$حەقیقەتی ئەوەی لە کەربەلا ڕوویدا! بۆچی لێمان دەشارنەوە؟$
#ڕێبین ئەحمەد ڕەشید#
ئایا لە ساڵی 61 ی کۆچی چی ڕوویدا؟ چۆن لەو ڕووداوە تێبگەین؟ بە وەڵامدانەوەی بەشی دووەمی پرسیارەکە دەستپێدەکەم.
کۆمەڵناسی گەورەی ئێرانی دکتۆر مستەفا مەلەکیان پێی وایە ئەوەی ڕوویدا لە کەربەلا تەنیا ڕووداوێکی مێژوویی نەبوو، بەڵکوو هاوشێوەی لەخاچدانی مەسیح خاوەندارێتی لە ڕەهەندگەلێکی جیاواز دەکات.
دیوی یەکەمی خوێندنەوەکە ئەوەیە کە عاریفان بەشێکیان خوێندنەوەیەکی وجودی و ئەفسانەیی بۆ ئەم ڕووداوە دەکەن و هاوشێوەی مەلایکەکانی یەکەمین ڕۆژەکانی خەلقی ئادەم پرسیاری ئەوە لە خودا دەکەن کە بۆچی عەدالەتی ئەو دەبێت بهێڵێت خوێن بڕژێت، خوێنی کێش؟ کچەزایەکی پێغەمبەر کە بەو شێوە دڕندانەیە سەردەبڕدرێت و ئەمیش جوڵەیەک موعجیزەیەک نیشان نادات.
خوێندنەوەیەکی دیکە خوێندنەوەی شوناسی دینییە، شوناسی دینی بۆ گەرمڕاگرتنی خۆی بەردەوام دێت لەڕێگای گریان و لەخۆدانەوە ئەم باسە گەرم دەکاتەوە و هەیمەنەی خۆی دەسەلمێنێتەوە لێیەوە.
دیوی سێیەمی ئەم باسە خوێندنەوەی ئیمانییە لای بەشێک لە شیعە و ئەهلی تەسەوف، ئەوان هەمان ئەو ئیمانەی کە کریستیانیەک لەخوێنی مەسیحدا دەیبینێت لە خوێنی حسێندا تەوزیفی دەکەنەوە و ئیمانی خۆیانی پێ دەمەزەرد دەکەنەوە.
دیوی چوارەمی ئەم ڕووداوە دیوێکی تەواو سیاسییە و شیعەکان و بەتایبەتیش شیعەی ئێران و لە ئێستاشدا کەسایەتییەکی بەهێزی وەک سەدر زۆرسوودی سیاسی لە ئایدیۆلۆژاندنی ئەم خوێنە وەردەگرن. گەر لێیان بپرسی ئەو هەمووساڵە لەژێر زوڵم و ستەمی سەدامدا بۆ شۆڕشتان نەکرد، لەوەڵامدا دەڵێن ئێمە بە گوێرەی ئیجتیهادەکەی ئیمام حەسەن جوڵاوینەتەوە، کاتێکیش لێیان دەپرسیت بۆچی لە ئێران شۆڕشتان کرد دژی شا یا بۆچی ئێستا لەئێراق ئاو و ئاگر تێکەڵ دەکەن لەوەڵامدا دەڵێن بەگوێرەی ئیجتیهادی ئیمام حسێن دەجوڵێینەوە و شۆڕش واجبە. دتۆر عەلی شەریعەتی ماستەر مایندی ئەم جۆرەیە لە ئایدیۆلۆژی دینی و ڕووحوڵا خومەینش تەمام عەیارترین جێبەجێکارێتی، لە ئێستادا موقتەدا سەدریش نیازی وایە هەمان کاری خومەیینی جارێکی دیکە لە ئێراقدا دژی براکانی خۆی دووبارە بکاتەوە. بەبۆچوونی من پەیوەندی نێوان ستالین و مارکس چی بووبێت، پەیوەندی نێوان ڕوحوڵا خومەیینی و عەلی شەریعەیتی هەمان شتە. مارکس و شەریعەتی هەردوکیان هەڵگری یەک مۆدڵ بوون بۆ فەلسەفەی حوکمڕانی، مۆدڵی بەهێزکردنی لاوازەکان و شۆڕشکردنیان دژی دەسەڵاتدارەکان. یەکێیان لەڕێگای دینەوە و ئەوی دیکە بە دژایەتیکردنی دین مۆدڵەکەی خۆی سەرڕێ دەخات. لینی و خومەیینیش هەردووکیان جێبەجێکاری هەمان ئەو دوو مۆدڵەن لە تێوریای سیاسیی ئایدیۆلۆژی.
