نووسینی: تۆم کاسانۆ
وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: #بارین سامان حەمەغەریب#
ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە، گەر هەر کەسێک بیەوێت لە ژیانیدا سەرکەوێت، دەبێت بڕوای بە خۆی و تواناکانی هەبێت چونکە تۆ لە ناخی خۆتدا باوەڕت بە خۆت هەبێت، بێگومان ئەنجامەکەی سەرکەوتنە..
هەندێک کەس کاتێک ڕووبەڕووی شکست یان خەم و پەژارە یان ترس دەبنەوە، باوەڕیان بەخۆیان نامێنێت و لە بێپلانیان دەبنە بەشێک لە پلانی ئەوانی تر.
زۆر کەس ئەو ژیانە ناژین کە هەمیشە ئاواتیان بۆ خواستووە، هەر کە تووشی یەکەم شکست دەبنەوە دەست لە ئامانجەکان هەڵ ئەگرن، یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکەش ئەوەیە کە باوەڕیان بە خۆیان نییە .
براد هێنری دەڵێت: باوەڕت بە خۆت هەبێت، باوەڕت بە بەتواناکانت هەبێت، پلانت هەبێت و بەسەختی کار بکە، ئیتر هیچ شتێک نییە ناتوانیت بە ئەنجامی بگەیەنیت، یان تێدا سەرکەوتن بەدەست نەهێنیت، هەرچەندە ئەو جیهانەی کە ئێمەی تێیدا دەژیین پڕە لە کێبڕکێ و بەرەنگاری بەڵام کۆڵنەدان و بەردەوامی وا دەکات بەخەونەکانت بگەیت.
کەچی جێی داخە، خەڵک کاتێک شکست دێنن، گومان لە خۆیان و تواناکانیان دەکەن، تێناگەن شکستهێنان کۆتایی دنیا نییە و تەنیا پێویستی بەپلانێکی نوێیە، تاکو بەشێوازێکی نوێ دووبارە دەست پێ بکەنەوە.
کاتێک شکست دێنیت، ئەمە 10 ڕێگان بۆ ئەوەی دووبارە باوەڕ بە خۆت بکەیت:
1- ڕازیبوون بە دۆخی ئێستات
ئەگەر دەتەوێت بگەڕێیتەوە و دووبارە باوەڕ بەخۆت بکەیت، یەکەم شت کەپێویستە ئەنجامی بدەیت ئەوەیە، کە دۆخی ژیانی ئێستات قبوڵ بکەیت.. دەبێت لەگەڵ خۆت بە ئاشتی گفتوگۆ بکەیت و لە خۆت بپرسیت چی بووە هۆی ئەوەی لەم دۆخەدا بیت.
شەڕکردن لەگەڵ خۆت و گلەیی و گازندە و بۆڵەبۆڵکردن، بارودۆخت باش ناکات، بۆیە دەبێت سەرەتا شکست قبوڵی بکەین، تەنیا ئەو کاتە ئێمە وزەیەکی پێویستمان دەبێت بۆ گۆڕینی ژیانمان، بیرت بێت هەمیشە بردنەوە زۆر باش نییە.
2- بیر لە سەرکەوتنەکانی ڕابردووت بکرەوە
ئەگەر هەستت بە شکست و کەم و کورتی کرد لە ژیان ، ڕابردووت بەکاربێنە بۆ دووبارە هاندان. بیرت بێت ئەوەی ڕابردوو ئەنجامت داوە کارێکی ئاسان نەبووە.. ڕەنگە ئەو کاتەش ترست هەبووبێت لەوەی شکست بێنیت، یان ئازارت پێگەیشتەوە..بەڵام کۆڵت نەداوەو بەردەوام بوویت تا سەرکەوتوویت، ئێستا ئەو ڕابردووە بەکاربێنە بۆ بەرژەوەندی خۆت.
بۆب فێلەر لەم بارەیەوە دەڵێت: بیرت نەچێت، هەڵهاتنی ڕۆژێکی نوێ هەلێکی نوێی پێیەو دەتوانیت بیقوازیتەوە تا لەسەر سەرکەوتنی دوێنێ بنیاتی بنێیت یان شکستی بەلاوەبنێت و دووبارە دەست پێبکەیتەوە. ژیان بەم شێوەیە هەموو ڕۆژێک دەبێتە یارییەکی نوێ.
3- متمانە بە خۆت بکە
ئەمە یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە دەتوانێت یارمەتیت بدات بۆ گەڕانەوەی ئەو بڕوا و متمانەیە، بیرت بێت سەرچاوەی وزەو هێزو بوێری هێزو متمانە لە ناو ناخی تۆدایە .
کات لەگەڵ خۆتدا بەسەر بەرە بۆ گەیشتن پێی، جا چ لە ڕێگەی بیرکردنەوە و (مێدیتەیشن) ئەنجام بدە، بخوێنەرەوە و وەرزش بکە، ئەو کارو ئەرکە جێبەجێ بکە کە تێیدا سەرکەوتوویت، ئەمانە وادەکەن دووبارە متمانە بە خۆت ببەخشیتەوە.
4- قسە لەگەڵ خۆت بکە
ئێمە ئەو کەسانەین کە خۆمان درووستمان کردووە، واتە ئێمە بەرهەمی بیرکردنەوە و کارو ڕەفتاری خۆمانین. هاوڕێیەکی باشی خۆت بەو لەگەڵ خۆت گفتوگۆ بکە، ئەو شتانە بە خۆت بڵێ کە ورەت بەرز دەکەنەوە، کەسێکی ئەرێنی بە لەگەڵ خۆت،
شاد هێلمستێتەر دەڵێت: ئەگەر بە خۆت بڵێیت کە ناتوانیت، تاکە دەرەنجام چی دەبێت؟.
مێشک زۆر بە سادەیی باوەڕی بەوە هەیە کە تۆ زۆر دووبارەی دەکەیتەوە، مێشک ئەوە دەکات کە تۆ پێی دەڵێت: هیچ هەڵبژاردەیەکی نییە.
5- مەهێڵە ترس بتوەستێنێت
دەوترێت ترس مردن دواناخات بەڵام ژیانت تاڵ دەکات، کە واتە ترس لە هەر شتێک زیاتر بەربەستە لە بەردەم پێشکەوتن و هەنگاوەکان تۆ.
ڕووبەڕووی ترسەکانت ببە و ڕێگەمەدە تۆ بوەستێنن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانت.
بیرت بێت هیچ بڕیار و ئامانج و کارێکی نوێ بێ مەترسی نییە، گەر بترسیت ناتوانیت هیچ شتێکی نوێ لە ژیاندا تاقی بکەیتەوە...وەک ، ڕالف واڵدۆ ئیمێرسۆن دەڵێت: هەمیشە ئەو شتە بکە کە لێی دەترسیت.
6- میهرەبان بە لەگەڵ خۆت
دەبێت لە هەر شکست و هەڵەیەک کە لە ڕابردوودا ئەنجامت داوە لە خۆت خۆش بیت، چونکە هەڵەکانی ڕابردوو هیچ لە ژیانی ئێستاو داهاتووت ناگۆڕن.
لە ئێستادا بژی و سەیری داهاتوو بکە پلانی بۆ دابنێ و خۆتی بۆ ئامادە بکە.
7- کەسێکی ئەرێنی بە
بوونی هەڵوێستی ئەرێنی بەرانبەر هەموو شتێک خێراترین ڕێگەیە لە بەدەستهێنانی بڕوا و متمانە بەخۆت .
هەمیشە بە دیوە ئیجابیەکەی لە ڕووداوەکان بڕوانە، بۆ هەر کارێکی باش کە ئەنجامی ئەدەیت سوپاسگوزاری خۆت بە، هەمیشە نزیکبوونەوەیەکی ئەرێنیت هەبێت بۆ ئەوەی باشیەکانی دنیا ببینێت.
8- با ڕاهێنەرێکی ژیان یارمەتیت بدات
ڕاهێنەری ژیان ئەو کەسە پرۆفیشناڵانەن، کە یارمەتیمان دەدەن کە چۆن بژین، چۆن بە سەر شکستەکانماندا زاڵ بین، چۆن لە گێژاوی ژیان بگەینە کەناری ئارامی،
هەر بۆیە پێشنیار دەکەم بەشداری ئەو خولانە بکەیت کە لەلایەن ڕاهێنەری گەشەپێدانی مرۆیی لە بوارە جیاوازەکاندا دەکرێنەوە، چونکە ئەوان یارمەتیت دەدان و پشتگیریت دەکەن و ڕێنماییت دەکەن، یارمەتیت دەدەن بۆ ناسینەوەی تواناکانت.
کاتێک پڕ بووی لە گومان بەرانبەر بە تواناکانی خۆت، ڕاهێنەری ژیان باوەڕت پێ دەکات و یارمەتیت دەدات بۆ ئەوەی جارێکی تر باوەڕ بە خۆت بکەیت.
9- بەردەوام بە لە چوونە پێشەوە و هەرگیز سەیری دواوە مەکە
ئەگەر ناتوانیت بفڕیت ئەوا ڕاکە، ئەگەر ناتوانیت ڕابکەیت ئەوا بڕۆ، ئەگەر ناتوانیت بڕۆیت ئەوا بە سنگە خشە بڕۆ گرنگ ئەوەیە نەوەستیت، چونکە ئاو تەنیا لە کاتی وەستاندا بۆگەن دەکات و سوودی نامێنێت.
هەر بۆیە هەر کارێک بکەیت دەبێت بەردەوام بیت لە ڕۆیشتن بەرەو پێشەوە
هەندێجار لە ژیان هەست بە تێکشکان و کەوتن دەکەیت، هەست دەکەیت لەوانی تر نزم تریت، دەنگێک لە ناختدا پێت دەڵێ تۆ دۆڕاوی بووەستە، ئیتر دەست دەکەیت بە گومانکردن لە خۆت ، ئەوە ترسناکە هەرگیز گوێ لەو دەنگە مەگرە .
بەهێز بە و بەردەوام بە هەرگیز دەست لە خۆت بەرمەدە، دەبێت بەردەوام بیت لە ڕۆیشتن و لە کۆتاییدا دەگەیتە شوێنی مەبەست ئەو کاتە دەزانیت کە چەند بەهێزیت.
10- با ژیان بتجوڵێنێت
ڕێ بە با ژیانت دوای سرووشتی خۆی بکەوێت و بجوڵێت ، ئەگەر ڕێگە بدەی، ژیان ڕێنماییت دەکات، ئەوە بەدەوڵەمەندی خۆی، دیاری بۆ دەهێنێت، ڕەنگە هەندێ لە دیارییەکان دڵخوازی تۆ نەبن، بەڵام بێگومان بێ سوودیش نین، دەبێت ئەو ژیانەی کە پێت دراوە قبوڵی بکەیت بەڵام، با جێ پەنجەی خۆتی پێوە دیار بێت..
هەمیشە با بەو ئاڕاستەیە هەڵناکات کە کەشتیوان دەیەوێت، بەڵام کەشتیوان ڕێی ئامانجی ون ناکات و خۆی ئەدات بەدەم باکەوە، لە دەرفەتێکدا دەگەڕێتەوە سەر ئاڕاستەکەی خۆی و دەگاتە شوێنی مەبەست.[1]