەی خەباتکارانە و هۆشیاری خەڵک و پێداگری لەسەر داخوازە ڕەواکان لە ئەوجی خۆی دابوو.. بۆیەش حاکمانی ئیسلامی فەرمانی جیهادیان دژی کوردستان دەر کرد و بە هەموو شێوەیەک بەرەو داگیر کردن و قەتڵ و عامی کوردستان ڕێکەوتن. هەر ئەو ڕۆژە بە بڕیاری کۆمەڵە لەگەڵ چەند کەس لە کادرەکانی کۆمەلە بەرەو مەنتەقەی سەردەشت ڕێکەوتین. لە هەموو لایەکەوە سیاسیەکان هاتبوون بۆ ئەوێ. دووای چەندەها ڕوداو و ماجەرای جۆراوجۆر، من و هاوڕێم گوڵێ قوبادی ماندگار بوین و بە بڕیاری کۆمەڵە چوین بۆ گۆندی میراوێ و لە دەرمانگاکەی ئەوێ لە ژێر دەستی دوکتور موحەمەد ڕەحیمی دەستمان کرد بە کاری تەداوی و دەرمانی خەڵکی مەنتەقە. هەر لەوێ چووینە لای خەیاتی دێیەکە و یەکی دەستێک جلی پێشمەرگانەمان بە دورین دا و دەمانچەیەکمان لە خۆمان دا و وەکو پێشمەرگە ڕەسمیەتمان دا بە خۆمان.لەگەڵ داگیر کردنی زیاتری شار و گوندی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئێمە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر مەجبور بە پاشەکشە و هەڵکشان بەرەو سنوورەکان دەبووین. لە هەموو ئەم ماوەش دا بە دایم لە ژێر بوردمان و تۆپ باران و تەقەی هێلیکۆپتەرەکانی دوژمن دا بووین. من و گوڵێ هەموو گوند و کێوەکانمان بە پێ بڕی. زۆر گوند چۆڵ کرابوون و خەڵکەکەی لە ترسی هێرشی دەوڵەت ڕایان کردبوو. زۆر جار لە زۆر گوند هەر من و گوڵێ و چەند دانە هاوڕێی تری ئێمەی لێ بوو و کەسی تر. بە سەر هەموو سەختیەکان و ئاوارەگی خەڵک و بریندار بوونیان و برسیەتی و مەینەتەکانیاندا جار و بار لەو دێهاتە چۆڵە دا هەستێکی تایبەتی و خۆشیشمان پەیدا دەکرد ئەویش هەست بە ئازادی بوو، وڵات چۆڵ بوو و من و گوڵێش دەچوین بۆسەر کانی دێ و خۆمان و جلەکانمان دە شورد و قژی یەکمان کورت دەکردەوە و قسەمان دەکرد. جێی سەرنجە کە هەمیشە و لە هەموو ئەم کاتانە دا کۆپتەر بە سەرمانەوە بوو و بۆردمانی دەکرد. زۆر دێهاتمان بڕی و خەڵکمان بینی. من و گوڵێ زیاتر لەگەڵ تیمی پزیشکی بووین. لە گوندەکان دەماینەوە و خەلکمان تداوی دەکرد. چەندها پیاومان دەرمان کرد کە بەسەر مین کەوتبون و قاچ و دەستیان پەڕیبوو. ڕۆژێک لە گوندێک پیاوێکی هەژار هاواری بۆ هێناین وتی ژنەکەم خەریکە ئەمرێ، منالەکەی نابێ. من و گوڵێ دەست و بردمان کرد و بە بێ ئەوە زۆر لە مامانی بزانین، لەتاو ڕزگار کردنی ژنەکە هەموو شتێکمان زانی و مناڵەکامان بە دنیا هێنا و ژنەکەش بێ وەی نەجاتی بوو.ئێمە لەم ماوە دا بە یارمەتی ژن و مێردێکی گەنجی زۆر مێهرەبان کە لە گوندێکی نزیک سنوور دەژیان، تەواوی مەنتەقەی سوتێنراوی کوردستان کە بە مەنتەقەی موحەڕەمە دەناسرا گەڕاین. ئێمە دەیان گوند و باخ و کانیاومان بینی کە وێران کرابوون، سوتێنرابوون و تەقێنرابوونەوە. ئەم سەفەر و گەڕان و ژیان لەگەڵ خەڵکی زۆڵم لێکراوەی کورد، هەست و فکر و دەرکی ئێمەی زۆر گۆڕی بە نیسبەت زۆڵم و زۆری دیکتاتۆرەکان لە خەڵکی کورد.