ناو: موهەنەد
نازناو: دکتۆر سادق
ناوی باوک: بەڕاک
ساڵی لەدایکبوون: 1950
ڕۆژی کۆچی دوایی: #20-09-2022#
شوێنی لەدایکبوون: #بەغدا#
شوێنی کۆچی دوایی: شاری بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا
$ژیاننامە$
لە ساڵی 1950 لە بەغدا لە دایکبووە.
٭ساڵی 1973 خوێندنی کۆلیژی پزیشکی لە زانکۆی بەغدا تەواوکردووە، لە ساڵانی خوێندنی کۆلیژ سکرتێری یەکێتی گشتی قوتابییان لە کۆماری ئێراق بووە.
٭لەپاڵ بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە بواری پزیشکی، هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم بووە لە زانستی کۆمەڵایەتی و ڕۆژنامەنووسی.
٭ لە ساڵی 1979دا بووەتە پێشمەرگەو هەتا ساڵی 1990 لە ناوزەنگەوە لەسەر داوای حزب ڕوویکردۆتە هەندەران و لە بەرلین نیشتەجێ بووە.
٭ بیرەوەرییەکانی ساڵانی پێشمەرگایەتی لە دوو بەرگ بەناوی ئەی ڕەقیب بڵاوکردۆتەوە.
٭ توێژەرێکی بەتوانای بواری فیکری و کۆمەڵایەتی و سیاسی بووەو بە دەیان توێژینەوەو وتاری لە سایتەکانی الحوار المتمدن ، الناس، ینابیع العراق بڵاوکردۆتەوە.
٭ ئەندامی چەندین کۆمەڵەی مەدەنی و چەپی جیهانیی بووە.
بەداخەوە ئەمڕۆ سێشەممە 20-9-2022 لە بەرلین بەهۆی نەخۆشی دڵ بۆ هەتاهەتایە چاوەکانی لێکناو کۆچی دوایی کرد.
دکتۆر سادق بۆ هەموو شیوعییەکانی ئێراق و کوردستان و هێزی پێشمەرگەی هەموولایەنەکان ناوێکی گەش و ناسراوە، لە کاتی پێشمەرگایەتی زیاتر لە دە ساڵ لە #ناوزەنگ# و #نۆکان# و #پشتئاشان# و#خواکوڕک# و #بالیسان# و #مەلەکان# و #وەرتێ# و دەشتی #کۆیە# و مەڵبەندی #هەولێر# ، لە خزمەتی پێشمەرگە و گوندنشینان بووەو پزیشکێکی کارامەو زیرەک بوو، جەماوەری ئەم ناوچانە و بە سەدان پێشمەرگەی برینداری شیوعی و لایەنەکانی تر شایەتی ئەم ڕاستییەن چۆن لە کۆتایی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا هەتا ساڵی 1990 لەپاڵ ئەرکی پێشمەرگایەتیدا هەموودەم ئامادەی چارەسەرکردنی پێشمەرگە و گوندنشینانی کوردستان بووە بەبێ جیاوازی و ژیانی دەیان و سەدان کەسی لە مردن ڕزگارکردووە.
شیوعییەکی بە حەماسەت و نێونەتەوەییەکی ڕاستەقینەو خاوەن ئاکاری بەرزی مرۆڤایەتی و پزیشکیی بووە، هەر لە کاروانی تێکۆشاندا لەپێناوی نیشتمانێکی ئازاد و گەلێکی بەختیار، هاوڕێ (شذی البراک) ی خوشکی کە یەکێک بوو لە هاوڕێ چالاکەکانی ڕێکخستنی حزبی شیوعی ئێراقی و کۆمەڵەی ئافرەتان لە ساڵی 1980 لە ناو شاری بەغدا لەلایەن بەعسیە فاشیستەکانەوە ڕفێنراو شەهیدکرا.
گیانت شاد دکتۆر سادق پێشمەرگە و پزیشک و ڕۆشنبیر و دۆستی گەلی کورد و هەموو گەلانی جیهان.
[1]