ئەوەی گرنکە دەبێت ئێمە چۆن لەم ڕوداوە تێبگەین، پێش ئەوەی باس لەوە بکەین چۆن لە ڕووداوێکی وەها تێبگەین دەبێت بپرسین کە چی ڕوویدا؟ بۆجی حەسەن لەگەڵ معاویە سوڵحی کرد، حسێن بۆچی تا مردنی حەسەن هاوڕای پەیمانەکە بوو؟ دواتر بۆچی قیامی کرد دژی معاویە؟
$لە کەربەلا چی ڕوویدا؟$
موغەیرەی کوری شوعبە بۆ بەردەوامییدان بە خەلافەتی بەنی ئوممەیە و هێشتنەوەی دەسەڵات لەژێر چڕنوکە تیژەکانییاندا پێشنیاری بە وەلی عەهد دانانی یەزید بۆ موعاوییە دەکات و موعاوییەش ئەم پێشنیارە پەسەند دەکات .
پاش مردنی موعاوییە یەزید بە ڕاست و چەپدا دەکەوێتە وێزەی خەڵک بۆستاندنی بەیعەت چ ئارەزوومەندانە بێت چ لەژێر فشار کردن بێت. دوابەدوای ئەم کارەی یەزید، حسێنی کچەزای پێغەمبەر د.خ ڕادەپەرێت و بەیعەت نادات. چونکە بە گوێرەی ئەو ڕێککەوتنەی کە لەنێوان موعاوییە و حەسەن دا هەیە لە دوای موعاویە دەبێت خیلافەتڕادەست بە حەسەن یان حسێن بکرێتەوە. موعاوییە وەفای بەو پەیمانە نەکرد کە هەردوولا لەسەری ڕێککەوتبوون.
بە گوێرەی هەندێک گێڕانەوەی مێژوویی حسێن دەیویست بەیعەت نەدات بە یەزید بەڵام نیازی ڕاپەڕینیشی نەبوو لە دژی، ئەو دەیویست ناڕازی بێت بەو حوکمەی کە یەزید دەیگرێتە دەست بەڵام بە بێ هیچ کاردانەوەیەک دەگەڕایەوە مەدینە و لەوێ نیشتەجێ دەبوو. هۆکاری سەرەکی پشت ڕاپەڕینەکەی حسێن دنەدانی ئەهلی کوفە بوو، بەردەوام هانی حسێنیان بۆ ئەم کارە دەدا زیاد لە پێنج سەد نامەو تەتەریان نارد بەشوێنیدا و دواتریش لەبەرانبەر ئاڵتوون و دینارەکانی یەزیدەوە پشتیان تێکرد.
حسێن بەرەو کوفە کەوتەڕێ و لە ڕێگە بە شاعیرێک بە ناوی فەرەزدەق دەگات. فەرەزدەق داوای لێدەکات کە بگەڕێتەوەو نەچێتە کوفە و پێی دەڵێت: بزانە ئەوان دڵیان بۆ تۆ لێدەدات و شیرەکانیشیان لە دژت لە کێلانەکان دەهێننە دەرەوە.
حسێن دەگاتە شوێنێک بە ناوی عازیبولحیجانەت و چوار سواری کووفەیی دێنە سەر ڕێی و لەوە ئاگاداری دەکەنەوە کە ئەهلی کوفە ڕەشوەتێکی زۆریان وەرگرتووە و بزانە کە پشتت تێدەکەن و هیچ بەرگرییەکت لێناکەن.
