کوردستان لە نیگای (والتێر بێرتۆن هەریس)ەوە
هەر لە دێرزەمانەوە ڕۆژنامەنووس و ڕۆژهەڵاتناسانی ئەورووپایی، بە مەبەستی جۆراوجۆر سەردانی وڵاتانی دیکە و بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوینیان کردووە. جاری وا بووە بە مەبەستی بازرگانی و هێندێک جار بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری سیاسی و تەنانەت سیخوڕی و زۆر جاریش هەر بۆ (سیاحەت) و گەشتوگوزار ڕوویان لەو وڵاتانە کردووە.
بەڵام بەشێک لەوانە هەوڵیان داوە سەرەڕای ڕاپەڕاندنی کاروباری خۆیان بە نووسینی یادەوری و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتانە، لە ڕوانگەی خۆیانەوە، وێنەیەکیش لە داب و نەریت و شێوەی ژیان و بارودۆخی ئابووری و کشتوکاڵ و سیاسەت و بە گشتی ژیانی ئەو وڵاتانە بە دەستەوە بدەن. کوردستان بە هەموو بەشەکانییەوە، بەهۆی هەڵکەوت و باری جوگرافیایی و دابەش بوونی لەنێوان چەند دەوڵەتدا و هەبوونی ئاو و هەوای سازگار و سرووشتی تایبەت، یەکێک لە ئامانجەکانی گەشتیارە بیانییەکان بووە و زۆر پەرتووک و بابەت، لەلایەن ڕۆژهەڵاتناسانەوە لەمەڕ خەڵکی کوردەوە بە ڕاوێژ و ئاڕاستەی جوداوە نووسراون. تاقمێک لە گەشتیارە بیانییەکان، تێکەڵی ژیانی خەڵک بوون و ئەو تێکەڵاوییە گەیشتووەتە ئاستی دۆستایەتی و نووسینی باشیان لەسەر کورد بڵاو کردووەتەوە و تاقمێکیش بە ڕوانینی مرۆڤی وڵاتانی داگیرکەر و کلۆنیالیست لە کوردیان ڕوانیوە. نیگاکەیان نیگایەکی لە سەرێوە بۆ خوارێیە و خەڵکی ئەو ناوچانەیان لە بەراورد لەگەڵ خەڵکی خۆیان بە سووک و چرووک و دواکەوتوو لە قەڵەم داوە. نموونەی هەر دوو ئاڕاستەکە زۆرن و لەو بەشەدا دەمەوێ ڕوانگەی نووسەر و گەڕۆکێکی ئینگلیزی بخەمە ڕوو کە لەمەڕ کوردستانی ساڵی 1896ی زایینی نووسیویەتی و لە هەر دوو بەشی باشوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیداری کردووە و هەڵبەت بە دوو شێوەی جیاواز لە مەڕ ئەو دوو بەشەوە دواوە. واتە سەردەمێک کە بۆ یەکەم جار هەنگاوی ناوەتە کوردستان جۆرێکی ڕوانیوە و دواتر کە کەمکەم هۆگریی بەو خەڵکە و داب و ڕەسمەکانیان پەیدا دەکا، زمان و نیگای تا ڕادەیەک گۆڕانکارییان بەسەردا دێ.
واڵتێر بێرتۆن هەریس ڕۆژنامەوان، نووسەر و گەڕۆکێکی جیهانی بوو کە لە ساڵی 1866 لە لەندەن لە دایکبووە. ئەو کوڕی دەڵاڵێکی گەمیەوانی بوو. واڵتێر کە دەرچووی زانکۆی کەمبریج بوو، لە تەمەنی 18 ساڵیدا دەستی کرد بە گەشتیاری و هاوکات بۆ ڕۆژنامەی تایمز بابەتی دەنارد. واڵتێر هەریس لە ساڵی 1896دا بەرەو کوردستان سەفەر دەکات و لە پەرتووکێکدا بە ناوی (لە باتوومەوە بۆ بەغدا) باسی ئەو دێهاتە کوردانە دەکات کە لێیان تێپەڕیوە و شانۆی دیتنی کوردەکان و فەرهەنگ و شێوە ئاخاوتن و گۆرانی وتنیان بە ڕاوێژێکی سووک و بە سۆخرەوە دەگێڕێتەوە:
بەیانی زوو، پاش بە پێیان بە قەراخ چۆمەکەدا ڕۆیشتین و پاش دوو کاتژمێر گەیشتینە دێی ئاغایەکی دیکە؛ شوێنێک بوو کە داگەڕان بەرەو ئێرانیبوون تەنانەت لە دێی میرەدێ زیاتر بوو. چونکە لێرە هەر چەند ژنەکانیان خۆ لە ژوورێ نابەستنەوە و دەمامک لێنادەن، بەڵام جلی ئێرانییان پۆشیوە. ئاکامەکەشی بە جۆرێکە کە دزێوتر لەوەت هەر پێ شک نایە. جلێکی ژنانی بەشی باکووری ئێران بە جۆرێکە کە دەبێت زۆریش منەتباری مێردەکانیان بی کە لایەنی کەم ناهێڵن ژن و کچیان زۆر بێنە نێو خەڵکەوە. بەسەر (گۆرەوی کێشی)دا داوێنێکی کوورتی پڕچینیان بەرداوەتەوە کە ڕێک وەکوو جلی سەماکەری پلەی دووی سەمای بالە دەچێ، ئەویش لە شانۆیەکی نزمی پلە دوودا. لای بەژنەکەشی کراسێکی چوارگۆشەی زۆربەی جاران پیسە کە بە نەوارێکی زەڕیی خراپ حاشیەکانیان گیراوە و مل و باسک و بەشی سەرەوەی داوێنەکە دەگرێتەوە و شێوەی جل پۆشینی ناحەزی ژنەکانی باکووری ئێران دەنوێنێ. ئەو جلەکانە بە ڕاستی لەو دێهاتە کوردییە شتێکی ناهەماهەنگ و ناهاوچەشن بوو؛ ئەویش دێیەک بە ماڵی کاوگڵ و گرووپی هەڵپەڕکێ کە بەشنەشن هاتبوون و کۆ ببوونەوە تا مرۆڤێکی ئەوروپایی ببینن و زیاتریش ئەو شانۆیە لە شانۆیەکی پلە دوو دەچوو..
