$کەسی ئیماندار وەک ڕێوگارێکی غەوارە!$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئەمڕۆ چاوم کەوتە سەر پەڕتووکی (ریاض الصالحین) لە گۆترە کردمەوە، ئەم فەرموودەیە سەرنجی ڕاکێشام (کن فی الدنیا کٲنک غریب او عابر السبیل) پێشتر و بە منداڵی ئەو فەرموودەیەم لەبەر کردبوو، بەڵام نەمدەزانی دەڵێت چی! غەوارەیی و ڕێوگار یا ڕێبگار چ مانایەک دەدەن. فەرموودەکە دەڵێت: لە دونیادا وەک کەسێکی غەوارە یا ڕێوگارێک بەسەر ببە.
لە ئامادەییدا کەڕۆمانی بێگانە(The stranger)ی ئالبێر کامۆم دەخوێندەوە ڕستەیەکی لە زیهنمدا مایەوە و بەردەوام خوتوکەی هەستەکانی دەدام، کامۆ لەسەر زمانی پاڵەوانی ڕۆمانەکە کە مۆرسویە دەڵێت: مادەم کاتێکی کەمت لەم دونیایە پێدراوە و لەو کەمەش کەمی ماوە ئەوا لە خودا و تێگەیشتن لە خودادا بەفیڕۆی مەدە کە ئەم فەرموودەیەم خوێندەوە بیری ئەم قسەیەی کامۆ کەوتمەوە بەڵام بەم شێوەیە: مادەم کاتێکی کەمت پێدراوە و کەمی ماوە هەموو کاتەکەت لەخودادا خەرج بکە. خۆ گەر خوداش شتێکی حەتمی و چونیەک نەبێت لای هەموومان، بەڵام مادەم مردن شتێکی حەتمی و چونیەکە لای هەمووان ئەوا ئیدی گرنگ نییە چۆن و کەی دێت گرنگ ئەوەیە دێت، کە کاتەکەمان لە خودادا سەرف دەکەین ڕوانینمان بۆ ئەودیو مردن لانی کەم باشتر و بێ ترسترە.
$غەوارە کێیە؟$
فەرمودەکە وتی لەم دونیایەدا وەک ڕێوگارێک یان غەریبێک بژی، بەهۆی پێشکەوتنە تەکنەلۆژی و فراوانبوونی هۆیەکانی گواستنەوەی خێرا ئەمڕۆ چەمکی نامۆییغوربەت چەمکێکە هێدی هێدی لەنێو ئێمەدا بەرەو لەناوچوون دەچێت، جاران سەفەرکردن هۆیەکی باش بوو بۆتێگەیشتن لە شۆکی نامۆبوون و تێگەیشتن لە جێکەوت و لێکەوتەکانی غوربەت، ئێستا ئیدی پێش ئەوەی دەرکی ئەو شۆکە بکەین، هەر لەگەڵ دەرکەوتی یەکەمین نیشانەکانیدا بە گەڕانەوە بۆ نێو ئاپۆڕا مەحرەمانەکانمان چ مەجازی و سۆشیال میدیا بێت چ گەڕانەوەی جەستەیی و حەقیقی بێت ناهێڵین غوربەتی مەجازی خۆی بنوێنێت، بەقەولی بێسارانی کە نەشمانتوانی تام و لەمسی مەجاز لە شتێکدا بکەین، کەمێک سەختە بتوانین دەرکی حەقیقەتەکەی بکەین:
تا مەجاز نەبۆ حەقیق نمەبۆ//حەقیق بێ مەجاز تەحقیق نمەبۆ
شێوەی مەجنوونی، بێ لەیل نمەبۆ//کۆکەنی فەرهاد، بێ مەیل نمەبۆ
جاران کە دونیا گەورەتر بوو، سەفەر دەیتوانی نیقابێک لە چیهرەی خۆی لابدات و دیوێکی ئەگەرچی مەجازیش بێت لە غوربەتمان نیشان بدات تا لە غوربەتە ڕاستەقینەکە تێبگەین، بەڵام ئەمڕۆ کە دونیا بۆتە گوندێکی بچووکی زیرەک ئیدی خەبەرێک لە نامۆیی و غوربەتیش خەریکە نامێنێت. لە دونیای کۆندا غەریبی و هەستی غەریبی وەک شەرتی ڕێگا دادەنرا بۆکەسی سالیک، نالی دەیگوت هەرگیز نەکەی دایکوتی، تۆ گەر خۆت بە ئەهلی ڕێگای دەزانیت سەفەری بە و بێ داخی غوربەت هەڵمەکە:
دائیم لە حەزەردا سەفەری بە، لە وەتەندا//غوربەت کەش و عاجز بە، ئەگەر ئەهلی تەریقی
لە یەکەمین دێڕەکانی مەسنەویشدا مەولانا دەڵێت سینەیەکم دەوێت لە دەردی غوربەت و فیراقدا شەقار شەقار بووبێت، تا بتوانم دەردی ویساڵ و گەیشتنی بۆ باسبکەم، چونە سینەی ساف و بێ دەرد تینوو نییە، زۆرجار ناشیهەوێت:
سینە خواهم شرحە شرحە از فراق//تا بگویم قصد درد اشتیاق
مەحویش نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر نێوچاوانی کەسی بێ دەردی غەوارەیی و بێ ئێشی عیشقە:
عەجیبم دێ لەعەقڵی ئەو کەسەی واتێدەگا مەردە//کەچی وەک خان و خانم دائیمەن بێ ئێش و بێ دەردە
باسی غوربەت و غەوارەیی باسێکی زۆر ئاوکێش و دورودرێژە دەترسم نەتوانم دەرەقەتی بێم بۆیە ئێستادا من خۆمی لەقەرە نادەم، ئەوەی لەفەرموودەکەدا زیاتر بیروئەندێشەی منی جوڵاند وشەی ڕێوگاڕی یا ڕێبگاری بوو.
$ڕێوگار کێیە؟$
هەندێ کەس (عابر السبیل) بە ڕێبوار لێک دەدەنەوە، بەڵام من پێم وایە ڕێبوار وشەیەکی دەقیق نییە بۆ تەرجەمەی ئەو وشەیە، ڕێبوار زیاتر تەرجەمەیە بۆ وشەی (ابن السبیل). بە بڕوای من جیاوازی ڕێوگار و ڕێبوار وەک جیاوازی (ابن السبیل و عابر السبیل)ە. جیاوازی نێوان ئەو دوو وشەیە لەو گرنگییەوە سەرچاوە دەگرێت ئەو دوو کەسە دەیدەنە ڕێگاکە. کەسی ڕێوگار یا ڕێبگار کەسێکی بێباک و بێ موبالاتە بەرانبەر ڕێگا و ئەوەی لە ڕێگادا دێتە پێشی، کەسێکە نە زینەت و خۆشییەکانی ڕێگا فریوی دەدات و لە ڕێگاکە لای دەدات، نە ناخۆشییەکانیشی دەیپسێنێ و وایلێدەکات نەتوانێت ڕێگاکە تەی بکات.
ڕێوگار کەسێکە دەزانێت هەرچەندە کە ڕێگایەکی درێژی لە پێشە، بەڵام چاوی لەسەر ڕێگا نییە، کەمتر لە ڕێبوار گرنگی بە ڕێگا و خەیاڵاتی ڕێگا و مەرج و پێشمەرجەکانی دەدات، ئامانجەکەی وای لێدەکات پێشداوەری بۆ ڕێگاکە نەبێت، خەیاڵپڵاوی لەسەر ڕێگا و ئەوەی تێیدایە لەسەر یەک کەڵەکە ناکات، کۆڵێکی سوک لە کۆڵ دەنێت، سەفەر و ڕێگا ئەم لەوە ناکەن کە بارێکی هێندە قوورس لە کۆڵی بکات نەتوانێت ڕێگا ببڕێت. بە ئەندازی پێویست کۆڵەپشتەکەی سوک وئاسان دەکات، هەموو ئەو شتانەی کە کۆڵەپشتەکەی ئەم سەنگین و قوورس دەکەن فڕێی دەدات، ئیمامی عەلی لە نەهجول بەلاغەدا دەیگوت ئەی ڕێوگاران کۆڵەپشت و بارەکانتان سوک بکەن تا بگەنە جێ: تخففوا تلحقوا، ڕێوگار کەسێکە بارەکەی سوکە، ڕێوگارێک کە بارەکەی قوورسە ناتوانێت ڕابکات و بفڕێت، لە کاروان دوادەکەوت و دەمێنێتەوە.