دیسانەوە حسێن بەردەوام دەبێت لە ڕۆیشتن بەرەو کوفە و دەڵێت ئەوە خودا نووسیبێتی هەر ئەوەیە.
بە درێژایی ئەو ڕێگایە هەزار سوار بە تەواوەی کەرەستەی سەربازییەوە و بە سەرۆکایەتی حوڕی کوڕی یەزید چاودێریی حسێن دەکەن. لەم ڕێگەیە بەردەوام دەبێت تا نزیکی کەربەلاو ئەو شوێنەی کە سنووری ساسانێکانی لێوە دەستی پێدەکرد بە ناوی قادسییە دەبێتەوە. لەوێ چاوی بە عومەری کوڕی سەعدی کوڕی ئەبی وەقاس دەکەوێت لەگەڵ چوار هەزار چەکدار. حسێن لێرەدا لە جیدییەتی دۆخەکە تێدەگات. سێ بژاردەی دەخاتە بەردەست عومەر:
یەکەم: ڕێگەی بدەن بگەڕێتەوە مەدینە.
دووەم: بە دیالۆگ ئەم ناکۆکیەی کە هەیە لەگەڵ یەزید چارەسەر بکرێت.
سێیەم: ڕێگا بدرێت بڕواتە ناوچەیەکی سنووری.
هەرچیی عومەرە بە گەرمیی پێشوازیی لەم پێشنیارانە کرد. عومەر پێشنیارەکانی گەیاندە ئیبن زیاد کە والی یەزید بوو لە کوفە. ڕاوێژکارێکی ئیبن زیاد بە ناوی شیمشیری زولجیشان ئەم هەلەی قۆستەوەو پێشنیاری ئەوەی بۆ ئیبن زیاد کرد کە حسێن هەر لەوێدا بکوژرێت. ئیبن زیاد لە دوای گوێگرتن بۆ زولجیشان ئەم تەعلیماتەی بۆ عومەر نارد:
سەرەتا با بەیعەت بدەنە یەزید، دواتر ئاویان لێبگرنەوە و یەک دڵۆپ ئاویان نەدەنێ. هەروەک چۆن عوسمان بێبەش بوو لە قومێک ئاو با ئەوانیش بێبەش بن و لە توینوێتی بیانخنکێنن. فەرمانەکانم ڕوونن، گەرڕادەست بوون و خۆیان دا بەدەستەوە بە زیندوویی دەمەوێن. گەر ڕووبەڕوو بوونەوە و بەرگرییان کرد خوێنیان بڕژە و بەو جۆرەی کە شایستەیەتی حسێنم بۆ لەت و پەت بکەو دواتر پەتی کەو بێخە ژێر سمی وڵاخ و ئەسپەکانت و چەندت پێ دەکرێ سوکایەتی بە تەرمەکەی بکە چونکە ئەو عاسییەکە و لە ئەهلی جەماعەت لایداوە
پێش ڕەشەکوژییەکە حسێن و عومەری کوڕی سەعد کۆدەبنەوە.بە گوێرەی گێڕانەوەکانی تەبەڕی و ئیبنو ئەسیر حسێن پێشنیاری ئەوە بۆ عومەر دەکات کە سوپاکەی لە کەربەلا بەجێبهێڵێت و و پێکەوە بڕۆنە لای یەزید. عومەر پێی دەڵێت گەر شتێکی وا بکات ماڵەکەی تەختی زەوی دەکەن. حسێن پێی دەڵێت کە سەرلەنوێ بۆی درووستدەکاتەوە. عومەر دەڵێت دەست بەسەر هەموو ماڵ و سامانەکەشمدا دەگرن. حسێن پێشنیاری قەرەبووی ماڵ و سامانەکەی بۆ دەکاتەوە لە حیجاز بەڵام عومەر مل بۆ ئەم پێشنیارەش نادات.