پێویستە بڵێم کە لە هەموو ئەم ماوە دا ئێمە وەکو پێشمەرگەی ژن زۆر بە گەرمی و ڕێزەوە لە لایەن خەڵکەوە وەردەگیراین. خەڵک بە پێشوازمان دەهات و گوێیان بو قسەکانمان دەگرت. دیاردەی پێشمەرگەی ژن بۆ هەموو کەس ئاسایی بوو. دوای ماوەیەک مانەوە لە شێنێ چووین بۆ خڕی ناوزەنگ بۆ لای یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و میوانی ئەوان بوین. الحەق ڕێزی زۆریان لێ گرتین، لە مام جەلال و هێرۆخانەوە بگرە تا هەموو کادر و کەسایەتیەکانیان. هێرۆخانمان کەمتر دەبینی چون زۆر سەرقاڵ بوو بە کامێراکەی و ئیش و کاری تر و زۆرتر لە ناو پێشمەرگەکان دا بوو. بەڵام زۆر جار لەبەر دەرگای چادرەکەی مام جەلال لەگەڵی دادەنیشتین کە هەمیشە خەریکی کتێب خوێندنەوە بوو و بەحسی سیاسیمان دەکرد. دیارە زۆرتر ئەو قسەی بۆ دەکردین. مام جەلال من و گوڵێی لەگەل خۆی دەبرد بۆ میوانی مقەرەکانی باقی هاوڕێیانی سەرکردایەتی یەکیەتی و ئێمەش شانازی ئەوەمان پەیدا کرد هەموویان بناسین. هەر ئەو کات دەورەیەکی ئاموزشی نیزامیشیان بۆ داناین و فێری زۆر شتیان کردین. 3 مانگ ژیان لە ناو یەکیەتی نیشتمانی دا بۆ ئێمە زۆر بە کەڵک و بە نرخ بوو. زۆر شت فێر بووین و زۆر تەجروبەی باشمان وەرگرت.لەم چەند مانگە دا کوردستان و کۆمەڵەش زۆری ئاڵو گۆڕ بەسەر هاتبوو، بزوتنەوەیەکی موقاومەتی بە هێز لە لایەن خەڵک و پێشمەرگەوە دەستی پێ کردبوو. هێزەکانی ڕژیم لە زۆربەی شارەکان پاشەکشەیان پێ کرابوو. ڕێکخستنە نهێنیەکانی کۆمەڵە زۆر بە هێزو چالاک بوون، کۆمەڵە خۆی بۆ دەورەیەکی تازەی خەباتی بەربڵاو ئامادە دەکرد، ئامانج ئازاد کردن و پاشەکشە پێدان بە کۆماری ئیسلامی و وەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی خەڵک بوو. سەرکردایەتی دوای قسە و باس لەگەڵ من و گوڵێ و ئەسپاردنی بەعزێک کار ئێمەیان بەرەو سنە بەڕێ کردەوە. لە سنە دوای ماوەیەک ئێمە و مەلەکە مستەفاسوڵتانی و ناهید بەهمەنی و فەهیمە قوتبی و تەلعەت خالدی و نەسرین زەکەریایی و شەهین وەتەندوست و پەروین نەودنیان و منیر... کومیتەی ژنانی کۆمەڵەمان دروست کرد. هەر یەکەی لە شوێنێک و لە شارێک دەستمان بە کار کرد. ئەرکەکانی ئێمە زۆرتر پێوەندی بە ژنانەوە بوو. بە سەدان ژنی ڕووناکبیر و کرێکار و زەحمەتکێش چ وەکو ڕێکخستن و چ وەکو لایەنگر لەگەڵ کۆمەڵە کەوتبون. هێزی ژنان چ بۆ خەباتە گشتیەکان دژ بە کۆماری ئیسلامی و چ لە پێوەند لەگەڵ خواست و بیری ئازادیخوازانە و یە کسانیخوازانه، چالاکترین و ئامادەترین هێزی ناو خەبات و ناو مەیدان بوو. هەر بۆیەش کۆماری ئیسلامی هەستی بە خەتەری گەورە لە کۆردستان دەکرد و بۆی تەحەمول نەدەکرا ژنی کورد لەم ڕادە لە وشیاری و ئازایەتی دا ببینێ. ئەوە بوو کە ئەوەڵ ئێعدامی ژن لە کوردستان دەستی پێکرد و هەر لە سەرەتاوە یەکێک لە باشترین و چالاکترین کچەکانی شاری سەقزی بە نێوی مەستوورەی شاسواری ئێعدام کرد. من دووای ماوەیەک کار کردن لە مهاباد چووم بۆ شاری تەورێز. کۆمەڵە تەشکیلاتێکی قەوی و گەورەی لەوێ هەبوو. دەیان چالاکی کرێکاری و ڕووناکبیری غەیرە کوردیش لەوێ لەگەڵ کۆمەڵە بوون و کاریان دەکرد. ئەمە چ لە زانکۆی تەورێز و چ لە ناو بزوتنەوەی کرێکاری بەرچاو بوو. کۆمەڵە لە ناو هەموو ڕێکخراوە چپ وئازادیخوازەکان و کەسایەتی سیاسی و بزوتنەوەی کرێکاری و ڕووناکبیریدا ڕێز و خۆشەویستی و پێگەیەکی تایبەتی هەبوو. ئەڵبەت ئەوکات ئێمە حیزبی کومونیستمان دروست نەکردبو، چون دووای دروست بوونی حیزبی کومونیست تاقە یەکێکیان لەمانە لەگەڵمان نەمان و پشتیان تێ کردین. دەور و نەخشی ئێمە ژنانی کۆمەڵە لە تەورێز زۆر بەرچاو بوو. شەوو ڕۆژ هەڵدەسوڕاین و قەت هەستمان بە ماندوویی نەدەکرد. کاری چاپ و بڵاو کردنەوەی هەموو ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە و خەبەرنامەکانی کۆمەڵە لە ناو زانکۆکان و گەڕەکە فەقیرنشینکان و کارخانەکانمان دەکرد، لە هەر کوێ خۆپیشاندان بووایە ئێمە بە لافیتە و نوسراوەی خۆمانەوە حازر بووین، (پێویستە لێرە ئەمە بڵێم کە ژنانی سیاسی و چەپ لەم سەرەومە دا چ بە ژمارە و چ بە چالاکی تەنگیان بە ک.ا هێنابوو. بەڕاستی ژیر و نەترس و ئازا بوون) بەشێک لە تەداروکاتی پێشمەرگە وەکو دەرمان و جل وبەرگ و چەک و..... مان لەوێوە پەیدا دەکرد، دوکتور و موعالیجەی پێشمەرگەی بریندار کە ناردرابان بۆ ئەوێ لە ئەستۆی ئێمە بوو، بە دایم کۆڕ و کۆبوونەوەی کتێب خوێندنەوە و باسە تەشکیلاتیەکانمان بەڕێوە دەبرد و زۆر شتی تر. دوای 2 ساڵ لە تەورێز بە بڕیاری تەشکیلات چووین بۆ تاران. ئەو نەوعە کار و ژیانەمان لەوێش درێژە پێدا. ئیتر ئەوکات کۆماری ئیسلامی کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر وەزعەکەدا پەیدا کردبوو. دیکتاتۆری ڕەش باڵی بەسەر هەموو وڵات دا کێشابوو. زۆربەی سازمانە سیاسی و چەپەکان زەربەیان خواردبوو، گیرابوون یا ئێعدام کرابوون. بە داخەوە ئێمەش لەم هەڵمەتە دڕندانەیە بێبەش نەبووین و بەشێکی زۆر لە کادر و بەرپرس و کەسەکانمان گیران و کەوتنە ژێر ئەشکەنجە و ئێعدام. من و چەند کەسێکی تر بە بڕیاری کۆمەڵە گەڕاینەوە کوردستان و پێشمەرگایەتی. لەوێشەوە تا ئێرە خۆی داستانێکی ترە.
Այս տարրը գրվել է (کوردیی ناوەڕاست) լեզվով, սեղմեք պատկերակը
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
բացել իրը բնագրի լեզվով
ئەم بابەتە بەزمانی (کوردیی ناوەڕاست) نووسراوە، کلیک لە ئایکۆنی
![](https://www.kurdipedia.org/images/flags/ku.png)
بکە بۆ کردنەوەی بابەتەکە بەو زمانەی کە پێی نووسراوە!
Այս տարրը արդեն դիտվել 5,502 անգամ