واڵتێر هەریس نیگایەکی تەواو لەسەرەوەی هەیە بۆ دانیشتووانی گوندەکە و بە شێوەی خەڵکانێکی دوواکەوتوو و پێکەنیناوی دەیان نوێنێ و بەوەڕا کە دەڵێت ئەو خەڵکە جل ناحەزە بۆ دیتنی وی کۆ ببوونەوە، شوناسی خۆی لە هەمبەر شوناسی ئەو خەڵکەدا بەرزتر لە قەڵەم دەدا.
هەریس لە شوێنێکی دیکە لە پەرتووکەکەیدا کاتێک دەگاتە ناوچەی « کەرەند» لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە جۆرێکی دیکە باس لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکا:
ئێمە جگە لە وێنەیەکی کۆکراوەی کەرەند کە لەژێر مانگەشەودا دیار بوو، شتێکی وامان لێ بەدی نەکرد، چونکە بەرەو پەرژینێکی کاتی چووین کە بۆ مۆڵدانی ئەسپەکانمان چێ کرابوو، بۆخۆشمان لەژێر نسێی ئەو دارانەی پاڵیان وەپاڵ تیرەگە دارینەکانەوە دابوو، دەستمان کرد بە نان خواردن. ئەو شانۆیە وەک شانۆی هەموو ئوردووگایەکی کاتی لە ڕۆژهەڵات، یەکجار نوێ بوو، هەندێک کورد و عەرەبی کاروانچی لەو بەریناییەدا ئاوریان داگیرساند بوو و بێجگە لەوەی چێشتی شێوانیان لێدەنا، خۆشیان بەو ئاورانە گەرم دەکردەوە. لەو بەریشەوە بەرزاییی پڕ گەڵا و چڕوپڕی دارەکان دەتوت بوخچەی تاریکن و لەباوەشی ئاسماندا و لەژێر تریفە و ئەستێرەی بێ ئەژمار دەدرەوشانەوە. جارناجارێک یەکێک لە ئەندامانی کاروانەکە تێی هەڵدەکرد لە گۆرانی و لەو مێلۆدیی خەمۆک و پڕ پەژارەیان دەخوێندەوە کە لە زۆربەی شوێنەکانی کوردستان دەبیسترێ.
لەو بەشەدا (واڵتێر هەریس) پێدەچێت پاشی ئەوەی لە لای باکوورەوە دەگاتە باشووری کوردستانی بەشی ڕۆژهەڵات، زیاتر لەگەڵ خەڵک و شێوە کردار و ڕێوڕەسمی مرۆڤی کورد ڕاهاتبێ و ئاخاوتنەکەی هەندێک لە ڕاستەقینەی ژیانی ئەوکاتی خەڵکی کورد نزیکتر بووبێتەوە. ئیشی وەک تاوڵ هەڵدان و ئاورکردنەوە و چێشت لێنانی مرۆڤی ڕۆژهەڵاتی ئیدی بەلای گەشتیاری ئینگلیزییەوە بە سۆخرە ناگیرێ، بەڵکوو بەلایەوە نوێیە و جێی سەرنجە. لەلایەکی تریشەوە شانۆیەکی شاعیرانە و ڕەنگە هەندێک تڕاژیک لە ڕەنجی نادیاری مرۆڤی کورد لەژێر مانگەشەودا دەنوێنێ و پێدەچێ سەرەڕای کوردی نەزانین، ڕۆحی خەمۆکی ستران و دەنگی ئەو گۆرانیبێژانەی ناسیبێ، بە تایبەت کە ئەو خەمەی لە گەڕەلاوژەی کاروانچییەکاندا دەیبیستێ، دەیگشتێنێ بەسەر ئەو دەنگانەی وا پێشتر لە کوردستان بیستبوونی.
گۆشەنیگای هەریس و شێوەڕووانینی ئەو بۆ مرۆڤی کورد، وەک مرۆڤێکی ڕۆژهەڵاتی لە چاوی ڕۆژاوادا، شێوەڕوانینێکی نزم و جاروبار دڵسۆزانەیە کە هەڵبەت لەنێو گەشتیاراندا زۆر باو بووە و بەتایبەتیی ناوچەی کوردستانیش نییە، بەڵکوو زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات وەک هێند و چینیش دەگرێتەوە.[1]