کەسێک کە لە بیری سەفەردا نییە و خۆی بە ڕێوگار نازانێت هەمیشە شت کۆدەکاتەوە، زنجیر دوای زنجیر لە دەست و پێی خۆی دەئاڵێنێت، دوژمنایەتی، حەسادەت، خەمی بچوک و ڕەش، خۆپەرەستی و خودشیفتەیی، پێکدادان و ڕقی بێهوودە لەخۆی باردەکا. چاوەڕوانیی زیاتری هەیە لە خۆشی و لەززەتە بچوکە دۆپامینییە ئالوودەکەرەکان، بۆچی؟ چونکە دانیشتووە، دایکوتیوە و پێشی وایە بۆ ئەبەدیش هەر لەم دۆخی دانیشتنەدا دەمێنێتەوە.
بەڵام کەسێک کە خۆی بە ڕێوگار دەزانێت، بە گوێرەی خێرایی ئەو جوڵەیەی دەیکات بارەکەی خۆی سووکتر دەکات، زۆرێک لە تەعەلوقاتە بیهوودەکانی ڕێگا لەخۆی دەکاتەوە. هەر ئەوەندەش نا، کەسی ڕێوگار خەیاڵاتی بێهوودەی ڕێگا وەک سەرسەختترین دوژمنی ڕێگا دەبینێت کە ئەمڕۆ ئێمە خوومان پێوە گرتوون و پێمان وایە مانەوە و ژیانمان بەو خەیاڵاتانەوە بەندە، دەشێ مرۆڤ بە بێ ئاو، بە بێ خۆراک بۆ چەند ڕۆژێک بژی، بەڵام مەحاڵە بە بێ خەیاڵ بۆ چەند کاتژمێرێک بژی، تەنانەت لەکاتی خەویشدا ئەم خەیاڵە بێهوودانە وازمان لێناهێنن و لەفۆڕمی خەوندا هێرشمان بۆ دەهێنن و خۆیانمان نیشان دەدەنەوە. مرۆڤ ناتوانێت تەنانەت بۆ چەند خولەکێکیش بووبێت خەیاڵ نەکات، خەیاڵ خۆراکی هەمیشەیی ئێمەیە، ئێمە لە دۆخێکداین خەیاڵ زیاتر لەو ئۆکسجینە دەخۆین کە هۆکاری مانەوەمانە.
خەیاڵاتی بێهوودە وەک چەتەگەلێکی خاوەن باشترین ئەسپ و شمشێرن بۆ پەلاماردان و پایەماڵکردنی سەرزەمینی سەفای ڕۆحی ئێمە و دابڕینی لە ڕێگا و کوشتنی هەستی ڕێوگاری تێیدا، ئێمە ڕۆژانە جەستە و گیانێکی برینداری شەکەتی دەستی ئەم خەیاڵاتانە بەدوای خۆماندا ڕادەکێشین. هەندێ جار نەک هەر لەڕێگا دوامان دەخەن، بگرە هێرشی لەناکاو و توندی ئەم خەیاڵانە دەبنە هۆکاری درووستبوونی دەیان جۆر نەخۆشی دەروونی و ڕەوانی و مانەوە لەنیوەی ڕێگاکە. فەرموودەکە وتی کەسی ڕێوگار خۆی لەم پێودانگە لیق و قوورسانەی خەیاڵ و لێکەوتەکانی ڕزگار دەکات، بارەکەی سوکتر دەکات:
نالی خۆشە نەومیدی، دڵ بەستە مەبە ئیدی
گەر عاشقی تەجریدی، لەم یار و دیارەت چی!
دیسان با خیتامەکەی میسک بێت بە یادێک نالی: نالی پێی وایە خەیاڵی ئێمە لەباشترین دۆخیدا ناتوانێت زوڵف تێپەڕێنێت، زوڵف لە ئەدەبیاتی عیرفانیدا سیمبۆل و ڕەمزە بۆ جیهانی دژ و ژمارەکان (عوالم اعداد و اضداد)، ڕێگری دەکات لە دەرکەوتنی حەقیقەتی ڕووناک و درەخشانی ڕوو یان ڕوخ. گەر خەیاڵاتیشمان تا ئەوسەری سەری زوڵفی تاریک و درێژیش بڕوات، هێشتا سەوداکەی هەر سەودایەکی هەرزە و خامە، نەک هەر ناتوانێت بیگەیەنێت بەڕووی حەقیقەت، بەڵکوو پەرێشانی ڕێگا و مانەوە تێیدا و بێبەشکردن لە چیهرەی ڕوو زیاتر شتێکی دیکەی پێناکرێت:
عومرێکی درێژە بە خەیاڵی سەری زوڵفت
سەودا و پەرێشانم و، سەودایەکی خاوە [1]