$سەحوە بۆ کورد باش نییە$
#هێمن عەبدوڵڵا#
#29-01-2018#
لە پەڕڵەمانی ئێراق هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی بە یاسا میلیشیایەکی نوێی هاوشێوەی حەشد بەناوی سەحوە درووست بکرێ. هەمان ئەو سەحوەیەی کاتی خۆی مالیکی لەنێو عەرەبی سوننەدا درووستیکرد و شەڕی قاعیدەی پێکردن، دواییش سەرکردەکەیان کوژرا و پاش پشتگوێخستنیان، یان بوونە #داعش# یان لەترسی حەشد هاتنە کوردستان. هەوڵی ئەم جارە بۆ درووستکردنەوەی سەحوە جیاوازە لە جاری ڕابردوو. چونکە بەپێی پڕۆژەکە هەموو ناوچە دابڕێنراوەکانی باشووری کوردستان ئەو میلیشیایەیان تێدا درووستدەکرێ و ئەم جارە پێشمەرگە لەو ناوچانە نەماون. ئەمەش وادەکات ئەگەر ڕێککەوتن کرا بۆ گێڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە، سەروکاری لەگەڵ میلیشیایەکی نوێ هەبێت کە تەنیا سەر بە بەغدا نییە، بەڵکوو ئیدیعای خاوەندارێتیی ئەو ناوچانەش دەکات.
کاتێک داعش هات و پێشمەرگە زۆربەی خاکی باشووری کوردستانی کۆنترۆڵکردەوە، زووزوو دەگوترا حەشد شەڕی پێشمەرگەی پێناکرێت، چونکە ئەو خاکەی پێشمەرگەی لێیە هی شیعە نییە. ئەمە لێکدانەوەیەکی ڕاست نەبوو، دەرکەوت دواتر چەندین جۆر حەشد لەنێو عەرەبی سوننەی موسڵ و کریستیانەکانی دەشتی نەینەوا و ئێزدییەکانی #شنگال#یش درووستکران. بەڵام ئەگەر پڕۆژەی درووستکردنەوەی سەحوە لەو ناوچانەی باشووری کوردستان سەرکەوێت، بۆ بەغدا قازانجێکی گەورەی دەبێت و بۆ #هەولێر# گۆڕانکارییەکی مەترسیدار دەبێت.
هەرچەندە پڕۆژەکە واژۆی دوازدە پەڕڵەمانتاری ئێراقیی پێوەیە، بەڵام پێدەچێ لە مەتبەخێکی ئەمریکی-سعودی-ئێراقی و بە موبارەکەی ئێران ئامادەکرابێ. ئەوە ڕوونە کە عەرەبی سوننەی ئێراق فاکتەری ناسەقامگیریی ئێراقی نوێ بوون. ئەویش لەبەرئەوەی وا هەستیان کردووە شیعە بە پلەی یەکەم و کوردیش بە پلەی دووەم کار لەسەر پەراوێزخستنیان دەکەن. لە قۆناخی پۆست داعشدا چاوەڕوان دەکرا مەسەلەی سەربەخۆیی کوردستان ئاڵنگارییە بەهێزەکەی ئێراق بێت بۆ مانەوە وەک دەوڵەت، بەڵام ئێستا کە بەغدا ئەو گرێیەی لەجیاتی ددان بە دەستان کردووەتەوە، ئاڵنگارییەکە ئەوەیە کە چۆن عەرەبی سوننە والێبکرێت هەست بە مافخوراوی نەکات و ژینگەی درووستبوونەوەی داعشێکی نوێ فەراهەم نەبێت. یەکێک لەو شتانەش کە دەتوانێ ڕێگری لەمە بکات، درووستکردنەوەی سەحوەکانە.
ئەمریکا ئەمەی پێ باش دەبێت، چونکە لەپەنای پێشمەرگە، هێزێکی چەکداری دیکەی ناشیعەی ڕەنگە نانزیک لە ئێران درووستدەبێت کە باڵانسێک درووستدەکات بۆ هەژموونی ئێرانی- شیعی بەسەر هێزە چەکدارەکانی ئێراقەوە. بۆ سعودیە و وڵاتانی عەرەبیی دیکەی کەنداو و سوننەکانی دیکەی ناوچەکەش درووستکردنی سەحوە بەواتای گەڕانەوەی عەرەبی سوننە بۆ بەغدا و کەمکردنەوەی هەژموونی ئێران دەبێت. لەوەش گەڕێ کە بۆ شیعەی حوکمڕانی ئێستای ئێراق دامەزراندنەوەی سەحوە هەم بۆ ڕێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش و درووستبوونی گرووپی دیکەی تەکفیریی هاوشێوەی داعش گرنگە و هەم ئێمەیجێکی جوانی حوکمڕانییەکەشیان دەداتە جیهان، کە تێیدا سوننە پەراوێزنەخراون و دەکرێ وەک کەتەلۆگێک بۆ هاندانی وەبەرهێنان لە ئاوەدانکردنەوەی ئێراقدا بەکاربێت.
ئەمە وێنە جوان و ئایدیاڵەکەیە بە چاویلکەی ئەوان، بەڵام وێنەکە بە چاویلکەی کوردی ڕەشبینانەیە. پێشمەرگە و سوپا و پۆلیسی فیدراڵی هێزی دەستوورین، بەڵام حەشد دەستووری نییە و سەحوەش هەر بەپێی دەستوور دەبێتە میلیشیا. بۆیە لە ئاییندەدا ئەگەر ڕێککەوتن بکرێت لەسەر گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ناوچە دابڕێندراوەکان، لەلایەکەوە سەروکاری لەگەڵ سوپا و پۆلیسی فیدراڵی دەبێت و لەلایەکی دیکەوە بەبەردەوامی مەترسیی پێکدادانی لەگەڵ میلیشیایەک لەسەردەبێت کە وەک پێشمەرگە خۆی بە خاوەنی ئەو ناوچانەی کوردستان دەزانێت. ئەمەش هێندەی دیکە جێبەجێکردنی مادەی سەتوچل مەحاڵ دەکات. [1]