دواجار خوێنی حسێنی تەمەن 57 ساڵ ڕژێندرا و لە پشتەوە سەر بڕدرا، لە کاتی گیان دەرچوونیی دا دەیوت: من قەسدی گیانی کێم هەبووە وا بەم شێوە دڕندانەیە دەمکوژن؟ چاوم لە ماڵی کێ بوو؟ سامانی کێم داگیر کردووە؟پێم بڵێن تاوانەکەم چییە؟
ڕیوایەتەکان دەڵێن دواتر عومەری کوڕی سەعد واز لە سوپاکەی دەهێنێت و پاڵ بە حسێنەوە دەدات.
فاجیعەی کەربەلا فاجیعەیەکی فرە ڕەهەندە. ڕەهەندێکی بێ باری و دووروویی ئەهلی کوفەیە. ئەوان لەپێناو هەژمونێکی بنەماڵەیی فاشیست و لەبەرانبەر پارە ئامادەن قوربانی بە حەق و کچەزای پێغەمبەر بدەن. هەندێک لەوان بە پارە بەرچاویان تێر کرا، هەندێکیان ترسێندران و هەندێکی دیکەشیان دەستیان گرتبوو بە کڵاوەکەی سەریانەوە با نەیبات و دەیانگوت بە ئێمە چیی!
ئەم مێژووە پڕ لە وەیشوومە و ئاشووبە لە دەرگای عوسمانەوە دزە دەکاتە نێو کومەڵگا و لە فاجیعەی کەربەلاشدا ئەوەندەی دیکە خوێ دەکاتە ناو ئەو برینە قووڵەوە و دەیزووڕێنێتەوە.
مێژووی تەماع و پاوانخوازیی و بەیعەتی زۆرەملێ بۆ دزیی و جەردەیی و تاڵانی و ژنی جوان و سێکس و دینار و دەرهەم لە یەزید و بەنی ئومەیەوە دەست پێدەکات و ڕیشەکانی بۆ ئەمڕۆی دەسەڵاتە تۆتالیتارە ئیسلامییە زۆرەملێیەکان درێژ دەبێتەوە و هەرجارە و هەر یەکێکیان بە فۆرمێک خۆیان نمایش دەکەن . جارێک دەبنە تاڵیبان و جارێکی دیکە لە فۆرمی سعووودیەدا دەردەکەون و هەندێک جاری دیکەش لە فۆرمەکانی ئیسلامی سیاسیدا نموونەیەکی ناشیرینی وەک ئاردۆگان و سوودان پێشکەش دەکەن، چەند دەیە جارێکیش دەبنە داعش و بۆکۆحەرام شەباب و قاعیدە و ئەنسار.
ئیسلام و شەریعەتەکەی ئەمڕۆ زیاد لە حەرەکەت پێویستی بە حەقیقەتە. هەر لە جەمالەدینی ئەفغانی تا یوسف قەرزاوی نەهزەی ئیسلامیی عەرەبیی نەهزەیەکی حەرەکیی فەوزەویی بووە و بەر مەبنای تیۆرێکی تۆکمە دانەمەزراوە و ئیدی لەمە زیاتری پێناکرێ کە ئێستا پێی گەیشتووە.
هەرچیی ئەو نەزعە پاوانخوازیی و بنەماڵەییە تەماحکار و قورخکارەش هەیە بەنی ئوممەییە بە گشتی و موعاویە بەتایبەتی لێی بەرپرسن. موعاوییە نە لە بەیعەی ڕیزوانە و نە لە موهاجیرینیشە بۆیە زۆر بەسانایی دەکرێت ڕەخنەی توند لەو ئیمانەی بگیردرێت کە پاڵی پێوەنا دەسەڵات لە شوراوە بۆ بنەماڵەییبوون بگوازێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆش هەر میراتگری ئەو ڕۆژەیە.
ئیفراطی شیعە و تەفریطی وەهابیزیم وایکردووە موسوڵمانان دڵیان داناچڵەکێ بە سەربڕینی کچەزای پێغەمبەر. [1]